پێنج خشتەکی وریا کوڕی قانع لەسەر شیعری باوکی
Appearance
ئەی وەتەن! ئەی یادگاری ئەردەلانی تاجدار | ئەی وەتەن! ئەی هێزی ئەژنۆ و مەرهەمی زامی جەخار |
چونکە خەم چوار دەوری گرتم دێمە باسی چوار چوار | چوار شتن ئەمڕۆکە بوونە نەگبەتی کوردی هەژار |
جەهل یەک، دڵپیسی دوو، بێ عەقڵی سێ، داوا چوار | |
بۆ کزی و پاشکەوتنت وا دێمە سەر گریان و ڕۆ | با کەسیش هاودەم نەبێ، شیوەن ئەکەم هەر خۆبەخۆ |
گوێ کرە ئەی نیشتمان، دا پێت بڵێم بۆ پەستی تۆ | مەنعی پێشکەوتن ئەکەن لەم خاکمانە چوار گرۆ |
خان یەک، سەردار دوو، بەگزادە سێ، ئاغا چوار | |
باخەوانی باخم و ئەمما لە میوەی بێ بەریم | کەس نییە جەرگی بسووتێ بۆ پەشێوی و سەرکزیم |
وا سەرم شێواوە خۆیشم قەت بە خۆم نازانم چیم | نایەڵن بۆخۆم ڕەحەت بم، سەربەخۆ تاوێ بژیم |
ئەجنەبی یەک، مامە دوو، ئەقتاعی سێ، کوێخا چوار | |
بێ لەگەڵما قوڕ بپێوی ئەو کەسەی هاوفەردمە | هاو خەیاڵ و هاو نموونەی، ئاهـ و ڕەنگی زەردمە |
شێت و سەرسامم لە داخا وا کە هەردە و هەردمە | من لە داخی سەرکزی ئەم میللەتە چوار دەردمە |
سیل یەک، مالاری دوو، کوێری سێ، ئیسقا چوار | |
دەردەکەم دەردی گرانە، کەس نەزانە و کەس نەناس | تاوێ وێڵی سەر چیام و تاوێ شێت و تاوێ کاس |
باوەڕم پێ کە بەوەڵڵا بێ درۆ و بێ باس و خواس | یادگاری ڕەنجی پەنجەی کوردەکانە چوار ئەساس |
قەسر یەک، ئاراس دوو، شامات سێ، بەغدا چوار | |
بۆ نەناڵێ دڵ لە داغا، بۆ نەسووتێ وەک کەباب؟! | شۆری گریان و هەنسکم وا لەجێی چنگ و ڕوباب |
قوم بە قوم زوخاوی جەرگم، خۆم ئەنۆشم وەک شەراب | باز بووم باڵی شکانم چوار بەڵای نەحسی خراب |
خانەقا یەک، تەکیە دوو، عەممامە سێ، عابا چوار | |
دوێ لە ڕێدا، ئاهـ و ناڵەی دڵبرینێ هاتە گوێم | سەیر ئەکەم باوکی ئەزیزم، وردە وردە هاتە ڕێم |
پێی وتم نازانی وریا، بۆچی من وا دێم و کێم؟ | چوار سفەت مەوجوودە بۆ من، بۆیە هیچ کەس نایەوێم |
«قانعی» یەک، شعر دوو، ڕووخۆشی سێ، مەللا چوار |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|