دیوانی حەمدی/ر
Appearance
1
[edit]کاسەی کەل و وێرانەیی دەروێش و قەلەندەر | بێ فەرقە لەگەڵ جامی جەم و تەختی سکەندەر |
گەر سەحنی چەمەن بێت و ئەگەر کوورەیی ئاگر | دەبڕێتەوە هەردوو چ لە بولبول چ سەمەندەر |
بۆ داڵ و قەل و گورگ و سەگە ئێسک و پرووسکی | ئەم ئەسپە غەریبانە وەکوو لاکی چەمەندەر |
مەحکوومی زەواڵە هەموو نوقسان و کەماڵێ | لەم هات و نەهاتە مەبە مەمنوون و موکەددەر |
کەی ماڵی من و تۆیە ئەم ئەسبابی جیهانە | میراتییە کە هەر دەگەڕێ ئەمسەر و ئەوسەر |
لەو ماڵە کە وەک گۆشتی سەگە ناچێ بە دەمتا | حەقتە بە قەدەر ڕەنجبەرێ بیخۆ بە دەفتەر |
مەغرووری بە دوو پارەوە پارت لە فکر بێ | ساڵێکی تریش هەر هەیە بێ خاکت بەسەر سەر |
تەنویری دەکەی زوڵمەتی دنیا بە ئەلەتریک | تاریکی مەکە بارێ لە خۆت ڕێگەیی مەحشەر |
هەر وەک کە نەبووبی لە نەزەر وەختە نەمینێ | وەک لاشە کە کەوتوی دەکەوی لەم بەر و لەوبەر |
تاعات و عیبادەت نەبوو مەقسودی ئیلاهی | لەم خەڵقی من و تۆیە بە تەبلیغی پەیەمبەر |
لەم ڕێگەیی ڕاستانەوە وەک هاتی نەهاتی | ئەی قوڕ بەسەرت وەختە ببی خوار و موحەققەر |
حەمدی کە سەگی دەرگەهی مەعشووقی خودا بێ | باکی چییە لەو مەعرەکەیی مەحشەر و مەعبەر |
2
[edit]ئەی مورسەلی حەق تاجی سەری جوملە پەیەمبەر | ئەی نووری دڵی ئەرز و سەما سەییدی سەروەر |
ئەی گەوهەری بەحری کەرەم و ڕەحمەتی خالیق | لوتف و کەرەمت بەحرە ئەدا مەوجی منەووەر |
ئیسمت کە زوبانی قەڵەمی کردوە موزەییەن | شێوەت بە دڵی لەوحە ئەدا زینەت و زێوەر |
پایەی حەرەمت جووتە لەگەڵ پایەیی کورسی | هەر عەرشی بەرین لایقە بۆ مەنزلی دڵبەر |
هەر ڕۆژی ئەزەل لەمعەیەکی داوە جەماڵت | ئێستەش ئەدرەوشێتەوە ئەو لەمعەیە وەک خۆر |
یەک زەڕڕە غوباری قەدەمت کەوتە هەواوە | کردوویە دەماغی مەلەکووتیشی موعەتتەر |
خاکی بەری پێت گەر بدەنە دەستی سولەیمان | ئەیکاتە دوو دیدە بەمەسەل سورمەیی جەوهەر |
وەک گەردی بوراقت شەوی میعراجت بەجێ ما | جبریلی ئەمین نەیبوو ئیتر قووەتی شەهپەڕ |
سەرگەردی سەری تۆیە هەتا ڕۆژی قیامەت | شەمس و قەمەر و ئەنجوم و ئەفلاکی مودەووەر |
دەریایەکی ئاگر ئەوە بۆ مونکیری تۆیە | بۆ مەنتەبەعەت باغی بەهەشت چەشمەیی کەوسەر |
مەعلوومە ئەوا بوون و نەبوونی هەموو ئەشیا | بۆ تۆیە لەبەر تۆیە خودا کردی موقەددەر |
خوسرەو کە سەری دابوو لە بەرد بەردی لەسەردا | کیسرا دڵی هەر زوو شەق و پەق بووبوو بە خەنجەر |
هەنگامی حەشر مونتەزیری مەرحەمەتی تۆن | جننیی و پەری ئینس و مەلەک بەندە و قەیسەر |
فەرمووتە کە حامیی و کە سایەی سەری ئێوەم | ئەو وەختە کە ناپرسی برا حاڵی برادەر |
ئەو ڕۆژەیە باقڵ بە پەرێشانیی خەڵقا | موحتاجە ئەکا شین و ئەکا گریە توانگەر |
گەر حەشرە ئەمە فەرموو شەفاعەت بکە بۆمان | تا ئەجر و جەزا و کردەوەمان بینێتە دەفتەر |
دنیایە ئەگەر بۆ چییە ئەم حەشرە لە سەر چی | ئەم عالەمی ئیسلامە دەکەن بۆ چی موکەددەر |
ئیسلام و یەهوودیی و نەسارا و مەجووسی | بێزارە وەلێ قیسمی موسڵمان زیاتر |
چۆنت کە ئەکرد کافری موتڵەق بە موسڵمان | بەو نەوعە موسڵمانە ئەکەن ئێستە بە کافر |
نەدرابی بە تۆ خاتەمی ئەموت کە ئەمانە | نێزیکە بدەن خاتیمە بەم دینە سەراسەر |
پڕ شاری سلێمانییە هەر میسلی زەبانی | ئەلوات و شەقی جەردە و دز قاتیل و ڕەهبەر |
لەوساوە حکوومەت نییە بەربوونەتە میللەت | جاف و هەمەوەند بانەیی و مەنگووڕ و پشدەر |
تاڵان و بڕۆ و کوشتن و حەپسە لە هەموو لا | ساحێب عەلەم و تەپڵە ئەڵێی دێوە ستەمگەر |
ئەم شەکوەیی ئێمە کە لە بارێ دەنکێکە | بۆ تۆیە لە لای تۆیە لە دەست نوتفەیی حەیدەر |
ئەو حاڵە کە کورد و عەرەبی تیایە دەشوبهێ | بەو حاڵە کە خۆی کردی بەمەسکوونەیی خەیبەر |
نەژیاوەتەوە هەر وەکوو ئەم تائیفە هەرگیز | کوللە و سن و موور و مەگەس و عەقرەب و ئەژدەر |
گاهێ دەبنە دوژمنی ئەتراک و گەهـ ئینگلیز | گاهێ لە عەرەب چاو ئەبڕن گەهـ لە عەجەم سەر |
نامووس و حەیا چوو لە سەدای تۆپ و تەیارە | هەر حامیلەیە کەوتووەتە کووچە ئەخا بەر |
ئەو تیفلە سەری فێری سەرینی پەڕی قوو بوو | بێ چارە لە چۆلێکە ئەکا بەردێ بە بوستەر |
سەر سەوزێ لە هەر جێگە ببێ سەرکەشە ئێستە | بەم ڕووتییە فکرێکی لەسەردا هەیە عەرعەر |
ئەو شەخسە کە ئەیکرد بە دوعا مەنعی موسیبەت | ئێستاکە بەڵایە کە دەگا دەستی بە وەڕوەڕ |
ئەو پیرە کە ئوفتادەیی مەسجید بوو لەبەر فەیز | هەڵساوە وەکوو فیتنە قەدی میسلی سنەوبەر |
حەججامی فەقیر نانی بڕا خوێنی قیفالی | ئەم خەڵقە بە خەنجەر دەگرن بۆچییە نەشتەر |
سوبحانە چ دەرد و چ بەڵایەکە کە خەڵقی | کێشاوەتە ئەم خانەیە وەک چەرخی لە چەنبەر |
ئەهلی شەرەفی ئێستە لە هەر لایێ کە مابێ | وەک حەمدی هەموو دەربەدەر و خوار و موحەققەر |
1923
3
[edit]زەمان ئەمڕۆ خولیدا چەرخی خستە دائیرەی میحوەر | زەمان ئەمڕۆ هومایی دەوڵەتی هەڵداوە بۆ سێبەر |
زمان ئەمڕۆ هەڵیهێنا لە ئەوجی بورجی ئیحسانا | حەقی ئەقوامی شەرقییە یەکێ وەک مەهـ یەکێ وەک خۆر |
زەمان ئەمڕۆ نەجاتی دا لە دەستی گورگی زاڵم مەڕ | زەمان ئەمڕۆ جوابی دا بە حەشری مەسئەلەی مونکەر |
زەمان ئەمڕۆ لە خانەی شەشدەرا ئیقبالی دەرهێنا | بە میفتاحی مرووەت فەتحی کرد بابی فەرەح یەکسەر |
زەمان ئەمڕۆ بە زنجیری عەدالەت بەستی دەستی زوڵم | لە کۆتیداوە کردوویە لە زیندانی جیهان شەشدەر |
زەمان ئەمڕۆ حەیاتی وەک مەسیحا کرد بە بەرمانا | ئەمەل ئەمڕۆ دەمی پشکووت بە تەسبیحاتی دانەی بەر |
زەمان ئەمڕۆ لە ناو ئەمواجی دەریایی فەلاکەتدا | دەری خست گۆشەیێکی کوردی بێ ڕەونەق وەکوو جەوهەر |
چ کوردێ خوا موسەببیبیان لە قەعری بەحری قەهریدا | بکا غەرقی کە تا ڕۆژی قیامەت دەرنەهێنێ سەر |
بە نەقد و جنسەوە قاروون سیفەت بڕوات و هەر گوم بێ | وە یاخود هەر بسووتێ تا دەبێتە دانەیی ئەخگەر |
چ کوردێ بێ نەوایی ساحبی ئالامی فەقروددەم | نەماوە قەترەیێ خوێنی ئەگەر بدرێتە بەر خەنجەر |
چ کوردێ لەم سەحیفەی ئەرزەدا خوێنی شەهیدانی | دەکەن تەشریحی حاڵەتیان بەخەتتی وازحی ئەحمەر |
چ کوردێ کوللی فەردێکی بە تەمکین و بە چاڵاکی | دەدەن حیرەت بە کێو و خەم بە قەددی ڕاستی ئەژدەر |
حیسابی زۆر و کەم نابێ لە ئەرزی کورد و کورد بکرێ | بڕشتی گەر ببێ دەبڕێ هەزاران ڕەگ یەکی نەشتەر |
لەگەڵ ئەم ویسعەتی ئەرزە تەماشای کەنزی سابیت کەن | کە بەردی پڕ لە ئەڵماسە کە خاکی مایەیی گەوهەر |
هەموو شاخێکی باغێکە لەسەر هەر ئەرزی ئاوێکە | جینان هەروایە تێ فکرە ئەوە باغ و ئەوە کەوسەر |
لە وان و ئورمییە تاکوو دەگاتە خاکی لوڕستان | لە بتلیس و دیاربەکر و جەزیرە تا خەتی سنجەر |
ئەمە شەرقی شیمال غەربی جنووبی ساحەیی کوردە | کە ئەم ئەرزە بە تۆزێکی دەڕێژێ دیدەیی قەیسەر |
براگەل بێنەوە کوڕگەل دە هەڵسن کۆمەڵێ بگرن | تەغافول بەسیە هەڵبگرن سەری غیرەت لەسەر بوستەر |
بە دەستی دڵ بپێچن دامەنی لوتفی ڕیجالانی | حکوومەت تا لەسەر ڕێگەی تەعالیدا ببن ڕەهبەر |
زەمین بەرگی خەزانی داڕنی ئەم ئاڵ و واڵایە | بەهاری کردە بەر بۆتە گوڵەندامێکی وەک کیشمەر |
نیهالان ڕوو پەڕەی ئەوراقی کۆنەی جوملە وەرگێڕا | دەری خست سەفحەیی تازە حیسابی پڕ ئەکا دەفتەر |
نەسیمی سوبحدەم خۆش موژدە بێ موژدەی کە بۆ هێنا | سەری شین و قوڕاوی ششت و مەیلی شادییە کیشوەر |
وەکووحەمدی دەخوێنن بولبولانی ئەم گوڵستانە | چەمەن ئارایشی داوە گوڵاڵەی خستە تووی مێزەر |
ئەمە بۆ دەرسی عیبرەت کافییە ئێوە و خوا بەخوا | نەخوێنن دێری کۆنە سەتری تازە دەرئەخا مەستەر |
بە ڕێگەی ئیختیلافا هەر کەسێ چوو بێ سەر و شوێنە | لە وادی ئیتتیفاقا یارە دەوڵەت ڕاحەتە یاوەر |
بە ناوی قەومەوە جەمعییەتی عیلمییەتان تەبریک | ئەکەم لە خوا تەمەننایی تەشەببووستان ببێ موسمەر |
ئەوە ئێوە و ئەوە کورد و ئەوە ئەسبابی میللییەت | لە تەعنەی خۆ بپارێزن بکەن ئەختاری مایەختەر |
لە ئێوە کتلەیی میسری لە پێشا بۆ چی زیاتر بوون | کە دەریان خست لە زوڵماتا شوعاعی جامیعولئەزهەر |
لە شاران بۆ چی کەمتر بێ سولەیمانی سولەیمانی | کە بەلقیسی نەبوو نەیخا لە عەکسی بەرقی شێری نەڕ |
موسەببیب حازرە ئامادەیە ئەسبابی عولوییەت | تەشەببوس گەر ببێ ئاسن دەگاتە خاسەیی شەهپەڕ |
سپاردم وا بە ئێوە حەقم و ئێوەیشم سپارد بە خوا | ئەمانەت گەورەیە حیفزی دەکا هەم بەندە هەم داوەر |
ئەما پێویستییە ئەم میللەتە عیرفان و ئەمنییەت | ئەمە بۆ سەڵتەنەت تەختە ئەوە بۆ مەفخەرەت ئەفسەر |
بپێچن دامەنی ئەمن و بکێشن یەخخەیی عیرفان | کە لەم ڕوو پەردە دایە شاهیدی مەقسوودی کول موزمەر |
بە غەیری خزمەتی دین و وەتەن ئەسبابی چی تر بوو | کە شوهرەتیان هەیە ئەسحاب و ئال و پیر و پێغەمبەر |
دە ئێوەش وا بە جیددی تێ بکۆشن تا وەتەن ئێوەش | لە بابی ئیفتیخارا دابنێ هەریەک، بەیەک مەسدەر |
1926/4/2
4
[edit]وەرن یاران قسەی مەردانە ببیەن | لە نامەردی نییە خۆ مەردی کەمتەر |
بە مشت بەحری سفیدم پێ وشک کەن | لە هاوینا نەکەم لێوی کە لێی تەڕ |
بە کۆڵ ئەرزم کە پێ بەرنە قیامەت | بوەستم پێوە تا هەنگامی مەحشەر |
بهاڕێ ئاشی گەردوون جوملە ئەرزاق | کە بەرداشی ئەو ئاشەم بێ لەسەر سەر |
بە نینۆک شیشەیی پۆڵا کە ببڕم | هەمووی بۆ جەرگی خۆشم کەن بە خەنجەر |
لە ئاوا بم بە زستان نەوعی ماسی | لە ئاگردا بە هاوین وەک سەمەندەر |
لەوەم پێ چاترە سەر دانەوێنم | لە لای پیاوی ڕەزیڵ و بێ وەفا و کەر |
5
[edit]دەکا یەغما بکا جانان لەگەڵ فەردی بەشەردا شەڕ | لە دڵ شەوق و لە دەم زەوق و لە مل تەوق و لە ئەفسەر سەر |
بە نیوە پێکەنینێ زلفی لادا ڕوومەتی دەرخست | نە تەنگی ما دڵی غونچە، نە گوڵ ڕەنگ و نە عەنبەر بەر |
لە ئەشکی گریە مەئیووسم زەمانی سۆزی ناڵینە | کە ئاو نابێ بە ئاگر بۆ دڵی ڕەق بێ وەکوو مەڕمەر |
بەسەر کۆیی خەراباتا ئەگەر عەنقا بکا پەرواز | ملی نەشکێ دەبێ باڵی بڕێژێ با بە شەهپەڕ پەڕ |
هەناسەی ئاگرینم پووشی وەک من هەر دەسووتێنێ | سرشکم گەر نەکا خاکم بەسەر ئەسباب و بوستەر تەڕ |
ددانی ڕەونەقی داوە بە مرواری سەری کوڵمی | لە یاقووتی دەسێنێ خەرج بسووتێ میسلی ئەخگەر گەر |
دەبێ ئەهلی موحیببەت دەربەدەر بن حەمدی تا وەختێ | ڕەقیب لەم تەختە نەردەی عالەما نەیبێ لە شەشدەر دەر |
6
[edit]بە ڕۆژ گیراوە شەو بنواڕینە ئەترافی زلفی یار | چلۆنی من بنووسم جا ئیتر ئەوسافی زلفی یار |
بەسەر فەوارەیی ملا شەوقی وەک ئاوی زیندەگی دەڕژێ | خزر با بێتە سەیری هاژە و سەر تافی زلفی یار |
خەیاڵم کرد پەشێوی عومرم و شەرحی سیەهـ بەختیم | بنووسم هەروەکوو لەوحە لە سەفحەی سافی زلفی یار |
بە قەد ڕۆژی بڕی دیبایی شەو ڕەنگی فەلەک زانی | کە بەرگی ناسکی ڕوخسارییە کێشبافی زلفی یار |
لە ئەنزاری عمووما هەر دەبێ عەنبەر بسووتێنم | دەڵێن ئەو ڕوو ڕەشە کردوویە ئیستیخفافی زلفی یار |
خودا سەر پەرچەمی خا توولی عومری من ڕەزام ئەمما | لە کورتیدایە توولی شەوکەتی ئەخلافی زلفی یار |
بە دڵ جێگەی لە ڕوخسارا نەداوە خستییە پشتگوێ | بە دڵمە سەد لە جەننەت چاترە ئەعرافی زلفی یار |
سەمەرقەند و بوخارای دا بە خاڵی هیندویێ حافیز | منیش چین و خەتام بەخشی بە میشکی نافی زلفی یار |
مەمالیک حەمدی قەت ناکا کیفایەی دەس بڵاوی ئەو | مەگەر هەر قورسی ڕوو بگرێ بەری ئیسرافی زلفی یار |
7
[edit]دڵی هەڵناگرێ دنیا لە حوببی دلبەرێ زیاتر | گڕ ئەگرێ گەر فەلەک بیبێ لە میهری ئەنوەرێ زیاتر |
مەدە دەس چاوی مەستت خەنجەری بوڕانی وەک ئەبرۆ | موژەت کاریگەرە بۆ دڵ لە نووکی خەنجەرێ زیاتر |
بە دوو چاو قەت دڵی نایە فەلەک سەیری جەماڵی کا | بە ڕۆژا قەت بزانە هەڵدەهێنێ ئەختەرێ زیاتر |
لە چاوی بەد خودا حیفزی بکا ئەو چاوە مەخموورە | لە بەزمی عالەما گەرچی دەبێ شۆر و شەڕێ زیاتر |
سەرەفرازە ڕەقیب پێی نا بە سەریا قوڕ بەسەردا کەم | بڵێم چی تاج بەخشی من نەبەخشێ ئەفسەرێ زیاتر |
چ بۆ خەلع و چ خەلعەت هەر یەکێکە گوفتەی ئەو شۆخە | سەدەف بێ قەدرە گەر بگرێ لە تەنها گەوهەرێ زیاتر |
سەری خۆی نایەشێنێ مەردی عاقڵ فەزڵەیە بۆ سەر | لە سەودایێکی عەشق و یەک کوڵاهـ و بوستەرێ زیاتر |
بە یەک جیلوە حیسابی موددەتولعومری لەگەڵ کردم | وتی نەدرا بە دنیایێ لە سوبحی مەحشەرێ زیاتر |
ئەگەر واعیز لە ساقی سادە بادە دەفعەیێ بگرێ | دەکا تەعریفی مەی باقڵ لە ئاوی کەوسەرێ زیاتر |
چ عالی هیممەتە وێرانەیی کردۆتە مەسکەن بۆم | لە ژێر سایەی کەسانا بێ و نەبێتە قەیسەرێ زیاتر |
خەلیلی عەشقە حەمدی موستەعیدی سووتنە نەمروود | چرا نەیویستووە ئەمما لە شوعلەی ئەختەرێ زیاتر |
8
[edit]بە لەیلا بۆ دەڵێن مەجنوون کە مرد دێوانەیێ کەمتر | لە دارولعیشقی دنیادا بڵێن فەرزانەیێ کەمتر |
کە شێرانە بە شەمعی ڕوومەتی دڵ خۆی بسووتێنێ | لە بەزمی عالەما حەیفە بڵێن پەروانەیێ کەمتر |
کە چاوی مەستی هەڵهێنا ئیتر مەیخانە هەر داخەن | کە عالەم مەست بکا بارێ ببێ مەیخانەیێ کەمتر |
لە بێداد و جەفای ئەو شۆخە عالەم پڕ لە غەوغایە | بە بێدەنگ بمکوژن بەڵکو ببێ ئەفسانەیێ کەمتر |
لە ڕێی حەق بێژیا نەمکەن بە دارا بێ شکە نابێ | لە گوێی ئەهلی خەراباتە قسەی ڕەندانەیێ کەمتر |
بە ئا یا نەء جەوابی مەسئەلەی وەسڵت بدە و بگرە | لە خەزنەی پڕ جەواهێری دەمت دوڕ دانەیێ کەمتر |
بە بادە عەقڵی حەمدی زوو بە با دە ساقییا ئامان | لە گوێی پیری موغان بێ با سەدای مەستانەیێ کەمتر |
9
[edit]بەسەر ڕەق گەر لە برسا مردووی نامەرد مەبە دەمساز | هەزم نابێ کە ئەلفازی درشت و هاڕەیی ناساز |
کە بووینە هەمدەمی ئەووەڵ بە تەعنە سەرکوتێکی کە | بەڵێ بڕوێش ئەکا نەکرێ کە سەنگی ئاسیاب بێزار |
10
[edit]هیچ کەس نەبووە کە سایەی گەورەیەکی کەوتە سەر | تۆ مەڵێ ڕۆژی سەعاتێ دابنیشێ بێ خەتەر |
سەیری فەیزی زاهیری ئەم سایەدارانە مەکەن | سایەیی ئەرزە بەسەریا ڕوو ڕەشی گەر بێ قەمەر |
11
[edit]بۆ تەعەببود گەر خوا خەلقی ئەکرد قیسمی بەشەر | وەک مەلائیک ساکینی ئەفلاک ئەبوون و ئەمر بەر |
دیارە سەوقی بۆیە کردوونە خەراباتی وجوود | تێ بکۆشن مەی بنۆشن تاکوو دەمرن بێ خەتەر |
12
[edit]بۆ چی ئەفسانەی ئەب و جەد بۆتە مایەی ئیفتیخار | ئەبجەدە خۆ دەرسی ئەووەڵ ڕۆژی منداڵی هەژار |
شەو وتی ئەولادی ڕۆژم ڕوو ڕەشی بۆ مایەوە | نووری وەششەمسی لە وەل لەیلا نەدی کەس ئاشکار |
13
[edit]من وەکوو لالە کە بێ بەش بم لە قەددت وەک چنار | وەک یەکە بۆ دڵ چ داغی ئیشتیاقت بێ چ نار |
بۆ نموونە باغی عالەم نەخلی وەک تۆ دەردەخا | کێ چناری دیوە فەرموو بەر بدا وەک ئەو چنار |
14
[edit]بۆ چی لێت گۆڕاوە ئەی دڵ یارەکەی جارانە یار | سیحر و ئەفسوونی فسانەی کووچە و شارانە یار |
خۆ پەری دێوانە ئیشی پێچەوانە نەبووە قەت | حیرەتم بوو یاری دوژمن دوژمنی یارانە یار |
15
[edit]قەت چنارەی پێ مەڵێن ناوم ئەوا نا بەرد و دار | غەیری باڵای وەک سنەوبەر فەرموو کێ بوویە چنار |
ناوی چاوم بوو بە جەنگەڵ هێندە چێوی پیا چووە | وەک مەغارە بەردە ئەترافم سەرەوژێر و کەنار |
کاشکی ئەوسا ئەسیری دەستی ئینگلیسی دەبووم | نەک بکەومە داوی زلف و پەرچەمی پڕ پێچی یار |
سوێند بە کەعبەی ئەبروان و مەسحەفی ڕوومەت دەخۆم | مەستی مەی نابێتە مەستی غەمزەیی چاوی خومار |
بەس بە شەو وەرگێڕە ڕۆژم ئەی سەبا ڕەحمت ببێ | پەرچەمی خاوی بە ئەفشانی مەنێرە سەر عوزار |
نەخلی باغی حوسنە باڵات سەرکەشە سەرویش نییە | تازە غونچەی کردووە سێوە بزانم یا هەنار |
هەر بە خوێنی دیدەکانی دامەنی گوڵگوڵ دەکا | مەیلی گوڵشەن بۆ دەکا حەمدی ئیتر فەسڵی بەهار |
1919
16
[edit]هەر بڕشتی زلفی یارە داروویی بیماری یار | هەر بە مەی دەکرێ دیارە چارەیی زەهری خومار |
چاری دەردی عەشقی پێ نەکرا فلاتوون و وتی | تێکەڵی خوێنە موحەققەق ڕۆحە وا چۆتە دەمار |
تا بەسەر ڕشتەی خەیاڵیدا نەکەم وەک سەبحە داغ | وەک دوعای سۆفی مەحاڵە بێتە میزانی ژمار |
مردنی ژینە، ژیانی نەفعە، هیجرانی ویساڵ | هەر سەری تێدا بەخت کەن خەڵقە گەر عەشقە قومار |
ماڵی وێرانە ئەوانەی هەر خەریکی قەیسەرین | ئەو کەسانە قەیسەرن ماڵی تورابین کەن عەمار |
ڕەببی چەند شیرینی لێ دێ لەو دەمە گوفتاری تاڵ | هەر وەکوو قەندی موکەڕڕەڕ بوو وتی لازەهرە مار |
بەختی کێ ئاخۆ پژابێ ئەمری دابێ بیکوژن | ئەم ڕەقیبە حەمدی ئەمڕۆ هەڵقونی وەک سووسەمار |
17
[edit]شەکوەیی ئەغیاری خۆم کەم ڕەببی یا ئەغیاری یار | چاری سەر یا دڵ بکەم چ بکەم لەگەڵ دووچاری چار |
جامی دڵ لەبڕێزە خوێنە بەسمە وەک مەجنوون لە چۆل | نۆشی بێ لەیلا دەنۆشێ ساغیری سەر شاری شار |
من خوماریم ناشکێ تا ناوی چاوی مەست بەرم | هەر بە باسی زلفی خاوە بوومەتە بیماری مار |
حەیفە کوشتەی ئەم تەلاشە تۆ دەکەی بۆ سەربڕین | سەندەڵی سوورە عیلاجی دەردی سەر نەک زاری زار |
بۆ ڕەواجی خۆی ڕەواجی عالەم ئەشکێنێ نەفام | حەق بکا تەنها دەگاتە مەرتەبەی سەرداری دار |
من لە سایەی کوفری زلفی تۆوەیە گەر جەننەتیم | وەک گوڵی ڕوخسارتە بۆ بەستەیی زەنناری نار |
سڕڕی من بۆ فاش دەکەی ئەی دڵ ئەگەر عەقڵت هەیە | ئیختیاری تا ببێ ناکا کە سڕ ئیزهاری هار |
موڵکی دڵ شیرین دەگیرێ دەستی فەرهادی عەشق | ڕاحەتە میللەت بە عەقڵی گەر بکا سەر کاری کار |
نەغمەخوان حەمدی کە ئەسبابی تەرەب بوو ئێستەکی | بەختی ئێمە حوکمی حەوت تیری دەکا شەش تاری تار |
18
[edit]شەوقی وەسڵ و سۆزی هیجرت وەک یەکن نێزیک و دوور | من دەسووتێنن کەوایە تۆ لە ئاگر بە، بە دوور |
با لە باغی عالەما نارنج و لیمۆ بێتە بەر | بەر بخەن نادەن بە ڕێکی وەک من و تۆ زەرد و سوور |
دەرخە سینە پرتەوی با ئاگرێ بەرداتە دڵ | تووری سینا با بسووتێ دەرکەوێ بەو شەرتە نوور |
وا لە ئەشغالی غەما ئیقلیمی دڵ حەددی چییە | هەر مەگەر لەو دوورەوە سەیری بکا فیرقەی سروور |
گەر لە سڕڕی قەلبی ئەهلی ئەم زەمانە تێبگەم | وەک مەسیحا جا دەکەومە کەشفی ئەسراری قوبوور |
پێ بنێ مەجلیس تەماشاکە ئەگەر ئەهلت دەوێ | بەحرە دنیا گەوهەری ژێر خستووە خاشاکی ژوور |
ئافەرین دنیا لەگەڵ تەقدیری قیمەت کردنت | وەک سمۆرە قەت لە پارە پڕ دەکەی پێستی سمۆر |
دەوری ئەبوابم لە سائیل هەر دەوێ بۆ نان و چێشت | ئێستە فەخری پێوە دەکرێ بۆتە ئەسبابی غروور |
من بەرە و پیریم بەرە و پیری منە پیری شوکر | حەمدی ناکا دەفعەیێکی تر بە دنیادا عبوور |
19
[edit]بەحرە نەشئەی مەی شەپۆلێکی دەکا دڵ غەرقی نوور | خان و مانی عەقڵی دەسووتێنێ بە چاوی بەرقی نوور |
مەی ئەگەر مەی بێت و هیممەت هیممەتی پیری موغان | بەحر و بەڕ یەکسانە بۆ مەیکەش کە داخا دەڵقی نوور |
سۆزی ئاهم ئاگرێکی کردەوە پڕ کائینات | ئافەرم بۆ قودرەتی عەشقم کە کردی خەڵقی نوور |
ڕشتەیێکی کردە گەردن سوبحەوە شەو پڕ لە شەوق | هەر وەکوو زلفی نیگارم مل ملی کرد تەوقی نوور |
گەر لە مەنزیل بێتەدەر ئەو شۆخە یەک شەو بێ نیقاب | مانگ ئەگەر ئاوا نەبووبێ فێر ئەبێ بۆ سەوقی نوور |
غەیری پەروانە درۆیە کەس نەڵێ من عاشقم | شەرتی سووتانە کە کردی ئیختیاری عەشقی نوور |
تا نەسووتاوی دەهێنی خۆر لە بازاڕی جیهان | هەر سبەینێیە بە جیلوە یار کە بیدا شەوقی نوور |
نوور ئەگەر شەمعی شەبستانە ئەگەر خورشید و ماهـ | پرتەوی ڕوخساری یاری حەمدی یە ما فەوقی نوور |
20
[edit]قەت مەکە شەکوە لە ڕەفتاری کەچی ئەفلاکی پیر | مەنزیلی دوورە هەدەف هەر کورت دەهێنێ دیارە تیر |
تەنگ ڕوزی نەی برادەر تەنگ زەرفی من دەڵێم | شەکوەبازی هەر دەکەی تاجیش لەسەر نێی وەک ئەمیر |
عەقڵی خۆت و ئەغنیایان سەیر ئەکەیت و جا دەڵێی | ئاسمان کەودەن پەرستە و ئاسمان سوفلە پەزیر |
گەر بە ڕووی تۆدا بچەرخێ خۆ بە کەودەن دەردەچێ | بۆ دەکەی شەکوە لەبەر عەقڵە کە کردووتی فەقیر |
قیسمەتی عاقڵ بە من بێ کافییە نانێکی جۆ | چونکە پێخۆرێکە میسلی هەر نییە عەقڵی دەبیر |
ئەحمەقی نادان فەقیرە خۆ لەگەڵ گاگەل دەچێ | ئاسمان چەرخی نەدا بیکاتە سوڵتان و وەزیر |
ئیتتیفاقی قەومە دەیکا ئیستیلایی ڕووی زەمین | سەیری کەن نووسی لە ئەرزا ئەم قسە پووشی حەسیر |
مەیخەرە دەم دەم بە خەڵوەت ئەو قسە بۆ گوێت کرا | با بە هاتووچۆ زمانت دووژمنە نەکرێ خەبیر |
موقتەزای عەقڵە کە بگری دەستی ئوفتادەی برا | دوژمنیش بێ خۆ ئەویش بۆ تۆ دەبێتە دەستگیر |
حەز دەکەم ئەبنایی عەسرم شل کوتم کەن دائیما | نانەوا زۆری نەشێلێ کەی دەبێ پوختە هەویر |
وەک خەیاتە پێچ نەدەی لەم دەستگاهی دەهرەدا | زەحمەتە یاهوو بپۆشی بەرگی مومتازی حەریر |
نان و ئاوی نایە بەر سەیف و قەڵەم عەسری جەدید | نانی برد نووکی قەڵەم ئاویش نرایە لێوی شیر |
من لەبەر پێشەنگ لەمەولا هەڵدەسم چونکە دەڵێن | خەرگەلە دووکەوتنە عینوانی ئەشخاسی کەبیر |
ئەم کیبارانە سیغارن حەمدی ئەربابی فەزڵ | لازمە پەروەردەیان کەن هەر وەکوو تیفلی بە شیر |
21
[edit]وەهـ چ خۆشە ببیتە بەحری بەڕ | بەڵکە ئێمەش بکەین دەمی لەب تەڕ |
کیمیاگەر بوایە کوڕڕەیی ئەرز | دەستی ئێمەش دەکەوت نموونەی زەڕ |
سایە ناخاتە سەر سەری عاریف | گەر هوما ئاسمانی بێ شەهپەڕ |
گەر بسووتێ دڵی بە حاڵم شەمع | باڵی مێشی لێ دەبێتە بای سەڕسەڕ |
خێری بەشرایەوە ئیتر دنیا | چی تیایە بە غەیری فیتنە و شەڕ |
بێڵی بڕوا میسالی گەر چاکە | کە لە ژێریایە ئەسپی وەک ئەشقەڕ |
بوو عەلی سەرفی کرد حەیات و کە چی | بۆ قیلێ کەوتووەتە عیلمی جەڕ |
کاری بێ کارییە کە وا حەمدی | کەوتووەتە قسەی وەها بێ فەڕ |