دیوانی شێخ نووری/کوردی پەتی
Appearance
جووت و گا
[edit]شارەزوور تاکوو بڵێی جێگەیەکی بەردارە | خۆڵی زیو، ئاوی بەدێراو ئەڕژێنێ پارە |
کوردە تۆ بۆچی ئەڵێی: ڕووتم و بێ لانە و بان | خاوەنی جووت و ماڵات و مەڕ و ڕان و شوان |
بایی تارانییەکە وێژەبەرە و ئاسنەکەت | پارە دەرهێنەرە لەو ئەرزە ڕەقە گاسنەکەت |
ئەوی پێویستە لە جووتێ، هەموو داری بەڕووە | نیر و هەوجاڕ و نەقیزە و کەڵەمە و دەستەدووە |
وەردی پارت هەموو ئاڵتوونە، بە هۆڕ و بە جەواڵ | وشکە وەردت هەیە، قەت ناتەوێ دەغڵی تەڕەکاڵ |
تۆو ئەکەی بەو زەوییە دێمەوە تاوەختی پەڵە | شین ئەبێ، دان ئەگرێ، نەک یەکێ، بتبێ دە پەڵە |
زەرد ئەبێ وەختی درەو دێ، ئەچی بۆی ئەگری سەپان | درەو ئەکرێت و ئەکێشرێت و ئەبێتە خەرمان |
بڕۆ گاگێرەی تێ بەستە، شەنی کە بەشەماڵ | هۆڕی لێ داگرە، دەرکی بدروو، بیکەرە چاڵ |
بێینە سەر باسی مەڕ و مێگەلت، بۆت ئەکرێ لە شیر | ڕۆن و دۆ، ماست و کەرە، کەشک و فرۆ و پێستە پەنیر |
بەڕە و هۆڕت خوری، چیغ و دەوارت لە مووە | چاکی لێ وردبییەوە، هیچی بەپارە نەبووە |
هەر لە بەرگن ئەکرێ، خورج و فەرەنجی و لاکێش | دێتە بەردەستت بەخۆڕایی، بەبێ عارەق و ئێش |
کوتە جاوی شڕی خۆتە، ئەچی ئەیکەی بە کەڵاش | لە مەرەز بوزوو ئەڕێسیت و ئەشیکەی بە کەواش |
ناکڕی شت لەم و لەو، گەر بتەوێ تا ئەمری | هەموو بۆت ڕێک ئەکەوێ، کۆمەڵ ئەبێ هەر لە خوری |
شۆک و دۆشاوی گەزۆت بۆ ئەگرێ داری بەڕوو | ئەتەوێ پارە پەیاکەی، بە کەتیرە و مازوو |
ڕەزەکەت، گەر بتەوێ پارەی لێشاوی هەیە | مێوژ و باسووق و ترێ و هیزەی دۆشاوی هەیە |
چ بڵێم پووش و بەلەک، چیلکە و زەل، لیژنەیی دار | ئەچی ئەیهێنی بە باری کەر و ئەینێرییە شار |
هەموو ئەدرێ بەشت و مەک، بە کەلوپەل بۆ ماڵ | ڕائەبوێری بەدڵی خۆت و مناڵت هەموو ساڵ |
مەلەوانم لەبنی گۆمی زمانا بە هەزار | ناوی کوردی دەرئەهێنم بە جەواڵ و بە خەرار |
جووت و گا شتێکی چاکە
[edit]لە باسی هەر شتێ پیا ڕاگەیشتین ئێمە نووسیمان | ئیتر با بێینەوە سەر باسی جووتیاری و زەوی کێڵان |
لە پایزدا خەریکی جووت و تۆو چاندن ئەبی تا سەر | لە ماڵی خۆت ئەنوویت و بێ عەزیەت ئاوی ئەدا باران |
لە جەردە و دز بەدوورە، قەت مەترسە هیچی لێ نایە | لە هاوینا لە پاش دروێنە، بێیتە سەر خەلە و خەرمان |
وەرە تۆ پێگەیشتووی وەختی هاوینیش تەماشا کە | وەکوو بامیە و تەماتە، کاڵەک و لۆبیا و باینجان |
جگە لەو پارەیەی خاوەن زەوی ئەیخاتە گیرفانی | بەڕاستی خزمەتێکی زۆر ئەکا، بۆ هاوڵاتییەکان |
کەڵەمە و نیر و هەوجاڕێک و جووتێ گای لەڕ و بێ فەڕ | ئیتر دەسمایەی ناوێ، وەکوو دوکانی بازرگان |
بەقاڵی و ئەم شتانە هیچ نییە کە وەختێ نابووت بوو | لە باخەڵیا ئەڵێ ئەسپێ گۆرانی سەوزەڵێ تۆم گیان |
زەوی و زار دەوڵەتێکە نامرێت و قەت لەناو ناچێ | فەقیر و دەست نەڕۆییو نابێ قەت، خاوەنی دەغڵ و دان |
بیناغەی دەوڵەمەندی هەر بە جووت و گا ئەبێ قایم | بە جووت و گا ئەڵێن، عەرز هەڵدڕین و پارە دەرهێنان |
تکاتان لێ ئەکەم لەم ئیشەدا تا پێشکەون چاکە | بەڵام دووبارە پێویستە حکوومەت بێتە یاریدان |
لە باسی تووتن و کڕیار و لادێییش بنووسم با | کە پارەی پێ بوێ، دێت و هەزار ڕوپیە ئەبا زستان |
بەهارێ سەد دێراو تووتن ئەکات و وازی لێ دێنێ | ئەما تووتن چ تووتن، ورد و پیس و بێ گەڵا و کێشان |
وەچ و دارک زیاتر ناوی تووتن بێ بە تۆی نادا | هەموو هەر دار و بەرد و زبڵ و پووش و قشپل و ئێسقان |
بچیت و پێی بڵێی ئەو تووتنە باتمانی چەند یێژێ: | «بە سێ لیرەی عەجەمیی کەمتری نادەم بەسەد قورحان» |
لە ئەرزی وشک و ڕەق، تووتن پەیابێ و واشی بفرۆشن | کەوابوو با هەموو دەست کەینە، جووتیاری و زەوی کێڵان |