دیوانی شێخ نووری/چوارێنە
Appearance
برا من حەز ل شیرینی جەمالی ئاشکرا ناکەم
[edit]برا من حەز ل شیرینی جەمالی ئاشکرا ناکەم | پڕوپووچە لە لام من بۆ مەزاهیر قەت ڕیا ناکەم |
جەمالی نەفسە مەحبووبی حەقیقی گەر تەماشاکەی | بەغەیری ئەو، تەمەننای وەسڵی مەحبووبێ لە خوا ناکەم |
وا تێ مەگە کە کردەوەیی بەد ئەگەر بکەی
[edit]«کردەوە چاک بێ یا بەد بێ، دێتەوە ڕێی ئادەمیزاد - شێخ نووری».
وا تێ مەگە کە کردەوەیی بەد ئەگەر بکەی | گەردوون لە داستانی زەمان ئەیسڕێتەوە |
قەرزێکە کارەکانت لە ئەستۆی زەمانەدا | ھەر وەختێ، ھەر زەمانێ ببێ، ئەدرێتەوە |
ژن
[edit]ژن وەک دڵۆپی جیوەیە لەسەر دەست | ناجووڵێ بێتو گەر بەری دەستت کراوە بێ |
ئەمما کە بێتو دەستت بقوچێنی ڕائەکا | با بەینی پەنجەکانت لەحیمی تواوە بێ |
پووشی ئەمەلی دوژمنی بۆ خستمە تەندوور
[edit]پووشی ئەمەلی دوژمنی بۆ خستمە تەندوور | ڕۆحی فەرەحی نایە هەزاران دڵی ڕەنجوور |
موژدەی زەفەری پێیە، بە دڵخۆشییەوە هات | شایستەیە ئەم جەژنە بڵێم نووری عەلانوور |
نوورێکە دیدە حەددی بینینی نییە
[edit]نوورێکە دیدە حەددی بینینی نییە | ئاگر لە بەرابەری ئاوا تینی نییە |
زەڕڕاتی سیفاتی زاتی پڕ کەون و مەکان | نابینرێ بە دیدەیە، کە دووربینی نییە |
خۆشە دەرخەن هەروەکوو ئاوێنە عەیبت ڕووبەڕوو
[edit]خۆشە دەرخەن هەروەکوو ئاوێنە عەیبت ڕووبەڕوو | نەک لە پشتی سەرتەوە وەک شانە دەربێنن زبان |
پیاوی کامڵ دوژمنیش بێ یەک زبان و یەک دڵە | پاش ملە نەک زەهری مار و ڕووبەڕوو شیرین بەیان |
یا ڕەبی لە فەیزی مەعریفەت مەهجوورم
[edit]یا ڕەبی لە فەیزی مەعریفەت مەهجوورم | ڕێبواری مەجازم، لە حەقیقەت دوورم |
مەر ڕەحمەتی تۆ دەستی بداتە دەستم | ساڕێژ بکا زامی دڵەی ڕەنجوورم |
ئەی کاتبی حەرفی لەوحی پیشانی من
[edit]ئەی کاتبی حەرفی لەوحی پیشانی من | وەی پەردە گوشای ڕازی نیهانی من |
زانیوتە لە نادانی خۆم، نادانم | زانیوتە حدوود و حەددی نادانی من |
تۆ باعیسی حاڵی حوزن و خورسەنەدی منی
[edit]تۆ باعیسی حاڵی حوزن و خورسەنەدی منی | تۆ عوقدەگوشایی هەر گرێ و بەندی منی |
ئەم عەزمە من بەسمە کەوا بەندەیی تۆم | ئەم دەوڵەتە من بەسمە خوداوەندی منی |
خۆزگەم بەوە، بێ وەجاخە ئەولادی نییە
[edit]خۆزگەم بەوە، بێ وەجاخە ئەولادی نییە | هەرگیز لە زەمانە داد و بێ دادی نییە |
هەر ئەو خەفەتەی هەیە وەجاخی کوێرە | بێجگە لەمە، داخ و فەریادی نییە |
خاڵە بیستم هاتییە هەولێر و نەتپرسی لە کەس
[edit]خاڵە بیستم هاتییە هەولێر و نەتپرسی لە کەس | خۆ لە باخا هەر گوڵە دایم ئەنیسی خاروخەس |
چی ئەقەوما گەر بفەرمووی خوشکەزایەکم هەیە | بەندی بەندیخانەی هەولێرە وەک «مرغی» قەفەس |
دڵ لە شەقڵاوە مەگەر نەختێ حەیاتی بێتە بەر
[edit]دڵ لە شەقڵاوە مەگەر نەختێ حەیاتی بێتە بەر | سەر لە عەنکاوە مەگەر نەختێ خەیاڵی بێتە سەر |
وەرنە لەم هەولێرەدا ئەهلی دووەل زەوقم ئەوێ | غەیری چەند شەخسێ نەبێ، چی بکەم خودا «أين المفر» |
خودا مەمهێڵە بۆ وەخت و زەمانێ
[edit]خودا مەمهێڵە بۆ وەخت و زەمانێ | لەسەر دڵ ببمە بارێکی گرانێ |
دەسم بگرە بڕۆم با من نەبینم | دەسم بگرێ یەکێ بۆ پەلکە نانێ |
1951/06/18
بارزان
خودایا گەر بە دڵما تێپەڕیبێ هەر خەیاڵاتێ
[edit]خودایا گەر بە دڵما تێپەڕیبێ هەر خەیاڵاتێ | لە عەزرەت ئێشی سەخت و کڵپەی دڵمە وا پەشێواوم |
بە لوتفی خۆت مەگەر بڕوانییە کرداری ناڕێکم | لە سجلی نائومێدی بیسڕی تۆ، کردەوە و ناوم |
خوایا بەسیە ئیتر لابەری دەیجووری ئیزمحلال
[edit]خوایا بەسیە ئیتر لابەری دەیجووری ئیزمحلال | تڵووعی پێ بکەی خورشیدی ڕۆژی پاکی ئیستیقلال |
لەگەڵ خولیای هیجرەتدا، بەسەر چوو عومری شیرینم | دەسا نۆبەی ویساڵە، ئاهـ.. ئەی ئومێدی ئیستیقلال |
«شووشە» چ بەششووشە، قەدی شووشە وەکوو شمشاڵ
[edit]«شووشە» چ بەششووشە، قەدی شووشە وەکوو شمشاڵ | چاومەست و دەهەن غونچە و پڕ عیشوە و لێو ئاڵ |
«ماری» کە دوو ماری سەری زوڵفی لە ملم دا | جووڵایەوە کەوتم بە دەما، بێخود و بێ حاڵ |
خەیاڵی دیدەنی تۆ وا لە سەرما
[edit]خەیاڵی دیدەنی تۆ وا لە سەرما | خەریک ماوم لەبەر باران و سەرما |
ئەوەندەت بیر ئەکەم وەختێ ئەزانی | لە خزمەت دام کە ڕۆژێ هات بە سەرما |
بۆیە من ئیشتیراکی ئێوە ئەکەم
[edit]بۆیە من ئیشتیراکی ئێوە ئەکەم | حەز لە ئەخلاقی چاکی ئێوە ئەکەم |
. . . . . . . . . . | ڕۆح فیدای خاکی پاکی ئێوە ئەکەم |