گاڵتە و گەپ
Appearance
پیاوێک بوو ناوی مەلا سێ پارە بوو | دەستە پاچە و مانگر و پەتیارە بوو |
خەڵک وتی با دانەنیشێ وا بەتاڵ | هێنایان کردیان بە مامۆستای مناڵ |
ئافرەتێکی بوو کەتەی چل شوو کەرە | دەمشڕ و تەڕپیر و پەردە لابەرە |
چۆپیکێشی ڕەشبەڵەک، بەربووکی بووک | دڵ بەجێهێنەر بە مەکر و نووکەنووک |
چل قڕانی بوو بە مامانی و خەڵات | بۆ مەلا ئەیدا بە کەر کاروان بکات |
پارەکەی وەرگرت مەلا، ڕووی کردە شار | دای بە گوێدرێژێکی ڕەختەی خەرجی بار |
هاتەوە هەوساری بەستە قۆڵی خۆی | سێ کەسی چوختی بەپیلان کەوتنە دووی |
هات یەکێکیان کەوتە لنگە و چەند و چۆ | تا مەلا یەکجاری غافڵ بێ لە خۆ |
دووهەمین ڕەشمەی لەسەر کەر کردەوە | خستیە سەر خۆی لەنگەری بۆ گرتەوە |
هەر بە پێ و دانی کەرە هەنگاوی نا | تا ئەوی تر هات کەری بردە پەنا |
سێهەمین گوێدرێژەکەی دوور خستەوە | کەر برا هێشتا مەلا ئەیڕستەوە |
پیاوەکەی بووبوو بە کەر خۆی ڕاتەکان | ڕەشمەکەی خۆی گرت و هەوساری پسان |
کاک مەلا ئەوسایە ئاوڕی دایەوە | چاوی کەوت بەو پیاوە هەڵوێستایەوە |
بانگی کرد: من تۆم کڕی کەر بووی کەچی | ئێستە وا دوو پێت هەیە و لە پیاو ئەچی |
پێی وت: ئینسانم، بەڵام زۆر توندخووم | شێت و نادان بووم بەگژ دایکما ئەچووم |
ڕۆژێک لێم دابوو، دۆعای کرد بووم بە کەر | چەند لە ژێر باری گرانا بردمە سەر |
ئێستە چاوی کەوت بە من ڕەحمی بزووت | وا دۆعای کرد بووم بە پیاو لووت و بزووت |
باوەڕی پێ کرد وتی: لاچۆ بڕۆ | قەت بە عەقڵی خۆت مەبە ئیتر خەڕۆ |
خۆیشی چوو بۆ دێ قسەی گێڕایەوە | کەوتە دەم خەڵکی کە دەنگی دایەوە |
خەڵک لە لایان خۆش بوو باربووی بۆ کرا | پارەیەکی زۆرتری بۆ ڕێک خرا |
هاتەوە بازاڕ کە کەر بکڕێتەوە | تێفکری عەینی کەرە بۆی دێتەوە |
چوو بە گوێیا وت بە سرپە و لۆمەوە | ئەو گووەی خواردووتە من نایخۆمەوە |
1939/06/15
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|