دیوانی حەمدی/ە
Appearance
1
[edit]خەوم دیوە موعەبیر دڵ حەزینە | نیشانەی شادییە عیززەت قڕینە |
لەگەڵ یارم موقیمی گوڵشەنێ بووین | وتی باغی جینان و حۆری عینە |
وتم غونچەی نەپشکووتووی دەدامێ | وتی دەم تەنگە ڕەوزەی عارفینە |
وتم دوو ماری نایە گەردنی من | وتی زلفی سیاهی عەنبەرینە |
وتم سێوێکی خونساری لە دەم نام | وتی کوڵمی زەریف و نازەنینە |
وتم دوو نەجمی هەڵهێنا لە قەوسا | وتی چاوی خوماری نێرگسینە |
وتم ڕۆژی لە شەودا شوعلەوەر بوو | وتی پەرچەم لەسەر تەختی جەبینە |
وتم جامێ شەرابی دایە دەستم | وتی شەهدی ویساڵی ئەنگەبینە |
ئەگەر خەو مردنە بەم نەوعە خۆشە | جەهەننەم دارە فەرش و بەرد سەرینە |
ئیتر ناچێتە خەو مەعلوومە چاوم | لەبەر بێ تالیعی حەمدی ئەمینە |
2
[edit]مەبە غافڵ یەکێ بگرە دوو بەردە | کە دنیا هەر هەوایی حەڕڕ و بەردە |
بچووک و گەورە زانیوتە نەتیجەی | گەزێ ئەرز و دوو گەز جاو و سێ بەردە |
3
[edit]بنواڕینە ئەم نەشئەیە ئەمڕۆ لە دڵایە | هەر لایێ دەچی دەم لە دەم و دەس لە ملایە |
دوو بیستی من ئەمڕۆ وەکوو پەنجا لە چلایە | بەم نەوعە خوایا کە بڕۆم بچمە چ لایە |
4
[edit]لە ئەحواڵی زەمانە گفتوگۆ ناکەم خەرافاتە | هەموو عالەم کە سەرمەستی مەیە و دنیا خەراباتە |
ڕەئیسی بەزمی عوشرەت سۆفییێکی وشکی بەدخوڵقە | ئەنیسی مەجلیسی خەڵوەت ئەگەر لۆتی نەبێ لاتە |
خەمیرەی تۆ بلوورە چونکە مەنعی ماوەڕا ناکا | لەژێر پێتا ببێ لەعلێ ئەڵێی ئەنگوشتەری پاتە |
بە نیسبەت شەوقەوە لازم دەکا بۆ سەیری جانانە | لە عەینی دیدە نابێ وەک بەسەر هەرچی مەساماتە |
خەیاڵی وەسڵ ئەکەم هەجری موئەببەد دێتە بەر چاوم | نەتیجەی وەسڵ گەر ڕاستت ئەوێ مەرگی موفاجاتە |
لە حاڵی من خەبەر نادا بەتۆ عەرزە وەکوو ڕەهبەر | نوشتەیی حەک دەبێ باقڵ ئەویش فەرقی تەماشاتە |
بە گوێی هەمڕازی تۆ دا ئاشنا نابێ فیغانی من | لە برسی قەت ئەپرسێ ئەو کەسەی تێری تەعاماتە |
ئەجەل فرسەت بدا بەم یەئسە حەمدی عەینی ئومێدە | کە زەحمەت ڕەحمەتی هێناوە هیجرەت بۆ مولاقاتە |
5
[edit]دوڕی ئەشکم لە عەکسی خوێنی جەرگم عەینی یاقووتە | وەرە ئەم خەزنەیە لێوانی یاقووت و دوڕی ڕووتە |
کە لاچوو پەرچەمت ئەمشەو وتم ڕۆژە کە نەمزانی | شەمس تەنویری وا ناکا ئەمە هەر جیلوەیی ڕووتە |
من و دڵ قیبلەمان هەردوو موقابیل کرد موتابیق تۆ | لەگەڵ میحرابی کەعبە تاقی ئەبرۆت کەچ نییە جووتە |
لە بێداد و ستەمدا بۆ منی بێچارە سەربەستی | سەوادت بۆتەوە جانا ئەمە هەر کردەوەی زووتە |
منی ئافەت زەدە قەدرم چییە بنواڕە شێری نەڕ | لە بێشەی زامداری تیری غەمزەی چاوی ئاهووتە |
لەبی زەخمم لەبەر شەوقی تەڵەب دووبارە شەققی برد | دەڵێی مەیلی دووبارە زەربی تیغی دەست و بازووتە |
تەپووکۆی سەیدی بێچارە لە خۆشی وەسڵی سەییادە | کەچی مردم نەهاتی بێ بەڵا بی هەر ئەمە خووتە |
شکافی سینەکەم پەیوەستی هەر ناکا دەوا قوربان | ئەگەر ڕەحمت هەیە موحتاجی هەودایێکی گێسووتە |
شوعاعی ڕوومەتت موشکیل بوو حەللی کردەوە حەمدی | بە دەر وەک نوقتەیی پەرگاری حەپسی دائیرەی مووتە |
6
[edit]جەلالی سەرکەشانی باغی عالەم جوملە بەربادە | مەڵێن سەروی سەهی قامەت لە تەرفی گوڵشەن ئازادە |
میسالی غونچە و گوڵ پاک تینەت شاهیدم زۆرە | ئەوی ئەمڕۆکە دڵتەنگە سبەینێ خوڕڕەم و شادە |
بە تێشەی تەعنە عاشق بەرببێتە بێستوونی چەرخ | مەڵێن شیرین نییە نامەرد تەقازای عەشقی فەرهادە |
لە بەحری نەگبەتیشدا هەر بە قەدرە وەک گوهەر عاریف | بە نادان نابڕێ بەحری جەلالێکی خودا دادە |
لە باسی پەرچەما هەر وەک زمانی شانەیە خامەم | لە وەسفی قامەتا تەبعم میسالی قەددی شمشادە |
بە مەرگی زاڵمی مومسیک ڕەوایە شین و واوەیلا | لەگەڵ باری گرانا ڕەهڕەوی بێ توێشە و زادە |
ڕژایە دڵ لە شەوقی ڕوومەتت نوورێ کە چاوم بووی | بە ڕۆژە کاری عالەم ماڵی وێران ماڵی ئابادە |
مەڵێ مەنسووبی کوردی و سالمم حەمدی لە بێ فەزڵی | کە ئەجدادی فەزیلەتمەند گەلێ مەحجووبی ئەولادە |
7
[edit]جانا وەرە دەمێکە دوو چاوم لە ڕێوەیە | حەشرە مەزەننە بۆیە دوو عالەم بەپێوەیە |
من عاشقی جەمالی کەسێکم کە کافریش | ئەو حوسنە بابڵێ دەبزانم بە کێوەیە |
شێواوە سەر لە عالەم و حەیرانە عەقڵی کول | وەستاوە سالیک و هەموو عالەم لە جێوەیە |
نامەی عەمەل موشابیهی ڕەنگی سیاهمە | ڕۆحم فیدات زەلیلم و چاوم لە ئێوەیە |
ڕۆژێکی کەس نەپرس و زەمانێکە پڕ لە ترس | بێ ترس و پرس بفەرموو شەفیعت لەمێوەیە |
حەمدی چییە گوناهی دەبێ قابیلی چی بێ | لوتفێکی تۆ عیلاجی هەموو دەردی پێوەیە |
8
[edit]بولبول بە خەندە دێت و دەڵێ دەی بڕایەوە | شاخی درەختی عومری شکۆفە ژیایەوە |
تەقلیدی دیدەکانی منی کردووە زەمین | هەرکۆرە شێوە چەشمەیی تێدا ژیایەوە |
نەورۆزە جەژنە بۆیە چراخانی عالەمە | یا ئاگری لە عومری شیتا چوو کوژایەوە |
عەرعەر لە لەنجەدایە لە ڕەقسایە سەروەکان | بەرگی چەمەن لە ڕەنگی زموڕڕود کرایەوە |
خەیرولخەلەف نیهالی لە جێدایە سەوز و تەڕ | داری بە بەفر و بادی زمستان شکایەوە |
گوڵ دەستی یاسەمینی لە ملدا بە شەرمەوە | فەرمووی زەمانی بولبولە جا بێتە کایەوە |
وا تێدەگەم لە بەزمی چەمەندا چراچییە | لالە کە ڕۆنی شەونمی کردە چرایەوە |
بۆ گەردەنی هەمیشەبەهارە کە زلفییە | عوقدەی دەمی سییاهی ڕەیاحین کرایەوە |
قەترانی تێ تکاوە ئەگەر داغی دڵ نەبێ | یا سورمەیە بە دیدەیی نێرگس گەشایەوە |
لیمو قەدەح لە چاوی ترنجە کە نۆشی کرد | بەدمەست و سەرکەشە بەشی خورما نەمایەوە |
هەنگامی وەسڵە شەست پەڕ و مینا بەیەک ئەگەن | پەردەی زەفافە قەوس و قەزەح ڕاکشایەوە |
گەردن کەچە وەنەوشە لە زەنبەق سەلام ئەکا | نیلوفەرە بە قەهقەهە لێوی کرایەوە |
بووکانە ئەرخەوانە لە تارایی پەمبەیی | خوێنی دڵی بە غەمزەیی نەسرین تکایەوە |
چەترێکی بێ بەرە کە درەختانی نارەوەن | خیوەت کە دووبەرە نییە سێبەر بە لایەوە |
گریەی عینەب بە باوەشی بادامەوە دەڵێی | تیفلێکی شیرەخۆرە بەبەر مەمکی دایەوە |
هەر عەتری بیدمشکە نەسیمی سەحەر کەدێ | نەی دێتە ڕەقس و لەنجە دەخاتە سەمایەوە |
خوێنی ئەمەندە گەرمە گوڵی ئاتەشی سەحەر | لوئلوئی شەونمی لە مەراقا توایەوە |
پەستی مورادە حیکمەتە باڵایی شۆڕەبی | وەر نە جوانە قامەتی بۆ چی چەمایەوە |
کەو کۆساری گرتووە سەحرایە مەسکەنی | هودهود بە تاج و حاجی بە شان و عەبایەوە |
تەبریکی ساڵی تازەیی بازە مرادی کوند | هاتۆتە دەر لە خەڵوە بە ڕیشی ڕیایەوە |
حەمدی نەبێ خولاسە بە جەمعی خەلایقا | عومرێکی تازە لەززەتی تازە بەشایەوە |
9
[edit]خوێنی دڵی فەرزانە بە دێوانە حەڵاڵە | بۆ کافری موتڵەق مەی و مەیخانە حەڵاڵە |
مەی ڕاستە حەرامە کە دەڵێن ئەما بە تەنها | ئەسبابی موهەییا کە بۆ ڕەندانە حەڵاڵە |
نامەردییە هەرچی بە شەریعەت کە حەرامە | ئەو کردەوەیەی لایقی مەردانە حەڵاڵە |
باسی مەکە تەشویشی عەقیدە کە دەکا زلف | دڵ چاکە ئەوە هەر بەدەمی شانە حەڵاڵە |
خۆکوشتن و سووتانە تەقازایی موحیببەت | هەرچی کە بکەن بولبول و پەروانە حەڵاڵە |
مەی دوژمنی ئیمانە دەفەرموون کە مەلاکان | بیخۆم کە من ئەم دوژمنی ئیمانە حەڵاڵە |
واعیز لە نەزەر مەنعم دەکا مەقسەدی غەیرە | وەک خۆر نەزەری ڕوومەتی جانانە حەڵاڵە |
دڵ دیدە پەرستە لەبەر و پشتی برۆیە | ئەم کەعبەیە بۆ سالیکی بتخانە حەڵاڵە |
جائیز نییە حەمدی بکوژی جوولەکە بێ ناو | بەو دینە بڵێ گەرچی موسڵمانە حەڵاڵە |
10
[edit]شێواوە، پەرێشانە دڵم حەقیە کە تەنگە | مەحروومە لە دیداری کەسێ شۆخ و قەشەنگە |
خاریج لە خەیاڵی بەشەرە باسی زەریفی | نەرم و سپی و ناسک و مەهپەیکەر و شەنگە |
عاشق کوژ و بێ ڕەحم و بە ئاشووب و بە قینە | بێ واسیتە پەیوەستە لەگەڵ ئێمە بە جەنگە |
گەهـ ساحیر و گەهـ زاهید و هوشیارە گەهێ مەست | حاشا نە یەهوودە نە مسوڵمانە فەرەنگە |
ئەم باری منە بیخەنە سەر شانی فەلەک جا | ئەو وەختە دەزانی کە دڵم بۆ چی کەشەنگە |
شەیدایە وەکوو من لە فیراقی وەتەن و یار | گەر فیل و ئەگەر دێو و ئەگەر شێر و نەهەنگە |
تەئسیری نەبوو دادی من و شەکوەیی یارم | ئەم لەعلی بەدەخشانە دەڵێی پارەیی سەنگە |
لەو ساوە کە بوومە هەدەفی دیدەیی مەستت | وەک تەرکەشە جلدم بنی موو نووکی خەدەنگە |
ئەم ئەشکە بە سووری کە نیگاری ڕوخی زەردە | حەمدی ئەسەری هیجرەتی دڵدارە بە ڕەنگە |
11
[edit]بۆ دیدەنی جانانە عەجەب بوومە سەییارە | گاهێ بە شەمەندەفەر و گاهێ بە تەییارە |
ساقی بە فیدات بم قەدەحێکم بدەرێ زوو | هەر مەستییە بیکا غەمی ئەم فیرقەتە چارە |
پەیکانی موژەت هێندە برینی لە دڵم کرد | هەر چەندە دەکەم نایەتە میزانی ژمارە |
دڵ موجریمی عەشقە بەخودا حەقیەتی دلبەر | بەستوویە بە ئەگریجەوە ئەیدا لە قەنارە |
بۆ پەنجە دوڕ و لەعلی کە پێ لازمە جانان | هەڵڕێژە دەسا دیدە سرشکت بە عەییارە |
بازاڕی مەیی و مەیکەدە بۆ چی دەشکێنی | بەم مەستییە، بەم نەشئەیە، بەم چاوە خومارە |
باکی نییە حەمدی لە دەمی خەنجەر و شمشێر | ئەبرۆتە کە دەبڕی جگەری هەر بە ئیشارە |
12
[edit]تەهی دەستە سەخی ئەخز و عەتا هەروەک قەمەر بەشیە | خەسارە ڕەنجی مومسیک نانە سک وەک ڕەنجبەر بەشیە |
لە بەزمی عالەما ساقی کە چەرخی سوفلە پەروەر بێ | لەباتی مەی ئیتر ئەهلی هونەر خوێنی جگەر بەشیە |
لەبەر سۆزی فیراقت شەو بە دڵ نابێ بکەم یادت | بە جێیوادا شەوی وا هەر کەسێ بڕوا شەرەر بەشیە |
بە یەک جلیوە بە پێ چوونی کە دیم سووتاندمی فەرمووی | سەفەر بۆ کۆیی من هەرکەس بەسەر نەیکا سەقەر بەشیە |
بە لێوی وشکەوە گریانی عوششاقی کە بیست فەرمووی | بڵێ تینووی بیابانی موحیببەت چاوی تەڕ بەشیە |
وتم عەکسی سەراپاتی نەگرت ئاوێنەیی چاوم | وتی عەکسی بتان مەردوم هەتا قوببەی کەمەر بەشیە |
دەخیل ئەی پیری مەی نەشکا خوماری من بە ڕەتڵ و خوم | وتی مەستی نیگەهـ دایم خومار و دەردی سەر بەشیە |
ئەوی دوژمنمە یاری یار و ساحێب سووئی زەننم بێ | مەلەک بێ هەر وەکوو جانی هەموو لەحزە خەتەر بەشیە |
لە خوێنی بێ نەوایان پڕ بووە کاسەی کەلی دنیا | بەشی هەر دۆ ڕژانە پیرەژن یەئس و کەدەر بەشیە |
ئەوی بەدخوو بە خۆیکا تا قیامەت دوژمنی نایکا | کە سەیل خۆراکی چڵکاوە هەمیشە دەربەدەر بەشیە |
درەختی سەرکەش و بێ بەر لە باغی عالەما حەمدی | وەکوو عەرعەر سەروبەر هەر بڕینی موختەسەر بەشیە |
13
[edit]لە عەکسی دەستی ڕەنگینت دڵی پەیمانە ڕەنگینە | لە خۆشی لێوی شیرینت مەی و مەیخانە ڕەنگینە |
کە ئەسراری دەمت بادی سەبای بۆ غونچەیێ هێنا | فەرەح کەوتە دڵی ئێستا گوڵە و خەندانە ڕەنگینە |
مەگەر خەندە جودایی خستە بەینی لێوی شیرینت | کە پشکووت غونچە هەر عەینی وەک ئەو لێوانە ڕەنگینە |
لە باسی گەردن و گێسوویی لەیلاکەی دەکا عاقڵ | نەزانی چەندە زنجیری ملی دێوانە ڕەنگینە |
کە باسی دەست و پەنجەی پڕ نیگاری تۆ دەکەم جانا | میداد و خامە و سەفحە هەموو ئەفسانە ڕەنگینە |
غەریبت کردە کەعبەی ئەهلی دڵ تەنها بە یەک جیلوە | میسالی حۆریی جەننەت بت و بتخانە ڕەنگینە |
بە شوعلەی شەمعی کوڵمت بۆ نەسووتێ دڵ کە بیبینێ | وەکوو توتی لە شوهرەتدا پەڕی پەروانە ڕەنگینە |
وەرە ساقی بە یادی دلبەرە بێ شەرتەکەی حەمدی | بدە جامێ دەخیلت بم قسەی مەستانە ڕەنگینە |
14
[edit]بە پووڵی نایەوێ ئەم شۆخە هەرچی نەوعی کاڵایە | بەبێ کاڵا تەماشاکە وەکوو گوڵ ئاڵ و واڵایە |
نیگاری پەرچەم و نەقشی برۆی وەک خەتتی ڕەیحانی | دەڵێی هاتۆتە تەدریسی موحیببەت شەرحی مەللایە |
گوڵە مەستانە کەچ کە دەرکەوێ با حاشیەی زلفت | دەسووتێ چونکە شەمعی ڕوومەتت وەختی موتاڵایە |
بە ئەجزایی چەمەن تەشکیلی ئەندامت دەکا بولبول | خەرامان سەرو و گوڵ خەندان و نێرگس مەست و شەهلایە |
کە تۆ مەیلت بە هیجرانە لە وەسڵم چی منیش وەک شێخ | لەبەر بێ چارەیی کارم دەڵێم ڕاجیع بە مەولایە |
فیراقت ئاگرێکی خستە سینە هەروەکوو دۆزەخ | لە واوەیلایی دڵ کەوتوومە شک باقڵ لە وەیلایە |
لەبەر هیممەت بڵندی خۆ نەگەییە دامەنی دەستم | بە میزانی تەبیعەت هەڵچووە کەی کورتە باڵایە |
وەرە ناسیح تەماشاکە کە حەمدی شێتی شۆخێکە | لە دەفتەرخانەیی ئیجلالی حوسنا ڕوتبەی ئەعلایە |
15
[edit]دەزانم قاتڵم کێیە چ حەققێکم بەسەر تۆوە | ئەوە خوێنی دڵە دەتکێ بە برژانگ و بە ئەبرۆوە |
بە بۆنی خست دڵم زلفی کە با هێنایە سەر کوڵمی | بە جارێ کۆمەڵێ عەنبەر وەکوو بخرێتە پشکۆوە |
لە شەرمی خاڵی ژێر پەرچەم وەنەوشە گەردنی کەچ کرد | وەکوو موجریم خزایە سێبەری بن باڵی شەوبۆوە |
بە دەورەی مەمکەوە حەڵقەی سەری زلفی تەماشا کەن | دەڵێی گۆچانی عوودی خستە زیوی سافی وەک گۆوە |
بە جورمی عەشق ئەگەر حاکم سەرم ببڕێ منەتبارم | وەگەر نە توو خودا فەرموو گوناهم کوا بە ئەستۆوە |
دڕک غونچەی لە دەستایە لە ڕۆژێکی لە چڵ دەرچوو | بەڵێ گوڵڕوو بەدایم وا بەدەس ئینسانی بەدگۆوە |
لە ئاوی زیندەگی سەهبا و قورسی ڕووی بەچە چبکا | دڵی سۆفی کە دایم وا بەلای دوو خەپلەیی جۆوە |
لەکن ئەربابی دڵ وەختی شەهادەت ئەووەڵی عومرە | کە مرد حەمدی بکەن شادی بەناوی شین و ڕۆڕۆوە |
16
[edit]لە زوڵماتی شەوا جانانە شەمعێکی شەبستانە | شەرابی کەیفی عوششاق و نیشاتی بەزمی مەستانە |
گەهێ وەک بت زیارەتگاهی ڕەندانی خەراباتە | گەهێ ڕەندانە سەر حەڵقەی عموومی بت پەرستانە |
لە سەحنی گوڵشەنا خۆشخوانە گاهێ هەر وەکوو بولبول | بە ڕەنگ و بۆ گوڵ ئاسا گوڵ نمایندەی گوڵستانە |
گەهێ بۆ دلبەری ئەسبابی کوردانەی لەبەردایە | گەهێ بۆ ساحیری هەروەک پەری مەستووری فستانە |
لەگەڵ دڵ حەمدی بۆ سەیر و تەماشا گەر تەماح ناکەی | بەسە ئەم حۆرییە وەک جەننەت و بۆستانە بەستانە |
17
[edit]بەکفری پەرچەمت کوێری دەبینم نووری پڕ چاوە | بەنووری ڕوومەتت چاوی مونەووەر کوێر و داماوە |
بەساڵ و سین نییە کاری جیهان شەوقێکە تێ فکرە | گەماڵی کۆنە وەک تووتک بە شەوقە عاشقی ڕاوە |
وتوویە من شرینقەی ئاوی حەیوان بوو نەجاتی دام | بەڵێ ئەم سنعەتە عیللەت پەڕێنە بۆیە وا باوە |
مەتینە وەک کڵێسا هەر کەسێ مایل بە ئیبلیسە | خودا خواهیش تەماشاکە ئەڵێی مزگەوتی ڕووخاوە |
دەخیلە داخڵی تەئریخی کەن ئەم وەزعە بۆ عیبرەت | ئەوی بێ ناوە ناودارە، ئەوی ناودارە بێ ناوە |
تەجەلی هەر دەکا شەمسی دیانەت موتمەئیننم من | نیهایەت ئەم شەوی دەیجوورە وەخت و ساعەتی ماوە |
لەگەڵ غیرەت دیانەت لازم و مەلزوومە مەعلوومە | دەماری ئەم موسڵمانانە حەمدی قەت مەڵێ خاوە |
18
[edit]ئەگەرچی پیرە دنیا سەیر ئەکەی هێشتاکوو منداڵە | وەکوو میوەی شەرابردوو ڕزیوە ڕەنگی هەر کاڵە |
هەمیشە بیکرە دنیا چونکە مەعشوقی کەسانێکە | خەیاڵی دەرکی بێ کوێرە ئومیدی نوتقی بێ لاڵە |
هوما ئێسکی سووا هێندە گەڕا بۆ تۆزە ئێسقانێ | کەچی لاشەی قەڵە و دایم لەسەر خوانی قەل و داڵە |
دڵم پڕ داغە جەرگم خوێنی لێ دەتکێ وەکوو لالە | کە من سووتاوی ئەو لێوەم دەبینم مەسکەنی خاڵە |
درێژ و کورتی عومری ئەهلی دنیا تابیعی عەیشە | فیدای شامی ویسالێکە لە هەجرا عومری سەد ساڵە |
بە ڕەنگ و بۆ نییە ئیحسانی دنیا هەر بە ڕێکەوتە | لە نەی شەککەر دەبارێ ژاڵە بەو شیرینییە تاڵە |
وەرە حەمدی ئەوی ماڵە لە پێش خۆتا ڕەوانەی کە | ئەوەی بێ جێ کە چوو وا چوو ئەوی جێی بێڵی کەی ماڵە |
19
[edit]مەکە مەنعم لە بتخانە کە نەتدیوە سەنەم کامە | لە جەننەت کەی ئەگەی واعیز کە نەبینی ئیرەم کامە |
بە تەشریفی ئەگەر ئەو شۆخە مەیخانە موزەییەن کا | بە زاهید بۆ ئەڵێن نامەحرەمە ڕێگەی حەرەم کامە |
بە دڵ سافی نییە شێخم وەرە بڕوانە پەڕڕەی دڵ | دەزانی جا نیگاری لەوح و ئەسراری قەڵەم کامە |
وەکوو من میحنەتی هیجران ببینێ گەر شەوێ زاهید | قیامەت جا دەبینێ تێ دەگا گۆشەی عەدەم کامە |
لە بەزمی وەسڵی جانانا ئەگەر هەمدەم دەمێ بووبێ | دەزانی دوردی مەخمووری شەراب و جامی جەم کامە |
لە یومنی بادە تەنیا من نەمایەندەی خەراباتم | بەڵێ پیری موغان ئەلبەت ئەزانێ موحتەرەم کامە |
ئەگەر مەستی نیگاهی تۆ نەبێ مەجنوونە سا حەمدی | بیابانی لەبەر چی گرتە بەر جاهـ و حەشەم کامە |
20
[edit]لە دنیادا ئەوی باقی بمینێ نیک و بەد نامە | حەسەد ئەلبەت بەبێ ناوان دەبا هەر کەس کە بەدنامە |
تەماشای عاقیبەت کە بۆ بەد و نیکی عەمەل زاهید | شەوی بەزمم نەتیجەی سوبحە ڕۆژی ڕۆژووت شامە |
کە نازانی ئیمامەت ئەی ئیمامی سەومیعە فەرموو | سلووکی قامەتی مینا کە سوجدەی بۆ لەبی جامە |
مەقامی خۆ نەناسینە تەماشای جێی پودەر کردن | بەقەد سەرمایە گەر سەودا نەکا تاجر بەد ئەنجامە |
گلە نابێ بکەی شێخم کە ڕووم کردۆتە پیری مەی | کە نووری مەی خسووسی بۆ نییە وەک خۆر لەسەر عامە |
لە فکری ئینتیقاما نابی نەبووە ئەو کەسی مەردە | لەگەڵ قودرەت ئەگەر بووی وادیارە بڵح و کەم فامە |
بە مار نەدراوە پێ هیشتا کە دەهری کردە زەهری مار | خودا نەیکا کەبیدا جا ئیتر عالەم زەهر کامە |
زەمانم من بە ئەحواڵی عەدەم زانیبوو تا ئیستا | وجوودە گەر ئەمە تۆبە خودایا ئەی عەدەم کامە |
تەوەححوش قەت مەکەن ئەهلی موحیببەت قاتیلە سەییاد | ئەگەر سیمورغی بەڕ بێ کوشتەیە یا وەک کەوی ڕامە |
ئەلفبا خوێنی بوو مەجنوون لە مەکتەبخانەیی عەشقا | بە ڕەسمی سوختەیی ئولفەت کەبابی پوختە هەر خامە |
لە باڵا و زلفی یارا لا ئیلاهم خوێندەوە حەمدی | بەناوی خوا خودا بۆ سەیری کردوە ئەم ئەلف لامە |
21
[edit]لە پارسەنگی گەدایانی عەشقدا شا نییە سووکە | من و ڕووی یار، ئەو و پارەی دڵی مسکینی مەفلووکە |
دڵم بۆ وەک نگین شەق شەق نەبێ تەختی سولەیمانی | لەدەس بەخت نەسردا بێ بڵێن تابیع بە کەرکووکە |
بە چاوی مەستی جانان نێرگسی شەهلا دەشوبهێنن | کە بادام و نوقڵ کەی قابیلی تەتبیقی خڕنووکە |
کە سەیری تەوری دنیاخوازەکانم کرد وتم یاڕەب | کە زاوا بن ئەمانە وای بە حاڵی بووک و بەربووکە |
بە گوێی من گەر بکا سۆفی دەخاتە پشتی گوێی ڕیشی | کە ئێرە جەننەتە جێی کاکۆل و ڕوخساری بێ تووکە |
زڕەی زنجیر و ناڵەی پڕ لە تەئسیری لە دڵ هەڵسا | چییە سووچی لە زیندانا دیسان مەحبووس و مەترووکە |
وتوویە حەمدی کوشتەی غەمزەمە بۆ گەردن ئازایی | لە مردنیا دەچم ئامان ئەجەل هەرچی دەکەی زووکە |
22
[edit]لەسەر ڕوخساری گوڵ شاخی سەمەن ئاسایە ئەو زلفە | بەسەر پشکۆوە هەروەک عەنبەری سارایە ئەو زلفە |
لەسەر قەت دەردەچێ شەوقی جنوون گەر زەڕڕە عەقڵم بێ | دەزانم سیلسیلەی مەجنوونەکەی لەیلایە ئەو زلفە |
بە جیلوە لەمعە لەمعە پرتەو ئەڕژێنێ لە گەردندا | دەڵێی سەبحەی شەوە ڕۆژی جیهان ئارایە ئەو زلفە |
بە پەنجەی شانە ئەفشانی دەکا بۆ مردنی عاشق | لیباسی تەعزییەی زیبەندی باڵایە ئەو زلفە |
سەبا هیممەت بفەرموو باوەشێنی پەڕڕەیی گوڵ کە | بە ڕەیحانە کە دەستە بەستەیی مەولایە ئەو زلفە |
گەهێ سەرمەستی نەشئەی ساغیری یاقووتی لێوانە | گەهێ زنجیرەیی ساقی ملی مینایە ئەو زلفە |
گەهێ مەسنەدنشینی ڕوومەتە هەمڕازی دوو نێرگس | لەبەر چاوی بەدە گەهـ حایلی سیمایە ئەو زلفە |
کەلامی تەفرەقە و فکری پەرێشانی هەیە حەمدی | لە مەعنادا دەڵێی ئەشعاری بێ هەمتایە ئەو زلفە |
23
[edit]ڕەفیقی من بە شەو تەیرێکە دەگری دائیما تاقە | ئیتر بۆچیمە هەمدەم نامەوێ ئەم گونبەد و تاقە |
بە فەرمانت ئیتاعەت هەر دەکەم تاکوو نەفەس مابێ | لە دڵتا هەرچی تەکلیفە بفەرموو گەر هەموو شاقە |
ئەگەر مەیلت بە بەرگی ئەتڵەسی ئەفلاکە پارچە کەم | گوڵی ئەستێرە شیرینە نەوەک گوڵ سورمە و تاقە |
ئیدارەی مەشعەلی حوسن و جەماڵی تۆیە مەقسوودی | خودا لەم شەوکەتی ئەفلاک و تەنزیماتی ئافاقە |
ئەزەل مەربووتی زلف و ڕوومەتی تۆیە دڵ و ڕۆحم | ئەگەر ئیمان ئەگەر کوفرە لەسەر ئەو عەهد و میساقە |
بە ئیستیحقاقە ئیحسانت ئەگەر ئەهلی بەسیرەت بێ | شەهنشاهـ و گەدا سەیری مەقامی کۆیی عوششاقە |
مەجازە مەرتەبەی ئەووەڵ کەسێ مەیلی حەقیقی بێ | ئیتر غەدرە بە حەمدی گەر بڵێ واعیز بەد ئەخلاقە |
24
[edit]ڕەشێنەی چاوی شەوقی دیدەنی یاری سپی کردووە | خوایا ڕوو ڕەشی کەی مانعی دیدارە ئەم بەفرە |
بە تانەی سەر سپێنەی عەینی عەشقی ئێمە قەت نابێ | وەکوو بەحری سیا گەر مەوج بدا لەم شارە ئەم بەفرە |
25
[edit]بە نەخچیرانی سەییادان ئەدەن مەردانە ئەو دانە | بەهای خوێنە بە ئینسانی بدەن دوونانە ئەو نانە |
لە ئەجزای سلسیلەی عالیت بەبێ ئومێدی فەیز و فەڕ | تەماسی پەرچەمی نەبوایە نەیبوو شانە ئەو شانە |
26
[edit]موبارەکبادی جەژنم لێ مەکەن کەی من ئەوەم جەژنە | کە وەسڵم بۆ مویەسسەر بێ شەویش بێ ئەو شەوەم جەژنە |
کە من قامەت خەمیدەی باری هیجرانم لە خەودا گەر | سەراپای بەژنی ئەو سەروە ببینم ئەو خەوەم جەژنە |
27
[edit]بە شانە هەر شەوێ ئەگریجە دابێنی کە تا سینە | ئیتر دڵ هەر تەپ و کۆیە دەزانێ وەختی تا سینە |
لە سینی و تەشت ئەدا عالەم کە من ئەیدەم لە سینە و سەر | لە خەڵقی وایە ڕۆژ گیرا کەچی داپۆشرا سینە |
28
[edit]بۆیە من مەستیم لە هوشیاری گەلێ پێ خۆشترە | ئەم خەراباتە کە هوشیاری لە مەست سەرخۆشترە |
سەیرە هەر کەس ڕوو دەکاتە ئەم خەراباتەی وجوود | کاسەکەی هەر چەندە پڕتر بێ ئەوەندە بۆشترە |
29
[edit]تۆ لە شەودا بی وەتەن من چۆن بڵێم نەورۆزمە | ئەم گوڵاڵەی ئاڵ و واڵایەی بەهار پیرۆزمە |
جەژنی چی هەر ماتەمێکی ڕووتە شین و گریەیە | تا هەڵێ ڕۆژێ کە کوردیش پێی بڵێ جا ڕۆژمە |
30
[edit]ڕووڕەشی وەک هاتووە دی هەر لە جەبهەی غەربەوە | ڕۆژهەڵاتی سوورە ڕوویان نەک لە وەختی حەربەوە |
ئەم قیاسە هەر کەسێ چاوی ببینێ تێ دەگا | شەرقیی و غەربی دیارە چی بە حەرب و زەربەوە |
31
[edit]عەکسەکەت پڕ مەحفەزەی چاوە بەجێ جێم کردەوە | لایقی عەرشی دڵم بوو لوتفەکەت ڕێم کردەوە |
من نەوەی کوردیم و لوتفی تاجداری قەومی کورد | کەوتە دەستی بەستراوی خزمەتم پێم کردەوە |
32
[edit]مونتەهای بەرزیی بە دیققەت تێ دەفکرم پەستییە | ئیبتیدای حاڵی عەدەم دیارە نەتیجەی هەستییە |
میحنەتی پەست و بڵندی و زەحمەتی هەستی و عەدەم | دەردی بێ دەرمانن و دەرمانیان هەر مەستییە |
33
[edit]ئەی وەتەن ڕۆم و عەجەم موشتاقی کوردستانتە | ئیفتیخاری میللەتی کورد شەوکەتی عینوانتە |
بەستە سەربەرزی ئێواران و سبەینان مانگ و ڕۆژ | وەک نیشانی ئیفتیخاری سنگ و نەجمەی شانتە |
بەرق ئەدا و ئەڕژێ وەکوو ئەمواجی گەوهەر چەشمەکان | ئاوە یا ڕۆحی ڕەوانی چەشمەیی حەیوانتە |
ئاوە یا نوورە لە عەکسی خۆر کە دەبریسکێتەوە | ئەهلی حیکمەت وا دەزانێ دوڕڕەکانی کانتە |
گوڵگوڵی سوور و سپی خاڵخاڵی خاکی ڕەش ئەڵێی | پۆدرەیی ڕوخسار و سورمەی ڕشتنی چاوانتە |
عاشقی ڕەنگی خەزانی تۆیە بۆیە دێ بەهار | فەسڵی هاوین گەرمی مەیلی بەفرەکەی زستانتە |
بۆ چی ئەنباری زەخیرەی کائیناتە شارەزوور | شەهربازاڕ خوانی میوانە لەبەر میوانتە |
باسی میوەی تۆ دەکەم بۆیە قەڵەم هاتۆتە بەر | بەستەکانم بستەیی ئەهلی دڵ و عیرفانتە |
بۆ ئەمەی جارێ بەسەرتا پێ نەنێم ئەفکاری من | یا بەسەر ڕۆیشتنە یا سەربەسەر هیجرانتە |
پڵپڵەی پشتێنی زێڕینی حەبیبی قەومی کورد | زڕزڕە و پشتێنەیی بەردینی قەد شاخانتە |
پۆیە سیروان و زەرب بۆ شاڵی چۆغە و ڕانکت | وەک حەریر دیجلەی جەزیرە با ئەدەی بۆ تانتە |
کورد کوڕەکاژاوی لووتی وا بڵند کردۆتەوە | هەر وەکوو شەمزینی بادین ئارەزووی بەرزانتە |
ئاسمان و شاخی بەرز و سەتحی ئەرزت دەردەخا | ماڵی کوردیت و ئەوە دیوار و حەوشە و بانتە |
پەیکوڵی تا قەسری شیرین ڕاکشاوە پێی کوڵی | دەستی قەندیلت درێژە بۆ چراچی وانتە |
پیرەمەگروون تاجی شاهانەی بەسەر بەرزی فڕاند | تەم دەماوەند داگرێ مەحجووبی هەورامانتە |
خەتتی دیوانی شکستەی گرد و لووتی بەرزی شاخ | وازیحە بۆ سەربەخۆیی توڕڕەیی فەرمانتە |
جار بە جارحەمدی گلەت گەر لێ بکا ناحەق نییە | جەردە ڕامەگرە نەڵێن خەڵقی کە جانی جانتە |
1927
34
[edit]وەک هەوا کەوتوومە گێژی گونبەدی ئەفلاکەوە | ڕەببی بیبینم وەکوو کیسرا بە سینەی چاکەوە |
بۆ کەسێ تا سەر وەفاداری نەبوو بێ مروەتە | سەیری ئەسکەندەر دەکەن ڕۆیی بە مشتێ خاکەوە |
چاکە دایم هەر لە پێناوی خراپا ڕۆییوە | گەوهەری دەریا بە دایم وا لەژێر خاشاکەوە |
هەر شکستی ئەهلی مەعنای مەتڵەبە دەورانی پیر | ڕەش دەخاتە سەر سپی پیسی ئەکاتە پاکەوە |
ئینتیقامی خۆم دەسێنم جەهل ئەگەر مانیع نەبێ | شوعلەیی ئاهم دەنێمە خەرمەنی ئیدراکەوە |
خەرقەیی شاهـ و عەسای مووسا لە لام بێ شەوکەتە | فەخری ئێمە وا بە کەوڵی پۆست و دار مەششاکەوە |
عیبرەتە ئەربابی غیرەت تێبگەن من چی دەڵێم | ئەهلی عیسمەت حەپسە سەربەستی بە لای بێ باکەوە |
قەومەکانی ڕوپیەخۆرم دێنە بەرچاوم ئەڵێن | گەر بە جۆ بمرێ شەهیدە سەگ بە گۆشتی لاکەوە |
لاتن و لۆتی نەفامن بۆ نیشات و مەنفەعەت | دەبنە قوربانی سەگێ بێ شک بە باب و داکەوە |
بۆ نەمانی دین و غیرەت هیممەتی کورد و عەرەب | وا بەسەر لەوحەی کیتابی حەسرەتی ئەتراکەوە |
تا دەبێتە مولکی ئەربابی حەمییەت کەم دەکا | ئاگری تاجر دەنێتە خەرمەنی مەللاکەوە |
شەرتە تا ڕۆژی قیامەت دەست لە ئەژنۆ بەرنەدەم | سەر لە قوڕ نێم بۆ سیادەت بەم دڵەی غەمناکەوە |
بۆ دلێری حەزرەتی مەحموود مەمدووحی جیهان | تاقە یەک گوڵ بوو بە فەرقی پیری ئەحمەد کاکەوە |
بۆ دوو مەحمودخان ئەمیری سەرحەدی ڕۆم و عەجەم | بوونە ئەسحابی قوڕەیش و چوونە سیلکی چاکەوە |
ساڵی تەئریخی دەپرسی «ئالی کاک ئەحمەد غەریب» | کەوتە عالەم دڵ حەزین و دیدەیی نمناکەوە |
1919
35
[edit]ساڵی جارێ هەر دەبێ ئەم شارە بێتە مەزبەلە | یا بە بۆمبا یا بە ئاگر یا بە بارانی پەڵە |
ئاگرت تێ بەربێ گەردوون وا ئەبێ دەور و خولت | نایەڵی قەت مەزرەعەی ئومێدی کورد بێ دوو پەلە |
بۆ مەزەڕڕەت هەر تەنەززولتان کە فەرموو بۆ زەمین | عادەتت وایە کە کوردستان بکەیتە مەرحەلە |
بۆ چی بوویتە مەسخەری ئەرز و سەما ئەی مەملەکەت | بۆ چی بوویتە مەعرەزی ئافات و فیتنە و وەلوەلە |
خەڵقی وەک تینووی بەراون بۆ نمی باران کەچی | بەو نمە بارانە ئێمەت خستە ئەم مەرگە مەلە |
یا بە حاڵی ئێمە گریا گوێژە فرمێسکی بەخوڕ | هات و لێشاوی سلێمانی کە خستە زەلزەلە |
هاژەیی لافاو و گرمەی هەور و چەخماخەی هەوا | لەرزی هێنایە مەلەک ئینسانی خستە هەلهەلە |
سەددە هەڵدەستێ لەبەر لافاوی کوردستان کە بێ | دیجلە لێڵ و وێڵ ئەکا شەیتان ئەخاتە پێمەلە |
موقتەزایی خاکە هەر شەیئی کە تێدا هەڵکەوێ | هێندە بەرز و دیارییە وەک دارەکانی سەرکەلە |
کوندەبووی نەگبەت وەهای زانی کە ئەیوانی جەمە | ئەم کەلاوانەی کە دی گڤ بوو بوو ئەتوت هۆکەڵە |
پاشی لافاو هەر بەیەک مەوداوە فیرقەی عەنکەبووت | بۆ سەرا پەردە لە شاران کەوتبوونە کەل کەڵە |
ئەم برینانە زەمانە هەر دەبێ ساڕێژی کا | حەمدی ئەمما بۆ ئەمەش پێویستە سەعی و حەوسەلە |
36
[edit]مەکتەبە چاوی وەتەن بیلبیلەی تیفلی میللەتە | گەر نەبی مەکتەب وەتەن کوێرێکی ساحێب زیللەتە |
خەڵقی تازە پێگەیشتووی میللەتن ئەم مەکتەبە | هەر وەکوو باغە موعەللیم باغەوانی سنعەتە |
بورجی ڕۆژی ئاسمانی دەوڵەتە مەکتەب ئەگەر | ئارەزووتانە وەکوو ڕۆژ شوعلەوەر بن فرسەتە |
تەربیە و تەعلیم ئەباتە ڕیزی ئینسان وەحشیان | بێ عیلم ئینسان لە ژێر بارا خەریکی میحنەتە |
ماڵی مەکتەب ڕەببی ئاوا بێ خەزێنەی جەوهەرە | تا هەڵی کۆڵی هەر ئەشیا و کیمیا و حیکمەتە |
میللەتی کورد وا بە شیددەت ئینتیزاریمان ئەکەن | تێبگەین و پێبگەین زەحمەت نەتیجەی ڕەحمەتە |
ئیفتیخار ئەووەڵ چرۆی ئەم باغەیە ئەووەڵ بەری | هەر دەمی تامێ ئەدا هەرجێ بەجێ پڕ قیمەتە |
هەر کەسێ مەکتەب بە ئەرزێکی موقەددەس دانەنێ | دیارە حەمدی ئەو کەسەش مەحکوومی جەهل و نیگبەتە |
37
[edit]ئاسمانی فکرە ئەرزی پاکی دیوانی قسە | عەرشی قەلبی خاس و عامە تەختی سوڵتانی قسە |
توحفەیی لایق بە فەخری عالەمی دیبێ خودا | هەر کەلامێکی قەدیمە سەیری عینوانی قسە |
ڕۆژ و شەو شام و نەهاری لێ ئەکەن ئەم عالەمە | ڕێزەیی نوقسانی نابێ نیعمەتی خوانی قسە |
پیرەزاڵی پووری زاڵێکە ئەگەر دەستی کەوێ | قەبزەیی شمشێری جەوهەرداری بوڕانی قسە |
کۆنەباوی شیر و تیری ڕۆستەم و ئەسفەندیار | ئەسلەحەی خامە و زمانە مەردی مەیدانی قسە |
بۆ دەمی مەستی مەیی ئیدراکە لێوی کردەوە | لەفزی پڕ مەغزە کە بەستەی نەخلی بوستانی قسە |
شانەیی شمشادی فکری نازکی ئەربابی تەبع | بۆ سەری گێسوویی موشکینی پەرێشانی قسە |
پڕ لە لەفزی نازکە هەروەک سەدەف بەحری فکر | مەعنییە دوڕڕی یەتیمی ئاوی نیسانی قسە |
ئاوی حەیوانە لە شیعری ئابدارا غائیبە | باقییە ناوی موئەببەد مەردی دیوانی قسە |
سەبحەیی سەد دانەیی ئەربابی عیرفانە غەزەل | ڕشتەیی باریکی فکرە لەعل و مەرجانی قسە |
حەقیە بولبول گوڵ بنێ دایم بە کەللەی سەریەوە | دەستی وەک حەمدی بگاتە چاکی دامانی قسە |
38
[edit]دەک فیدات بم شاهبازی خێڵی خوبانم وەرە | توخودا ڕەحمت ببێ کەبکی خەرامانم وەرە |
پەرچەمت لادە لەسەر ڕوومەت بە مەحزی ئیمتیحان | دەفعی زوڵمەت با ببێ ئەی ماهی تابانم وەرە |
من لە دوور هاتوومە دیدەن بۆ چی بێ مەیلی دەکەی | کافریش بم خۆشە لای خوا چونکە میوانم وەرە |
ڕوومەتی سافت لە پەڕڕەی گوڵ گەلێ نازکترە | قەد سنەوبەر، دیدە نێرگس، زلف ڕەیحانم وەرە |
با وەکوو من عالەمێ شەیدایی حوسنی تۆ ببێ | دلبەری مومتاز و شاهی دیدەمەستانم وەرە |
من لە تەعنەی دۆست و دوژمن زەڕڕەیێ باکم نییە | بمکوژە ئەمما بە شەرتێ نووری ئیمانم وەرە |
غەیری وەسڵی تۆ لە لای حەمدی نەماوە ئارەزوو | تاکوو ماوم لەحزەیێ ئاسایشی جانم وەرە |
39
[edit]دیدە بۆ مەغشووشە لێڵایی بەسەردا هاتەوە | هیجرەتە تەشریفی دووبارە لە دەردا هاتەوە |
مەجلیسی ئولفەت کە گەرمی مەستی نەشئەی بادە بوو | هەر وەکوو ماتەم لە غەم پەردەی بەسەردا هاتەوە |
دەس لەگەردنکردنی زلفت چ شیرینە خودا | سا لەتیکەی جەرگی شانە بەو کەمەردا هاتەوە |
تۆ کە هەڵهاتی خۆر ئاوا بوو لە عەکسی ڕوومەتت | شوعلە ئەفشانی بە ڕوخساری قەمەردا هاتەوە |
توخودا فەرموو بە پێوە بێرە بانی دیدەکەم | با تکەی کەم بێ گڵی زۆرە بەسەردا هاتەوە |
چاوی تۆ خۆش بێ نەماوە تازە ئومێدی ژیان | لەت لەتی دڵمە لەگەڵ خوێنی جگەردا هاتەوە |
ئینتیزاری قافڵەی غەم بووم لە ڕێوە بێتەوە | حەمدی وا هیجری موئەببەد خۆ لەبەردا هاتەوە |
40
[edit]نازی گەردوون بۆ دەکێشم ئەو بە ڕۆژی ڕووتەوە | من بە ماهی نەخشەبێکی شوعلەدەر وەک ڕووتەوە |
بەر دەخا ئاهووی خوتەن بۆ نافەیێکی میشک بۆ | عەنبەری سارا فرۆشم من لە سایەی مووتەوە |
تاقی ئەبرۆتم مورادە ڕوو لە قیبلەم بۆ نوێژ | ئەهلی قوبلە چی بەسەر میحرابی تاق و جووتەوە |
تا قیامەت من منەتباری غەمی هیجرانی تۆم | ئەو دەخۆم و عامییانە نیم بەتەنگی قووتەوە |
بۆ گەدایی کۆیی جانان سەڵتەنەت هەر مردنە | گەر خودا ڕەحمی لە دڵ نێ بێ لەتەک تابووتەوە |
عەشقی شیرینت ببێ عاشق لەگەڵ ئەم زوعفەدا | کۆهکەندێکی چ حەققت تۆ بەسەر بازووتەوە |
دلبەرت ڕۆیی ڕەقیبی کەوتە دوو خاکت بەسەر | حەمدی بنواڕە سەگێکە وا بەدووی ئاهووتەوە |
41
[edit]موژدە بێ یاران ئەڵێن تەشریفی جانان دێتەوە | وەک هیلالە قامەتم تا بەدری تابان دێتەوە |
ڕۆژ کە گیرا شەمشەمەکوێرە عەجەب کەوتە سەما | سا دەبا کوێر بێ بینینی ڕۆژی ڕەخشان دێتەوە |
موددەتێکە موڵکی دڵ وێرانە شاگەردانییە | ساحیبی سواری هەوایە وەک سولەیمان دێتەوە |
وەک شەوی لێکردووە زوڵمەت دڵی ئیسلامەکان | ڕۆژە جا ئەلحەمدولیللا نووری ئیمان دێتەوە |
بولبولی شەیدا لە ئەترافی چەمەن بۆ ناڵەتە | گوڵ بە خەندانی وەکوو سەروی خەرامان دێتەوە |
بۆ حەیاتی تازە بیداتە شەهیدانی وەفا | هەر وەکوو دەریایی عوممان ئابی حەیوان دێتەوە |
مەسکەنی کێوانە حەمدی هەمدەمی دێوانەگان | تا بەخێرێت ئەو ڕەئیسەی خێڵی ڕەندان دێتەوە |
42
[edit]وەختە ساڵێکە کە ڕۆژێکم نەدیوە هەر شەوە | مردنە ئەم حاڵە یا ئاخر زەمانە یا خەوە |
بێ وەفایی گەر نەبێ ڕاستی لە نەگبەت عاجزم | ڕەببی بینێری ئەجەل قائیمەقامی ئەم ئەوە |
ئەم دڵە لەت بێ لە زوڵمی خەسمی کافر عاجزە | دلبەری بێ شەرت دەزانێ واسیتەی عیجزم ئەوە |
شوعلە کەوتۆتە دەروونم حیسی ڕووناکی ئەکەم | بەرقی ئاهە یا تلووعی شەمسی ساحێب پرتەوە |
وەسڵە یا هیجران بێ وەقفە گرۆهی عاشقان | یەک بەیەک حەمدی ئەڵێن نامەرد زەمانی سەرڕەوە |
43
[edit]تۆ بە چاوی سورمەدار و زلفی موشکین نافەوە | ئاسکەکەی دەوری خەتا بووی کەوتییە ئەترافەوە |
بەم شەوی هیجرانە فەرموو با چراخانێ بکەین | من بە شوعلەی ئاهی گەرم و تۆ بە مینای سافەوە |
تۆ کە تاقە غونچەکەی گوڵزاری حوسنی ڕۆحەکەم | چیت بەسەر ئەسبابی تاقە و ئەتڵەس و کیشبافەوە |
کفرە بۆ چی گەر بپرسی حاڵی خەستەی عەشقی خۆت | با بڵێن کردوویە جارێ ڕوو بەلای ئینسافەوە |
سالیکی ڕێگەی موحیببەت سەر لە جێی پێ دادەنێ | چی بەسەر چۆلی عیراق و یا بە کێوی قافەوە |
تا قیامەت با بەرن باری گلەی ئێمە سەلەف | ئاگرێکی وەک عەشقیان نایە دڵ ئەخلافەوە |
تێ گەیشت حەمدی کە بەندەی شێتییە دنیا و دین | ڕوو ئیتر ناکاتە زاهید چی بەسەر ئەشرافەوە |
44
[edit]من لە عالەم چوومە دەرچیمە بەسەر ئینسانەوە | ئێستە ئینسانم کە چوومە مەسلەکی حەیوانەوە |
شێت و شەیدایی نیگاهی چاوی مەستی دلبەرم | پێکەنینم دێ بە کوشتن چیم بەسەر گریانەوە |
کوڵمی هەڵگیرسا وەکوو ئاگر بە نووری ئابی مەی | دڵ وەکوو پەروانە چۆتە مەجلیسی سووتانەوە |
کەس نەبوو داوێنی ساقی بابدا ڕەحمی ببێ | خوێنی من بۆ چی دەکاتە کاسەیی خوبانەوە |
تاجداری خوسرەوانم چونکە خاکی کۆیی تۆم | خاکی کۆی تۆ گەوهەری تاجە بەسەر سوڵتانەوە |
ئارەزووی وەسڵم لە هیجرانا ئەگەر حاسڵ دەبوو | جا دەبوو بمرم بە داخی یەک نەفس هیجرانەوە |
حاشیەی پەرچەم عەیانی کردووە سڕڕی جەمال | هەر وەکوو تەفسیری بەیزاوی بەسەر قورئانەوە |
خوێنی من کەوتۆتە سەر لێوت حەقە بیخۆمەوە | بیدە وەک ساقی کە ئەیدا مەی بەدەم مەستانەوە |
من فیراری دەوڵەتم ئەمما ئەسیری زلفی یار | شاد و مەحزوونم کە مەشهوورم بە دوو عینوانەوە |
دەرنەکەوتی بۆیە بەم جەژنە بە ڕۆژوو مامەوە | جەژنی من جەژنانەیی تۆ بێ بە ماڵ و جانەوە |
تو خودا ڕەحمت ببێ بەسیە ئیتر بنوێنە ڕوو | ئینتیزاری مانگە حەمدی چونکە بەم سەربانەوە |
1920
هەڵەبجە
45
[edit]لێم گەڕێ واعیز ئیتر سووڕەت پەرستی کارمە | ئەم جەلالە سەیری عەکسی دڵفریبی یارمە |
خوێنی جەرگم گەر لەدەست و پێ گری هەروەک خەنە | جا دەڵێم خۆزگەم بە خۆم خوێنم لەسەر خونکارمە |
زەڕڕەبینم بۆچییە گەر زەڕڕە نووری بێ بەسەر | جیلوە بەخشی دیدە عەکسی شەوقی مەهڕوخسارمە |
چەرخە توخوا با بزانم چۆنە ڕەسمی بت پەرست | ڕووبەڕووی سووڕەت لە خاکە کەوتنم ڕەفتارمە |
شێوەکەی بێ دەنگ ئەدا ئەم عەکسە تەسکینی بە دڵ | بێ بەشە دەمدەم بە دەم حەقمە کە هەر هاوارمە |
لەب بەخەندە سوڕەتی جانانە حەمدی سەیر ئەکا | بۆ نیساری بۆیە شیرین وەک شەکەر گوفتارمە |
46
[edit]هێند دڵم موشتاقی تاقی جووتە کەعبەی ئەبرووە | وا لە عەینی فیتنەدا سوجدەی بە قیبلەی بردووە |
سەیری ئەم شەوقە بە سەیر و باسی زلفی ئەو گوڵە | موو لە ناوی چاوم و نوکی زمانم دەرچووە |
با نەجاتی زوو ببێ عاشق لەژێر چنگی ڕەقیب | ئەو مەڕە ناژی لە چنگی گورگی زاڵم بەر بووە |
تۆ لە شەوقی من دەسووتێی بۆ چی دەیفەرمووی وتم | ئەی شەمع پەروانە لوتفەن فێری کردم ئەم خووە |
هێند گەڕا دنیا نیهایەت کەوتە دەستی کوفئی خۆی | خوێنی خەڵک و ماڵی عالەم بوو جییازی ئەم شووە |
وەک لە دووی دنیا گەڕا گەر بۆ عەسای مووسا دەبوو | ئێستە دەستی کەوتبوو بووبوو بە فیرعەون ئەم جووە |
ناوی حەمدی بۆتە پێخۆری قسە زوو بیکوژن | با لە لوقمەی ئەم دەنی تەبعانە دەرچێ ئەم مووە |
47
[edit]ڕووم لە تۆیە پرتەوی خورشید و ماهم بۆ چییە | خاکی بەرپێت تاجی سەرمە، تەختی شاهم بۆ چییە |
کیشوەری سەبرم بە مەعمووری تەسەڕڕوف کردووە | ماڵ و موڵک و شەوکەت و ئیقبال و جاهم بۆ چییە |
هەر دەمەی نەوعێکە ڕەنگی چەرخی کەچ ڕەفتاری پیر | گریەیی پڕسۆز و خەندەی قاهقاهم بۆ چییە |
زیکری قادر نەقشبەند لەوحەیی قەلبم دەکەم | نامەوێ ئەسڵەن ئیعانەی کەس پەناهم بۆ چییە |
خۆشە دەروێشی نەبوونی بۆتە مایەی ڕاحەتی | خەوفی ڕزقی شام و لوقمەی سوبحگاهم بۆ چییە |
هەر بەیەک نیمە نیگاهت تا قیامەت مەست ئەبم | چاترە فیرقەت لە وەسڵی وا نیگاهم بۆ چییە |
بۆ عەدو بەرقی هەناسە و بەردی ناڵەم کافییە | حەربگاهـ و ئەسلەحە و نوزم و سوپاهم بۆچییە |
ڕاحەتی مەملووکی دەروێشانە حەمدی لێم گەڕێ | عەرز و حاڵ و ڕەهبەر و یا دادخواهم بۆچییە |
48
[edit]یووسفی من سەد زولەیخا عاشق و مەفتوونییە | سەد هەزاری میسلی لەیلا هەر وەکوو مەجنوونییە |
ڕوومەتی وەک قورسی خورشیدە لە بەرق و شوعلەدا | زلفی شەو جەبهەی ئوفوق چەرخی کولە گەردوونییە |
بۆتە بۆتە سینە دڵ مەشغووڵی حەللی دلبەرە | ڕۆحی گوڵ لەعلی بەدەخشان و قەمەر مەعجوونییە |
نێرگس و شەوبۆ و وەنەوشە بەرگی گوڵ سەرووی سەهی | چاو و زلف و خاڵ و ڕوخسار و قەدی مەوزوونییە |
سفرەیی ئەربابی هونەر کەمتر لە خوانی جەم نییە | دیدە جام و دڵ کەباب و مەی سرشکی خوێنییە |
شاهێدم زۆرە کە مەیلی ڕۆینت فەرموو وتم | ڕۆحەکەم حەمدی کە دەفڕێ ئارەزووی دەرچوونییە |
49
[edit]وەتەن عەزیزە دەخیلە مەڵێن گڵی خاکە | گڵی کلێکە سورمەیی عیوونی ئیدراکە |
مەڵێن تەحجیری کردووە لە ئاو و گڵ بەردی | بڵێن کە جەرگی شەهیدانی کوردی بێ باکە |
خەڵقی حەقە بە دیجلە بڵێن ئاوە لێڵ و وێڵ | چەشمەی ڕەوانی ئێمە ڕەوان قیبلەیی پاکە |
شاخی درێژی سەددی سکەندەر نیشان ئەدا | گردی ستوونی بەرزی سەراپەردەی ئەفلاکە |
گەر گوڵشەنی نەپشکوێت و نەڕازێنەوە چەمەن | حەقیانە کورد دەمێکە پەشێواو و غەمناکە |
حەمدی دەناسی تورک و عەجەم دیارە ئەجنەبیش | دوژمن بە خاکی کوردن ئەمانەت کە دی ڕاکە |
50
[edit]بازاڕی عالەمە کە بەقاڵی بە قاڵییە | مەعنا لە مەعنایە قسەی خاڵی لە خاڵییە |
ڕوو ترش مەکە لە کردەوەی ئەم چەرخە کەچڕەوە | شیرینی ئەم هەوایە بە تاڵی بەتاڵییە |
51
[edit]بۆ چیمە ماڵ و چیمە بە بەحسی ژیانەوە | وەک نەخلی بەختی کوردە کە دیومە ژیانەوە |
جێی حاکمی بەبانی بە دەروێشی دا زەمان | ڕێوی ئەخاتە لانەی شێری ژیانەوە |