Jump to content

پێنج خشتەکیی سافی لەسەر غەزەلێکی عەونی

From Wikisource
پێنج خشتەکیی سافی لەسەر غەزەلێکی عەونی (1942)
by سافیی ھیرانی
309564پێنج خشتەکیی سافی لەسەر غەزەلێکی عەونی1942سافیی ھیرانی
هوزاری خونچەزارێکم کە ڕوویی نەوبەهارێتی نزاری لالەزارێکم کە دڵ وا داغدارێتی
فیدایی لێو و زارێکم نقوودی جان نیسارێتی خوماری چاوخومارێکم هەزاران وا خومارێتی
ئەسیری زولفی یارێکم هەموو عالەم شکارێتی
بە تەوق و کۆتی کاکۆڵی لە پای خستووم و تاساندم وەکوو نێچیری سەیادان لە خوونی خۆمی گەوزاندم
کریشمەی گۆشەیی چاوی بوو ئیمڕۆ زیهنی شێواندم وەکوو لەیلا بە سەد ناز و نەزاکەت عەقڵی لێ ساندم
دڵم دائیم وەکوو مەجنوون لە عەشقا بێ قەرارێتی
لە هەر ڕەمزێکی سەد ناز و نەزاکەت دایە ئەم شۆخە لە هەر غەمزێکی سەد فیتنە و هیلاکەت دایە ئەم شۆخە
هەزاران تاجی شاهی وا لە ژێری پایە ئەم شۆخە لە ئیقلیمی مەلاحەت چونکی بێهاوتایە ئەم شۆخە
دەبینم چەند شەهەنشا وا موتیعی رەهگوزارێتی
ئۆمێدم نا لە ژین وەقتێ قیامی قامەتی لاوی کە وەستاون لە بۆ قەتلم پیادەی پەرچەمی خاوی
چ چارەی تیرەبارانە لە پەنجە و دەستی خوێناوی دەزانم دەمکوژێ چاو و تەنافی زولفی داو داوی
برۆی قەوس و موژەی پەیکانی عوشاقی هەژارێتی
مەتاعی جان لە ڕێی عەشقی بە تاڵان و خەسارەت چوو هەموو عومرم لە هیجرانی بە سەد عیجز و مەرارەت چوو
گەدایی دڵ بە مەزلوومی لە ژێر تەختی نەزارەت چوو بە غەمزەی چاوەکەی عەقڵ و دڵ و دینم بە غارەت چوو
خودا چی بوو کەوا ئیمرۆ هەموو کەس ئینتزارێتی
دڵی بولبول لەبۆ خونچەی دەمی هەر ئاخ و ئۆخێتی کە زاغی خاڵەکەی دائیم لە باغی سێو و خۆخێتی
لە ڕوو گوڵ، پەرچەمی سونبول، دوو نێرگس وا لە ڕۆخێتی گوڵی ڕوخسارە، خونچەی لێوە عەرعەر قەدی شۆخێتی
گەهێ بولبول، گەهێ قومری، گەهێ دڵ وا هوزارێتی
عەجاییب نەوبەهارێکە کە گوڵشەن چەتری هەڵداوە لە لایێ سونبول و نەسرین، لە لایێ نێرگسی ساوە
بە ناڵەی بولبولان سافی مەگەر چ بووە، چ قەوماوە؟ شکۆفەی غونچەیی لێوی لە باخا وا دەمی داوە
وە یا بۆی عەترە «عەونی»، خەندەیێکی لێو و زارێتی


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).