Jump to content

ژنی بەد لە لادێ

From Wikisource
ژنی بەد لە لادێ (1953)
by قانع
307082ژنی بەد لە لادێ1953قانع
ژنی بەد مەعلووم غەزەبی خوایە هەر کەسێ ژیر بێ ئەزانێ وایە
بە سێ ڕۆژ چاکی و خراپی ژنان ڕوون ئەبێتەوە بۆ دەستەی پیاوان
ئاخ بۆ ئەو پیاوە خێرا هەڵبستێ تەڵاقی بدا و هیچ لێی نەوەستێ
نەک زکی پڕ بێ و بچێتە ملی هەتاکوو مردن ببێ بە جلی
کەمێ لە وەسفی ژنی بێکارە بۆ کوردی هەژار دێنمە ژمارە
بەشەوی تاریک بە هەزار ئەحواڵ مێردی لە مزگەوت ڕوو ئەکاتە ماڵ
ئەڕوانێ درگای حەوشەی کراوە کەل و پەلی ماڵ لە حەوش پژاوە
مانگا و کەر وگا، پشیلە و بزن سووڕی ماڵ ئەدەن هەر یەک بۆ خواردن
تەشتە نانەکە بەبێ لەتێ نان سەرە و لێژ بووە لە گوێی ئاگردان
ئاگر هەر دووکەڵ چرا کوژراوە لەناو ئاگردان قۆری ڕژاوە
گۆزە ئاو شکاو ناوماڵ پڕ لە خۆڵ کەیبانوو خەوتوو، هۆدە چۆڵ و هۆڵ
هاڕە هاڕی زل دێتە بەری گوێی هەروەک بە مشار لەوحێ دوولەت کەی
تەماشا ئەکا کەیزانووی ماڵە ئەوەندەی خواردوە حاڵی بێ حاڵە
بانگی لێ ئەکا ئافرەت هەی ئافرەت هەڵی ئەسێنێ بەهەزار زەحمەت
هەڵی ئەسێنێ بەچار و ناچار کە ژن هەڵ ئەسێ لێی دێتە گوفتار
هەی ماڵت شێوێ بۆ تەق و ڕەوە هەڵم ئەسێنی بەم نیوە شەوە؟
ئەوە بەڕەکە لەژێرتا ڕایخە ئەوە مەوجەکە بەخۆیتا دە
قورئان بەحەققت مانگێ تەواوە بەشەو نەنووستووم بەنم باداوە
هێشتا ئەم پیاوە نامنەت بارە تۆخوا چۆن ئەژیم لەگەڵ ئەم کارە
شەرت بێ حاشا کەم دانەنیشم لات شۆرەت بەدناویت بخەمە وڵات
مێرد:
ئافرەت ئەم هەموو بەننتە بۆ چییە؟ من بۆ ئەڕوانم هیچ دیار نییە؟
نە ساحێب مەڕم، نە خوری سێنم تاڵی بەن بێنە خۆم ئەخنکێنم!
ئەم هەموو بەنە کەوا بای ئەدەی نازانم لە کوێ تۆ پەیای ئەکەی؟
بەنی تۆ وەکوو پڵاوی خانەقا ناوی بێ لاشەس لە هەموو دنیا
وەختێ خەرمانان تۆ ئەمکەی بە پەن ماڵ و ماڵ ئەڕۆی بۆ هەودایی بەن
ژن:
خۆزگە بە باوک و باپیرت نەبێ ئەی ئەوە چە بوو کێشاتە دەرپێ؟
بەنە خوێنەکەت بە میرات کەوێ هێشتا نایەڵێ تێر بنووم شەوێ
من لە ماڵ باوکم بە تەنها سێ ساڵ گوریسێکم ڕست درێژی دوو باڵ
بە بەنەخوێنێک منەت نەزانی چی ئەکەی بیکە هەرچی ئەتوانی
قانع:
ئەی برادەران ئامان سەد ئامان خۆتان پارێزن لە دەستەی ژنان
ئەوا گیر بخۆن ئێوەش وەکوو من گاڵتەتان پێکەن گشت دۆس و دوژمن
قانع بێدەنگ بە با دایکی خەنجەر تووڕە نەبێ لێت دەرتکاتە دەر!


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).