موقەددەر گەر نەبێ ئاخر لە میهری مەهـ ڕوخانم چی
Appearance
موقەددەر گەر نەبێ ئاخر لە میهری مەهـ ڕوخانم چی | لە ناڵەناڵی نیوەی شەو لە ئاهی بەربەیانم چی |
نیشانەی ئیفتیخاری من لە سینەم داخی هیجرانە | بڕۆ ئەی ناسحی موشفیق لە ڕوتبە و یا نیشانم چی |
غەرەز وا بوو موقابیل کەم لەگەڵ گوڵ ڕەنگی ڕوخسارت | وەگەر نەیبێ قەدی سەروت لە سەیری گوڵستانم چی |
من کە میحرابی ئەبرۆی تۆ مەقامی سوجدەگاهم بێ | ئیتر وەک زاهیدی خودبین لە مەوعیدی جینانم چی |
شەوم وەک ڕۆژی ڕووناکە لە شوعلەی ڕوومەتی ئاڵت | بەڵێ یەکبارە با ون بێ، لە ماهی ئاسمانم چی |
بە نەیڕەنگی فەلەک جانا لە دڵما دەرنەچوو میهرت | کە من یەک ڕەنگ و یەک نەوعم لە تەبدیلی زەمانم چی |
بە من قەت نادرێ تەفسیری ئایاتی سەری کوڵمت | گرانە تاهیرا بۆ من لە تەعریف و بەیانم چی |
This work was published before January 1, 1929, and is in the public domain worldwide because the author died at least 100 years ago. |