دیوانی شێخ نووری/گردی سەیوان
Appearance
گردی سەیوان
[edit]دەمی ئێوارە ڕۆژ لێرە لە حاڵێکی حەزینایە | وتارێکی لە مەعنایی نیگاهی واپەسینایە |
شنەی با هەر وەکوو نەی، نەغمەپەردازی مەقاماتە | هەزاران ناڵەیی زاری لەناو ئاهـ و ئەنینایە |
*** | |
چ خاکێکە موقەدەس، توربەی پاکی شەهیدانە | بە هەر لادا بڕۆی هەر نەعرەی «الله اكبر» دێ |
لەهەر سوو تێپەڕی ئایاتی حەق تەفسیری قورئانە | مەلایەک بۆ زیارەت سەف بە سەف، بێ پا و بێ سەر دێ |
*** | |
درەختی ساڵ خوردەی ئایەتی قەومییەتی کوردە | مەزاری نادیاری سورەتی «انا فتحنا»یە |
بەیانی شەرحی ڕابوردووی ژیانی میللەتی کوردە | نیشانەی قەهرەمانیی قەومی کوردی لێ هووەیدایە |
*** | |
نیگاهی ئاگرینی شەو بە مەهتابێکی نوور ئەفشان | کە دار و بەرد و کێلی قەبرەکانی پێ ئەکا تەنویر |
وەکوو ڕوحێ لەبەر دەمتا کفن بردووشی فەخروشان | زەمانی تێپەڕیو سەرگوزشتی خۆی ئەکا تەقریر |
*** | |
دەڵێ ئەم جێگەیە بۆ پاشەڕۆژت، قیبلەگاهێکە | سەراپا قەهرەمان و تاجدارن لێرەدا مەدفوون |
سەراسەر بەرد و قەبری، ڕەمزی تاج و تەختی شاهێکە | پەڕەی تەئریخی حوکمی حاکمانی کورد ئەکا گوڵگوون |
*** | |
بەزاهیر دار و بەرد، ئەمما هەموو ئەشعاری پڕ ئاهەنگ | سنووحاتی هەموو ئیلهامی ئەفکاری ئەدیبانە |
شەپۆلی بەحری مەعنا، هەروەکوو مەهتابی ڕەنگاوڕەنگ | ئەڵێی فەجری بەیانانە لەناو شەودا درەخشانە |
*** | |
لەپێش فەجرا هەموو ڕۆژێ تەمی ماتەم حەزینانە | دەپۆشێ سەر هەتا دامێنی ئەم گردە بە مەحزوونی |
بە دەنگی پێچەوانەی تێ مەگە، سۆزێکی گریانە | لە بەندی جەرگی لەیلێ دێتە دەر بۆ مەرگی مەجنوونی |
*** | |
هەناسەی ساردی بێ ڕوحێ کە دێ بێ سروە شەوگاران | بەسەر کوڵمی گوڵا پەخشان ئەکا، گێسووی ڕەیحانە |
ئیفادەی شیعری، ژینی تێپەڕیوی نەوجوانانە | ئەگەر ورد بیتەوە، دەرسێکی پڕ مەعنایە بۆ ئینسان |
*** | |
دەخیلە زائیرا ئاهستە پێ دانێ بەسەر خاکا | مەقامی نامداران و نموونەی عەرشی یەزدانە |
بە تەعزیم و ئەدەب تێپەڕ ببی چاکە بەجێی چاکا | نیشانە و ڕەمزی کوردە، ناوی بەرزی گردی سەیوان |
1943/01/14-15
سلێمانی