دیوانی شێخ نووری/سۆزی دەروون
Appearance
دڵی من
[edit]لەو ڕۆژەوە تۆی دیوە پەرێشانە دڵی من | سەودا زەدە و بێ سەر و سامانە دڵی من |
پیشەی خەفەت و شیوەن و گریانە دڵی من | گا وێڵی کەژ و کێو و بیابانە دڵی من |
گا دەربەدەری کووچەیی شارانە دڵی من | سەرسامی پەڵ و بەردی مناڵانە دڵی من |
*** | |
هەرچەندە بەدوویا ئەگەڕێم شار و وڵاتان | دەشت و کەژ و سەحرا و چیا، چۆڵ و بیابان |
نایدۆزمەوە بێ سەروشوێن ڕۆییوە دیسان | شێتانە ئەبێ ڕووی لە چ لا کردبێ یاران |
وەک بلبلەکەی وێڵی گوڵستان بە بەهاران | ئاخۆ لە چ گوڵزارێ، غەزەلخوانە دڵی من |
*** | |
گاهێ وەکوو لافاوی چیا، ڕوو لە بیابان | وەک هەوری تەڕی فەسڵی بەهاران لە نزاران |
وەک بلبلی ئاوارە لە گوڵزار و گوڵستان | مەستانە ئەسووڕێتەوە، هێلانە پەرێشان |
شمشاڵی گەرووی پڕ لە چریکەی غەم و هیجران | هەر ساتە بە دەردێکەوە، ناڵانە دڵی من |
*** | |
ساتێ بە هەوا و مەیلی پەرستش بە گوڵی ڕووت | جێی مەسجیدە بۆ سوجدەیی میحرابی دوو ئەبرووت |
بەینێ بە خەیاڵاتی گرێ و پێچی سەری مووت | پابەندی کلێسایە بە زنناری دوو گێسووت |
حەیرانە لەبەر ڕووت و پەرێشانە لەبەر مووت | گەهـ کافر و گەهـ شێخ و موسڵمانە دڵی من |
*** | |
ساتێ نەبوو، دنیا بگەڕێ، تۆزێ بە کامی | ڕۆژێ نەبوو، سەد دەفعە کە نەکولێتەوە زامی |
زۆرم پەلە کرد، دڵ نەبێ گیرۆدەیی دامی | بێهوودە بوو خۆی تووشی بەڵا کرد بە نەفامی |
ڕۆحی بە فیدا کرد و کەچی هەر نەبوو ڕامی | ئێستا بە شەو و ڕۆژ، بەشی گریانە دڵی من |
*** | |
نەمدیوە دڵی وا بەد و ئاخر شەڕ و نەگبەت | ڕێ لێ هەڵەبووی، چۆڵ و بیابانی موحیبەت |
لاسار و سەهەندە و سەرەڕۆ و سەر بە موسیبەت | وەک بایە لەلای سەرزەنش و پەند و نەسیحەت |
گوێ ناگرێ لە جوێن و هەڕەشە و تەعن و مەلامەت | یاڕەبی چ بێ هۆش و چ نادانە دڵی من |
*** | |
سەد خۆزگە بێ بەو ڕۆژە کە نەمبیستبوو ناوت | نەمچێشتبوو تامی مەیی، مەیخانەیی چاوت |
نەیدیبوو دەس و پێی دڵەکەم ، هەڵقەیی داوت | ئازادبوو لە پێچ و غەمی ئەگریجەیی خاوت |
وا ئێستە لە تاو ئاگری هیجرانی بە تاوت | فرمێسکی ئەڵێی تەرزەو و بارانە دڵی من |
*** | |
خۆ کفری نەکرد تێپەڕی کرد ڕۆژێ بە لاتا | زوو هۆگرت بوو وا کە ئەگریا بەدوواتا |
سووتا وەکوو پەروانە لەناو شەوقی چراتا | ئەتلێتەوە بێچارە لەناو دەرد و بەڵاتا |
خوێنی بە هەدەر ڕۆیی، لە پێناوی هەواتا | خۆڕایی نییە، مەیلی لە تۆرانە دڵی من |
*** | |
ئیتر بەسە هێندە مەدە ئازار و عەزابی | با نەشکێ پیاڵەی پڕ و بڕژێ مەیی نابی |
با نەدڕێ سەحیفەی ئەدەب و دەرس و کیتابی | خۆت نەختێ بپارێزە لە دوعا و لە عیتابی |
جوابت چ ئەبێ، ڕۆژی جەزا وەختی حیسابی | جێی زیکری خودا و مەرکەزی ئیمانە دڵی من |
*** | |
شەرت بێ دڵەکەم بگرم و وا بیدەمە بەر دار | زنجیر و کەلەپچەی کەم هەتا دێتەوە بەر بار |
بیهێنمەوە ناو قەفەسی سینە وەکوو پار | بیدەم بە نیگارێکی وەفادار و خریدار |
گوێ بگرێ لە ناڵین و لە گریان و لە هاوار | با بەس بگەڕێ ئەم کەژ و کێوانە دڵی من |
*** | |
ئەوسا بگەڕێ، یارێ بدۆزێتەوە بۆ خۆی | تێر سوجدە بەرێتە بەری میحرابی دوو ئەبرۆی |
ئیتر نەگەڕێ شار و دەر و دەشت و چیا بۆی | ئۆباڵی هەتا هێندە نەچێتە مل و ئەستۆی |
بەڵکوو ئەمە خوایە، کە کەمێ بێتەوە سەر خۆی | با هێندە نەسووڕێتەوە شێتانە دڵی من |
*** | |
بڕوا سەری خۆی هەڵگرێ، ڕووکاتە دیارێ | یارێ بگرێ خەندە بەلەب، شوهرەیی شارێ |
دەم پڕ لە شەکەر خەندە، مەلەک چیهرە، نیگارێ | بارانی غەزەب، هێندە لە ڕوانینی نەبارێ |
بێنێتە سەما، ڕۆحی ڕەوانم بە وتارێ | نەشکێنێ هەموو ڕۆژێ بە سەد تانە دڵی من |
*** | |
یارێکی وەها ترسی خوداوەندی لەلا بێ | ڕەحمی بەقەدەر زەڕەیی موویە لە دڵا بێ |
ترسێکی لە پرسینەوەیی ڕۆژی جەزا بێ | دەرحەق بە موحیبانی، بە عەهد و بە وەفا بێ |
زوڵمێکی کە بوو، مەرحەمەتیشی لەگەڵا بێ | دەس هەڵگرێ، لەو شین و گریانە دڵی من |
*** | |
ئەم ئاهـ و ئەنینی دڵە گیانە بە شکایەت | هەر بەردی سەری ڕێتە هەتا ڕۆژی قیامەت |
تۆ تێ مەگە، ئەفسانەیە کردوویە بە عادەت | هەر خاکی بەری پێتە بە شەوق و بە شەتارەت |
بیبەخشە کە خنکاوە بەلافاوی نەدامەت | هەرچەندە کە لاسارە، بەسەزمانە دڵی من |
*** | |
وادیارە کە ئاگات لەدەمی خۆت نییە «نووری» | تۆ شاعیری لای خۆت و ئەڵێن ئەهلی شعووری |
ببڕێتەوە ئەم ڕاز و سکاڵایە لە دووری | ئەی سایەیی ڕووناکی دوو دیدەیی نووری |
گوێ مەگرە لە ناڵە و لە عیتاب و لە شرووری | بێهۆش و سەراسیمەیە، مەڕوانە قسووری |
تۆ هەر چ بکەی، بەندەیی فەرمانە دڵی من |
1951/12/21
سەنگاو
ئەی دولبەری جانی
[edit]ئەی دولبەری جانی بەخودا جانی جیهانی | ئارامی تەن و ڕاحەتی دڵ، ڕۆحی ڕەوانی |
نووری بەسەر و شەمعی شەبستانە جەمالت | مەحبووبی دڵ و مەحرەمی سەد ڕازی نیهانی |
یاقووتی لەبت، قووتی منی ڕووتە بەقوربان | ڕووت دەرخە کە بڕوا شەو و بێ وەختی بەیانی |
موژگان و برۆت سەف وەکوو عەسکەر کە دەبەستن | باکت چییە تۆ ساحبی شمشێر و سینانی |
خوێنی منت بەو گەردنە بێ ڕۆژی قیامەت | ئەم عالەمە شاهیدمە کە تۆم قاتیلی جانی |
ئەی عەبدی خودا، شەرمێ لە دیوانی خودا کە | ڕەحمت ببێ دنیایەکە بێ قیمەت و فانی |
ببڕێتەوە ئەم دەعیەیە، بەم حوسنە مەنازە | وەک عومری منی خستە «سريع الجريانی» |
ڕۆژنامەی «پێشکەوتن»ی ژمارە «٩٩»
شێوەی زیوەر
[edit]ئەزانم بینووسم بۆ هەرکەسێ من، عەرزی حاڵ ئەمڕۆ | لە عەرزی حاڵی خۆم داماوم و ساحب مەلال ئەمڕۆ |
شکایەت کەم لە ئەبرۆی دڵکەشی، یا چاوی خوێنخواری | بڵێم چی من، لە تەئسیراتی زوڵف و خەت و خاڵ ئەمڕۆ |
ئەڵێن فەوتاوە باسی بولبول و گوڵ، شەمع و پەروانە | کەچی شەمعی گوڵی ڕۆحی بتێکی بێ میسال ئەمڕۆ |
چراغی بەزمی عوششاقی، گوڵ و گوڵزاری ئافاقی | بەناچار ئەبمە بولبول، ئەبمە پەروانەی جەمال ئەمڕۆ |
ئەگەر تەنقید ئەکەن، تەقدیر ئەکەن، ئەم ڕێگە، ڕێگامە | کە بچمە سەیری لە نجەی دولبەری قەد ئیعتیدال ئەمڕۆ |
کە منهەجمان لەسەر دینە، نەوەک دەینە بڵێن موفتی | ئیتر لادە لە فتوای فاسد و قەولی بەتاڵ ئەمڕۆ |
بە حوسنێکی خودا دادی وەکوو «نووری» دووچاوانە | مەکەن مەنعم بەقوربانی بکەم عەقڵ و کەمال ئەمڕۆ |
سلێمانی
لەو وەختەوە تۆ چوویتە سەفەر، کوێرە بیناییم
[edit]لەو وەختەوە تۆ چوویتە سەفەر، کوێرە بیناییم | سا ڕەحمێ بە یەعقووبت کە، ئەی یووسفی سانی |
بەم جیلوەیە، بەم عیشوەیەوە، وەختە نیگاهت | بێ، عەینی دەڵێی حوری و غلیمانی جینانی |
مەنعم مەکە وا عاجز و بیمار و نەخۆشم | بڕوانەرە ئاوێنە، لە ئەحواڵم ئەزانی |
«نووری» کە قسەی هەروەکوو گەوهەر دەفرۆشن | بۆ مەدحی تەماشایەکی تۆ، لاڵە زمانی |
تەلمیح لەسەر غەزەلی سەعدی
[edit]چ خۆشە مەی مەزەی بێ ڕووی حەبیبان | به بوی صبح بانگ عندلیبان |
وەرە ڕەحمێ بە ناڵینی دڵم کە | که ساکن گردد آشوب رقیبان |
جەزایی دوژمنان بەسییە، ببینن | حبیبان روی در روی حبیبان |
نەسیبی ژینت کەسبی نەقدی وەقتە | مباش ای ھوشمند از بی نصیبان |
کە زانیت بۆت پەیا نابێ سەگ و شوان | رها کن گوسفندان را به ذئبان |
لە لای من هاودەمی ڕەندان بی باشە | خلاف پارسایان و خطیبان |
مفەوەز بن لەحەق من چی ئەزانن | بگویند آشنایان و غریبان |
لە دونیا هەر لەبی شیرین لەبانە | که غارت میکند ھوش لبیبان |
شەوێ بوومە ڕەفیقی نالەباران | بشستم ھر چه خواندم بر ادیبان |
نییە «سەعدی» بزانێ دەردی «نووری» | که رنجورند از این علت طبیبان |
دڵ
[edit]جەولانگەهی نیگارە، شەوی ماهتابە دڵ | ئۆخەی شوکر لە مەرحەمەتت کامیابە دڵ |
لەو ساوە خاڵی دیوە لەسەر سەفحەی ڕوخت | دایم خەریکی دەرس و موتاڵای کیتابە دڵ |
تەختی شەهی، موحیبەتی تۆیە لە سینەما | جێیەکی زۆر موقەددەس و عالی جەنابە دڵ |
یاڕەبی هەوری میحنەتی لێ دوور بخەیتەوە | جێگەی تڵووعی مەرحەمەتی ئافتابە دڵ |
وریابە بێ دڵیی، دڵی ساحێب دڵان نەکەی | ئاهی ئەگاتە عەرش، دوعای موستەجابە دڵ |
عاجز مەبە، مەڕەنجە خەتایێ ئەگەر بکا | جێی ڕەحمە، موستەحەقی وەفا و سەوابە دڵ |
بەس بەردی پیا بماڵە نەوەک پارە پارە بێ | وەک شووشەیەکی نازکی، بڕ ئینقیلابە دڵ |
وەک دیدەیی نەخۆشێ، نەخۆشە لە خۆشییا | وەک پەرچەمی موشەوەشی پڕ پێچ و تابە دڵ |
هەرچەن نەسیحەتی ئەکەم و پێی ئەڵێم بەسە | باکی نییە، موسیبەتە، پیاوی خەرابە دڵ |
چی بکەم، قەباحەتی منی مەزڵووم ئەبێ چ بێ؟ | بێ عار و هیچ لەگوێ نەگر و بێ حیجابە دڵ |
گاڵتەیان پێ دێ، بە ئاوی چاوی پڕ گریانەکەم
[edit]گاڵتەیان پێ دێ، بە ئاوی چاوی پڕ گریانەکەم | ئێستە لێم ڕوونە کە کەس نەیدیوە ڕووی جانانەکەم |
بۆ گوڵی باغی جەمالت، ڕۆحی شیرین بولبولە | بۆ چرای ڕوخسارەکەت، سووتا دڵەی پەروانەکەم |
مەمکەرە ڕیسوایی عالەم، ئەی بڵێسەی ئاهی گەرم | بەس مونەوەر کە هەموو شەو، کولبەیی ئەحزانەکەم |
دڵ لە زوخاوی غەمت دارماڵە هیتر ناگرێ | بەسیە با نەڕژێ لە لێوی کەیلی خوێن، پەیمانەکەم |
لەزەتی مردن بە سەد ساڵی ژیان ناگۆڕمەوە | گەر بزانم تۆ لەگەڵما دێیتە سەر قەبرانەکەم |
پێی بڵێن دکتۆر کەمال ئیتر عەزیەتی خۆی نەدا | پەنسلین بێهوودەیە، بۆ دەردی بێ دەرمانەکەم |
غەمی زەمانە
[edit]غەمی زەمانە وەکوو پەردە، وا دڵی پۆشیم | بە غەیری غوسسە و گریان و غەم، نەما خۆشیم |
لە ئیبتیدای مناڵیمەوە، هەتا ئێستا | فیراقی زەهری زەمانە، قەڵەم قەڵەم نۆشیم |
بەسەرچوو عومرم، نەفعم نەدی لە هۆشیاری | لەبەر مەراقە، خەریکی حەیاتی بێهۆشیم |
لەمیش خراپە نەبێ، چاکە تووشی نەبوو سی ساڵ | وەکوو مەڕ و بزنی دۆ، سەفاهەت ئەیدۆشیم |
تەمامە ئێستەکە، کونجی قەناعەتێ بگرم | لە شاهیی سەرفی نەزەر بێ، خەریکی دەروێشیم |
خەیاڵم ئێستەکە، سەر چاوی مەستی شۆخێکە | لەبەر مەراقی، بەخوێنی جگەرمە سەرخۆشیم |
لە دەس زەمانە قوڕی کوێ بکەم بەسەر خۆما | بە مەقسەدێ نەگەیشتم لە هەرچی تێکۆشیم |
دەردی دڵی خۆم
[edit]دەردی دڵی خۆم جوملەیەکی بێنمە تەقریر | ئنس و مەلەک و جن و پەری دێنمە گریان |
بێ شک موتەحەیر دەبێ، دێوانە لە زنجیر | سەد عاقڵ و هۆشیار ئەخەمە کێو و بیابان |
*** | |
لەو ڕۆژەوە هاتوومەتە ناو زومرەیی ئینسان | نەمدیوە لە دەس گەردشی ئەم چەرخە مەسەڕڕەت |
سەودا زەدەی شیفتە و بێ سەر و سامان | وەک لالە لەسەر پەڕەی دڵ نوقتەیی حەسرەت |
*** | |
یەک سانییە بێ غوسسە نەبوو، باری دڵی من | ساتێ غەمی خۆم، ساتێ غەمی گەردشی دنیا |
یاڕەبی بەچی ئاوی درا، داری دڵی من | وا کەیلە لەبالەب لە غەما هەروەکوو مینا |
*** | |
بێ شوبهە سروشتی دڵی من قەترەیی خوێنە | خوێنی دڵی حەسرەت زەدەیەکی دەسی گەردوون |
ئاهێکی ستەمدیدەیی، مەزڵوومیی هەوێنە | وا مایلی سەحرایە بەدایم وەکوو مەجنوون |
*** | |
ئەی چەرخ، لەگەڵ ناکەس ئەبینم کە ڕەفیقی | بۆ تیری جەفا، سەد کەست کردۆتە نیشانە |
بۆ بەعزێ ستەمپەروەر و بۆ بەعزێ شەفیقی | ببڕێتەوە، لەم عالەمە بەس بگرە بەهانە |
*** | |
بەینێکە بەدەس تۆوە گرفتاری عەزابم | دەرد و غەمت هێند زۆرە دڵم خوێن ئەتکێنێ |
دایم بە گڕی ئاگری تۆ، سینە کەبابم | چاوم لە غەم و میحنەتت، فرمێسک ئەڕژێنێ |
ئەی فەلەک
[edit]ئەی فەلەک دیسان لە دەس تۆ، شین و واوەیلا ئەکەم | ژەهری قەهری تۆ لەگەڵ دەردی دڵم، ئیفشا ئەکەم |
وەختە یەکجاری لە دەس ئاشووبی فیتنەت شەق بەرم | من قسەی ڕاست و ڕەوان و خۆش و بێ پەروا ئەکەم |
هێند خراپەم دی لە دەس ئەهلی زەمانە، عاقیبەت | لەم وەزیفەی هاتنە دنیایە، ئیستیعفا ئەکەم |
نابەمە بەر دەستی هەر نامەردێ، عەرزی ئیحتیاج | من لە دنیا و لە مافیهاشی، ئیستیغنا ئەکەم |
مورغی فەهمی هەر کەسێ، ناگاتە عەرشی فیکرەتم | من بە چەرخی ئاسمانی سفڵە، ئیستیهزا ئەکەم |
تەبعی عالی وا دەبێ، سەیری بە کۆڵێ فەقرەوە | گاڵتە و سوحبەت، بە تاج و تەختی شاهنشا ئەکەم |
ئەو کەسە ڕوو سوورە «نووری»، دوورە لێی نەوعێ بەشەر | من لەمەولا ڕوو لە دەشتی وەحشەتی سەحرا ئەکەم |
چاوم کە دوو مفتاحی کوتبخانەیی سەرمە
[edit]چاوم کە دوو مفتاحی کوتبخانەیی سەرمە | قوربانی دوو چاوت بێ، کە ئالوودەیی شەرمە |
تەفسیری حەواشی خەتی نەورستەیی کوڵمت | موحتاجی موتاڵا نییە، یەکدەفعە لەبەرمە |
ئەو ئاڵییە دیم دوێنێ بە سەر پەنجەیی تۆوە | ناسیمەوە ئەمڕۆ، ئەوە خوێناوی جگەرمە |
بۆ کوێ بچم ئەی دیدە لە دەس تانەیی بەدکار | لێم ناگەڕێ بەدبەختە، ئەڵێی خوێنی لەسەرمە |
خاڵی ڕەش و ئەبرۆی کەچ و حەلقەیی گێسووت | شاهیدی گرفتاریی و ئازار و کەدەرمە |
گریانی منە، باعیسی مەیلت بە ڕەقیبان | خۆشم گلەییم زۆر لە هەناسە و لە ئەسەرمە |
نیمە زەڕ و زیو، بیکەمە شاباشی قدوومت | هەر شیعرە کە دانەی دوڕ و ئەڵماس و گوهەرمە |
پەشێوی پەرچەمی شۆخێکم
[edit]پەشێوی پەرچەمی شۆخێکی بێ پەروا و بێ باکم | موحەقەقمە کە مردم بێ گوناهـ، لایوسئەل و پاکم |
سەرم وەک تۆپی فوتبۆڵ، وا لەمەیدانی شەقا ئەمڕۆ | ئەسیری دەستوبردی قەڵعەچییەکی چست و چالاکم |
بزانم ڕۆحی شیرینم بە قوربانت ئەکەم، ئەمرم | لە ساڵێکا ئەگەر بۆ فاتیحایەک دێیتە سەر خاکم |
کە میحرابی برۆی تۆم دی، ئیتر لەو وەختەوە دایم | خەریکی ئامشۆی مزگەوت و وێرد و نوێژ و سیواکم |
قسە و تەعنەی ڕەقیبی سەگ سیفەت مەگرەرە گوێی خۆت | بە لێدان و جنێویشت ڕەزام من، بەندەیی چاکم |
لە هاتوچۆی ڕێی تۆ، ئەگەر دەس هەڵگرم کوێر بم | لەبەر پێتا، ئەمین بە، تا قیامەت خاک و خاشاکم |
دڵ و دینم نەساری خاکی بەر پێی تۆ ئەکەم بەخوا | تەنەزول گەر بفەرمووی بێیتە لام و بمکەیە حاکم |
هەر مورغێ فڕی
[edit]هەر مورغێ فڕی بۆ چەمەنستانی خەیاڵی | ناگاتە ئەوێ، تێک ئەشکێ شاپەڕی باڵی |
ئەحواڵی دڵی زەڕە، بەدەس ڕۆژەوە دیارە | ئەی بێ خەبەران، ئێوە نەزەر کەن لە جەمالی |
هەر ساعەتێ ڕەنگێکە قەد و جلیوەیی باڵای | میرئاتی تەفەکور نییە، بۆ عەرزی میسالی |
ئەحواڵی دڵی عاشقی بێچارە مەپرسن | جیلوەی قەدی یار کافییە بۆ پرسشی حاڵی |
هەرچی یەتە بەر دیدە هەموو یا ڕەمە، یا غەم | عالەم هەموو دەشتێکە کە من بوومە غەزالی |
بێچارە تەنەفوس نییەتی، تاقەتی پەرواز | تەئسیری چ زوڵمێ بوو، کە سووتا پەڕوباڵی |
وەک لالە چلۆن نایلی مەقسەد ئەبێ «نووری» | تا داغی خەیاڵێکی نەبێ، زینەتی حاڵی |