هارون الرشید
Appearance
هارون الرشید ڕۆژێک دڵگیر بوو | ئەو ڕۆژە ڕۆژی مەرگی لە بیر بوو |
ئەیویست تێ بگا ڕۆژێک پێش مردن | بۆ تێگەیشتوو چی چاکە کردن |
وتی: بۆم بانگ کەن جەعفەری وەزیر | جەعفەر پیاوێک بوو بە ڕا وو تدبیر |
هات و کڕنووشی بۆ خەڵیفە برد | خەڵیفە فەرمووی: جەعفەر دەستوبرد |
بنێرە، سێ کەس، یەکێکیان تجار | دووهەم فەلاح بێ، سێهەم مۆسیقار |
ئەم سیانە بێنن خۆشت ڕاوەستە | بزانم کامیان تەدبیریان ڕاستە |
هەرسێکیان هێنان بە هەڵەداوان | بە شپرزەیی گەینە بەر دیوان |
خەڵیفە توند بوو، بیانووی پێ گرتن | هەموو بە ئێعدام مەحکومی کردن |
بەڵام ئەو ڕۆژە هەتا ئێوارە | مۆڵەتی دانێ، پاشتر سێدارە |
ئەوان ڕۆینەوە ئێوارە داهات | خەڵیفە ناردی دیسان جەعفەر هات |
جلیان لێ گۆڕی ماڵ بە ماڵ گەڕان | ڕووی کردە ماڵی تجار لە پێشان |
ڕوانیان تجار بێهۆش لەپەوڕوو | لێی ڕاکشاوە وەک نیوە مردوو |
وتیان: تۆ هەڵسە، ئێمە دەروێشین | جڵەوی قەزات بۆ ڕادەکێشین |
وتی: لێم لادە، وا من ڕابوردووم | سەلەمم ماوە بۆ ئەوە مردووم |
لەوێوە چوونە ماڵی گۆیەندە | ڕوانیان بەزمە و قاقایە و خەندە |
چوون لێیان پرسی: ئەم بەزمە چییە؟ | بۆچ بنیادەم نیت وا غەمت نییە؟ |
وتی: لێم گەڕێن ساتێکم ماوە | سەعاتێکی تر عومرم تەواوە |
دنیا خۆشییە و چاک بەسەر بردن | لنگ بزاوتنی پێ ناوێ مردن |
ئەمجا چوونە لای جووتیاری هەژار | ڕوانیان بیست جووت گای خستۆتە کار |
وەک ئەم دنیایە تا سەر بمێنێ | وا بە پەلەپەل تۆو دادەچێنێ |
پرسیان: خۆ تۆ ئێوارە ئەمری | ئەم شێف و وەردە تازە بۆچ ئەبڕی؟ |
وتی: پێشوونیان بۆ ئێمەیان کرد | ئێمە بۆ نەیکەین بۆ مناڵی ورد؟ |
ئەگەر ئەمڕۆ بێ و من تۆو نەچێنم | میللەتەکەمان بە چی بژێنم؟ |
من خۆم ئەتوانم بە دوو نان بژیم | بەڵام خزمەتی وڵات نەکەم چیم؟ |
ئەوەی کە خێری بۆ وەتەن نییە | بە چی ئەیزانی کە دۆژمن نییە؟ |
1934/09/08
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|