دیوانی حەمدی/ف
Appearance
1
[edit]سەیری حەربەی عەشقی جانان کەن کە هاتۆتە مەساف | ئەبرووە مەهـ لەتکەرە موژگانە تیری دڵ شکاف |
هەر ئەوەل ڕۆژ ئەو خەمی زلفانەیم دی تێگەییم | هەڵخراوە بۆ دڵی ئەهلی موحیببەت دوو تەناف |
هەر شەوێ دنیا کە خۆی ڕازانەوە ئەهلی دەڵێ | مردووە ئەو کفنەیە کردوویەتە پەردەی زەفاف |
بۆ لە گوڵزاری جەماڵم دەردەکەی بێ گوڵچنین | قاعیدەی جەننەت کە ڕوخسەت دانە تا حەددی کەفاف |
ماچی سەر کوڵمی بە دینی ئێمە حەججولئەکبەرە | حەججی دووبارە بە جارێ هەر دوو لێوی کەی تەواف |
جیلوەبەخشی ڕەونەقی سوبحی ویساڵە شامی هیجر | خۆڵەمێشە هەر بە قەلبی ئاوێنەیداوە شەفاف |
بێ شیعر شیرین نییە گەر قووتی ڕۆحە وەسفی یار | بێ شەکر دەیخۆنەوە فەرموو بزانە شیری ساف |
عەشقی شیرین چاکە فەرهادی بە گژ چەرخا نەکرد | ڕاهڕەو ناکا تەماشا بێستوون بێ کێوی قاف |
مەدحی خۆکردن بەیانی نارەسایی کردنە | بۆیە نادەن قەت هونەرمەندان لە دنیادا گەزاف |
من سەما ناکەم بە دڵ شەخس و حەقیشیە چی بکا | خۆشی لێ نایێ کە ناکەم من بەیانانی خیلاف |
حەمدی لەم بازاڕەدا سەودای بە دڵ کرد نەک خەیاڵ | گەوهەرێکە قیمەتی یووسف نەوەک نیوەی کەڵاف |
2
[edit]لەگەڵ ئیدراک و عەقڵا فەزڵەیە تەحسیلی نەحو و سەرف | کە بێ دەستی مەحاڵە مەنعی حاتەم کا لە ئەخز و سەرف |
سوراحی قەهقەهە ناکا قەدەح گەر زوو دڵی پڕ بێ | بەڵێ بێ زەرفییە خەندە بە ئینسانێ کە نەیبێ زەرف |
چ بێ مەعنایە چوونە مەعرەکەی ئینسانی پڕ مەعنا | کە شیعری ڕەبتی پێ ناکا لە ئەفلاتوون قبوولی حەرف |
لە سافی ئاسماندا مانگی من مەئموولە خۆی دەرخا | زەمینی شامی هیجران ڕەش دەکا ڕەببی ببارێ بەرف |
بە یادی سەروی نازی قامەتی جانانەیە حەمدی | لە سەفحەی عالەما وەستاوە تەنها میسلی حەرفی ئەلف |
3
[edit]نەما نەقدم لە داغی دڵ دەبێ ئەمجا بکەم مەسرەف | کەمە داغم مەگەر حەسرەت منی دانا بەکەم مەسرەف |
لە یەک جوێ هەر یەکی نەزمێ دەناڵێ ئیستیخوانی من | لە هیجرانا ئەگەر بکرێ وەکوو نەی پارەیی قەف قەف |
ئەوی بەزمی منی شێواندووە بێ دەستییە خەڵقە | بە یەک دەست نادرێ چ بکەم لە تەپڵی سەرم و سنگی دەف |
فەڕەنگ وەزعییەتی حەربی لە موژگان و برۆت وەرگرت | کە میرئاڵا دەکێشێ سەیف و عەسکەر مونتەزەم سەف سەف |
خودا گەر زوو نەکا ئیسلاحی سەیید سووننیی مەزڵووم | وەکوو شیعە لە داخا هەڵدەکەن دامەن لە شەتم و ڕەف |
ئەگەر سەرفی نەزەر نەکرێ لەبەر ئەو شەهسوارەی وا | لە میعراجا نەما قووەی ئەمین و پێشی کەوت ڕەف ڕەف |
فەلەک چەرخی بە کەیفی ئێمەدا ئەم دەفعەیە یاران | کە جانان بۆتە ساقی ساغیری هێناوەتە سەر کەف |
سولەیمان کەی سولەیمانی وەکوو شێخ کردووە حەمدی | لە جێی بەلقیسە ئامەی نەزهەت و وسووە لە جێی ئاسەف |