دیوانی حەمدی/ق
Appearance
1
[edit]وەختی شەفەق لە غەربەوە یارم کە کەوتە بەرق | عالەم وتی قیامەتە خۆر غەربی کرد بە شەرق |
گوڵ وەعدەیی ویساڵی بە بولبول نەدا ئەویش | ناکا بەهەشت لە قەعری جەهەننەم بەزەڕڕە فەرق |
ڕووی بەرقیدا لە دوورەوە من دیم وەکوو سەراب | لەم بەحری عەشقەدا وەکوو گوهەر بووم کە غەرق |
بینایە کوێر و دادی فەساحەت دەدا کە لاڵ | کافی نییە لە نووری موحیببەت ئەمەندە خەرق |
جل شین و مل کەچن ئەوی ئەهلی موحیببەتن | ئەی ئافەرەم وەنەوشە کە نیتە لیباسی زەرق |
حەمدی لە ناری فیرقەتت عاجز نییە فەقەت | دڵ مەخزەنی سەرائیری عەشقە دەچێ بە حەرق |
2
[edit]دەخیلت بم لە شاخ و بەرد و تەق تەق | ملم دەشکێ ئیشارەم کە بە تەق تەق |
بە ناحەق چوومەتە کایەی مناڵان | بە لوتفی خۆی مەگەر بیکا بە حەق حەق |
لە بازیچەی زەمانا بوومەتە گۆ | وجوودی سەیری چۆن کردم بە شەق شەق |
موقەسسیم وەختی شەڕ چاکم دەبینێ | لە خێرا سەیر دەکا نابینی زەق زەق |
بەلنگ ڕووتی عەرەب ئەمدا بە شوو جا | هوما نابێتە جووتی حاجی لەق لەق |
دەروونم هێندە کەیلە حەمدی وەختە | لە داخانا بەرم وەک سفرە شەق شەق |
3
[edit]ئاشکاری کرد هەموو ئەسرار و خۆی پەنهانە عەشق | پڕ بە کاشانەی وجوودە جانە یا جانانە عەشق |
جوزء و کول ئەجزایی فەردی کائیناتە کائینات | هەرچی ئەفعالی تێدایە مەسدەری هەمووانە عەشق |
غەرقی مەوجی ئاورنگی گەوهەری عەشقە وجوود | گەوهەری دەریایی لوتفی حەزرەتی یەزدانە عەشق |
شەمعی داگیرساوی دەستی عەشقە شەخسی تێگەییو | تێ نەگەیویشی بە قەد خۆی چاکر و سوڵتانە عەشق |
بۆ گەڕانی بەزمی عالەم عامیلە ساقی سیفەت | ماددەیێکە میسلی مەی غایەی هەموو ڕەندانە عەشق |
دڵ لەم ئافاقە بە ویسعەت هەر دەبێ کەمتر نەبێ | بۆیە وەک بەرقێ لەوێدا ئارەزووی جەولانە عەشق |
بۆ شەهادەت شەمع و گوڵ ئەندامییان بۆتە زەمان | ئاگری بەرداوەتە دڵ بولبول و پەروانە عەشق |
عەشقی چی من ئاگرێکی قودرەتم دیوە دەخیل | دڵمی کردۆتە جەهەننەم نەک بە ئاتەشخانە عەشق |
سایقی مەجزووبە لایێ لایێ قووەی جازیبە | نووری شەوقی عاشقان و ڕەنگی مەعشووقانە عەشق |
بارەگاهی عەشقە جێگەی سەرفرازی حەمدییا | موشکیلە ئەمڕۆ سبەینێ موشکیلی ئاسانە عەشق |
4
[edit]دەس لە دەریادا دەبا بۆ پووشێ ئینسانی غەریق | ناعیلاجی مەرد دەکا ئەلبەت بە نامەردێ ڕەفیق |
گەر ڕەفیقت دڵ بشێوێنێ بە بێ عەقڵی برا | ئەو ڕەفیقە زوو موقابیل تۆ دەوەستێ وەک فەریق |
لێوی تۆ پەروەردەیی خوێنی دڵی ئەهلی دڵە | یا دەسێنێ خەرج لە مەوجی بەحری مەرجان و عەقیق |
سەردە دۆزەخ بۆ ئەوانەی گەرمی عەشقی دلبەرن | کەی مەجاز سۆزی دەگاتە مەرتەبەی عەشقی حەقیق |
ڕێ بە قەعری بەحرەبا غەوواسی عاریف بۆ گوهەر | حەقیە بۆ مەزموون کە شاعیر کەوتە ئەفکاری عەمیق |
یەک پڕیشکی نووری عەشقت ئاگرێکی خستە دڵ | کەس لە بابی عالیا نەدیوە بەو نەوعە حەریق |
هەر شەوێ دەیهێنمە خاتر جەلالی ڕوویی یار | ئەوجی دڵ پڕیە لە ناڵەی ڕەعد و چەخماخەی بەریق |
بۆ جەفا بێ با لە فکری دەرنەچم کافیمە من | حەمدی نابێ قەت وەکوو ئەو شۆخە غەددار و شەفیق |
5
[edit]قەت مەکەن عاشق بەسەربەستی بەیانی ئیشتیاق | پڕ بە دنیایێکە شێخ و زاڵم و ئەهلی نیفاق |
ئەم سبەینێیە کە کەوتە جیلوە دلبەر ڕۆژهەڵات | ڕوو بە ڕووی یەک بوونەوە ڕۆژێ بوو نیعمەلئیتتیفاق |
سەیری ساقی گەردنی ساقی و ملی مینایی مەی | بۆ سەری مەیخوارە کردوویانە ئەلبەت ئیتتیفاق |
دڵ بە ناری فیرقەتت برژاوە چاوم پڕ لە ئەشک | جەم لە ئەسبابی تەرەبدا نەیبووە وەک من تفاق |
یار لە من ڕۆحی دەوێ من ماچی لێوم ویستووە | من وتم پێشکەشتە فەرمووی تۆ مەکە تەکلیفی شاق |
وەک خەتیبی کفر و موئمین وەختی خوتبە یەک کەون | من فیغانی ئەلویساڵم کرد ڕەقیبیش ئەلفیراق |
ڕوو بچەرخێنی لە عوششاقت دەزانی وەک چییە | ئەهلی قیبلە یا بڕووخێ قیبلەیان یا بێتە تاق |
حەمدی بادەی تاڵە شەکراوی نیشاتی عاریفان | چونکە باسی زاهیدان گۆڕیویەتی تامی مەزاق |