ماڵبەشکردن لەگەڵ براکەم
Appearance
برا! وا باوکمان ڕۆیی بە ڕەحمەت | چاک نەجاتی بوو لە دەرد و زەحمەت |
باوک بۆ هیچ کەس نامێنێ تا سەر | کوڕ ئەو کوڕەیە لە کڵ بێتە دەر |
مەسەلەی مەشوور: برامان برایی | بەڵام بەو شەرتە کیسەمان جیایی |
ماڵەکە بەش کەین بێ مەلا و قازی | یەک لە یەکتری چاک ببین ڕازی |
ئەو هێسرە شێتەی جووتە وەشێنە | دابنێ بۆ من هیچ دامەمێنە |
ئەو پشیلە جوانەی پڕ خەت و خاڵە | چش با بۆ تۆ بێ، ڕەونەقی ماڵە |
ئەو جووتە مانگای زل و زۆر خۆرە | کە یەکێ شینە و یەکێکیان بۆرە، |
بۆ من... دوو مریشک لاری و هێلکەکەر | دابنێ بۆ خۆت، بە بێ دەردی سەر |
ئەو ماینە پیرەی زین هەڵچراوە | مەرحوومی باوکم بۆ منی داناوە |
بەشی تۆ لە سەر ئەم ماینە نییە! | باوکم فەرموویە خەتای من چییە؟ |
مس و مەسینەی لە ژەنگا پواو | دای بنێ بۆ من، لە ساغ و شکاو |
کیتەڵە و گۆزە، دیزە و دەرخۆنە | هەمووی بۆ تۆ بێ لە تازە و کۆنە |
قەت پارە نادەی بۆ سپی کردن | مسگەر ناناسی تا ڕۆژی مردن |
زرنگەی مەنجەل و زەحمەتی سینی | لە خوام گەرەکە، تۆ قەت نەیبینی |
ئەو ئاوە ساردە، لە ئەو جەوەنە | دایبنێ بۆ خۆت، هەر پێی پێکەنە |
ئەو هیزە ڕۆنەی کوڵک و موودارە | دابنێ بۆ من، چارم ناچارە؟ |
لە دەرگای حەوشە تاوەکوو سەر بان | دابنێ بۆ من سەر پاک هۆدەکان |
ئەمما لە سەر بان هەتا ئاسمان | هەمووی بۆ تۆ بێ، بێ کەسری و نوقسان |
هەردووکیان بۆ من، گا سوور و گا ڕەش | دوو سەگمان هەیە بۆ تۆ لەجێی بەش |
نە کای بۆ بێنە، نە جێی بماڵە | هیچ ئەرکیان نییە، ئەو دوو گەماڵە |
شەو تا بەیانی بە جووت ئەوەڕن | حەلەلیان لێ ئەکەی، سک پیاو ئەدڕن |
برا وا ماڵمان تەواوی بەش کرد | هەموو بە زیاد و بەشی خۆتت برد |
ئەلحەمدوولیللا بەبێ دڵیەشان | جیا بووینۆ لە یەک، بە سەهل و ئاسان |
هەرچەن مەغدوور بووم، بەشی تۆ زۆرە | لە بەر تانەی عام، ڕازیم بەم جۆرە |
با خەڵقی نەڵێن: بڕوانە حاڵی | تەماعی کردە برای مناڵی! |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|