چۆنیەتی هەژار
Appearance
گەدایی سەیرە! ئەی یار و ڕەفێقان | گەهێ پۆشتە بە پینە و گاهێ عوریان |
گەهێ تووڕە لە ئەولادی لە برسا | گەهێ داوا لە حاجی بۆ لەتێ نان |
براکەم! دەوڵەمەندیش وا ئەزانێ | گەدای بۆ ئەو درووست کرد، زاتی یەزدان |
بە بێ ڕەحمە لە دەر هەق پیاوی بێ دەس | فریبی خەڵک ئەدا وەک بەچکە شەیتان |
گەدای بەستە زمانیش، هێندە ڕووتە | نە نانی هەس، نە بەرگی هەس لە زستان |
لە هاوینا لە بەر بێگاری ئاغا | بە خەمناکی ئەژی و ئەخزێتە ناو لان |
کەچی کوێخا ئەچێ، دەستی ئەکێشێ | بە گریە و زاری ئەیکێشێتە مەیدان |
ئەمەش ڕووناکە، کوێخا چەشنی تانجی | بە دەم کەروێشکی بۆ ئەگرێ لە سەر لان |
ئەوەی نامووسی بێ، نابێ بە نۆکەر | ئەوەی ئینسافی بێ، ناچێتە دیوان |
ئەوەی ویژدانی بێ ناچێتە لای میر | ئەوەی ڕەحمی ببێ، ناچێتە لای خان |
چ خۆشە زگ بە برسی، پێ بە بێ کەوش | بە مەرجێ ڕوو نەکاتە، شێخ و قوربان! |
گەدا بی یاخۆ پاشا بی، هەر ئەمری | ئیتر کلکەلەقێ بۆ چی لە دیوان؟! |
ئەگەر پیاوی وەرە! ئارەق بڕێژە | بنرکێنە وەکوو شێر، بێرە مەیدان |
قەزای ئەو بێڵە، ئەو ئەیدا بە عەرزا | لە دوو سەد بڕنەوی دەسکاری ئەڵمان |
قەزای ئەو داسە ئەوساوی کە تیژ بێ | لە سێسەد خەنجەر و شمشێری زۆر جوان |
قەزای ئەو تۆزی گاگێرەی سەپانە | لە دووسەد عەتر و قەسری میر و خانان |
ئەگەرچی قانعی زۆر زۆر هەژارە | بیحەمدیللا، بە کەس ناڵێ: بەڵێ گیان |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|