کە ئەڕوانیتە ڕەنگی نەوبەهار
Appearance
کە ئەڕوانیتە ڕەنگی نەوبەهار | ڕاویشکەی گیا و گوڵ بە لەنجە وو لار |
وات دێتە خەیاڵ، جیهان تا سەرە | باغی ئیرەمە و بێ کەلەبەرە |
نازانی چەرخی دەوران بەهارە | ئەو ئاو و ڕەنگە بێ ئیعتیبارە |
هەتاوی قینی لەگەڵ خستەکار | نە سەوزە دێڵێ، نە شەوقی گوڵزار |
بەهار و سەیران دڵی بێ غەمە | کە دڵ غەمگین بێ، هەرچیت بێ کەمە |
چارەی دڵخۆشیش کەم تەماعییە | چاوتێری مەعنای سەرئازادییە |
کە بەرچاوتەنگ بی و دڵ بە ئاخ و داخ | بێ تامە لە لات سەیران و یاپراخ |
ئازادی چرای ڕێی ڕووناکییە | زەوقی قەلەندەر لە بێباکییە |
ڕووناکی دەرکەوت تاریک نامێنێ | کە هەتاو نەبێ، سێبەر نانوێنێ |
ئەم ڕۆژ و شەوە پەندی یەزدانە | دوای تاریکی شەو ڕۆژی ڕەخشانە |
ڕۆژیش ئێوارەی لێهات ئاوایە | نۆش و ئیش لەگەڵ یەک بەرەودوایە |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 783
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|