نەورۆزنامە (I)
Appearance
موبارەک بێ بە سەربەستی کە ئەمڕۆ جەژنی لاوانە | موبارەک بێ بەدڵخۆشی کە جەژنی میر و گاوانە |
موبارەک بێ کە ئەم نەورۆزە جەژنی میللەتی کوردە | موبارەک بێ بەدڵخۆشی کە جەژنێکی قەدیمانە |
برا ئەم ڕۆژە ڕۆژێکە کە جەژنی میللەتی کوردە | برا ئەم ڕۆژە ڕۆژێکە کە فەخری هۆزی کوردانە |
لە نەورۆزا بوو کەیخەسرەو چووە سەر تەختی ئێرانی | هەر ئەم نەورۆزەیە ڕۆژی جلووسی شا کەریم خانە |
لە نەورۆزا بوو کاوە، مێشکی زەححاکی کە دەرهێنا | هەر ئەم نەورۆزەیە ڕۆژی فتووحاتی هەڵۆخانە |
لە نەورۆزی هەزار و بیست و پێنجی هیجریا بوو خۆ | لە شاری «زەڵم» خان ئەحمەد چووە سەرتەختی شاهانە |
قڕی خستە «قزڵباش» و شکانی هێزی «تەهماسیب» | تەماشای بەندی مێژوو کە بە ڕووناکی نمایانە |
دەسا گوێڕاگرە میللەت کە چۆن ئێستاکە داماوی | لەداخی سەر کزی تۆیە کە قانع جەرگی بریانە |
دەسا چاکت بەلادا کە لەمەیدانی فیداکاری | بەرابەر دوژمنت هەردەم بنرکێنە بە شێرانە |
دەسا ڕاستۆ بن ئەی میللەت هەتاکەی مات و بێ هۆشن | لەبەرچی خاکی نیشمانت لەبۆ تۆ کونجی زیندانە |
لەبەر چی لاوی خوێن گەرمت پەشێو و مات و بێ ڕەنگە | لەبەرچی گەنجی هۆشیارت لەبەر تۆ جەرگی داغانە |
لەبەر چی کەوڵی خۆت ئەمڕۆ وەکوو ڕێوی بە کوشتی دای | بەدەس خۆتە سووتاوی تەداویت سەهل و ئاسانە |
پشتی یەک بگرن لە دڵ دەرکەن ڕقی یەکتر | ... خەمی یەکتر بناڵێنن بە مەستانە |
برا بن غایەتان یەک بێ برایی غایە یەک بوونە | ئەوەی کۆمەک بەبیرت بێ لەهەر لا بێ براتانە |
بڵێ لاوێ وەکێڵم بێ کە هاوبیر و کە هاوخوێنە | بڵێ لاوێ وەکێڵم بێ کە وەک من جەرگی داغانە |
بڵێ لاوێ وەکێڵم بێ وەتەن نەفرۆشێ بۆ پارە | بڵێ لاوێ وەکێڵم بێ لە بۆ من هەر لە گریانە |
دە قانع سەرکەوە بۆ سەر منارەی بەرزی ئامانجت | لەوێدا بانگی مللی دە و بڵێ وا ڕۆژی نیشتمانە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|