هاواری «ئامینە» دایکی «کوتەک» بۆ هەموو دایکانی جیهان
Appearance
خوشکی خۆشەویست، یارانی دڵسۆز | دایکی کوڕانی لاوی جگەرسۆز |
بنواڕن بۆ ئاهـ دەروونی تەنگمان | بنواڕن بۆ بار زمانی لەنگمان |
بنواڕن بۆ ڕەنج بەباچووی خۆمان | بۆ شین و زاری، هاتووچووی خۆمان |
بڕوانن بۆ لێو پڕ باری زەردمان | بۆ قرچە و برژەی دڵەی پڕ دەردمان |
بڕوانن بۆ سەر بەقوڕ گیراومان | بۆ خوڕەی فرمێسک خوێناوی چاومان |
ئێمە نۆ مانگ و نۆ ڕۆژ ئەکێشین | بەسەد ناڵە و دەرد، بەسەد نەخۆشین |
کوڕ پەیدا ئەکەین، بەهەزار کێشە | بەو ناڵە ناڵەو، بەو دەرد و ئێشە |
سا بیپارێزە با سەرمای نەبێ | باوەشێنی کە تا گەرمای نەبێ |
کاتێ نەخۆش کەوت نوشتەی لای شێخان | یان خەستەخانە بۆ داو و دەرمان |
هاشاووڵ بۆلای دراوسێ بردن | شەو و ڕۆژ گریان، لە ترسی مردن |
هەتا مناڵە پەڕۆ گوو شۆرین | بێشکە ڕاژەندن لە کاتی گرین |
بەڕۆژ لە باوەش، شەو لایەلایە | بەڵکوو گەورە بێت، بۆت بێتە کایە |
کراسە شڕەکەی زوو زوو بشۆرە | هەتا هەژدە ساڵ بڕۆ بەم جۆرە |
کاتێ بوو بە کوڕ بیبەن بۆ ڕووی جەنگ | بیکەن بە نیشان بۆ شێلگی تفەنگ |
گوللە تۆپ بدا، لە پەڕەی دڵی | کام دڵ؟ ئەو دڵەی وەک پەڕەی گوڵی!! |
لەت لەت جگەری لە دەم بێتە دەر | بە دەم نێزەوە، یا نووکی خەنجەر |
چاوی نازاری پڕ بێ لە خوێناو | باڵە تەپێ کا، وەک کەوی کوژراو |
هاوار! هەی دایە، هەی بابە ئامان | فریام بکەون، دەسم بە دامان |
لەتاو گیان کەنشت، دەم داچەقێنێ | لە گۆنای زەردی جواناو بڕژێنێ |
بەبێ چۆڕێ ئاو، بە بێ خەمخوارێ | ئەوە کەی دینە بەردتان لێ بارێ |
نامەوێ کوڕم چاو بکا لە کەس | خەڵقم بۆ بگرێ و بیکا بەژێر دەس |
نامەوێ دنیام بۆ بکا بە بازاڕ | شتی تیافرۆشم، ببم بە توجاڕ |
نامەوێ کوڕم بۆ بکەن بە پەن! | فێری کوشتاری ناو فڕۆکەی کەن! |
فەقیر و هەژار بۆمباردمان کا | یاخود پیادە بێ و خەڵکی تاڵان کا |
نامەوێ نێزە بەسێتە پشتی | یان ئۆتۆماتیک بگرێتە مشتی |
کوڕ بۆیە چاکە غیرەت بنوێنێ | نان دایکەپیری خۆی بەدەس بێنێ |
نەیەڵێ باوکی کز و بێ دەس بێ | نەیەڵێ برای چاوی لەکەس بێ |
بەلووتی گاسن، بەهێزی دەمار | زەوی هەڵ دڕێ هەر ئەوەڵ بەهار |
نانی خێزانی خۆی بەدەس بێنێ | بەقرچەی هاوین ئارەق بڕژێنێ |
هەی داد، هەی بێ داد، ئەی ئەهلی ویژدان! | ئەمە کام دینە و، ئەمە کام ئیمان؟! |
من کوڕ بەخێو کەم بە دڵێکی تەنگ | بەزۆر ڕایکێشن بۆ مەیدانی جەنگ! |
بۆ سوودی مەردووم، سەری ببڕن | بە نووکی نێزە زکی هەڵدڕن |
بیکەن بە قوربان، بۆ کۆشک و تەلار | بیکەن بە فیدای سنووقی دۆلار |
ئەی دایکی کوڕان! ئەی جنسی لەتیف | ئەی شۆخە ژنان! سەرتاپا زەریف |
غیرەت و نامووس بەر مەدەن لەدەس | کوڕ مەدەن بە کوشت بۆ قازانجی کەس |
پڕ بەدەم خۆتان، هاوار کەن یەک دەنگ | بڵێن کوڕ خۆمان نانێرین بۆ جەنگ |
ئێمە هەژارین لەل کەس دەنگ ناکەین | سەریشمان بڕن ئێمە جەنگ ناکەین |
ئیتر هەر بژی دەوری بێ جەنگی | ئیتر هەر بژی ڕۆژی بێ دەنگی |
ئیتر هەر بژی ئاسایش خواهان | بژی ئاسایش تا ژینی جیهان |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|