دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی/پیتی ب
Appearance
1
[edit]بۆ نەسووتێ جگەر و بۆ چی نەبێ دڵ بە کەباب | بۆ چی نەڕوا لە تەنم ڕۆحی ڕەوان میسلی شەهاب |
بۆ لە سەرچاوەیی چاو هەڵنەقوڵێ ڕەشحەیی خوێن | بۆچ لە فەووارەیی موژگان نەتکێ قەترەیی ئاب |
بۆ لە بەر ناڵەی نەبێ حەڵقەیی حەڵقم بە سروود | بۆچ لە بەر گریە نەبێ چەشمەیی چەشمم بە سەراب |
موئنیسی ڕۆژ و شەوم باعیسی ئارامی دڵم | ڕۆیی و من لە غەمی کەوتمە نێو بەحری عەزاب |
بە وقووعی سەفەری قادری وەستا خدرم | خانەیی عەیشمی تاڵ کرد فەلەکی خانەخەراب |
چەنگ و نەی لێ مەدە موتریب کە لەبەر فیرقەتی ئەو | ڕەنەکی ڕۆحە لە گوێم نەغمەیی ئاوازی ڕەباب |
ساغەری مەی مەدە ساقی! کە لە بەر دوورییی ئەو | تاڵە وەک ژەهری هەلاهیل لە مەزاقم مەیی ناب |
کاری کردن نەبوو ئەم کارە کە گەردوونی دەنی | کردی، ڕووی ڕەش بێ وەکو بەختی من و پەڕڕی غوراب |
ئەی ڕەزا! ڕەنگە لە بەر فیرقەتی ئەو موئنیسە تۆ | قەت نەبی خاڵی وەکوو کوورە لە سۆزی تەب و تاب |
2
[edit]دەمکوژێ حوکمە دەزانم بە خودا دەردی حەبیب | وەرە سا بەشقی خوا دەس لە یەقەم بەردە تەبیب |
وەرە دەستێ بخەمە گەردنی بللوورینت | تا وەکوو سفرە لە داغا بدڕێ ورگی ڕەقیب |
تالعم نەحسە دەترسم کە بە ئازاری فیراق | بمرم و ڕۆژێ نەبێ دەوڵەتی وەسڵم بە نەسیب |
چاوی فەتتانی تۆ ئەو ساحیرە جادووگەرەیە | کە بە یەک عیشوە ئەدا عابیدی سەد ساڵە فەریب |
تا لە تۆ دوورە دڵی غەمزەدە ئەی ڕاحەتی جان | مەشریق و مەغریبە مابەینی لەگەڵ سەبر و شەکیب |
بێ فەراز نابێ نەشیب، ئەم قسە تەحقیقە وەلێ | من لە ڕێی عەشقی تۆ نەمدی بە خودا غەیری نەشیب |
قەیدی زوڵفە لە سەر و سەفحەیی ڕووت سابیتە، یا | تینەت و تیبە کە مەمزووجە لەگەڵ زینەت و زیب |
شێخ دەگۆڕێتەوە گەر چاوی بە زوڵفت بکەوێ | خەرقە و سەبحە بە زوننار و چەلیپا و سەلیب |
تاقەتی تاق بووە بێچارە لەژێر باری فیراق | بکە ڕەحمێ بە ڕەزا، چاکە تەڕەححوم بە غەریب |