مەیموون و دارتاش
Appearance
پیاوێکی دارتاش مەیموونێکی بوو | بۆ هەموو ئیشێک لەگەلیا ئەچوو |
هۆگری بووبوو لای هەڵوەستابوو | مەیموون شاگرد بوو، دارتاش وەستا بوو |
کە ئەیوت: تەشوێ، زوو بۆی ئەهێنا | شەقەی مشاری بۆ دائەهێنا |
ڕۆژێک وەستاکەی داری ئەقڵاشت | جارجارە بە پواز لەنگەری ئەداشت |
بە تەور دارەکەی ئەقڵیشاندەوە | بە پواز لە یەکی ئەڕەواندەوە |
وەختی نیوەڕۆ کە چوو بۆ سەر ئاو | مەیموون هاتە جێی وەک وەستای تەواو |
خۆی قیت کردەوە و لە جێی ئەو دانیشت | کلکی خۆی بە شوێن قڵیشدا داهێشت |
پوازی دەرهێنا و کلکی پێوە بوو | کەوتە قیژ و هووڕ ئاگری تێ بەر بوو |
کلکی مەیموونی تونگ تێ چەسپیبوو | قڵیشی جێی پواز یەکدگیر بووبوو |
مەیموون غەشیم بوو، بوو بە فاقەوە | ئەیناڵان بە دەم واقەواقەوە |
لە واقەی مەیموون خەڵک گرد بوونەوە | چوونە پێشەوە لێی ورد بوونەوە |
کلکی گیرا بوو لە قڵیشی دار | ڕێگای نەدەبوو کەوتبووە هاوار |
وەستا لە تاوا سەراوی نەکرد | هاتەوە پوازی لێدا دەستوبرد |
مەیموون ڕزگار بوو بە کولەمەرگی | بەڵام ژانەکەی گەیشتبوە جەرگی |
مەیموون چۆن ئەبێت بە وەستای دارتاش | بلبل و لەقلەق نابن بە یۆڵداش |
ناگاتە پایە مەردی ناحساب | نان بۆ نانەوا، گۆشتیش بۆ قەساب |
قەت ڕێک ناکەون حوشتر و قەزازی | هەورامی و سواری، مەلا و ڕمبازی |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|