نەسرین لای قانع شکات ئەکا
Appearance
– سەلامون عەلەیک مامەی ئیختیار | – عەلەیکە سەلام کیژۆڵەی نازدار |
– مامە! بە ئاشنا دێیتە پێش چاوم | – ڕۆڵە گیان ڕەنگە، من زۆر گەڕاوم |
– بێ قەیری نەبێ، ناوت نازانم | – ناوم قانع و شەیدای نیشتمانم |
– تۆی مەلا قانع، شاعیری هۆزی؟ | دایم چاوەڕوان بۆ بەرزی کۆزی؟ |
– ڕۆڵە گیان بەڵێ، قانعم ناوە | بۆ خۆم و بۆ تۆ، جەرگم سووتاوە |
– مامۆستا ئێمە گشت بەش خوراوین | بەڵام، لە لادێ تەواو فەوتاوین |
بیستوومە جار جار، کە ناومان ئەبەی | ئەی بۆ هاوارمان تەواو بۆ ناکەی؟ |
ئەوەڵ تا ئاخر، هەر بەش خوراو بووین | لە ناو کۆمەڵدا، سەر دانەواو بووین |
هەتا مناڵین زەلیل و خوارین | عاجز و مەلوول، دایم خەمبارین |
گا زەجر و لێدان، گا بە ڕووت و قووت | چڵکن و پڵکن وێنەی مەلکەمووت |
ئێمە هێشتاکوو، واین لە دەوری بەرد | چاو هەڵدووراوین بە هەناسەی سەرد |
ئەر بڵێم ئەمشەو ئەچمە سینەما | ئەڵێن تۆ کچی حەیات بۆ نەما؟ |
گەر بڵێم ئەمڕۆ ئەچم بۆ قەتار | ئەچم بۆ گەڕان لەم شار بۆ ئەو شار |
هەی لەم نێر کوڕکە، کە پەیدا بووە! | ئابڕووی شیرینی لە دەس دەر چووە |
یا بڵێین ئەمڕۆ کاتی بەهارە | کاتی سەیرانی گوڵ و گوڵزارە |
نیوەڕۆ دوایێ بچین بۆ هەردان | بۆ سەیری بەهار، لەگەڵ هامفەردان |
کچێ، تۆ کچی، داکەوە لە ماڵ! | نابێ، بێیتە دەر، بە درێژایی ساڵ |
*** | |
ئەوەڵ تا ئاخر، ئێمە هەر دیلین | ژیان سووتاو و زار و زەلیلین |
ئێمە ناوێرین بڵێین ئینسانین | دایکی دواڕۆژ، دەستەی لاوانین |
حیسابمان بکەن، بۆ هەڵبژاردن | ڕۆژی ئینتیخاب، بۆ وەکیل ناردن |
هەر وەکوو بەشەر پێمان بخوێنن | لەسەر خۆڕایی مەمانڕەنجێنن |
ئێمەش وەکوو کوڕ، حەز لە ژین ئەکەین | حەز لە زانین و تێکۆشین ئەکەین! |
قانع: | |
کچم بە سەر چاو، کۆرپەی شیرینم | یا خوا بە کزی ئیتر نەتبینم |
هیچ خەفەت مەخۆن، دنیا گۆڕاوە | کورد لە خەو چاوی چاک هەڵ هێناوە |
پێتان ئەخوێنن، زۆر بە ئارەزوو | بە مەیلی خۆتان، ئەتاندەن بە شوو |
لە ماڵ و میرات بەشتان دا ئەنرێ | لەگەڵ کوڕانا فەرقتان ناخرێ |
ئیتر خەم مەخۆن، نووری چاوانم | ئاهووی بیابان، دایکی کوڕانم |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|