Jump to content

دیوانی حەمدی/ز

From Wikisource
309714دیوانی حەمدی — پیتی ز1936حەمدی

1

[edit]
چارە دەرهێنانی ڕیشەی ڕۆحییە مەردی نەساز تێکدەدا قانوونی عوشرەت ئەو تەلەی دەرچێ لە ساز
تەیر ئەگەر نیت کێو دەبێ داوێنی بگری و سەرکەوی گەر حەقیقەت ئارەزووتە بگرە داوێنی مەجاز
بێشەیی عەشقە مەقامی شێر کۆیی دلبەران ئەم ڕەقیبە دەرکە جێگەی هەر قوڕ و ئاوە بەراز
من وەکوو فیردەوسی ناکەم جەوهەری شاهم بەیان شەرحی حاڵی ئەو دەکا یەک قەترە بێ خوێنی ئەیاز
تێ دەگەن پەروانە بۆ چی خۆی دەسووتێنێ بە شەمع تا نەڵێن نامەحرەمە عاشق ئەکا ئەفشایی ڕاز
خۆشە شۆخی گەر بە جارێ بمکوژێ و ببڕێتەوە ڕۆژی تیرێک و بە عومری کوشتنە کوشتن بەناز
شێخ و عەدل و حاکم و کەشف و حەکیم و مەرحەمەت نەبووە نابێ بوونی خەربی قاعیدە ناکا بە شاز
گەر گوناهێ سۆفی دەیکا نەقڵی بۆ خەڵقی بکا بۆ ڕیایی چا نییە بیکا لە مەجمەعدا نەماز
بەختیارێ پێکەنی پێم، پێکەنیم پێی و وتم هەر نەشیبە هەڵدەکا دامەن بە ڕەهڕە و بۆ فیراز
حەیفە تۆ دەستی تەڵەب حەمدی بەری بۆ حاتەمیش بارەگاهی بێ نیازە مەرجەعت بەیتی نیاز

2

[edit]
تۆ وەکوو خۆر تا نەخەیتە سەر سەرینت سەر بە ناز بەدری کامیل لەم کەلە سەر نایەنێتە دەر بە ناز
مەتڵەعی خۆر میسلی جەبهەت با هەڵێنی ڕۆژی ڕووت هەڵدەهێنێ میسلی چاوت ئاخۆ دوو ئەختەر بە ناز
گەر سەبا بیباتە چین بۆنی سەری زلفت دەخەن ئاهویی سەحرا و عوود و میشک و عەنبەر بەر بە ناز
ڕوومەتت دوو خیسلەتی تێدایە وەک گوڵ ئاتەشی چۆن بە پەروانە و بە بولبول ڕشتی باڵ و پەڕ بە ناز
غەیری چاوت کێ لە ماڵی کەعبەدا بیستوویەتی مەست و هوشیاری بکێشن ڕووبەڕوو خەنجەر بە ناز
ناخودا ئەو ڕۆژە حاڵی بوو کرا سەددولبەحر چاوەکەت گرتی لە دەریای حوسنتا لەنگەر بە ناز
سەیری ئیعجازی زلف کەن یا ئەکا شەققولقەمەر یا ئەدا دەمدەم لە ساقی گەردنی کافر بە ناز
حەمدی ئەو شۆخە سەراپا نازە وەختێ مەیلی بێ وا دەدا ڕەونەق بە تەبعی ناسکی شاعیر بە ناز

3

[edit]
سەیری نووری بادە بۆتە مەشعەلی ڕوومەت فرووز ئاوی ڕووتە ئاگری ڕووتی کە خستۆتە برووز
گەردنی مینایی مەی دەرخەن ملی زاهید شکێ جوولە جوولی خست بە عالەم هێندە کردی ناز و نووز
ماڵە پیتکێنێ عەجەب تەسویری کاری خەڵق دەکا هەر بە تاڵان کردنی ماڵانە ماڵی بۆتە چووز
عەقڵی عالەم وا لە چاوا دەرنەچوو لەرزم لە سک ئارەزوومە چونکە وەک شیشە سەهۆڵی پاو و پووز
کەو بە کەو دەعوەت دەکا سەییادی عاریف بیگرێ بۆیە دنیا هەر دەچێتە باخەڵی ساحێب عەجووز
باوکی مرد یاخۆ ویساڵی عاشقانی بیست ڕەقیب شێت و سەرگەردان کە کەوتە نوزە نوز و قووزە قووز
موو شکاف حەمدی گەدایانن ئەناسن خەڵق بە موو دەوڵەمەند مووی ڕۆشن و سافە گەدا گرژ و گرووز

4

[edit]
خوا بەوەی داوە لە مەیدانی عەشقدا بۆتە تۆز گەردی هەڵساوە دەکا داوێنی خوبان بەقیە دۆز
گەر لەگەڵ ئەم شەوقەدا ڕۆحم بگاتە ڕوومەتت ئاگرێ دەگرێ کە بێتە مەشعەلی پەروانە سۆز
چۆتە سەر کورسی خیتابەت واعیز و شێوەی دەڵێ ئەسکەمل یاری دەکەین و هاتووە پاپازی قۆز
مەشقی شاری کاکە لادێیی چ ناڕێکە و غەریب وەک پەڕی سۆنە سمێڵی بەرق ئەدا بن ڕیشی بۆز
ئەو زەمانە گەرمەیی بازاڕی نەگبەتیانە قەوم حەمدی وەک کورد ڕابوەستێ فیرقە فیرقە، هۆز هۆز

5

[edit]
پێی بەسەردا قەت مەنێن نامەرد بە عیزز و شانە ئەرز خاکەکەی پاکی غوباری مەقدەمی جانانە ئەرز
فەرشی ڕەنگینی گوڵستان ڕەشکی گوڵزاری جینان گەوهەری دەریایی سونعی حەزرەتی یەزدانە ئەرز
دەم بە دەم بۆ حاڵی عالەم دێتە جۆش و گریەوە ئەشکی سوور و سوێری بەحری ئەحمەر و عوممانە ئەرز
دیم یەنارداغی وتم بێ شک سکی سووتا بە من مادەرێکی موشفیقە لوتفی لەگەڵ ئینسانە ئەرز
جوودی حاتەم بۆتە ئەفسانە لە عالەمدا کەچی لوقمە نانێکی بەویش داوە لەسەر ئەم خوانە ئەرز
ئاسمان و مانگ و ڕۆژ و ئەنجومم دی تێگەییم ساحبی خەیمە و سەرا و شەمعی ئاوێزانە ئەرز
هەرچی دڵ مەیلی دەکا هەرچی نەفس لازمیەتی حازرە بۆ چی ئیتر کوفرە بڵێم ڕیزوانە ئەرز
گەهـ سەری وەک کۆنە پۆشی سەوزە شاخی موددەتێ وەک موریدی نەقشبەندی سەرسپی بەندانە ئەرز
بەم هەموو عەیبانەوە خەڵقی کە ئەچنە ماڵەکەی ئەیگرێتە باوەشی خۆی ئەو هەموو عەیبانە ئەرز
ئەو هەموو بێ شەئنییە دەگری لەسەر شانی کەچی تێک نەچوو ئەمما لە حیرسا دەم بە دەم لەرزانە ئەرز
گەر لە سەقفی گونبەدی ئەفلاکەوە سەیری بکەی سابیت و دەورانە ساف و هەم خڕە هەم پانە ئەرز
دەردەخا ئەجناسی ئەشیا غائیبیشیان هەر دەکا چەند دڵی مەعموورە یا ڕەب ماڵی چەند وێرانە ئەرز
زوبدەیی ئەولادی فەخری ئەنبیا بۆ کەم بوو بۆی کائیناتی سەر بە سەر بۆ کرد بەیەک کاشانە ئەرز
ئاسمانی کرد بە سەقف و ئەنجومی بۆ کرد بە مێخ کەهکەشانی کرد بە تاقی پێشی ئەو ئەیوانە ئەرز
ئەو مەهەی چونکە لە دڵدایە لەبەر چاوی نییە بەحری ئەشکی جارییە ئەمما دڵی خەندانە ئەرز
ئەو دەمە بۆتە زیارەتگاهی ئەفواجی مەلەک لێوی گەییە پێی و دەستی گەییە ئەو دامانە ئەرز
هەر دەبوو بمزانیایە قووەتی ئەو ڕۆحەیە سیقلەتی بەم زۆرییە وەستاوی بێ بونیانە ئەرز
حەمدی لادە لەم حیسابە کافییە بۆ تێگەییو مەنبەعی کوللی شتێکە مەنسەبی هەمووانە ئەرز

6

[edit]
وەک ئەو شیرین سوارە کێ بووە کەیخوسرەوی پەروێز بە ناڵی ڕۆژی ڕەخشانی بوراقی کەی گەیشت شەبدێز
فیدای بم وەختی میعراجی لە ئەفلاکا وەکوو بەرقێ لە ئانێکدا بۆ هاتووچۆی کە بزواندی کەمێ مەهمێز

7

[edit]
وەکوو تەیرێ کە کەوتە چنگەڵی باز لە چنگی تۆ دڵم نابێ سەرەفراز
وەرە وەک بولبول و گوڵ بینە هەمدەم وەکوو تاووس و تووتی و بینە هەمڕاز
لە باسی سەرکەشی و گەردن کە دەدوان سەری سەروی شکاند و گەردنی قاز
دەمت وەک قافیەی ئەم شیعرە تەنگە کەلامێکی نییە بۆ من بە سەد ناز
دەری گەنجینەیی ڕزقە دەمی تۆ خودا بیکا دەبێ بیکەم بە دەم باز
ئەگەر کوڵمت وەکوو سێو کەوتە دەستم نیهایەت بمکوژن دەیخۆم بە یەک گاز
مەزەننە ناقیسە ئەم خەڵقە دینی وەرە بنوێنە ڕوخسارت بە ئیعجاز
لە نەسلی کوردییە دێوانە حەمدی مەعانی و کورد دەبێتە قاعیدە و شاز

8

[edit]
نەشئەی خومارە مایەیی ڕۆحی ڕەوانی ڕەز حوزن و مەسارە ڕەنگی بەهار و خەزانی ڕەز
زانیوتە بۆ چی ئاوی حەیات و خزر گومن ناکەن موقابەلە بە مەی و باغەوانی ڕەز
لەم خاکەسارییە بڵێ زاهید بەچی بوویی شایە کە عەبدی عالەمی ئاب و جیهانی ڕەز
باڵی هومایە سێبەری شاخی درەختەکەی تەختی کەیە سکوونەتی بەردی مەکانی ڕەز
مەعنا تەسەڕڕوفی تەبیعەت و فکرت دەکا ئەمە بەستی منە بە زاهیر و باتین بەیانی ڕەز
خۆزگە قیاسی بادەفرۆشی لە زاهیدی دەکرا و دەردەکەوت هونەری خانەدانی ڕەز
ئەو وەختە جبرەئیل کە دەهات و دەچوو کوفر نەبوایە ئایەتێکی ئەهێنا لە شانی ڕەز
کەی ئاب و دانە قابیلی ئەم جیلوەیە بووە ڕۆحە کە خوێنی مەغزە هەموو ئیستیخوانی ڕەز
قۆنیاغ و وێسکی و خەمر و عەرەق شاترۆز و جین نوتفەی حەڵاڵن لە بەنات و بەنانی ڕەز

9

[edit]
خەیاڵم کرد لە سۆزی فیرقەتت شەرحێ لەسەر کاغەز بنووسم ئاگری تێچوو قەڵەم گرتیشیە بەر کاغەز
مەحاڵە ئیستیعابی وەسفی ڕۆژی ڕوومەتی تۆ کا بە جارێ یەک تەبەق بشبێ فەلەک ئاسا ئەگەر کاغەز
لە دڵیا ئەم هەموو ئاهی حەزینەم بێ سەمەر مابێ قسەی مووی ڕیش و قەسسابە بنێرم موختەسەر کاغەز
قسەی عاشق ئەگەر گوارەی جەواهیر بێ لە گوێی ناکا بنووسە ئەی موحەرریر بۆی بە ئادابی دیگەر کاغەز
حیکایەی یەک شەوی فیرقەت دەنووسم عومری نووحم بێ ئەگەر بەحری سیا بێتە مرەکەب سەتحی بەڕ کاغەز
بە مەحزی تەجرەبە حەمدی قسەی ئیرانیانەم کرد لەگەڵ باسی درۆ ئاخۆ بزانم دێ بەشەڕ کاغەز

10

[edit]
یەک قەترە ئاوی تیرە لە بەحری کەوان لەزیز یەک ساعەتی ویساڵە لە توولی زەمان لە زیز
ئەو لێوە سوورە شۆری دەکا عەیشی من کەچی بۆ مەززە بستەیە بە دەمی مەیکەشان لەزیز
گەر بێ شەرابی مەرگە بەدەم مەردی تێگەییو لەم عەسرەدا میسالی مەیی ئەرغەوان لەزیز
جانانە حەز لە خوێنی منی بێ نەوا دەکا حەقیە خورش نییە وەکوو ڕۆحی ڕەوان لەزیز
عاشق بە ئاوی زیندەگییە خزر و من دەڵێم بەحری عەدەم بەیادی دەمی دوڕەفشان لەزیز
ئەو لەعلە مردووە نە گڕی شوعلەیی تێدا دڵ بۆ مەقەڕڕی جیلوەیی عەشقی بتان لەزیز
برژاوە دڵ بە ئاگری یەک ساعەتی فیراق چی لێ بکەم کەبابە بە دەمی دلبەران لەزیز
هەر میحنەتی فیراقە لەزیزی کە کرد ویساڵ حەمدی بە ئەهلی دۆزەخە باغی جینان لەزیز

11

[edit]
نە عەقڵم پێ دەمینێت و نە دەممینێ زمانی عەرز کە دەیبینم بڵێم چی نیمە یارایی بەیانی عەرز
ئەڵێن بارێ بە کاغەز شەرحی ئەحواڵت بنووسە بۆی لە سوننەت چی بکەم بۆ من بەجێ نایێ کە جارێ فەرز
لە دوو خەجڵەت بزانە چەندە مەحزووزە قەناعەتکار لە نامەردان تەڵەب کردن لە مومسیک ئیرتیکابی قەرز
لە تەقسیماتی ئەنوارا فەلەک مانگ و خۆری بەرکەوت خودا ڕوویی نیگاریشی عەتا فەرموو بە کوڕڕەی ئەرز
خودا بۆ ڕۆحی عالەم قابیزی مەخسووسی وەک دانا ئەڵێی مەئموورە جانانە بە عەییاری بکا دڵ قەبز
دەڵێ یارحەمدی دیبوو دەور و تەسلیمم ئەکرد ئەی دڵ هەتا لێوم کە دێ ڕۆح و هەتاسەر سەر کە دەفری نەبز

12

[edit]
بە دڵتەنگی لە خەندەی ئەو دەمە وا دیارە ناکا حەز لە شەککەر میسلی تووتی ئەو کەوی کۆسارە ناکا حەز
میسالی دووکەڵی عەنبەر خەم و پێچی بە زلفیدا بە موو یەعنی لە ڕاستی ئەو پەری ڕەفتارە ناکا حەز
ڕقی هەڵسا لە ڕەنگی زەعفەرانی و ئەشکی خوێنینم لە زەرد و سووری ئێمە ئەم ڕەقیبە هارە ناکا حەز
دڵ و چاو و زمان و عەقڵەکەم لێم عاجزن ئەمڕۆ وەکوو مەخلووقی ئەم شارە، کە وا لەم شارە ناکا حەز
بە زۆری عیشوە بردوویە دڵی ئەم عالەمە وەرنێ بە غەیری من لەبەر جەوری کەسێ لەم یارە ناکا حەز
قسەی تاڵی لە دەم تا دێتەدەر وەک شەککەری لێدێ دڵی سائیم مەڵێن لەو بانگ و لەو ئیفتارە ناکا حەز
سەری داناوە دانا حەمدی نادا گوێ بە بەزم و ڕەزم گرانە بەردی تەعنە مردووە لەو یارە ناکا حەز

13

[edit]
لە باسی کەوسەرا بۆ من ئیشارەی چاوی کرد واعیز قیاسی مەی چ غەددارە بە چۆڕێ ئاوی کرد واعیز
دیارە دۆزەخی هەرگیز لە باسی خولدی خۆش نایێ کە باسی جەننەتم کرد چۆن بزانە ناوی کرد واعیز
وتی دەرکەن لە دڵ سەودایی پەرچەم عەرشی ڕەحمانە بەجێ بوو ئەو قسەی ئەمما خەیاڵی خاوی کرد واعیز
کتێبی وەعزەکەی بوو دایدڕی لەو وەختەدا باقڵ کە بۆ کفنی گەدا باسی جەوازی جاوی کرد واعیز
لەسەر چی ئاخۆ دامابێ فەقیرە بۆیە وا ئەمشەو بەیانی خێری دەفعی حاجەتی داماوی کرد واعیز
وتی ئاخر زەمانە بۆیە باوە کوشتن و تاڵان بەڵێ بێ دەستەڵاتە بۆیە بەند و باوی کرد واعیز
بە ڕووتی واعیزا دیارە کە دنیا هاتووچۆیێکە جیهانی حەمدی تا مەحشەر بە یەک هەنگاوی کرد واعیز