لە کونجی سینە دێ دائیم بەکوڵ ناڵەی حەزینی دڵ
Appearance
لە کونجی سینە دێ دائیم بەکوڵ ناڵەی حەزینی دڵ | بەسەر چوو موددەتی عومری نەما ئوممێدی ژینی دڵ |
جەوانم، مەرحەمەت فەرموو مەهاوێژە تیا پەنجە | دەخیل وریا بە با نەکولێتەوە توخوا برینی دڵ |
لەبەر لافاوی ئەسرینی دوو چاوی پڕ لە گریانم | لە سەرتاسەر بەجارێ غەرقی خوێناوە جەبینی دڵ |
بە شەو لەجیاتی خەو چاوم تەماشا کە چ هەڵڕێژێ | بە زووخاو ڕەش بووە بەستەر لەژێر سەردا سەرینی دڵ |
کە من لام گوڵشەنی جەننەت وەکوو کوڵخانی دۆزەخ بێ | ئیتر چی بێنێتە بەرهەم لە گوڵ ڕێحان زەمینی دڵ |
دڵی بۆ ڕاگری ئەسراری سینەم بوو ئەویشم چوو | لە کوێ کوا مەحرەمێ تا بۆی بەیان کەم من نهێنی دڵ |
لە حەسرەت چینی ئەگریجەت لە پێچی پەچەیی ڕووتا | وەکوو چینی سەری زوڵفت بووە دیوار و چینی دڵ |
دڵێکی فەقر و بێچارە، بچێژێ ئەم هەموو دەردە | بەبێ عیللەت نییە ڕۆژ و شەوی ناڵە و گرینی دڵ |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|