کوشتەی عارەقمان وا لە پێش چاوە
Appearance
کوشتەی عارەقمان وا لە پێش چاوە | ئێواران هیچمان لە بیر نەماوە |
ئینسان لە نسیان دروست کراوە | چاوی لە پەردەی غەفڵەت پۆشراوە |
تا ساتمە نەکا چاو هەڵنابڕێ | ئەکەوێتە چاڵ پەلوپۆی ئەبڕێ |
تا نەمانبەنە گردەکەی سەیوان | چاکە و خراپە نایێتە مەیدان |
فۆرمەی وەزیفە کە بوو بە کفن | دەست و پێ لە پیاو ئەبێ بە دوژمن |
کە «مەڕنەموکە» چاو زەق کاتەوە | ئاغایی لە بیر پیاو ئەباتەوە |
کە وابێ بۆچ هەر باوی «کەوا» بێ | ئەوە «کەوا» بێ کە مەردی تیا بێ |
گەردن ئازایی جەژنان ساتێکە | نوێژی ئاشتی هەر ڕکاتێکە |
بەڵام گوریسی شەڕ و دەعوامان | هەتا ڕایکێشی ئەو دێ لە دوامان |
ئەمانە وزەی بەر گوێی بێعارە | کەس ناڵێ مردن هەیە لەم شارە |
ئەگەر هەر بەندێ پەندێکمان باتێ | ئێمەیش ئەچینە ڕیزەی وڵاتێ |
دەستی یەک ئەگرین بە کرد و کۆشی | دەوڵەمەند ئەبین، ئەگەینە خۆشی |
ئەگینە ئەزین وا هەڵدەبەزین | گوڕەگوڕمانە تا دێینە بەر زین |
چلەمان کێشا تا گەینە چلە | هەورازمان بڕی گەینە سەر ملە |
پێویستە ئینجا بحەسێینەوە | شەیتان لە خۆمان دوور بخەینەوە |
ئەگەر من چاک بم عالەم بۆم چاکە | بەڵام مڕە مڕ شەڕی سەر لاکە |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 555 و 155
1939/02/09
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|