Jump to content

دیوانی شێخ نووری/بانگەوازی ویژدان

From Wikisource
306367دیوانی شێخ نووری — بانگەوازی ویژدان1970شێخ نووری شێخ ساڵح

مووی سپی و پشتی خەمیدەم وتی بەسیە گڕوگاڵ

[edit]
مووی سپی و پشتی خەمیدەم وتی بەسیە گڕوگاڵ پیرم و ئێستە هەموو شەو کچی ڕەز ناخوازم
سەربەرەو خوارەیە ڕێم، باوی قولم زۆر خۆشە تێپەڕی، قووەتی هەنگاوی سەرەو هەورازم
نییە کەس باری نیازم بگرێتە سەر شان هەر مەگەر یاری ئەجەل بێت و بکێشێ نازم
تەعنەیی بەدخواهـ و قسەی پووچی ئەم و ئەو بوو کەوا کونجی بەدبەختی و ماتەم، بووەتە دەمسازم
تانەی تێنەگەیشتوو جگەری وا لەت کردم خوێن ئەپاڵێوێ لە سەد لاوە دڵەی غەمسازم
هەرچی کردوومە لەمەوبەر، دەمی نادانی بوو نادیمم ڕەببی لەتۆ لوتف و کەرەم ئەخوازم

1941/10/28

ویژدان

[edit]
نییە نیشانەیی حیسێ، کە پێی ئەڵێن ویجدان وەیا شعوورێ کەوا ناوی لێ نراوە زەمیر
لەلای ئەوانە کە ناپاک و خائینی وەتەنن گڕ و تەزووی بەزەیی، ناکەوێتە سەر لەشیان
لەلای ئەمانە جیهان دوو شتە بەبێ کەم و زیاد یەکێکی مەنفەعەتی زاتییە، بەبێ شەرعیش
دەسی کەوێ زۆر دڵنیاو شادانە بەتەنگەوە نییە، هەرگیز لە هێرشی تانە
ئەمە شتێکە وجوودی زەرورییە لایان ئەوی تری شتێکە لە نەزەردا بێ بوونیان
بەتەنگەوە نییە بەربێتە ڕووی زەمین وەیا بەشەر هەموو بڕوا بە هایدرۆجین
بە ئیشی نەوعێ بەشەر شادمان و مەسروورن ئەگەرچی مەنفەعەتی خۆشی تیا نەبێ یەقین
خودا نەکردە، مەنافع ببێ «معاذ الله» بەڵام ئەوەندە خودا ڕەحمی کردووە زۆر نین
ئەگەر لەمانە کەمێ زیاد بوایە مقداری دەمێ بوو ڕووی زەمین، هیچ نەمابوو ئاساری

ئامۆژگاری

[edit]
گوێ لە نووری بگرە جانا، با نەبی تووشی زیان ئیعتیمادت قەت نەبێ، هەرگیز بە ئەوزاعی جیهان
تاکوو تۆ ماوی لە ئازاری ئەم و ئەو دوور ئەبی گەر نەکەی تۆ مەیلی ئازار و عەزابی ئین و ئان
یاری کۆن هەروەک شەڕابی کۆنە، تابێ چاک ئەبێ قەت نەکەی هەرگیز بەیاری تازەوە خۆت سەرگران
سوحبەت و مەیلی موحیبانت ئەگەر لا مەتڵەبە تێپەڕیوی ئیمتیحان، هەرگیز نەکەی تۆ ئیمتیحان
ئەو ئومێدەت قەت نەبێ ڕازی دڵت شاراوە بێ تۆ کە خۆت فاشی بکەی، بۆ عالەمێ ڕازی نیهان
لات موحەقەق بێ، بەجارێ گووم ئەکەی ئاساری خۆت خۆت نەکەی گەر تۆ بە خوڵقی چاکە لای کۆمەڵ عەیان
قەت غەمی ئەم دەهرە نانیشێتە سەر پەڕەی دڵت گوێ ئەگەر نەگری لە ڕێکی یا لە ناڕێکی زەمان
ژینی باشت بۆ پەیا بوو گەر لەسەر ڕوویی زەمین باڵی مەغرووری مەجووڵێنە بەرەو ڕوویی ئاسمان
دوژمنت گەر دی زەعیف و ناتەوان، مەسروور مەبە ژینی دنیا بۆ کەسێ نامێنێ تا ئاخر زەمان
بەسییە «نووری» ئەم قسانەت وا ئەزانم ئاخری وەک چرا بۆ سووتنی خۆت، گڕ ئەخەیتە سەر زبان

1951/02/21
زێبار

لە دونیادا ئەگەر لای تۆ ببێ ئیدراک و تێفکرین

[edit]
لە دونیادا ئەگەر لای تۆ ببێ ئیدراک و تێفکرین گەمارۆت گەر بدەن عالەم، هەموو دڵ پڕ لە بوغز و کین
بە نافامی هەموو بێن و زەمی عەقڵ و دیرایەت کەن گرۆهی ئادەمیزاد، موحتەرز بن لێت و نەفرەت کەن
بە ئیمانێکی نالەرزیدەوە، بێ باک و بێ پەروا بە نەفسی خۆت، ئەگەر باوەڕ بکەی، ئاسوودە و بێ باک
***
ئەگەر بێ گوێ نەدەیتە تانەیی نابوودی بەدخواهان لە گێژاوی بەسامی ئینتیزارا، مەرد و شاکر بی
فریویشت بدەن، تەبعت نەکا مەیلی فریوی کەس لەکەس دڵ پڕ نەبی و نەڕوانییە کەس، تۆ بەچاوی سووک
بەسەر هێز و هەوای نەفس و غروورا بێتو قادر بی بە قین و لوتفی دونیا، تۆ نەغەمگین بیت و نەشادان
***
تەخەییول کەی، بەشەرتێ ملکەچی خولیا نەبی زینهار تەفەکور کەی، بەڵام هەرگیز نەکەی، ئەندێشە عادەت کەی
سەعادەت، یا فەلاکەت، دوو شتن بێ ئەسڵ و بێ ئاسار لەبەر چاوی حەقیقەتبینی تۆ، ئەم دوانە یەکسان بێ
قسەی ڕاستت بە تیری تانەیی بەدخوا لە سەد لاوە ئەگەر بێ ئەنجن ئەنجن، لەت لەت و کەرت و پەرێشان بێ
***
وەکوو زنجیری پێی دێوانە، ورد و خاش و تارومار ببی و مەحسوڵی ئامالت بدەن وەک «کا» بەدەم باوە
تەحەممول کەی ئەمانە، یەک بە یەک تۆ ساکت و بێ باک بە ئێش و نێشی، ئەم ئازارە زۆرانە نەبی غەمناک
ئەگەر بێ هۆی ژیانت ئاگری تێبەر ببێ ناگاهـ ببێتە تاقە تۆزێ خۆڵەمێشی ورد و «با» بیبا
***
بەڕەغمی ئەم زیانە، هەوڵ و تێکۆشین ئەگەر زیادکەی بە عەزمێکی سوبک ڕۆحانەوە، ئامادەیی پەیکار
ببیت و ڕوو کەیە ژینێکی ئینسانانە بێ پەروا بە ڕێکەوتیی ئەگەر ڕێت کەوتە بەزمی هەرزەکارانی
لە ئەرکانی فەزیلەت لانەدەی تۆ، یاخود بەحسی کەی بە پاکی دوور لە خودبینی، وەکوو فەرموودەیی یەزدان
***
مووساوی بێ لە لای تۆ، عەینی یەک، دانا و نادانی ئەگەر بیپەرچنێ دڵ، تووڕەیی و ڕق، وەختی قین هەڵسان
ئەگەر بگری کەمێ تۆ لایەنی ئارام و جدییەت لەبۆ تەسکینی حیددەت، بێتو تۆ نەختێ بکەی غیرەت
بەکامی تۆیە ئەی ڕۆحی ڕەوان، دونیا، وە مافيها موبارەک بێ لە تۆ ناوی بڵندی ئادەمی زانا

سەعادەتی ڕاستی

[edit]
سەعادەت گەر بە ڕاستی تۆ دەپرسی، عیزەتی نەفسە ئەگەر بەدناویی شارت ئەوێ، نەفست بەڕەڵڵا کە
ئەگەر بەرزی مەسیحت بۆ نەبێ، تەقلیدی یووسف کە نەگەیییە ئاسمان، هەوڵێ بدە زیندانێ پەیدا کە
لە پانایی زەمینا جێت نەبێ، شاخ و چیا زۆرە ئەگەر قەسرت نەبوو، عاجز مەبە، غارێ بە مەئوا کە
لەناو شاری عەدەمدا، بێ خەمی و ئاسوودەگی زۆرە ئەگەر ژینی زەریفت دەست نەکەوت، مردن تەمەننا کە
جیهان بێ ئێمە زۆر تیپەڕ بووە و تێپەڕ ئەبێ زينهار بە کردەی چاکە، ناوێکی نەمر بۆ خۆت موهەییا کە
لە هەوراز و نشێوی ڕێی ژیانا قەت مەناڵێنە ئەمەل مەبڕە، تەحممول بگرە، بێ عەزمی تەوەللا کە

ئیستیقبال بۆ تازە پێگەیشتووەکان

[edit]
سبحەینێ ئەم تەجەدودە بۆ تۆیە ئەی شەباب بۆ تۆیە ئەی ئومێدی وەتەن، خادیمی حەیات
ئەی ئافتابی فەجری ئەمەل، مایەیی نەجات سوبحی سەعادەتێکی عەجەب پاک و بێ سەحاب
هەر چاوەڕوانی تۆیە، دەسا فرسەتە شەتاب
ئەی فەجری بێ غوبار و کەدەر، عالەمی ئەمەل چاوی لە تۆیە، تۆ کە ئومێدی هەموو کەسی
ئەلحەق عیلاجی دەردی دەوایەکی نەورەسی هێند چاوەڕێ بوو چاوی، هەتا پێی گەیی سەبەل
فەرموو درەنگە، وەختی تڵوعێکە بێ حیجاب
بەڵکوو کە سەرفی مازیی تاریک و هەولناک بکرێتەوە، خەتی لە پەڕەی دڵ بچێتەوە
سونحەتی بەهاری عەیشی وەتەن وەختی بێتەوە شایەد خەزانی عومری بکا سینە چاک چاک
بگرێتەوە فەهمی مازی پڕ عەزاب
ئەی نەورەسیدەکانی وەتەن، وەختی غیرەتە تەحسیلی عیلم و مەعریفەتە، مایەی شەرەف
تێکۆشە بۆ سبەینێ، نەوەک بتکەنە هەدەف سبحەینێ خاکی ئەم وەتەنە، لات ئەمانەتە
حورمەتی وەتەن، شەرەفی هەموو بۆ تۆیە ئەی شەباب
ئەی موحتەرەم، موعەلیمی وشیار و باویقار ئەی دوژمنی جەهالەت و ئەی خادیمی بەشەر
ئەی خەسمی یەئسی دائیمی، ئەی مایەی زەفەر ئەی مەحزەری سەعادەتی میللەت بە ئیفتیخار
لادەن لە ڕووی ماهی وەتەن، زیللەتی نیقاب
ئێوەن بە نووری عیلم منەوەر ئەکەن وڵات ئێوەن کە خزمەتی وەتەنی میهرەبان ئەکەن
تەنویری فیکری عالەم و تەعلیمی شان ئەکەن ئیحزاری مەعریفەت ئەکەن و فرسەتی نەجات
پڕ نوور ئەکەن وڵاتێ، وەکوو شەوقی ماهتاب
مەحبووبەی جوانی وەتەن، شۆخ و ماهـ ڕوو ئارایش بەخشڵی عیلم دەن، مەکەن قسوور
تەنویری کەن بە شوعلە و تەجهیزی کەن بە نوور قەد بێ جیاوازی ئەم کچە هەرگیز مەدەن بە شوو
بەڵکو ببێ وەتەن، لەسەعی ئێوە فەیزباب
ئیتر ئەکەم بەیانی خڵووس و تەشەکورات تەقدیمی ئیحتیرامی خسووسی بە دڵ و جان
بۆ خزمەتی جەنابی مودیر و معەلیمان ئەم بەرگە سەبزە، با بکەمە دیاری و خەڵات
هەرچەندە زەڕە، هیچ نییە شەوقی ئافتاب