نەورۆزنامەی نەسرین و پەروین
Appearance
پار دێتە بیرم وەک خەوێ | کە دیبێتم پێرێ شەوێ |
ساڵێکی وا تازەم دەوێ | کە کورد بەهاری بەرکەوێ |
وەتەنی پێ بێت بە گوڵزار | |
مژدە بێ ساڵ گەڕایەوە | ئاگری نەورۆز کرایەوە |
بەفری زستان توایەوە | گژ و گیا و گوڵ ژیایەوە |
نوخشەش بێ لە کوردی هەژار | |
گوڵ لە باغا خۆی دەنوێنێ | بلبل بە ڕوویدا دەخوێنێ |
هەور مرواری ئەپژێنێ | شەماڵ زیندەگانی دێنێ |
نێرگز مەستە و چاو بە خومار | |
وا فەرشی چەمەن ڕاخرا | گوڵاڵە بوو بە شەوچرا |
گوڵ دەستەیان بەست وەک برا | نەسرین و لاولاو تێکخرا |
هاتنە لەنجە سەرو و چنار | |
بلبل شەو بە ئاواتەوە | بادەی شەونم ئەخواتەوە |
دەگری بە مناجاتەوە | بەڵکوو گوڵ دەم بکاتەوە |
ئەو پێکەنێ و ئەم بگری زار | |
وەنەوشە وەک من شینپۆشە | لە سوجدەدایە خامۆشە |
دڵی بۆ گریان بەجۆشە | بەهاری لە لا ناخۆشە |
بێزارە لە نەغمەی هوزار |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|