لەگەڵ بولبول
Appearance
ئەی بولبولی بێ دانە، من و ئێوە هەژارین | هەر دوو، وەکوو یەک موتەزیری فەسڵی بەهارین |
تۆ چەشنی من و من وەکوو تۆ بێ کەس و کارین | داماو و کز و دەربەدەری کووچە و شارین |
یا، بەندی قەفەسخانە و یا وێڵی دیارین | |
من قوڕبەسەری دەستی فەلەک، چەرخی جەفاکار | تۆ دڵ بە خەمی، دەردی گوڵ و خونچەیی گوڵزار |
من دەربەدەری فیتنەیی جاسووسی خەتابار | تۆ بێ پەڕ و باڵ، لە دەس زوڵمی لقی خار |
هەر دوو بە یەکۆ چاکە بڵێین، دیل و هەژارین | |
تۆ، شێتی دڵ و من بە هیوای بەرزی وڵاتم | تۆ، مەستی گوڵ، من بە فیدای عەزم و سوباتم |
بەم جۆرە ئەڕۆم، شەرتە هەتا ماوە حەیاتم | تا دەس نەکەمە گەردنی ئاواتی نەجاتم |
ڕووم نایێ بڵێم: زادەیی شێرانی شکارین | |
من شیوەن و گریان و ئەتۆ شۆر و تەرانە | تۆ بەزمی سبەینان و منیش ئاهی شەوانە |
من بۆ وەتەنی بێ کەس و تۆ دانە و لانە | بنواڕین لە بۆ سووڕی کەچی چەرخی زەمانە |
بێ سووچ و خەتا، بۆ چی وەها بێ بەش و یارین | |
ئەی بولبولی هاودەردی خەفەتباری دەروون ڕێش | تۆش هەر وەکوو من، بێ کەس و بێ یاوەر و بێ خوێش |
هەر دوو، وەکوو یەک پەست و بریندار و جەفاکێش | کەی بێ کە برینی دڵی هەر دوو ببێ ساڕێش |
بێ باک بڵەین: ئێمە لەناو گێتی دیارین | |
قانع! من و تۆ بولبول و خەم، چەشنی برا بووین | بۆ یەکتری، ئەم چوارە تەواو پشت و پەنا بووین |
هەر یەک لە بۆ ئەو سیانی ترە، زۆر بە وەفا بووین | بۆ چی من و خەم؟ ئێستە لە ئەو دوانە جیا بووین؟! |
بولبول لە گوڵ و گوڵ لە چڵ و ئێمە لە خارین؟! |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|