Jump to content

دیوانی شێخ نووری/بەهار و سروشت

From Wikisource
306383دیوانی شێخ نووری — بەهار و سروشت1970شێخ نووری شێخ ساڵح

بولبول فیداتم

[edit]
بولبول فیداتم، بولبول فیداتم حەیرانی سۆز و دەنگ و سەداتم
قوربانی ورشەی باڵی خێراتم فیدای زانیاری و مێشکی وریاتم
لەو تۆزە مێشکەی خوا بە تۆی داوە زانیاران هەموو سەریان سوڕماوە
دەمێکە مەیلی لای یاران ئەکەم تاسەی دیدەنی، نازداران ئەکەم
بدە لە شەقەی باڵی نەرم و سووک بڕۆ تا چەمی خاسەی ناو کەرکووک
لە وێوە باخچەی، خانەقا دیارە مێرغوزارێکی، تەڕ و ئاودارە
بنیشەرەوە، سەر لقی چڵێ دەس کەرە ناڵە، هەردەم بۆ گوڵێ
شمشاڵی گەرووت دێنێتە خرۆش دڵی دڵداران دەهێنێتە جۆش
ڕاسپێریم هەیە، گوێ بگرە بەزەین بچۆرە خزمەت شێخ «کاکە حوسەین»
بڵێ: ئەی نووری دوو دیدەی «نووری» نووری خەریکە، بمرێ لە دووری
عەقڵ و شعووری وا نزوول ئەکا مەیلی هاتنت بۆ قەیتوول ئەکا
زۆرم پێ خۆشە، وەک خونچەی بەهار بگەشێیتەوە لە دەم جوێبار
ئاواتەخوازم، ڕۆژێ هەزار جار چۆن شەماڵ ئەدا لە چیا و نزار
بە سروە دڵم فێنک کاتەوە خەمی کۆن و نوێم لە بیر باتەوە
پێکەوە لە گوێ ئاوێ دانیشین ئەو بە پێکەنین، من بە گریە و شین
بێنمەوە بیری، بەزمی ئەو شەوە ئێستاش نازانم، خەیاڵە، خەوە
ئەو شەوە ماری ئەگریجەی ماری لە هەستم ئاڵا، بە لەنجە و لاری
گێسووی وەک ماری، ماری لە ئەستۆم نەوعێ ئاڵابوو، پێم نەبوو بڕۆم
وای بێهۆش کردم، بە بادەی چاوی عەقڵ و شعوورم، نایە پێناوی

ساقیا نەوبەهارە ڕۆیی دەی

[edit]
ساقیا نەوبەهارە ڕۆیی دەی فرسەتە و هاتووە لە دەستی نەدەی
نەوبەتی عەیش و نۆشە، دەی سادەی بێنە گەردووش پیاڵە پڕ کە لە مەی
چونکە بیستوومە من لە ناڵەی نەی

«و من الماء كل شیء حی»

ساقیا بولبولان لەسەر لقی گوڵ ناڵەیان دێتە گوێم بە سۆز و بە کوڵ
تۆش وەرە هەڵسە بۆ فەراغەتی دڵ بێنە گەردووش، پیاڵە پڕ کە لە مەی
چونکە بیستوومە من لە ناڵەی مەی

«و من الماء كل شیء حی»

ساقیا ئیمڕۆ جەژنی نەورۆزە چەژنەیەکی قەدیم و پیرۆزە
چەژنەیەکی موبارەکی هۆزە وەرە گەردووش پیاڵە پڕ کە لە مەی
چونکە بیستوومە من لە ناڵەی نەی

«و من الماء كل شیء حی»

بووکی مینا بەڕەنگی تاراوە لەلق و پۆپی سەوسەن ئاڵاوە
مژدە بێ نەوبەهاری هێناوە تۆش وەرە زوو پیاڵە پڕ کە لە مەی
چونکە بیستوومە من لە ناڵەی نەی

«و من الماء كل شیء حی»

سلێمانی

[edit]
سلێمانی چ خۆشە نەوبەهاران بە لەنجە و لارەوە دێن گوڵعوزاران
بە چاوێکی لە شەرما کەم هەڵاتوو ئەپچڕێنن هەناوی دڵ فیگاران
چەمەن کەوتۆتە خەندە و من بە گریان ئەناڵێنم وەکوو هەوری بەهاران
جەوانانی چەمەن هاتوونە لەنجە بە ئاوازی جگەرسۆزی هوزاران
درەخشانە، برووسکەی شەو لە شەوقا وەکوو ئاهی دڵی شەو زندەداران
بە سروەی بای سەحەر ئارایشی دا عوزاری گوڵ، وەکو ڕووی گوڵعوزاران
گوڵاڵە بانگ کرا، بۆ سووڕ و شایی بە تارای سوورەوە، ڕەقسان و ڕەخشان
بریقەی پوولەکەی، دەسماڵی لامل وەکوو ئەنجوم، لە دەوری ماهی تابان
شنەی بای سوبحدەم ئارایشی دا عوزاری گوڵ وەکوو ڕووی گوڵعوزاران
درەخشانە برووسکەی هەوری ئەمڕۆ وەکوو ئاهی دڵی شەو زندەداران
بە بەردی ئەم بەهارە زۆر ئەترسم کە بشکێ جامی تۆبەی تۆبەکاران
ڕشێنەی ڕۆح، ئەپڕژێنێ بە دڵدا قریوە و پێکەنینی، پۆیلەداران
بە تەرزەی ئەم بەهارە زۆر ئەترسم کە بشکێ جامی تۆبەی تۆبەکاران
مەڵێن «نووری» لە ئێش و سوێی برینی لە بیری چۆتەوە، ئاهەنگی جاران

نیسان

[edit]
گوڵێ بەکردنەوە نەوسروشتە، مەخلووقێ قەڵەم بە دەستەوە، ئامادە، بەندەیی فرمان
مسەورێ کە لە دارولفنوونی قودرەتی حەق بە فرتی عیلمەوە مەئزوونە بۆ تەزیینی جیهان
سەحائفی هەمەڕەنگی جیهانی بەدەستەوە، وا خەریکی ڕەسمە، فەقەت ڕەسمی عالەمی ئیمکان
ئەگەر سەحایفی تەسویرەکەی، تەماشا کەی پڕە لە حیکمەتی ئەحکامی سنعەتی یەزدان
لە دوڕ و لوئلوئی بارانی ڕۆح بەخشی ئەوا چنار و یاسەمەن و سەرو و عەرعەری بوستان
بە هاتوچۆیی نەسیمی، بە نەشئە دێن و ئەچن میسالی ڕۆحی موجەسەم، لە خۆشیا ڕەقسان
حەقیقەتەن ئەمە هەنگامەی تەجەدودە وا کە تەیر و تووری سەما، جوملە شاد و خەندەفشان
بە پێکەنینەوە تەبشیر ئەکەن، کە ڕۆحی بەهار لە نەشئەدایە، ئەوا هات بە مەقدەمی نیسان

بەهار

[edit]
ساقیا مەی بێنە تێکەڵ بەزمە بادی نەوبەهار لالە و ڕەیحان، گوڵ و نەسرین لەگەڵ یەک بوونە یار
وا شەبستانی چەمەن پڕ بوو لەبەر بووکی سەبا بووکی تازەی گوڵ ئەڕازێنێتەوە بێ ئیختیار
حەقیەتی ئیتر کە موشتاقانە سەرووی نەوجەوان نەونیهالانی چەمەن، با پەردە بگرێتە کەنار
مەوسمێتی، سێو و گوڵ بێنن متوربەی کەن لەیەک لەم چەمەنزارانە، وەک وەسڵی دوو یاری غەمگوسار
دەست لەمل یەک عاشق و مەعشووقە وا دێن و دەچن وەک بەدەم بادی سەباوە، بەرگ و باری شاخسار
قەترەیێ باران لە دڵ ئەشواتەوە، تۆزی کەدەر لا دەبا بایە، لە ڕوخساری قەدەح نۆشان غوبار
ڕەشبەڵەک بوو، هەڵپەڕین، ئاڵانە سەر سەرچاوەکە بۆیە سەرچاوەی دڵم، ڕووناکە عەینی سەرچنار
ئاڵاو واڵا پێکەوەن، وەک گوڵ لەگەڵ ڕەیحانەدا دەستە بەستراوە، وەیا دەستە خەریکی گیرودار

بەهار

[edit]
بەهارە دڵ هەوەسی گەردشی گوڵستانە چەمەن سروور و فەرەح بەخشی بەزمی مەستانە
پیاڵە ڕەنگی نەدارایی بە ئاوا دا سروور و بەزمی چەمەن، نەقدی تەنگ دەستانە
بیساتی دەشت، مەقامی سروورخواهانە هەوای باغ، مورادی هەوا پەرستانە
لە سوبحی تازە بەهارا، چەمەن ئەوەی خۆشە کە ئاخری نەفەسی، عومری پیری زستانە

بەهار

[edit]
وا بەهار هات و هەوا غالییە، سایی چەمەنە نەفەسی بادی سەبا، نافەگوشایی چەمەنە
هاتەوە بەر بەدەنی سەبزە حەیاتی تازە شاهیدی لالە، ئەوا چیهرە نومایی چەمەنە
دوڕ و ئەڵماسی لە ئاونگی هەوا هۆنییەوە نێرگس ئەلحەق یەکە بووکی بە وەفای چەمەنە
خەنەیی گرتە دەس و پێی گوڵاڵە و گوڵە سوور لالە تارای سەروو، سەوزە کەوایی چەمەنە
غونچە پشکووت و دەمی دایەوە وەک لێوی نیگار بولبولی والە بە دڵ نەغمەسورایی چەمەنە
نێرگس و یاسەمەن و نەستەرەن و سەرو و چنار هاتوچۆیانە، سەباخوانی نەوایی چەمەنە
مەستی جلوەی تەڕەبن، تازە عرووسانی بەهار فەیزی ئەنفاسی سەبا، نەشئەگوشایی چەمەنە
دز و جەردەی هەموو گیراوە، شەهەشاهی شیتا ئەم هەموو ئومنییەتە، عەدل و هەوایی چەمەنە
بە دەسی قودرەتی حەق، چیهرەیی ڕازاوەتەوە ڕۆحی شاعیر، هەموو ڕەقسان و فیدایی چەمەنە

1942/03
سلێمانی

بەهار

[edit]
بەهارە، ئەمڕۆ لە باغا وەنەوشە مەستی ئەکا سەبا لە پەڕەی گوڵدا، دراز دەستی ئەکا
لە من فیداییتری لێرەدا نییە ئەمڕۆ بەغەیری غونچە کە ڕەفعی حیجابی هەستی ئەکا
لە خاکپای گوڵا وا بە گریە کەوت بلبل دەڵێی «برەهمەند» مەستانە بتپەرستی ئەکا
ئەدەب لە سەروی سەهی وەرگرە ئەگەر ژیری لەگەڵ بڵندی خۆیا، هەوای پەستی ئەکا
ئەگەر چ مەی نییە لەم بەزمەدا بە تەنگەوە نیم بەبێ پیاڵە لە باغا، وەنەوشە مەستی ئەکا