دیوانی شێخ نووری/شیعر و ژیان
Appearance
فەریاد
[edit]ئومێدی زەمانە ئەمەلێکە بەد و بێ سوود | مازیت هەموو هەر دەرد و فیراقی ئەلەم ئەفزوود |
حاڵیشت وەکوو ڕاحەتی ڕابردوو غەم ئالوود | موستەقبەل و ئاخر نەفەست مەقبەری مەسدوود |
لەم خلقەتە، مەقسوودی چییە حەزرەتی مەعبوود «فریاد ازین نوع وجود عدم آلود» | |
بۆ سەیرێ، مووەقەت، لە نەبوو دێتە دەر ئینسان | کوا حشمەت و کوا سەڵتەنەت و تەختی سولەیمان |
نەیدیوە کەسێ خۆشی لە دەس گەردووشی دەوران | گەهـ خوڕەم و خەندان و گەهێ ماتەم و گریان |
بوونیش وەکوو ئیزهاری عەدەم، بۆ نەبوو نابوود «فریاد ازین نوع وجود عدم آلود» | |
فریاد ئەمەیە تەرجومەیی حاڵی زمانە | هەر لەحزەیە دنیا، ئەلەم و ئاهـ و فیغانە |
ڕۆیشتنی ئەم عالەمە، وەک سەیلی ڕەوانە | ئەبڕێتەوە هەر پێنج و دوو ڕۆژێکە زەمانە |
بۆ مردن و کفن و دفنە، عالەمی مەوجوود «فریاد ازین نوع وجود عدم آلود» | |
دنیا چییە ساتێ فەرەح و ساتێ مکەددەر | ماهییەتی مەعلوومە لەلای پیاوی منەوەر |
عەجز و ئەلەم و گریە و ئەفغانە سەراسەر | گەهـ عوشرەت و شادیی و گەهێ مەرگی برادەر |
لەم میحنەت و لەم ژین و نەمانە چییە مەقسوود «فریاد ازین نوع وجود عدم آلود» | |
نووری بەسە، ببڕێتەوە ئەم چوون و چرایە | گەر هاتنە، گەر ڕۆیینە، گەر دەرد و بەڵایە |
ببڕێتەوە لەم ئیشە مەدوو، ئیشی خودایە | گەر زیللەتە، گەر ڕفعەتە، گەر سەوقی قەزایە |
هەرگیز مەڵێ ناشوکریە لای خالیقی مەسجوود «فریاد ازین نوع وجود عدم آلود» |
کوا شیعرەکانم
[edit]سەفەر کەوتە خەیاڵی هەمدەمی ئەیامی هیجرانم | بیناغەی سەربەسەر ڕووخا، هەموو ئامالی عیمرانم |
لە ئوفقی ئاسمانی دیدە، گووم بوو میهری ڕووی بۆیە | سیەهـ بەختانە وەک شەو، تیرەگی ئەڕژێتە دامانم |
لە گوڵزاری خەیاڵی ورد و خواشتا، دڵ وەکوو بلبل | خەریکی بەستنی هێلانەیە بوو، بۆ گوڵی جوانم |
لە پڕ گەردوونی بێ ڕەحم و وەفا، بێ سووچ و بێ تاوان | دەسێکی نایە بینی بلبلی زاری غەزەلخوانم |
زوبانی شیعری گرتم، شێوەیی ئادابی شێواندم | فەساحەت کەوتە ناڵین و بەلاغەت کەوتە گریانم |
گریەی خوسران
[edit]بگری! ئەی شاعیری ناتەوان بگری | مرد لە ڕۆحی منا هەموو ئامال |
«بیخودانه کفن بدوش ملال» | ئەگەڕێ سەرسەری پەری خەیاڵ |
*** | |
بگری! ئەی ڕۆحی غەمنیشان بگری | کە بەکوللی نەما لە شیعری منا |
زەڕڕەیە لەفزی ڕێک و پڕ مەعنا | وەکوو ئەفسوردە ئاگری سەر سڕی |
*** | |
بگری! ئەی چیهرەی خەزان بگری | گریەی دڵ بەکوڵ بکا هەیەجان |
بتەوێ گریە کەی بە وەقفی خەزان | گریەیەکی غەریب و بێ سامان |
*** | |
بگری ئەی ناڵە و فوغان بگری | گریەیەکی وەها بە جۆش و خرۆش |
کە نەمێنێ نەعەقڵ و فەهم و نەهۆش | خەرقەیی ماتەمی و ناڵە بەدۆش |
*** | |
بگری! ئەی ئەبری بێ ئەمان بگری | تۆی چاوانی من بکەی تەمسیل |
گریەی چاوی تۆ ئەکەم بە دەلیل | وەکوو تۆ خوێنی دڵ ئەکەم بە سەبیل |
*** | |
بگری! ئەی شیعری ناتەوان بگری | بگری! ئەی ڕۆحی غەمنیشان بگری |
بگری! ئەی چیهرەی خەزان بگری | بگری! ئەی ناڵە و فوغان بگری |
بگری! ئەی ئەبری بێ ئەمان بگری |
هەڵکەنن خزمینە بۆم قەبرێ
[edit]هەڵکەنن خزمینە بۆم قەبرێ لە دووری شارەوە | بمخەنە ناوی بەکۆڵێ زەحمەت و زینهارەوە |
خۆشە تاریکی قەبر، بۆ ڕاحەتی قەلبی زەبوون | نامەوێ ڕووناکی دنیا، من بەدەم ئازارەوە |
دەس لەمل بەردێکی ئەلحەد کەم لەلای من چاترە | لەو دەسی پڕ زێڕە بینێمە دەسی ئەغیارەوە |
من لە دایکی خاکم و هەر باوەشی ئەو جێگەمە | خۆشە لایلایەی بەبێ دەنگی، بە ئیستیغفارەوە |
ڕێ کەوێ بۆت ژینی دنیا خۆشە بێ زووخاوی دڵ | ناخورێ هەنگوینی شیرین قەت بە زەهری مارەوە |
خۆشە مردن با نەبینم ئیشی لار و نالەبار | باری خۆم قورسە، نەناڵێنم بەدەس سەربارەوە |
هەموارە غەریبی کوچەیی شارێ بی
[edit]هەموارە غەریبی کوچەیی شارێ بی | ماتەم زەدە، زوخاوی جگەر خوارێ بی |
شەو تا بە سەحەر، بە دەردەوە ناڵەت بێ | چاتر لەوەیە کە یاری ئەغیارێ بی |
*** | |
برسی و ڕەش و ڕووت، بە عاجزی و غەمگینی | ڕابوێری بەبێ نەوایی و بێ تینی |
لەو دەشتە لەبەر هەتاوی سوور، گوڵ چینی | مەعقوولترە، نەک ڕووی ڕەقیبێ بینی |
*** | |
پشتت لە مەرارەتا، لە ژێر بارا بێ | ڕۆحت لە ڕەزالەتا، لە ئازارا بێ |
جێی نووستن و ڕاحەتت لەناو نارا بێ | نەک پادشەهیت، لە گفتی ئەغیارا بێ |
*** | |
ئاوارە و زار و دەربەدەر، ڕیسوا بی | بۆ قەترەیە ئاو، لە تینووا خنکاوی |
بۆ لوقمەیە نانی جۆ و دۆ داماوی | زۆر خۆشە، نەڵێن لەبەر ڕەقیب هەستاوی |
*** | |
بەڕوو پووش و پەڵاش و زی بماڵی | بە شەو تا وەقتی سبحەینێ بناڵی |
بنۆشی دەم بەدەم، زووخاو و تاڵی | نەوەک بێگانە بێ و ڕووکەیتە ماڵی |
1938/12/19
هەولێر
مەلی ئامال
[edit]لە شاخساری ژیان هەڵفڕی مەلی ئامال | لە خۆیەوە نەفڕی، بەردی دەستی نافامێ |
لە ئاشیانەیەکی گەرم و گوڕ لەسەر هێلکە | هەڵیفڕاند و تەرەی کرد و دایە شەققەی باڵ |
فڕی، نیشتەوە، ڕووی کردە چۆڵ و هەردە و یاڵ | هەموو جیهانی لەلا بوو بە ڕاوکەری خوێنتاڵ |
هێلانە واز و پەرێشان، زەبوون و بێ دەرەتان | کەژ و چیا ئەگەڕێ، ناتەوان و سەرگەردان |
هێلانەکەی هەموو ڕووخا بە گەردەلوولی خەزان | مەجالی هێندە نەدا، هێلکەیەکی هەڵبێنێ |
بەنووکی جوانی دەنووک، ئاوودانی بۆ بێنێ | بکەونە باڵەفڕێ و سەرچڵی لە خەم ڕەخسان |
ئەوانە وا ئەبنە هۆی فڕینی ئامالی | یەکێکی بێ دەرەتان و زەبوون و بێدەسەڵات |
جەزای ئەمانە حەواڵەی زەمیری ئێوە ئەکەم | کە حوکمی بۆ بدەن، ئەی خوێندەوارانی بەرزی وڵات |
1958/01/31
هاوزوبانم، زوبانی لاڵی منە
[edit]هاوزوبانم، زوبانی لاڵی منە | بێ زوبانیی، زوبانی حاڵی منە |
ئێستە پیری شەڕابی کۆنی خەیاڵ | خۆشەویستی شەوی ویساڵی منە |
لە فەزای ئاسمانی ئەشعارا | فکری ورد، ڕۆژی بێ زەوالی منە |
بیری ورد و مەعانیی تازە | لە سەمای شیعرما، هیلالی منە |
ڕوو بە ڕووناکی تەفەکور ئەڕۆم | لەفزی ئەشعاری من، زیلالی منە |
با حەرامیشی تێبگەن «نووری» | شیعرەکانم هەموو، حەڵاڵی منە |
ئیلهامێک لە «حسێن دانش»ەوە وەرگیراوە
[edit]لە کاتێکا سەفینەی بیروباوەڕ غەرقی شۆڕش بوو | تەمی ئەفسانەی بووتخانە، دونیای عەقڵی پۆشیبوو |
شەپۆلی تیژی دەریای فیتنە، گەرمەی هێز و جۆشی بوو | ژیانی ئادەمیزاد، تێکەڵاوی بیم و لەرزش بوو |
گڕێکی ئاگری هەڵکرد و ناوی نا پەرستشگاهـ | بڵێسەی بوو بە نوور و مەشخەڵی ڕێی غافڵ و گومراهـ |
*** | |
لە پڕشنگی برووسکە مەشخەڵی ئاتەشکەدەی وەرگرت | بەجارێ ئاگری بەردایە پووشی وشکی نافامی |
شەوی جەهل و نەزانینی بە پرتەو کردە نوورانی | بت و بووتخانە هاتە لەرزە و ڕووی کردە وێرانی |
بەجارێ دای بە دەم باوە، بیناغەی پووچی بەدنامی | گڕی بەر دایە ژینی بووتکەدە، یەک بارە سووتانی |
*** | |
مەهـ و خورشید، ئەدا پڕشنگی ڕووناکی بە ئایینت | بەسەر ئافاقی «مادا» پرتەو ئەفشان، نووری ئیمانت |
جیهانی سەربەسەر پڕ کرد لە ئەنواری خودا بینت | شیعاری باوەڕی گۆڕی، بە جارێ عیلم و عیرفانت |
نەوا پەردازە بولبول، بۆ دەمی غونچەی گوڵستانت | درەخشانە وەکوو ڕۆژ لاپەڕەی مێژوویی تابانت |
*** | |
بە سێ شت دانرا، بنچینەیی ئایین و تەعلیمت | بە «فکر» و «قەول» و «کردارە»، هەموو ئەرکانی ئایینت |
سەراپا بوو بەساحەی عەدل و داد، مەڵبەند و ئیقلیمت | هەموو ئاساری کۆنی فورس و ئێران، زادەیی دینت |
سزاوارە لەسەر سەر دانرێ نووسراوی «ئاوێستا»کەت | کە ئەو بوو هۆی نەجات و موجیدی عومرانی دونیاکەت |
1935/08
شەو
[edit]خۆت بپارێزە لە ئاهی دڵ بریندارانی شەو | نەک خودا ناکەردە گیرا بێ، دوعای ناڵانی شەو |
یاوەر و یار و ئەنیسم، ئاهـ و ئەشکی حەسرەتە | ئافەرین ئەی بارەکەڵڵا، دیدەیی گریانی شەو |
ئەشکی حەسرەت، لازمی جەمعی سیەهـ بەختانە هەر | شەونمی سوبحە، دەلیلی قەترەیی موژگانی شەو |
هەرکە ڕووی تۆی دی، ئیرادەی بەیعەتی کرد ئافتاب | توڕەیی موشکینی تازەی کردەوە ئیمانی شەو |
خەت ئەگەرچی هێرشی هێناوەتە سەر ڕوومەتت | حازرە ئەم ڕۆژە دەرچێ، بۆ شکستی شانی شەو |
دڵ ئەبێتە قەترەیێ خوێن و لە دیدەم سەر ئەکا | هەرکە ڕابوورێ بەدڵما سوحبەتی جارانی شەو |
مونتەهای ئەم زوڵمەتی هیجرانە، ڕۆژی وەسڵ ئەبێ | ئاخری نووری شەفەق ئەڕژێ لە هەر دامانی شەو |
«نووری» لەم پێچ و خەمی زوڵفە نەجاتت زەحمەتە | لای سەختی تەبعان مەحاڵە، ڕوخسەتی میوانی شەو |
ژیانی ئادەمیزاد
[edit]لەناو شەپۆلی خەما، سەرنگوون و بێ ئارام | بە کێوی سەختی ژیانا، بەپێ و چنگەڕنێ |
خەریکی هەڵمەتی سەرکەوتنە بگاتە مەرام | لەپڕ نشێوی کڵۆڵیی، بواری لێ ئەتەنێ |
بە داوی جەور و خەفەت، تاروپۆی لە ئێش و لە زام | |
*** | |
زەبوون و ڕێ هەڵە بووی دەشتی چۆڵ و هۆڵی بەڵا | شکستە باڵ و شپرزەی پەلاری دەستی قەدەر |
نە دەستگیرێ لەلاوە دەسی بداتە پەلی | نە هاودەمێ خەفەتی خۆی لەلا بدا بە هەوا |
بەلایەکا ئەیەوێ تێپەڕێ، نییە ڕەهبەر | |
*** | |
لەبەر دەمیشیەوە تاریکە سێبەرێکی وەها | هەتاکوو چاو بڕ ئەکا، توند و تاڵ و بیم ئاوەر |
ئەدا بەلایەوە، ئەخنێتەوە بە ئیستیهزا | هەوڵ ئەدا کە بچێ بیگرێ، بەڵام سێبەر |
چلۆن ئەگیرێ، بەهێزی شەلێکی بێ سەر و پا | |
*** | |
ئەمانە ئەم کەژ و ئەم سێبەر و شەپۆلە، یەکی | نموونەیە لە هیوایە و لە ڕێگەیایە بەبار |
کە چاوی پێ ئەکەوێ، بۆی ئەچێ بە ئیستیعجال | بەڵام هیلاکییە، یەعنی ژیانی نەوعێ بەشەر |
بە تەنگەوە نییە، ڕاهاتووە لەگەڵ ئیهمال هەتاکوو ئەو دەمە، ئەینێنە قەبری تیرە و تار |