ژیانی کچ
Appearance
کچی بەستە زمان دەوری ژیانی | سینەمایێکە ئەگەر بزانی |
کە لە دایک بوو، ئاهەنگی نییە | ئەڵێن: ئای کچە! فاییدەی چییە؟ |
پێ پیرۆزانەی کەس بۆ ناهێنێ | هیچ کەس بە چاکە هەرگیز نایدوێنێ |
پڕ و پیرە ژن، دەوری دایکی ئەدەن | هەر یەک بە جۆرێ دڵخۆشی ئەکەن |
خەم مەخۆ، خوا لە سەر کەرەم بێ | کوڕیشت ئەبێ، خاترت جەم بێ |
بۆ ئیشی ناو ماڵ، بۆ هاتوچۆی دەر | ئەمیش پێویستە لە جێی کارەکەر |
سەد ساڵ نەخۆش بێ، نابینێ دەرمان | لە جێی دڵخۆشی، هەر چەپۆک لێدان |
نابێ نان بخوا تا هەموو خێزان | نەچێتە دواوە، لە سەر سفرەی نان |
لە پاشان ئەمیش ئەگەر نەتۆرێ | لە پاشخوان بخوا و حاجەت بشۆرێ |
ئەگەر بتۆرێ، هیچ کەس نازانێ | بە برسی ئەگری، هەتا ئەتوانێ |
*** | |
نابێ بە دارتاش، نابێ بە توجار | نابێ بە ناڵبەند، نابێ بە عەتار |
ئەگەر لە حەوشە، سەر بێنێتە دەر | دایکی تێی ئەخوڕێ، بێ حەیای ماکەر! |
ئەم بەستە زمانە، هەتا پازدە ساڵ | دیل و گیراوە، دەر ناچێ لە ماڵ |
کاتێ گەورە بوو، دێنە هات و چوو | بە لای ناخێری، کچ ئەدەن بە شوو |
لە کوڕی وەستا و بەزاز و قەساب | داواکاری ئەبن، لە چاک و خراپ |
نیوە ئەفەندی و حاجیی ژن مردوو | بێچووە خانەدان، کۆن و ڕابردوو |
ئەمجا داک و باب ئەکەونە تەگبیر | گوێ نادەن بەوە جوان بێ یاخۆ پیر |
تەماشای ئەکەن، هەر پارەی زۆر بێ | ئیتر کەیف خۆیە، ڕەش بێ یا بۆر بێ |
کچی بەستە زمان ئاگای لێ نییە | نازانێ چپەی داک و باب چییە؟ |
بابی دێتە جواب، حاجی زۆر چاکە | خاوەن پارەیە و زۆر زۆر دڵ پاکە |
گوێ مەدەن بەوە، دانی نەماوە | تەمەنی جوانی تەواو فەوتاوە |
لیرە و مەجیدی لە تاکە و جووتە | کۆمەڵی کردووە، تا ئارەزووتە |
کاتێ کچ زانی کە ئەیدەن بە شوو | ئەیدەن بە حاجی و دنیای لە دەس چوو |
خوڕ خوڕ فرمێسکی لە چاو دێتە خوار | پێچ ئەدا لە خۆی وەک ماری زامار |
ئەڵێ هەی جوانی! هەی دنیای ڕۆشن! | هەی دایک و باوک، هەی دۆس و دوژمن |
هەی گەورە کچان! هاوسەر، هاوفەردان! | هەی بەش خوراوان، هەناسە سەردان! |
بۆ چی کۆمەڵی حیمایەی حەیوان | ناپرسن لە حال ژیانی کچان؟! |
ئەر ئینسانیش نین، مەعلووم حەیوانین | بۆ چی بێ خەمخۆر لە ڕووی جیهانین؟! |
خوا حافیزتان ئازاد کەن گەردن | وا من ڕێ کەوتم بۆ شاری مردن |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|