هەڵستاون جەوانانی وەتەن دیسان بە بێ باکی
Appearance
بە موناسەبەتی زیندووبوونەوەی هیوا
هەڵستاون جەوانانی وەتەن دیسان بە بێ باکی | لە حەسرەت دەردی کۆنە مڵکی بابیان، هاتنە چالاکی |
دە دڵ عەزم و لە سەر شۆری جەوانی هاتوو دەخوازن | کە بڕژێنن لەسەر خاکی وەتەن خوێنییان بە سەر پاکی |
بڵا تێرئاو ببێ بەو خوێنە سوورە گوڵ لە مێرگۆڵان | بە شوعلەی نووری ئوممێدیان وەتەن با بێتە ڕووناکی |
وەتەن ئەی موڵکی باپیرم! لە بۆچ ئەوڕۆکە ڕووخاوی؟ | لە بۆچ جێ و مەسکەنی وەحش و تیوورە خاکەکەی پاکی؟ |
لە بۆچ عەولادی تۆ یەعنی برازا و مام و جیرانم | بەڵێ باپیرە گەورە و خوشک، پوور و باوکە خۆ داکی |
لە ژێر کابووسی جەهل و کۆت بە یەخسیری دەناڵێنن | سەراپا پۆشەکی ڕەش، جلکی ماتەم بۆچ دەبەر ناکی؟ |
لە غوربەت لاوی کوردان بۆ نیگای وەسڵی تۆ مەحزوونن | شەو و ڕۆژ ناسرەوێن بۆ شەهدی شیرین، ژەهری تریاکی |
لەسەر شاخی بڵیند و مێرگی شینی تۆ بڵا ڕابن | بە شۆری دڵ بخوێنن بولبولان ئەوڕۆ بە غەمناکی |
وڵات و شاری مە خۆشە بڵا حەیفە کە وێرانە | لە بۆ چاوی بە فرمێسکی جەوانان سورمەیە خاکی |
زمانی کوردی شیرینە و هەواری ئێمە ڕەنگینە | بڵا چونکە هەموومان دوشمنین زۆر سەعبە ئیدراکی |
نیفاقی مە گوناهێکی عەزیمە، جا وەباڵی وی | بە گەردنی شێخ و ئاغا و مەلا و دەست و میسواکی |
لەنێو دەستەی جەواناندا لە پێشدا شەوقی وێستاوە | بە نووری حوببی مەوتین دڵفرووزە هاتە ڕووناکی |
لە ڕێگای دەوری هیوا یەعنی ئوممێد دەست بە دەست دەگرن | بە عیلم و مەعریفەت تێرئاو بکەن جا خاکەکەی پاکی |
This work is now in the public domain in Iran, because according to the Law for the Protection of Authors, Composers and Artists Rights (1970) its term of copyright has expired for one of the following reasons:
In the following cases works fall into the public domain after 30 years from the date of publication or public presentation (Article 16):
|