هاوڕێی خراپ
Appearance
قەلە باچکەیەک لەگەڵ بولبولێ | بوون بە دراوسێ لە باخچەی گوڵێ |
کە وەختێ بەیان تلۆع دەرئەکەوت | بولبولی هەژار ئیتر نەئەسرەوت |
بە ئاوازی خۆش بە نەغمەی حەزین | دار و دیواری ئەهێنا گرین |
وەک ئازیز مردوو لەسەر پەڕەی گوڵ | سەدای چەهچەهەی ئەیدا لە ناو دڵ |
هەر تاوێ دەنگێ هەر سات مەقامێ | هەر کاتێ شێعرێ، هەردەم کەلامێ |
موختەسەر بولبول بە گریە و زاری | پیاوی سەوق ئەکرد بۆ بێ قەراری |
قەلە باچکە زۆر پێی ناخۆش بوو | لە داخی بولبول دایم بێ هۆش بوو |
ئەیوت ئەی خوا بەختم بۆ وایە؟ | بۆ بووم بە هاوڕێی ئەم بێ حەیایە؟ |
ئەگەر بەدبەختی و بێ شانسی نەبێ | ئاخۆ من لە کوێ و ساز نەی لە کوێ |
خوا نامەوێ، هێلانەی ناو گوڵ | بەو شەرتە نەبم بە هاودەم بولبول |
لایق شەئنی من گەر خودا بیدا | کەرێ بتۆپێ لە قەراخ دێدا |
لە بەین سەگەلدا کوتێ بڕفێنم | تا دەمم ئەگرێ بۆ خۆم بقڕێنم |
بولبولیش ئەیوت خوای بانی سەر | مردن خۆشترە لە ڕەفێقی کەر |
خۆزگەم بەو کەسەی بۆ خۆی مردووە | لە هاوڕێتی کەر نەجاتی بووە |
چەن خۆشە کە من نەغمە بخوێنم | دەماری خەفەت لە دڵ دەربێنم |
ڕەفێقەکەیشم یا خوێندەوار بێ | یاخۆ عەوامێ ژیر و هوشیار بێ |
ئێستە ئەم کەرەم چۆن بۆ تێبگات | چۆن تێی گەیەنم لە ئەدەبیات؟ |
چۆن تێی گەیەنم کە ئەدیب چاکە؟ | کە پیاوی ئەدیب خادم بە خاکە |
هەر بە ئەدیبە لاچوونی محنەت | هەر بە ئەدیبە هۆشیاری میللەت |
هەر قەومێ قەدری ئەدیبی زانی | ئەگاتە مەقسەد زۆر بە ئاسانی |
گەر ئەدیب نەبێ میللەت مردووە | هەر بژی ئەدیب، ئەدیب زیندووە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|