دیوانی حاجی قادری کۆیی/ت
Appearance
1
[edit]مەماتم حەیاتە، حەیاتم مەمات | کە لێم توند دەبێ ئەو دەمی ئیلتیفات |
لەبی «نازەنین»ی بە خەتتی «جەلی» | لە «ئیران»ەوەی گرتووە تا هیرات |
«عومر گونبەتی» لەززەتی داتەپی | «تەکتەڵوو»ی شکا زینی ئەسپی حەیات |
تەماعم بۆ دونیا و عوقبا بخۆم | ئەمم چوو لە دەست و ئەوم بۆ نەهات |
لە غوربەت بە شاهی لە بیر ناکرێ | زەمانی جوانی و یادی وڵات |
لە «قوشخانە»وە تا دەمی «ئیچقەڵا» | لە «بایزاغە»وە تا مەحەللەی «قەڵات» |
هەموو خزمی خۆمن دەزانم دەڵێن: | لە بێ حورمەتیمان بوو حاجی هەڵات! |
2
[edit]ماهی سەرچاوەی حەیاتم کەوتە بەند و داوی شەست | پشتی دەستی خۆم لە حەیوانی و لە بێعاری نەگەست |
کامە لوقمان کەوتە چەنگی پیری، قۆڵی بانەدا | کامە ڕۆستەم تووشی بوو، نەیخست و دەست و پێی نەبەست |
هێندە سوورەت زۆر بووە، مەعنا لە بەینا ون بووە | ئێستەکێ بێ سوورەت و مەعنایە عەیبی بتپەرست |
غەیری چاوی نووستوو و بێداری تۆ نەمدیتووە | بێ نەزەرکردن بەسیر و مەردومی هوشیار و مەست |
زولفی بۆ دەفعی هوجوومی لەشکری سوڵتانی خەت | کەوتە خاک و سەرکەشی دانا وەکوو عەهدی «الست»! |
با وجوودی نەوجەوانی خەتتی سەوزی دەرکەوێ | عەهد و پەیمانی نەبوو موو، بۆیە پشتی پێ نەبەست |
داوەموویێکی بە دونیا و بە مافیها نەدەی | حاجی گەر ئەحبابەکی جانی بە جانیت کەوتە دەست! |
3
[edit]بە قسەی بێ سەر و پا تاڵی مەکە لەززەتی خۆت | بێ موبالات مەسووتێنە چرای فیکرەتی خۆت |
حاڵە نەقدینەیە، موستەقبەل و مازی پەشمە | بێ ئەمەل سەرفی مەکە سیم و زەڕی فورسەتی خۆت |
ئەی سولەیمانی زەمان ئاخیری دەیگێڕییەوە | بە حیکایەت وەکوو خۆت سەڵتەنەت و حیشمەتی خۆت |
من بە پەیغام و بە قاسید موتەسەللی نابم | تا کو بانگم نەکەیە بارەگەهی حەزرەتی خۆت |
وەرە ئەی دڵ بەسییە، بیدە سەگانی دەری یار | دڵەکەی کوتکوتی من یا جگەری لەتلەتی خۆت |
زولفی سەد دەفعە گوتی: خانەخەراب ڕووی مەدەرێ | حەیفە بەربادی مەکە شانی من و شەوکەتی خۆت |
بۆ چی یارانی وەتەن دڵ دەشکێنن حاجی | زاهیرەن ناچیەوە تۆ، باسی مەکە غوربەتی خۆت! |
4
[edit]جەبەرووتی کە شکا دڵ لە حوزووری مەلەکووت | هاتە ئەم عالەمی ناسووتە غەریبێکی نەسووت |
ناهەقە شەکوە لە بێعەهدی و بێپەروایی | کەی وەفایێکی ئەدا کردووە؟ سەد دەفعە زمووت |
بە گوڵ و لالە بەهاری ڕوخی ڕازاوەتەوە | غایەتی کوێری وەرە هێچ نەبێ سەیری کە بە لووت |
وەکوو دەریایە نەسیمی سەحەری سەبزەیی گوڵ | پێکەوە مەوج و حوبابی دەهەژا و دەبزووت |
ئەشعەس و باقلی و حاتەم و گەر حەسسانی | دەوڵەتی تۆ بە فەنای نەفسە، سکوونت بە سکووت |
هەرچی لەو لاوە نەیێ من لەوێ نایناسمەوە | ئەوی ناسیوتە مەئموورە بە ئەمری جەبەڕووت |
نانی خۆی تا کو بە تەندووری گەرم پێوە نەدا | ناڕوا حاجی ئەگەر چاوی دەرێنن بە بزووت |