مەڵێن یا شێتە یا مەستی شەڕاب و ئارەق و بەنگە
Appearance
مەڵێن یا شێتە یا مەستی شەڕاب و ئارەق و بەنگە | خەیاڵاتم پەرێشانە دڵم تاریکە هەم تەنگە |
مەکەن مەنعم لە هەوری بیری من بارانی خوێن بڕژێ | لە سەحرای سینەدا دیسان هەرایە شۆڕشە جەنگە |
شەهی ئیقلیمی بەدبەختی لەبۆ تەسخیری مولکی دڵ | هوجوومی کردووە تالیب بە تاج و تەخت و ئەورەنگە |
ئەمیری لەشکری زوڵمە لە دەوری فەوجی بێڕەحمی | جەفا و جەور و میحنەت یاوەر و سەرتیپ و سەرهەنگە |
کە دیتم لەشکری مولکی بەدەن مەغڵووب و مەحسوورە | بە فەرزینی غەمم شاهی وجوودم مات و بێدەنگە |
ڕوخی نەحو و پیادەی سەرف و ئەسپی حیکمەت و مەنتیق | لە ژێر پێی فیلی سەنعەتدا خەریکی وردەئاهەنگە |
گوتم ئەی نەفسی غافڵ هەستە سەیری وەزعی دنیا کە | بە نووری مەعریفەت ڕووی سەرزەمین یەکسەر تەڵا ڕەنگە |
نەتیجەی حاسڵی دنیا و دینت جەهل و غەفڵەت بوو | تەواوی قەول و فێعلت شەعبەدە و تەزویر و نەیڕەنگە |
چ نەفعێکی هەیە بۆ تۆ بزانی کەوکەبی تالیع | کە عەینوسسەورە کلکی ئەقرەبە یا چەنگی خەرچەنگە |
مەعاریف عیلمی تەییارە و گڕامافۆن و بێسیمە | ئەوەی تۆ پێی دەڵێی عیلم و مەعاریف چاوەکەم نەنگە |
مەسافەی بەینی عیلمت تا دەگاتە عیلمی ئادیسۆن | عەزیزی من بە میلیۆن و بە کیلۆمیتر و فەرسەنگە |
وەکیل و نایب و سەرجۆخە بۆ تۆ شاە و سوڵتانن | ئەویش کەمتر غوڵامی خوسرەو و جەمشید و هۆشەنگە |
بەڵێ عالم دەبێ یا ئیبنی سینا یا غەزالی بێ | کە ئیحیای ئەم شفای قەلب و شفای ئەو کەنزی فەرهەنگە |
حەیاتی جاویدانی سەنعەت و سەربەرزییە جانا | قەتار و قافڵەی بێ عیلم و سەنعەت تا ئەبەد لەنگە |
چییە سا بەسیە شاعیر مەوعیزە و شێعر و غەزەلخوانی | مەتاعی تۆ هەموو بێقیمەت و بێڕەونەق و ڕەنگە |
کە شێعرت وەک سەدەف فەڕزەن هەموو پڕ بن لە دانەی دوڕ | لە لای ئەشخاسی ویشک و بێتەبیعەت ئاسن و سەنگە |
کە مەقبووڵی جەنابی شێخ و ئەربابی تەبیعەت بێ | نیگارین خانەیی نەققاشی چین و نەقشی ئەرژەنگە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|