Jump to content

دیوانی حاجی قادری کۆیی/ر

From Wikisource

1

[edit]
ئەم ئاهووە مومکین نییە نەخچیری بە تەدبیر هەڵناخەڵەتێ باوکەسەگی پیرە لە تەزویر
چاهی زەقەنی مەهلەکە ئەی دڵ بە گوریسی ئەو زولفە ئەگەر سیلسیلەیە خۆت مەخە نێو بیر
ئەی بادی سەبا من ببە سوودی نییە نامە تەشریحی زەعیفی من و خەم نایەتە تەحریر
جەیشی حەبەشی زولفی لەگەڵ خەتتی بەشەڕهات سۆفی دڵی بێچارە لەبەر پێ بووە هەنجیر
بەم موهری سولەیمانی زەمان هەروەکوو خورشید دونیا بگرە بێ مەدەدی خەنجەر و شەمشیر
بێ دیتن و بێ واسیتە چاتر لە من و تۆ هیچکەس نییە نەیناسێ ئەگەر شێتە ئەگەر ژیر
بێ میننەتە گەر خوانی وەلی نیعمەتی حاجی ئەم شێخە چییە، قونچکی پیوازە، سەری سیر

2

[edit]
دەستگیریت لە عەمەلدا کە نەکا موڕشیدی پیر دەستی تۆی گرتووە، پێی بەستوویی، مانەندی ئەسیر
ڕیشی وەک شیرە بەشیرت، ئەوە جەللادی ئەجەل قۆڵی ماڵیوەتەوە، دەستی لە تۆ داوەتە شیر
ئەو دەمی هاتمە سەر شەکوە لە خزم و کەسی خۆم ڕۆستەم و یوسفی گوڵپیرەهەنم کەوتەوە بیر
مار و ماسین دەبنە ئەژدەری سەحرا و نەهەنگ دەست و پای بێسەروپای زاڵمە دەیکەن بە وەزیر
چوومە پارێزی، کە موژگان و برۆم دی لە کەمین تیری من بوو بە کەمان، پشتی کەمانم بووە تیر
خەفییە نایەتە لای ئێمە لە تاریکی شەوا ڕۆژی ڕووناکە دەترسێ لە عەوام و لە گزیر
حاجی وەک دڵ تۆ بە گرییە بە شوێنی مەکەوە ئاسکێکە بە بەزین و بە هەرا نایەتە گیر!