Jump to content

چۆنیەتی نەخۆشینمان

From Wikisource
چۆنیەتی نەخۆشینمان (1953)
by قانع
307178چۆنیەتی نەخۆشینمان1953قانع
ئەوا کابرایەک عومری تەواوە خێزانە وردەی لەشوێن جێماوە
ئەو ڕۆژە کابرا لەسەر جێگە کەوت خەبەر نەخۆشی ئەگاتە مزگەوت
مەلا بە کوێخا ئەڵێ تۆ کوێخای عبادەت خێرە با بچین بۆ لای
هەر هەنگاوێکت حەجێ قەبووڵە فەرموودەی حەزرەت شاهی ڕەسووڵە
سۆفی تۆش ورە، دەروێش تۆش فەرموو هەر لە هەرزەکار هەتا ڕیش چەرموو
هەموومان بچین چوون دەسەوامە ئەمڕۆ بۆ ئەوە سبحەی بۆ عامە
ئەمجا بەکۆمەڵ ئەچن بۆ ماڵی زۆر بە موختەسەر ئەپرسن حاڵی
ئەمجا دێنە سەر گفتووگۆی خۆیان بەراتی مەلا و گرتنی شوان
باسی دار بڕین یا جۆگە و جۆماڵ دێراوی تووتن، شێف و دەردی کاڵ
هەریەک ئیشی خۆی هەریەکە و کارێ هەریەک گفتووگۆی بازاڕی شارێ
ژنی نەخۆشیش خێرا هەڵ ئەسێ نەخۆش جێ دێڵی هیچ لێی ناپرسێ
مەجبوورە ئەبێ میوان ڕێ بخا لایە چێشت لێ نێ، لایێ نان بکا
کوڕی نەخۆشیش خۆ چایچییە کەستر شک نابا دەسەڵات نییە؟
هیچ کەس چۆڕێ ئاو ناکاتە دەمی کەسێ تر نییە تا بخوا خەمی
وەختێ کە ئەمرێ لەو زرم و کۆیە لەو قڕچەی دڵە و لەو باوکە ڕۆیە
مەلا ئەیشۆرێ و ئەیبەن بۆ قەبران تەسلیمی ئەکەن بە سەهل و ئاسان
ئەمجا قاو ئەکرێ بە دێهاتانا «تایفەللکوک» کورد و گۆرانا
دەسە بە دەسە فەوج فەوج و قەتار بیس بیس و سی سی لە لادێ و شار
دێن بۆ ماڵ مردوو بۆ عەزا خوانی ڕۆژێ دە کەڕەت ئەیکەن تاڵانی
سێ فەردە شەکر و دوو سنووق چایی ئەبێ قەرز بکا خواهی نەخواهی
دە دوازدە تەغار ئارد بێنێتە ماڵ سەلەم کا لە پێی نۆ ساوزی ئەمساڵ
ماڵی ئیسقات بۆ حەیوانی زبرە حەیوانی وردیش بۆ گۆشتی سفرە
موختەسەر هەتا شەش مانگ ئەو ماڵە بەدەس میوانۆ حاڵیان بێحاڵە
نەی پەڕژاوەتە خەلە و خەرمانی هەموو جێماون ئیش و فرمانی
سەری حەوت مانگە تەماشا ئەکا نە بزنە نە مەڕ، نە مانگا نە گا
شەس حەفتا دینار قەرزارە بێجێ نازانێ پەنا ببا لەبۆ کێ؟
ئەمجا ئەزانێ کۆسی کەوتووە بەسەد بارەدا باوکی مردووە
میللەت تا بە کەی جەهل و نەفامی؟ میللەت تا بەکەی شێتی و عەوامی؟
بۆچی لە دوورۆ دۆعای بۆ ناکەی؟ بەناوی خێر و بەقوڕیا ئەبەی؟


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).