لە سایەی عیززەتی نەفسم لە پاشا مەرحەبا ناکەم
Appearance
لە سایەی عیززەتی نەفسم، لە پاشا مەرحەبا ناکەم | لە ئەربابی کەرەم دوورم، بە کەس خۆم ئاشنا ناکەم |
کراسی چەرمی خۆم ئەدڕم، سواڵی سەرکەوا ناکەم | ئەگەر چی لەحزەیەک دەرد و خەم و قەهرم بە با نادەم |
ئیلاهی زۆر شوکور، ئومێدی نانێ من لە شا ناکەم | |
لە تۆزی ئاشەدا غەرقم، لە تەوقی سەر هەتا ئەژنۆم | نە ترسی ئەمری مافەوق و نە مەحکوومی بەراتی تۆم |
بەڵام چەن خۆشە ئەو تۆزە کە هەر خۆم ئامیرم بۆ خۆم | لە سایەی زەحمەتی قاچ و سەر شان و دەس و ئەستۆم |
لە بۆ کەس چاو لەبەر نیم و خەیاڵی ڕێی ڕیا ناکەم | |
براکەم فرسەتە ئەمڕۆ بڵێ بەو یاری دێرینم | لەسەر هەر دینێ من ئەمرم، ئەویش هەر بێتە سەر دینم |
کە چون شێرانیە فیکر و خەیاڵی زیندەگی و ژینم | لە بەر تاڵی زەمانە و شەربەتی ئەشعاری شیرینم |
هەتا ئەم دوو تەعامەم بێ، خەیاڵی شەکر و چا ناکەم | |
چ خۆشە، تا ژیانت بێ، لە لای کەس کەچ نەکەی گەردن | عەرەق بڕژێ لە ناو چاوت، لە ڕێگەی کاسبی کردن |
بە شەرتێ سەر بە سەربەستی، لە مەیدانا بەدەر بردن | بە شاڵی خاکەکەم ڕازم و ئەیپۆشم هەتا مردن |
لە فاسۆن و گەبەردین تا ئەبەد سەڵتە و کەوا ناکەم | |
لەبەر پەستی گەلی کوردە، کە وا ڕەنج و تەقالامە | لە سەر ئەم هۆزە چل ساڵە، بە تەنیا هەوڵ و داوامە |
بە تاڵانی لە دەس دەرچوو، سەفای ئەم زێد و ماوامە | مەلایی و خوێندەواری، خوو و ڕەوشتی خۆم و باوامە |
کە چی من ئارەزووی نان و ژیانی وەک مەلا ناکەم | |
لە داخ ئەم چەرخە کەچبازە هیلاک و سینەچاک چاکم | وەکوو تەیرێ هەڵۆ لێی دا، کز و خەڵتانی ناو خاکم |
بە بێ هۆشی ئەسووڕێمۆ، ئەڵێی سەرگێژی تریاکم | وەها غەرقی مەراقی پڕ جەخاری کاری ناپاکم |
ئەگەر خۆم بم بە لوقمان سەد یەکێ دەردم دەوا ناکەم | |
دە شەرتە شەرتی مەردی بێ، لە دنیا تا حەیاتم بێ | نە هیوای سەر قەڵەمدانە و نە ئومێدی خەڵاتم بێ |
لە سەر ئەم حاڵەتی خۆمە، ئەگەر بێت و سوباتم بێ | بە ئومێدم بە سەربەستی لە حەشریشا نەجاتم بێ |
لە دنیادا کە هیچ کەس، تووشی ئازار و بەڵا ناکەم | |
قەناعەت چاکە، وا چاکە بساچێنم بە شۆرباوێ | کەوای تاقەی منەت لابەم، لە بەر کەم شاڵ یا جاوێ |
لەبۆ دانەی تەماعکاری، نەکەومە گێژی هیچ داوێ | ئەگەر شیعرێ بڵێم و نەشری کەم، هیچم لە کەس ناوێ |
لە فیکرا پەیڕەوی مەرحوومی زاتی شێخ ڕەزا ناکەم | |
هەزاران ئافەرین مفتی! لە ڕەفتار و لە ئایینت | بە وەڵڵا حەیفە تۆ بمری و برات هەڵکاتە تەڵقینت |
لەگەڵ تووتنچی تێکەڵ کە، دە قانع شیعری ڕەنگینت | ئەگەر مفتی یەکێ پەیدا نەکەی هاودەرد و هاودینت |
بڵێ تا هەم شکاتی گەردشی چەرخی لە لا ناکەم |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|