پێنج خشتەکی قانع لەسەر شیعری حەمدی ساحبقەران
Appearance
ئەی وەتەن! بەینێکە پەستی موژدە بێ دەورانتە | خوێنی کوژراوانی کۆنت بۆیەیی هەیوانتە |
گوێ لەهەرلا ڕاگری هەر گوفت و گۆی لاوانتە | ئەی وەتەن ڕۆم و عەجەم موشتاقی کوردستانتە |
ئیفتیخاری میللەتی کورد شەوکەتی عینوانتە | |
ئەی وەتەن! چاوت نەترسێ قەت لە غاز و تۆپ و تانگ | وا قەڵەم بۆت پێ گەیشت، بۆتۆ ئەکا هاوار و بانگ |
با بخنکێ کاکی بەدگۆ! دووکەڵی دەو بیخە قانگ! | بەستە سەربەرزی سبەینان و شەوانت ڕۆژ و مانگ |
وەک نیشان و ئیحترامی سینگ و نەجمەی سەر شانتە | |
کەی قەڵەم ئەتوانێ باسی تۆ بنووسێ یا زمان؟ | چۆن ئەتوانێ سەد یەکێ باست بکا بۆمن بەیان! |
ئەی تەبیعەت! ئافەرین بۆ کردەوەت، بۆ کوردستان | بەرق ئەدا و ئەڕژێ وەکوو ئەمواجی گەوهەر چەشمەکان |
ئاوە یا ڕۆحی ڕەوانی چەشمەیی حەیوانتە | |
کاتێ قاپی گوڵشەن و باخانی تۆ ئەکرێتەوە | قەڵبەزەی ئاوت بە ڕووی شاخانەدا ئەڕژێتەوە |
زامی جەرگی عاشقانت پەی لە پەی ئەکولێتەوە | ئاوە یا نوورە لە عەکسی خۆر کە ئەبریسکێتەوە؟ |
ئەهلی حیکمەت وا ئەزانن دوڕڕەکانی کانتە | |
سەد وەکوو لوبنان و بەرلین، بۆ قەزاگێڕی سەرت | سەدهەزاران جەوهەری، قوربانی تۆزی جەوهەرت |
ڕۆژی تەنگانەش ئەبینم، شاخەکانی سەنگەرت | گوڵ گوڵی سوور و سپی خاڵخاڵی خاکی گەوهەرت |
پۆدرەی ڕوخسار و سورمەی ڕیشتنی چاوانتە | |
خەزنەیێکی دەستی قودرەت کردوێتی بۆ هەژار | ڕوو لە هەر لایێ ئەکەم هەر گوڵشەن و هەر مێرغوزار |
کۆهسارت گەرمیان و گەرمیانت کۆهسار | عاشقی ڕەنگی خەزانی تۆیە بۆیە دێ بەهار |
فەسڵی هاوین گەرمە مەیلی بەفرەکەی زستانتە | |
ئەی وەتەن! جێی نووری حەقی تۆ بەچەشنی کێوی توور | سەدهەزار مووسات هەیە هەریەک وەکوو دەریایی نوور |
دەخڵ و دانت گێتیی پڕ کرد جا نزیک بێ یاخود دوور | چونکە عەمماری زەخیرەی کائیناتە شارەزوور |
شەهربازاڕ خوانی میوانە و لەبەر میوانتە | |
گەر خەیاڵی تۆ بکەم، فەوری لە دڵ خەم دێتە دەر | ناوی تۆ بەم، دەم ئەبێتە چاوگەیی شەهدوشەکەر |
سەیری دەشتی تۆ ئەکەم چون چاکە بۆ زامی جگەر | باسی میوەی تۆ ئەکەم بۆیە قەڵەم هاتۆتە بەر |
بەستەکانم بەستەیی ئەهلی دڵ و عیرفانتە | |
گشتی شووشەی زێڕوزیوە، باخەباخەی گەنم وجۆ | تۆ، بەهەشتی ئەم جیهانەی بێ گەزاف و بێ درۆ |
بیرە و ویسکی شکێنە جامۆڵەی پڕ بەفر و دۆ | پڵپڵە و لاگیرەیی زێڕینی جوانی قەومی تۆ |
زڕزڕە و پشتێنەیی بەردینی قەد شاخانتە | |
کێو و کوێستانت سەراپا قرمز و گوڵنارییە | شیوەڵ و دەشت و نزارت ئاوی سافی جارییە |
سەد منی بولبول لە بۆ گوڵ ئیش و کاری زارییە | ئاسمان و شاخی بەرز و پانی ئەرزت دیارییە |
ماڵی کوردیت و ئەوە دیواری حەوشە و بانتە | |
داخەکەم بۆ ئەو دەمەی لاچێ لە ناوا دوودڵی | لاوی خوێن گەرمم بزانێ ودەس نەداتە سەر چڵی |
جا تەماشای خاکەکەت کەوبێرەسەر سەیری گوڵی | پەیکوڵی تا قەسری شیرین ڕاکشاوە بێ کوڵی |
دەشتی قەندیلت درێژە بۆ چراچی وانتە | |
سەیری کێوی ئەزمەڕ و گۆیژە چلۆن خۆیان نوان | بۆ گوڵ وباخچەی لەخۆیی پشتی لوبنانیان شکان |
داری زەرد، زەرد نابێ ئەمڕۆ تا ئەچێتە ئاسمان | پیرەمەگرون تاجی شاهانەی بەسەربەرزی قڕان |
تەم دەماوەن داگرێ مەحجووبی هەورامانتە | |
کوردە بێ خەم هەڵسە سەرپێ، ڕوو کەرە شادی و دەماخ | نەونەمامت پێگەیشت و هاتە بەر وەک داری باخ |
دەستەئەژنۆ دانەنیشی و هەڵبکێشی ئاخ و داخ | خەتی دیوانی شکستەی گرد و لووتکەی بەرزی شاخ |
ڕۆشنە بۆ سەربەخۆیی تووڕەیی فەرمانتە | |
ڕەمزی حەمدی قانعا نازانی تۆ مەعنای چییە | ڕوو ئەکاتە ئەو کەسەی غایە پەرست وەک لۆتییە |
با وەجود گوێی هەڵکەنی داناچڵەکێ سوودی چییە | جاروبار حەمدی گلەت گەر لێ بکا ناحەق نییە |
جەردە ڕامەگرە نەڵێن خەڵقی جانی جانتە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|