ژن مارەبڕینمان
Appearance
جا بێمە سەر باس ژن مارە بڕین | نەک مارە بڕین بە پارە کڕین |
جاران ڕەسم بوو ژن بە خۆڕایی | شەرعەن حەرام بوو پارەی شیربایی |
ئێستە خوا دەوام مامۆستا بدا | فێڵ ئەدۆزێتۆ حەڵاڵی ئەکا |
لەسەر شیربایی مارە ئەبەستێ | حەڵاڵی ئەکا و هیچ لێی ناوەستێ |
ژنی بێ باوک بە بێ برایە | حەقداری تەنیا یەک ئامۆزایە |
کە یەکێ هاتوو داواکری بوو | سا بەهەر جۆرێی خڕیداری بوو |
ئامۆزا ئەڵێ خۆ من حەقدارم | مەسەلی مەشور بەشە بەشدارم |
پازدە دینارم ئەوێ شیربایی | خۆ من شێت نەبووم هەر بە خۆڕایی |
کچ ئەڵێ بەخوا پارە ناگرم | شوو بەمە ناکەم چون من چاترم |
بەڵێ ئامۆزا ڕاستە حەقدارە | هەر خۆی حیسابە گەورە و سەردارە |
ئەمما بەو شەرتە نەمدا بەم کابرا | ئەوم قەبووڵە لەباتی برا |
ئەم پیاومە ناوێ هەرسات لە جێیێ | سەرسەری و بێ ماڵ هەر تاو لە دێیێ |
ئەمجارە کابرا کە جواب کرا | پەنا ئەباتە بەر خزم و برا |
پارە قەرز ئەکا بە سوود و سەلەم | پازدە دینارێ بەبێ زیاد و کەم |
وەختێ ئامۆزا پارە ئەبینێ | ڕەحم و ئینسافی لەلا نامێنێ |
ئەڵێ مامۆسا مارەی ببڕە | با دابمەزرێ ئەم دەڵە شڕە |
ئەمجا کچ ئەڵێ بەخوا شوو ناکەم | خۆم ئەخنکێنم قەت ئیزن نادەم |
ئامۆزام حەقی بەسەرمۆ نییە | نانیم نەخواردوە حەقداری چییە؟ |
ئامۆزا ئەڵێ بێ حەیای ماکەر | چۆن ئیزن نادەی ڕۆحت دێنمە دەر |
دەس ئەداتە دار پڕی ئەداتێ | ئەیگرن نایەڵن دەستی بیگاتێ |
ئەمجا کچ ئەچێ بۆ دراوسێ ماڵ | خۆی ئەشارێتۆ بەسەد هەزار حاڵ |
چرا هەڵ ئەکا ئەیدۆزێتەوە | بەقژ ئەیکێشێ ئەیهێنێتەوە |
خەنجەر دەردێنێ فیشەک تێ ئەخا | بە لوولە تفەنگ جار جار لێی ئەدا |
بە زەجر و بەداخ بە خەنجەر لێدان | ئەیکێشێ هەتا دێنێتە مەیدان |
ئەڵێ مامۆسا سا، خێراکە دێرە | من ئیشم زۆرە نامێنم لێرە |
کچ هاوار ئەکا ئەڵێ کاک مەلا | پەنام بۆ هانیت ئەی مەردی خوا |
مەیەڵە بمدا بەم کابرا کەرە | لە عەقڵ و زانین زۆر بێ خەبەرە |
مەلا دێتە جواب دادە زۆر چاکە | پیاوێکی کاسب زۆر تینەت پاکە |
تمەس مامۆسا زۆر بە کوڵە بۆی | پەلە پەلیەتی بۆ حەقەکەی خۆی |
کچی بێچارە دێتە گوفتوگۆ | ئەڵێت هەی هاوار هەی هانا هەی ڕۆ |
نەمکردوە و نایکەم ئەگەر لەت لەت بم | یاخۆ باڵ بەستەی گوریس و پەت بم |
ئامۆزا دیسان مشت ڕائەکێشێ | لەکەس ناترسێ هیچ نای ئەندیشێ |
فیشەک گولەکۆڵ ئەنێتە تفەنگ | مشتی بۆ ئەگرێ بێ سەدا و بێ دەنگ |
ژن ئەقیژێنێ ئەڵێ هەی مەلا | فریام بکەوە بۆ خاتر ئەڵڵا |
مارەم ببڕی منەت بە گیانم | زۆر زۆر مەمنوونم بەندە فەرمانم |
مارەی ئەبڕێ ئەمجار مامۆسا | بێ ئیجازەی شەرع بێ ئیزنی خوا |
مەلا دەک کوێر بی بۆ زهد و ورعت | دەک پشتت شکێ بۆ ئیجرای شەرعت |
کەی باوک و باپیر هەروا زووبەزوو | دروستە بە زۆر کچ بدا بە شوو |
ئەمە کەی دینە و کام ئیمام فەرمووی | پووکاوڵت بێ خۆ تۆ ڕیش چەرمووی |
زۆر تماعکار بی سێ ڕووپیە ئەبەی | بۆ پارەیێ کەم بۆچی وا ئەکەی |
ئەوا ئامۆزا وەحشیە و کەرە | مەلا دانیشتووی جێی پێغەمبەرە |
میللەت تا بەکەی جەهل و نەفامن | میللەت تابەکەی شێت و عەوامن |
میللەت هەموو کەس گەییە جێی مەردی | ئەی تۆ کێ ئاوا لە ڕێگەی بردی |
میللەت قانعی خوشکی نەماوە | خەمی تۆ ئەخوا ئەم بەند و باوە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|