کە وتیان دنیا ماستی مەییوە
Appearance
کە وتیان دنیا ماستی مەییوە | ئەوسا بزانە کەس تێی نەگەییوە |
شیرە دەترشێ و ناوی ئەنێن ماست | شیرین ترش ئەبێ و چەوت ئەبێ بە ڕاست |
بێزوو ڕیخۆڵەی ئافرەت کرژ ئەکا | شیرینی ناوێ حەز لە ترش ئەکا |
جیهان خاتوون چۆن دەست ئەکاتە مل | بیر ناچێتەوە قابیل و هابل |
ئەم سەرەتایە لەوانەوە هات | پیشەی باوکمانە بووە بە میرات |
هەتا دێ ئێمەش لێی زیاد ئەکەین | ڕێ بە نەریتی کوشەندە ئەبەین |
فەن بۆ فەن و فێڵ ئەبرێتە کار | بۆ چڵوچێویش پیاوی نابەکار |
پێغەمبەر فەرمووی کە ئەم دنیایە | کەس نەڵێ خۆشی و سرەوتی تیایە |
کەس دانانیشێ بێ سات و سەودا | خوا بۆ سەیری خۆی ئێمەی تێک بەردا |
پەنچکێ نانی خستوەتە ناومان | خستیە بەر چەپۆک سەر و کڵاومان |
ئەم زەد و خوردەی شێر و قەڵغانە | هیچی تر نییە هەمووی بۆ نانە |
دەفەرموون کاممان بێ نان هەڵدەکەین | چارەی نان خواردن کەی ڕێی پێ دەبەین |
بەردێکی ڕەش وا لە بنی دنیا | ئاوی دەریاکان ئەچێ بە سەریا |
هەڵیان ئەلووشێ و هەروا کسپەی دێ | تێر خواردنەوەی بۆ نایەتەجێ |
ئەی ئەو کەسانەی هیواتان پێیە | ئەمە هەڵێنن بزانن کێیە |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 591 و 217
1940/02/22
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|