گاڵتەی بەڕاست
Appearance
خدر بوو پیاوی حەسەن ئەفەندی | کەس پێی نەئەوت «کەرت بە چەندی» |
کوێخا دەرگا بوو جێی خواجانشین | فەرەنجی پۆش بوو زستان و هاوین |
ڕەنجبەری مالیک ڕۆژێک نەخۆش کەوت | ناچار ئەو ڕۆژە بێگاری بەرکەوت |
پێنج کەری ئەبرد بۆ دێی کەڵەکن | کە لەسەر خەرمان کای بۆ دابگرن |
لەڕێ خۆی سواری یەکێکیان بووبوو | کە ئەیژماردن هەر چواریان مابوو |
وتی: ئای خۆ من، پێنج کەرم پێ بوو!! | وا چواریان دیارە ئەوی تر کوێ چوو؟ |
ڕوانی بۆ دواوە، هیچ دیار نەبوو | گەڕایەوە لای کەران زوو بە زوو |
کە تەماشای کرد پێنج کەر تەواوە | لەم فەن و فێڵە سەری سوڕ ماوە |
زۆر ماندوو بووبوو دیسان سوار بووەوە | لە بەرەوژێرە سەرەوخوار بووەوە |
دیسان کە ڕوانی کەر چواریان ماوە | گریا وتی: من چیم لێ قەوماوە |
خۆی خستە خوارێ بە دوعا و نزا | ئەپاڕایەوە لە بارەگای خوا |
دوعای گیرا بوو ڕوانی کەر پێنجە | ڕزگاری بووبوو لەم دەرد و ڕەنجە |
ئیتر نەیتوانی بڕوات بە پێیان | خۆی هەڵدایە سەر کەرێکی تریان |
دووبارە بەزمی لێ هاتەوە دی | وتی: ئەمجارە کەرە گورگ خواردی |
هەروا لێی خوڕی گەییە نیوەڕێ | بەرەو پیری هات خلەی کوێخادێ |
بانگی کرد: کوێخا لە دەورت گەڕێم | لە کوێ خوا وا تۆی هێنایە سەر ڕێم |
ئەمڕۆ جنۆکە گاڵتەم پێ ئەکەن | جارێ کەرێکم ئەدزن و ئەیبەن |
وتی: خدر ئاغا چەند کەرت پێ بوو؟ | چەندەیان ماون و چەندت لەکیس چوو؟ |
وتی: پێنج کەرم هێنابوو لە شار | کە ئەیژمێرم هاتۆتە سەر چوار |
کوێخا تێگەیشت کە گونی و گیزەر | لێک ناکاتەوە کابرای قوڕ بەسەر |
ئەو کەرەی کەوا خۆی سواری بووە | چونکە نایبینێ لە بیری چووە |
وتی: دابەزە هەی بەندەی بێ غەش | پێنجی بۆ ژمارد خۆشی کرد بە شەش |
1939
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|