دیوانی فایق بێکەس/هەستی دەروون
بەشارەت بێ لە قەومی کورد
[edit]بەشارەت بێ لە قەومی کورد فەلاکەت شوێنی مەفقوودە لە سایەی خواوە ئەمڕۆژە خەلایق جوملە مەسعودە | |
ئیلاهی سەد شوکر ڕۆژێکی چەند پیرۆز و مەحموودە | عەدالەت، ئەمنیەت، ڕاحەت سەراسەر ئێستە مەوجوودە |
*** | |
زەمانێ بوو لەژێر باری مسیبەتدا ئەمان ناڵان بەدایم گوێچکەمان پڕ بوو لە باسی کوشتن و تاڵان | |
ئیلاهی سەد شوکر ڕۆژێکی چەند پیرۆز و مەحموودە | عەدالەت، ئەمنیەت، ڕاحەت سەراسەر ئێستە مەوجوودە |
*** | |
کە زاتی پاکی موتەسەڕیف تەعین بوو بۆ سولەیمانی نەما لەو ڕۆژەوە ئیتر نیفاق و جەهل و نادانی | |
ئیلاهی سەد شوکر ڕۆژێکی چەند پیرۆز و مەحموودە | عەدالەت، ئەمنیەت، ڕاحەت سەراسەر ئێستە مەوجوودە |
*** | |
سەعادەت بوو بە بەرگێک و کرایە بەر هەموو فەردێ نەما ئەخباری ناخۆشی، لە دڵ دەرچوو هەموو دەردێ | |
ئیلاهی سەد شوکر ڕۆژێکی چەند پیرۆز و مەحموودە | عەدالەت، ئەمنیەت، ڕاحەت سەراسەر ئێستە مەوجوودە |
*** | |
عەجایب بەهرەیەک بوو خوا کە دای بەم قەومی کوردانە شەوی دەیجووری لێ لاچوو، جەهالەت وا لە فەوتانە | |
ئیلاهی سەد شوکر ڕۆژێکی چەند پیرۆز و مەحموودە | عەدالەت، ئەمنیەت، ڕاحەت سەراسەر ئێستە مەوجوودە |
1927
ساقی لە پەردە دەرهات
[edit]گەرد و گوڵی بەیان بوو سەبا کیتابی هێنا | لەو یارە نازدارەوە ڕاز و عیتابی هێنا |
لە خۆشییا کە قاسید هات و جەوابی هێنا | «ساقی لەپەردە دەرهات جامی شەرابی هێنا |
دڵ خیرە ما لە حیرەت مەهـ ئافتابی هێنا» | |
*** | |
بیستومە ئیمڕۆ دولبەر تەشریفی چۆتە سەیران | هەستام و چوومە سەحرا منیش بەیادی جاران |
هۆشم نەما کە بیینم لۆمەم مەکەن ڕەفیقان | «یەک زەڕە عەکسی پڕتە و دەرکەوت و تووری سووتان |
ئایینە سەخت ڕووبوو لەو عەکسە تابی هێنا» | |
*** | |
واقەوم و خۆیش تەبیبیان هێنا و هاتن بەدەستە | دەستێکی دا لە دەستم فەرمووی کە چیتە هەستە |
وتم دەرمانی دەردم لای تۆ نییە مەوەستە | تیماری چاکی سینەم ڕاجیع بەچاوی مەستە |
«بەختیش موافیقی عەشق بۆ من خرابی هێنا» | |
*** | |
لە کۆڕی بەزم و ڕەزما، لە حاڵەتێکی مەستا | دانیشتبووم لەناکاو عوود و کەمانە وەستا |
لە حیرەتا سەراپا مەجلیس عوموومی هەستا | «یارم لە ئەندەروون هات دەستی ڕەقیب لە دەستا |
غەمناک و شادمانم، ڕەحمەت عەزابی هێنا» | |
*** | |
دەستم لە بادە هەڵگرت ساز و نەیم فڕێ دا | ترسی قیامەتم بوو ڕوو ڕەش نەبم لەوێدا |
بەرماڵم گرتە کۆڵ و توند لە ملم گرێ دا | «بۆ تۆبە سوویی مەجلیس هاتم بچم، لە ڕێدا |
بۆ کۆیی مەی فرۆشان قیسمەت شیتابی هێنا» | |
*** | |
جەمالی تۆیە فکری بەئێمە بەخشی نەشمیل | دڵ بەندی تۆم و دائیم غەمبار و پەستم و دیل |
مەحروومی دیدەنیتم دووچاری عیللەتی سیل | «ڕوو هەر لە من ئەپۆشی و، حاڵی یەکە جیبریل |
هەر خاسە بۆ من و ئەو ئایەی حیجابی هێنا» | |
*** | |
بەئاخ و داخی تۆوە شەو تا سەحەر ئەدەم تل | نەختێ لە خوا بترسە ئەی چاو ڕەشەی شل و مل |
ئۆباڵی من بەئەستۆت بەسیە نەما تەحەممول | «وەی وەی چ مەجلیسێ بوو، بەهـ بەهـ لە دیدە و دڵ |
دولبەر شەرابی گێڕا، سالم کەبابی هێنا» |
1932
سلێمانی
خەیاڵی ژێر لێفە
[edit]عیلم و نەزانین بخەرە لاوە | هەر پشتت ببێ کارت تەواوە |
خزم و خوێش قسەی پیرێژنانە | ڕەفیقی دڵسۆز ئێستە جزدانە |
ئافرەتی بێ وێل ئەزانی چۆنە | بەخوا هەر وەکو گوڵی بێ بۆنە |
ئەوی بییەوێ عالەم مەمنوون کا | ئەبێ هەوڵ بدا خۆی بەمەیموون کا |
داخی هەندێ کەس لە سینەمایە | ڕۆژی ڕەنگێکە وەک «سینەما»یە |
قەت بەزەبر و زەنگ ئیش ناچێتە سەر | مار بە فیکەیەک لە کون دێتە دەر |
جوانی بەمن چی کە نەفام دەرکەوت | مۆمێک چاترە لە چرای بێ نەوت |
جوانێ لە پیرێ گەر مارە بکرێ | بێ شک زەربەیە لە ئەخلاق ئەدرێ |
ئەمڕۆ دنیایە و سبەی مردنە | تێشووی هەردوو لا چاکە کردنە... |
1932
سلێمانی
گۆڕان
[edit]گۆڕاوم، وێنەی جاران نەماوم، | بینایی چاوم |
عەشقت لە دڵما دامردۆتەوە، | بێ تین و تاوم |
دیسان هەر مەستی بادەی پێشینم، | گیانی شیرینم |
چەپگەرد ناتوانێ لە دڵمی دەرکا | یادی دێرینم |
بەڵام خولیاکەی پێشووم نەماوە، | هیوام بڕاوە |
ژینم هەر وەکو درەختی بێ بەر | وشک و بێ ئاوە |
چی بکەم داخەکەم ئەو خولیایەی زوو | لەسەرم دەرچوو |
وێڵم بە دوویا نایدۆزمەوە، | ڕۆیی لێم ون بوو |
گیانە پێم بڵێ بۆچ وا ئەڕوانی، | گۆیا نازانی |
دڵیش ئەگۆڕێ، وەک خۆی نامێنێ | تاسەی جارانی |
تۆ نەختێ سەرنج بدەرە دنیا، | هەرچی کەوا تیا |
باڵدار و گوڵ و ئەستێرە و دەریا، | درەخت و چیا |
ئەمرێ، ئەوەرێ، کز و وشک ئەبێ، | ئەگۆڕێ جیا جیا |
نازار تۆش سەیری ئاوێنە بکەی | ئەوسا تێ ئەگەی |
خۆشت ئەگۆڕێی، هەروا نامێنی | هەتاکو سبەی |
منیش ئارەزووی ئەوسام نەماوە، | عەشقم گۆڕاوە |
دڵم هەروەکو گوڵی بێ باران | سیس و ژاکاوە |
1935
مۆرتکەی بازیان
ساقی نامە
[edit]ساقی فیداتم... ساقی فیداتم | دڵ پەستە، هەستە ساقی فیداتم |
حەیرانی لەنجە و بەژن و باڵاتم | شەرابێ بابێ بۆ دڵەی ماتم |
ڕەونەقێ، شەوقێ بابە حەیاتم | لە دەستی پەستی بدا نەجاتم |
شەرابێ وابێ عومری نوحی بێ | سەفا بەخشی دڵ نەشئەی ڕۆحی بێ |
کۆن و موسەففا، لابەری جەفا | بەزم و ڕابیتەی یارانی وەفا |
شەرابێکی وا بەتەنها جامێ | تەکامول بکا خامێ، نەفامێ |
قەدەح پەیاپەی پڕکە لێواو لێو | بێنیە و مەترسە لە تەعنە و جنێو |
*** | |
ساقی فرسەتە... ساقی فرسەتە... | دەخیل مەوەستە ساقی فرسەتە |
وەختی خواردنەوە و کەیف و عوشرەتە | موغەننی سا تۆش ڕۆژی هیممەتە |
دڵ زۆر گیرۆدەی دەنگ و نەغمەتە | توخوا قەتارێ دڵ بۆی لەت لەتە |
بەناڵەی نەی و نەغمەی ئەرغەنوون | بەنەشئەی مەی و شەرابی گوڵ گوون |
با لە دڵ دەرکەین سزایی گەردوون | ئاسوودە ساتێ دڵ ببێ مەجنوون |
*** | |
ساقی بەهارە... ساقی بەهارە | ساقی بڕوانە دنیا بەهارە |
زەمین سەراپا گوڵ و گوڵزارە | چریکەی باز و نەغمەی هۆزارە |
نەورۆز پەیدا بوو لە گردی یارە | تێ بکە لە چاوی ئەو عیشوەدارە |
کوا فرسەتێکی هەروەک ئەمجارە | تێ بکە چ وەختی توانج و عارە |
*** | |
ساقی ئۆباڵی منت بەئەستۆ | دنیایە وەسیەت ئەکەم لەلای تۆ |
کە مردم توخوا هەر بەمەی بمشۆ | بۆم مەکەن شین و گریان و ڕۆ ڕۆ |
لە جێی یاسین و تەڵقین و شینم | بێن کۆڕێ بگرن لە ژوور سەرینم |
بەبەزم و ڕەزم و بەئاوازی خۆش | ئێسک و پرووسکم هەموو بێتە جۆش |
1936
تەوێڵە
شۆری بێکەس
[edit]دڵێ تەر نەبێ... دڵێ تەڕ نەبێ دڵێ لە خۆیا دائیم تەڕ نەبێ... | |
بە جامی شەراب کەیل و مەستی کەی | خوایە ئەو دڵە دائیم پەستی کەی |
*** | |
دڵێ هێلانەی عەشقی یار نەبێ بەتیری نازی بریندار نەبێ | |
بەجامی شەراب نەشئەی پێ بدەی | خوایە ئەو دڵە دائیم پەستی کەی |
*** | |
دڵێ کە کانگای مەعریفەت نەبێ سەرچاوەی عەشق و موحببەت نەبێ | |
بەجامی شەراپ جیلوەی دەربخەی | خوایە ئەو دڵە دائیم پەستی کەی |
*** | |
دڵێ دووچاری خەفەت نەبووبێ بەشمشێری عەشق لەت لەت نەبووبێ | |
ئاواتی نەبێ غەیرەز مەی و نەی | خوایە ئەو دڵە دائیم پەستی کەی... |
1937/07/16
سلێمانی
نا ئومێدی...
[edit]لە دنیادا نییە وەک من بەعەشقی ئەو گروفتارێ | سەر و ماڵم لە ڕێی دانا، کەچی لوتفی نەبوو جارێ |
سەفیل و دەربەدەر ڕۆژێ لە کووچە و قوژبنی شارێ | «ئەمان مردم عیلاجێ، سا لە ڕێی پێغەمبەرا چارێ |
ویسال یا قەتڵە یا تەکسین، لە هەر سێ بۆم بکەن کارێ» | |
*** | |
تفوو لەم دەهرە پڕ قەهرە، لە خۆشی و سەروەت و بوونی | ئەوی دانایە بۆی نایە. سەفایە لای کەر و کوونی |
لە داخی دەوری ناهەموار و پیشە و کردەوەی دوونی | «لە کونجی سینە دەنگی ئای و ئۆی دڵ دێ بەمەحزوونی |
وێران بێ نەم دی ساتێ لێی نەیێ ناڵەی بریندارێ» | |
*** | |
هەموو کەس پێم ئەڵێ شێتی وەها خۆت مەحوو بەربا کرد | لە ڕێی ئەم خاکەدا فەوتای و سەد لەککەت کە پەیدا کرد |
چ سوودێکی هەبوو بۆ تۆ ئەوەندەت جەنگ و دەعوا کرد | «ئەلای هەر کەس ئەچم مەنعم ئەکا خۆت بۆ چی ڕیسوا کرد |
درێغ کوا حاڵ زانێ، ڕەبیی تووشم بێنی بیمارێ» | |
*** | |
لە کۆڕی عەشق و دڵداری هەتا زوو دەربچم چاکە | هەموو ڕەنجم بە فیڕۆ چوو لەگەڵ ئەو شۆخە بێ باکە |
ڕەزیل و سووک و ڕیسوا بووم وەرە حاڵم تەماشاکە | «لەژێر باری غەما وا شانی سەبرم ڕێشە ئێستاکە |
فیراقی یار لەبەر ئاخرشەڕی لێم بۆتە سەربارێ» | |
*** | |
ئیلاهی بۆچ لە دونیادا بەشی من شین و گریان بێت | عەدەم لەم ژینە خۆشتر بوو عەریزەم خۆ نەدابوو پێت |
هەمیشە وێڵ و سەرگەردان و بەسەودای عەشقەوە وەک شێت | «سەبا یارانی مەجلیس گەر هەواڵی من ئەپرسن لێت |
بڵێ کێشایە مەیخانە دوو چاوی بێچووە عەییارێ» | |
*** | |
سەفا دوورە لە ئینسانی ئەدیب و عاشق و شاعیر | بەشی هەر دەرد و زووخاوە، دەروونی کەیلە پڕ ئاگر |
چ دڵ سەختێکە تووشی بووم نەجاتم دەی خودای قادر | «لە نەزعا پێی ئەڵێم قوربان جەفا بەسیە... ئەڵێ کافر |
ئەرێ چیت دیگە تۆ سەگ مەرگی کارم ماگە پێت جارێ» | |
*** | |
برا کەوتوومە بەر لیسی زەمانە و چەرخی چەپ کردەی | بەناشوکری نەبێ ڕۆژێ نەبوو بۆخۆم بڵێم ئۆخەی |
عیلاجی دەردی من نایە بەعوود و ڕوود و جامی مەی | «وەها سووتاوم ئەسڵەن تابی فریادم نەما سا دەی |
ڕەفیقان نیوە سووتن ئێوە نامەرد عەرزە هاوارێ» | |
*** | |
هەزاران ڕەحمەتت لێ بێ لە شیعرا چەند تەڕ و وردی | عەزیزم «مستەفا بەگ» تۆ نەمردووی، کێ ئەڵێ مردی |
جوابی وایە بێکەس گەر بڵێن تەقدیری بۆچ کردی | «دوڕ و یاقووت ئەبارێ لەم کەلامە شیرنەی «کوردی» |
دەسا خوا کوا لە دنیادا قەدرزان و خریدارێ» |
1939/11/20
سلێمانی
زەحمەتە بێ مەی ژیانم
[edit]داخی قەرزاریی عەرەق خستوومیە فاک و فیکەوە | گا بەدەس جەرجیس و عەبدە و، گا بەدەس ئۆفیکەوە |
هەر کە ڕۆژئاوا ئەبێ من بۆ عەرەق سمکۆڵ ئەکەم | وەک وڵاخێ بێتە وەختی کا و جۆ و ئالیکەوە |
چنگ لەسەر شان بۆی ئەڕۆین خۆم و لەگەڵ چەند نەگبەتێ | بۆ پەنا ئاشێ بە مەززە و قاپی مل باریکەوە |
جا بەچوار مەشقی لەسەر ئەرز دائەنیشین کۆمەڵێ | بەزمە ئێواران بەدەوری عارەقی مەستیکەوە |
خۆشە سەرخۆشی ئەگەر تووشی ڕەفیقی تووش نەبی | ڕابوێری هەر بەگۆرانی و قسەی عەنتیکەوە |
عارەق و پارە لە هەردوو گەر سەر و ڕوبعم هەبێ | چیمە ئیتر من بەسەر ئەڵمان و ڕووس و چیکەوە |
هەقمە گەر ئارەق بخۆم توخوا ڕەفیق لۆمەم مەکەن | زەحمەتە بێ مەی ژیانم بەم دڵەی تاریکەوە |
1939
عارەق ئەخۆم
[edit]من عارەق ئەخۆم کە بێ کەدەر بم | کەمێ لە دنیای دوون بێ خەبەر بم |
گەلێ سزام دی لە ڕووی عەقڵەوە | بادەی مەی بخۆم، بێ هۆش و کەر بم |
عافێتی تۆ بێ بامێ و قوبووڵی | با من بەعارەق تووشی زەرەر بم |
بەهەشت کە پڕ بێ لە وشکە سۆفی | ئاواتەخوازم کە لە سەقەر بم |
نامەوێ بەرگی ڕیا و زاهیدی | ئەگەر بەو بەرگەش زۆر موعتەبەر بم |
کورسیی مەیخانەم لەلا خۆشترە | لەوەی کە لەسەر تەختی قەیسەر بم |
ساقی دەخیلە بمدەرێ جامێ | با لە عالەمی مادە بەدەر بم |
ڕزگارم ببێ لە چەند و چۆنی | موددەتێ بۆخۆم بێ دەردی سەر بم |
1943
بێزاری
[edit]لە حاڵم بۆیە بێزارم، تەماشاکەن کە چەند عەکسم | لە پەستیی بەختی ناپوخت و لە بەرزیی عیززەتی نەفسم |
لە کوللییەی ژیانا من هەزاران تەجرەبەم دیوە | کەچی ئێستا کەوا تازە خەریکی مەکتەب و دەرسم |
بەدووڕوویی و درۆ و ساختە گەلێ کەس پێ گەیی، ئەمما | منی بێکەس لەسەر ڕاستی بەدائیم گیرەوەی حەپسم |
ئەوانەی دوێنێ گاڵتەم پێ ئەکردن ئێستە زۆر بەرزن | تفوو لەم بەختە سەرسەختە و لە ناوچەوانی وا نەحسم |
زەمانی پیاوی جاسووسە، چ وەختی سیدق و نامووسە | لە هەر لا باسی ئەخلاق و وەفا بکرێ ئەبێ هەڵسم |
ئەوەندە تەعقیبی حەقم کرد هەتا وا سووک و ڕیسوا بووم | هەزاران لەعنەتم بۆ دێ لە هەر شوێنێ کرا بەحسم |
ڕەواجی کوانێ لای خەڵقی وتار و شیعری پڕ مەعنا | گەلێ کەس پێکەنینی دێ بەگوفتار و دەم و لەوسم |
1944
شینی مستەفا مەزهەر
[edit]دەک فەلەک چەرخت شکێ گشت کردەوەت خونخوارییە | بۆ چی تەبعت وا هەمیشە مائیلی غەددارییە |
ڕۆژ نییە ئەم خەڵقە تووشی شین و واوەیلا نەکەی | شەو نییە عالەم ڕەحەت بێ، هەر لە گرییە و زارییە |
شەربەتت زەهرە، ژیانت قەهرە، لوتفت هەر شەڕە | بەزم و ڕەزمت شیوەنە، کەیف و سەفات غەمبارییە |
گەر بەدووچاوی عەقڵ سەیرت بکەین جا تێ ئەگەین | دڵ بەتۆ بەستن خەتایە و عیللەتی بێ عارییە |
«مستەفا مەزهەر» کە دوێنێ ڕەهبەری ئەم خەڵکە بوو | کۆچی کرد داخی بەجەرگم کۆچەکەی ئێجگارییە |
ئاخ چ دەردێکی گرانە بۆ گەلی کوردی هەژار | قەت بەدەم ناکرێ بەیانی هێندە سەختی و کارییە |
هەر کەسێ ڕۆژێ ئەوی دیبێ دەروونی لەت لەتە | پەست و داماوە لە داخا، خوێن لە چاوی جارییە |
ساڵی تەئریخی وەفاتی وا بەناوی هاتە دەر | «مستەفا مەزهەر» غەریقی ڕەحم و لوتفی بارییە |
1946
شینی محەمەد ئەمین زەکی بەگ
[edit]بەشی کورد ئەبێ دەرد و خەفەت بێ | ڕۆژی بەتیرێ جەرگی لەت لەت بێ |
ئاسمانی بەختی لێڵ و تاریک بێ | ئەستێرەی کز و ڕوو لە مەینەت بێ |
*** | |
قەت نەبوو ڕۆژێ گەردشی دەوران | چەرخی هەڵسووڕێ بەکەیفی کوردان |
ناشوکری نەبێ خۆشی لە ئێمە | دوورە بەغەیری شیوەن و گریان |
*** | |
بەڵێ زەمانەی چەرخی کەچ ڕەفتار | وا لێمان بۆتە دوژمنی خوێنخوار |
دایم خەریکە و بۆ هەل ئەگەڕێ | زیانێ بدا لە کوردی هەژار |
*** | |
ورد سەرنج ئەدا کێ بەقیمەتە | کێ نەختێ خاوەن هەوڵ و هیممەتە |
گورج ئەیفڕێنێ و لەناوی ئەبا | سەیری کە چەندە چەوت و نەگبەتە |
*** | |
جەنابی «ئەمین زەکی بەگ» کەوا | پیاوێ بوو بۆ کورد گەورە و پێشەوا |
داخی بەجەرگم زوو لە دەسمان چوو | نازانم بڵێم چی لە هەق ئەوا؟ |
*** | |
پیاوێ بوو هەتا بڵێن مونەووەر | خاوەنی عیلم و ئەخلاق و هونەر |
عومری خۆی دانا لە ڕێی خزمەتا | پێویستە قەدری بگرینە سەر سەر |
*** | |
پیاوێک بوو بۆ کورد تەئریخی نووسی | لای نەدا لە ڕێ: مەوقیع و کورسی |
زۆر فیداکار و میللەت پەرست بوو | هەواڵی قەومی بەدڵ ئەپرسی |
*** | |
پیاوێکی زانا و هێمن و بەبیر | ڕەوشتی بەرز و بەڕا و تەدبیر |
ئاواتە خوازی بەرزیی وەتەن بوو | پشتیوانێ بوو بۆ لات و فەقیر |
*** | |
پیاوێ بوو نەما، زۆر تەواو پیاو بوو | خاوەن کردار و مەوقیع و ناو بوو |
پیاوی وا نامرێ، دیارە ئەمێنێ | لەناو عالەما بەرز و ناسراو بوو |
*** | |
ئەی خاک دەخیلتم قەدری بزانە | ئازاری نەدەیت لەلات میوانە |
تەئریخی کۆچی «ئەمین زەکی بەگ» | «میللەت مەحزوونە، زۆر پەرێشانە» |
1948
دەردی دەروون
[edit]بێکەس: | |
دەمێکە، یاران، مات و خامۆشم | وێنەی تلیاککێش مەست و بێ هۆشم |
خۆم لە تەنقیدات دوور خستۆتەوە | هەواڵی دنیام لەبیر چۆتەوە |
نازانم دنیا ڕۆژە یا شەوە | هەموو کارێکم خواردن و خەوە |
لە دەنگ و باسی خەڵکی بێ خەبەر | وەک حەیوان ئەژیم، دوورم لە بەشەر |
خەریکی چی بم غەیرەز خواردنەوە | باسی قومار و پارە بردنەوە |
حەقمە، لێم گەڕێ تەعنەم لێ مەدە | حەقێکی ئەوتۆ لە سەدا سەدە |
مردم ئەوەندە هەوڵ و چەنەم دا | هەرچێکم نووسی گشتی چوو بەبا |
قەومێ کە دائیم هەر هەوڵ بدەن | بۆ ئەوەی یەکتر بەئەرزا بدەن |
بایە لەلایان میللەت و وەتەن | هیوا ئەمێنێ ئەوەی دەنگ بکەن |
غەیرەز نیفاق و بێ ئیتیفاقی | فەساد و فیتنە و ڕێی بێ ئەخلاقی |
چیتر ئەزانین؟ وازم لێ بێنە | پەردەی ئەسرارم زۆر پێ مەدڕێنە |
قسەم زۆر ماوە ڕەقە وەک بەردە | کاکە لێم گەڕێ، بەرۆکم بەردە... |
پیاوێکی تر: | |
بێکەس من نەم وت تۆ وا وەستا بیت | لە باسی خەڵقا تا خۆت وەستا بیت |
نەگبەت دامرکێ، چیتە لە میللەت | سەیری خۆت ئەکەی چۆن بووی بەعیبرەت |
ڕەفیقت هەموو ساحێب مەعاشن | خاوەنی پارە و وەزیفەی باشن |
مەڕوانە ئەوەی فڵان جاسووسە | خائین و عادی زۆر بێ نامووسە |
ئەمەت پێ ئەڵێم، ئەتۆش بینووسە | ئیمان و دین و شەرەف فلووسە! |
عالەم خەریکی ڕوتبە و پارەیە | هەر تۆ بەتەنیا جەرگت پارەیە |
ئەوەندە قسەت کرد نانی خۆت بڕی | ماڵت وێران بێ چەند ئاخر شەڕی |
کێ گوێ ئەداتە شیعر و نەسیحەت؟ | کێ پەسەند ئەکا قسەی بەقیمەت؟ |
ئەمڕۆ زەمانی ڕوپیە و ئانەیە | ئەمانە قسەی مناڵانەیە |
کوا پیاوی دڵسۆز، کوا وەتەن پەروەر؟ | کوا خاوەن غیرەت، کوانێ مونەووەر. |
بەسیە، قسەی خۆت بۆ خەسار ئەکەی؟ | عالەمێ لە خۆت بۆچ بێزار ئەکەی؟ |
دانیشە، ئیتر چیت لە کورد داوە؟ | بۆچ خۆت ئەخەیتە ئەم گێژ و داوە؟ |
سەد ساڵ لەسەریەک تۆ ئیرشاد بکەی | خەڵک وا ئەزانێ زوڕنا لێ ئەدەی |
من باکم نییە، هەر لەبەر تۆمە | قسەت کار ناکا، بەردی بن گۆمە |
بێکەس: | |
بەڵێ فەرموودەی تۆ لەسەر چاوم | ڕاستە بۆیە من سووک و بەدناوم |
دائیم دەربەدەر وا نان بڕاوم | چی بکەم، بڵێم چی، وەها خوڵقاوم |
هەتا بمێنم قسەی حەق ئەکەم | جوێن بەئینسانی خائین هەر ئەدەم |
گەرچی ڕاست وتن شەقی لە دوایە | خۆشە لەلای من، وەکو حەڵوایە |
ئەوەی بەناحەق شتێ بنووسێ | پەنجەی هەڵوەرێ و چاوی بنووسێ |
مەقسەدم تەنیا نەشری ئەخلاقە | بڕینی ڕەگی فیتنە و نیفاقە |
ئەخلاق ڕەهبەری ڕێی پێشکەوتنە | پەیژەی تەرەققی و زوو سەرکەوتنە |
دەلیلی ڕێگەی فەوز و نەجاتە | سەرمایەی فەخر و بوونی حەیاتە |
قەومی بێ ئەخلاق پەست و زەلیلە | هەر بەشی شەقە و سەرکز و دیلە |
ئەمە پەندێکە بۆ چاکیی ئێوە | نامەوێ هیچم دەست کەوێ لێوە |
سلێمانی
بەهاری سلێمانی
[edit]سەحرا ئەڵێی بەهەشتە | دڵ ئارەزووی لە دەشتە |
حەزی لە سەیری گەشتە | کوژراوی چاوی گەشتە |
گیرۆدەی خاڵی ڕەشتە | یارم شازادەی ڕەشتە |
*** | |
ڕۆژێکی بێ قوسوورە | دنیا باغ و قوسوورە |
پڕ لە غیلمان و حوورە | خەفەت لە دڵ بەدوورە |
گوێت لە نەغمەی تویوورە | وێنەی ساز و سەمتوورە |
*** | |
«پیر میکاییل» ببینە | دڵگیر و خۆش و شینە |
هەروەک تاوس ڕەنگینە | جێی بەزم و هەڵپەڕینە |
سەیران و پێکەنینە | پڕ ناز و نازەنینە |
*** | |
جێ هەر «قۆریە شکاو»ە | وێنەی خۆ نەبینراوە |
مەشهوور و زۆر بەناوە | بڕوانی لە هەر لاوە |
دەستەی کچان و لاوە | وەک چنار و لاولاوە |
*** | |
خۆشی لە «سەرچنار»ە | چیمەن و مێرغوزارە |
هەواکەی میشکبارە | دار و بەردی خومارە |
سەیران کەری هەزارە | جێی بولبول و هوزارە |
*** | |
چوار شەممووان هەرایە | ڕۆژی بەزم و سەفایە |
ئازادی ئاشکرایە | ڕەش بەڵەک و سەمایە |
بۆ دەردی دڵ دەوایە | کاشکی هەروا بووایە |
*** | |
خوایە هەموو بەهاران | بەخۆشیی خزم و یاران |
بچینە بەزم و سەیران | ئێمەش هەروەکو شاران |
بەنووری عیلم و عیرفان | ئاوا ببێ وەتەنمان |
سلێمانی
ئەی مانگ
[edit]ئەی مانگ من و تۆ هەردوو هاودەردین | هەردوو گرفتار یەک ئاهی سەردین |
تۆ وێڵ و ڕەنگ زەرد بەئاسمانەوە | منیش دەربەدەر بە شارانەوە |
دەخیلتم ئەی مانگ قیبلەی دڵداران | دەرمانی دەردی دڵەی بیماران |
شەوێکە و ئەمشەو بگەرە فریام | بێ یار و هاودەم عاجز و تەنیام |
دڵزار و بێزار پەست و غەمگینم | گیرۆدەی داوی یاری شیرینم |
دڵبەندی عەشقی ئەو بەڵەک چاوەم | شێت و شەیدای ئەو ئەگریجە خاوەم |
لەوساوە ئەوم کەوتۆتە خەیاڵ | گریانە پیشەم بوومە کۆی زوخاڵ |
ئەی مانگ تۆ شوعلەی عەشقی پیرۆزی | تۆ نەشئە بەخشی دڵی بەسۆزی |
من سوێندت ئەدەم بەعیشق و جوانی | بەنەسیمەکەی بەری بەیانی |
بەسەرهاتی خۆت بۆ من بەیان کە | دەردی گرانم نەختێ ئاسان کە |
دوچاری چی بووی وا پەشێواوی؟ | لەبەر چی پەست و مات و داماوی؟ |
پێم بڵێ توخوا چەند جوانت دی؟ | چەند جووتە یاری دەس لە ملانت دی؟ |
چەند کۆڕی بەزمی عاشقانت دی؟ | چەند تەخت و بەخت و خان و مانت دی؟ |
چەند قەهرەمان و چەند سوڵتانت دی؟ | چەند قەوم و میللەت، چەند شارانت دی؟ |
چەند شەڕ و شۆڕی بێ ئامانت دی؟ | چەند بۆردومانی کوردستانت دی؟ |
چەند کفنی ئاڵی شەهیدانت دی؟ | چەند بێ کەسانی پەرێشانت دی؟ |
چەند دەربەدەر و ماڵ وێرانت دی؟ | چەند چاوی سووری پڕ گریانت دی؟ |
ئەی مانگ ئەوەندە سەیری دنیات کرد | سەیری نیفاق و زوڵم و ڕیات کرد |
بۆیە بەم ڕەنگە کاری لێ کردی | ڕەنگ و شوعووری بەجارێ بردی |
سلێمانی
لای لایەی «شێرکۆ»
[edit]ڕۆڵە، لای لایە... «شێرکۆ» لای لایە شەوگار درەنگە بۆچ خەوت نایە؟ | |
ڕۆڵە، لای لایە... «شێرکۆ» لای لایە | یا خوا شێرانە بێیتە ناوکایە... |
*** | |
بنوو بەخۆشی هەتا بەیانی خەوی ژێر پەردەی پاکی یەزدانی | |
ڕۆڵە، لای لایە... «شێرکۆ» لای لایە | یاخوا شێرانە بێیتە ناو کایە |
*** | |
پەپولەی سپی ناوباخی گوڵان بنوو بەبێ ترس تا بەری بەیان | |
ڕۆڵە، لای لایە... «شێرکۆ» لای لایە | یاخوا شێرانە بێیتە ناو کایە... |
*** | |
زەردەخەنەکەت پڕ نەشئە وەک مەی گڕوگاڵەکەت خۆشتر لە سەد نەی | |
ڕۆڵە، لای لایە «شێرکۆ» لای لایە... | یاخوا شێرانە بێیتە ناو کایە... |
*** | |
ڕۆڵە وا من تۆم هێنایە بەرهەم بەڕەنجی زۆر و بەشیری مەمەم | |
ڕۆڵە، لای لایە «شێرکۆ» لای لایە | یاخوا شێرانە بێیتە ناو کایە... |
ئەستێرە گەشە
[edit]ئەستێرە گەشەی بەحەواوە | سەرم وا لەتۆ سووڕماوە |
هەر سەیرت ئەکەم تێ ناگەم | کێ تۆی لەو جێیە داناوە؟ |
*** | |
بەشەو کە دێمە سەربانی | سەیرت ئەکەم لە ئاسمانی |
لەناو فەزای شین و جوانی | جریوەت دێ تا بەیانی |
*** | |
بۆیە وا شاد و مەسرووری | سەربەست و بەرز و ڕووسووری |
دائیم دڵ ڕوون و پڕ نووری | چونکە لەم دنیایە دووری |
*** | |
خۆزگەم ئەمەیە ئێستە تۆ | بهاتیتایە گفت و گۆ |
شەرحت بکردایە لەبۆ | منی هەژاری دەس خەڕۆ |
*** | |
بەردی، درەختی، یا بەشەر؟ | ئەڵماسی، زیوی، یا گەوهەر؟ |
گیرەوەی تۆم و پڕکەدەر | پێم بڵێ زوو بەموختەسەر |
*** | |
جوابی دامەوە کەوا | کورەیەکم لەناو فەزا |
بەئەمر و قودرەتی خودا | ڕاوەستاوم لە ڕووی سەما |
سلێمانی
چ خۆشە!
[edit]چ خۆشە دەستەیەک دڵسۆز و یاران ڕەفیقی یەکتری بێ غەرزکاران | |
لەسەر ئاوێ بەکۆمەڵ دابنیشین | بەنەشئەی بەستەوە بادە بنۆشین |
*** | |
بەیاری و پێکەنین و شەوق و سوحبەت بەسەیری مەنزەرە و سیحری تەبیعەت | |
لە گوڵزارا بەئاهەنگ دابنیشین | بەرامبەر دەشت و شاخی سەوز و ڕەنگین |
*** | |
لە بیرت غائیلەی دنیا بەدەر کە لە باسی نیک و بەد، توخوا، گوزەر کە | |
زەمینە پڕ گوڵ و ڕەیحان و نەسرین | سەمایە فوببەیێکی شین و نەخشین |
*** | |
ئەگەر تۆ خاوەنی ئیدراک و هۆشی لە مازی و پاشەڕۆژ چاوت ئەپۆشی | |
دەساقی تێکە توخوا تاکو ئەمرین | مەعیشەت تەوقە بۆ ئینسانی غەمگین |
سلێمانی
شینی قالەی ئایشەخان
[edit]وا کوژایەوە... وا کوژایەوە
ئەستێرەی هیوا وا کوژایەوە
دەروازەی خۆشی داخرایەوە
دەرگای شوومی شین وا کرایەوە
دڵی هەزاران بۆت تووایەوە
دڵەی هەژار بۆت بۆتە بریانی
حەشرە، هەرایە لە سولەیمانی
لە هەرلا ئەڕۆی دەنگی گریانە
شینە، شیوەنە، یا قوڕ پێوانە...
قالەگیان: لە دوای تۆ خۆشی نەما
هەرچی بتناسێ غەرقە لە خەما
هاوفەردان! توخوا با کۆڕێ بگرین
هەتا فرمێسکمان هەیە بۆی بگرین
کە فرمێسک نەما بەناڵینەوە
ئەم چەند فەردانە بخوێنینەوە
پەنای هەژار و کەساسانم ڕۆ!
داڵدەی هەتیو و بێ کەسانم ڕۆ!
دەسکە گوڵی ناو مەجلیسانم ڕۆ!
چرای ئاهەنگی ناو دۆستانم ڕۆ!
شێری مەیدانی ناو ژیانم ڕۆ!
هاوارە قالەی ئایشە خانم ڕۆ!
هاوارە قاڵەی نەوجەوانم ڕۆ!
سلێمانی
ئەو دولبەرە...
[edit]عالەم ئەکاتە مەخسەرە
بۆ سەیری خۆی ئەو دولبەرە
نەسیحەتت ئەکەم وەرە
باوەڕ بەوەعدی ئەو نەکەی...
قسەی شیرینە، شیلەیە
ئەو چاو شینەی خنجیلەیە
بەناز و مەکر و حیلەیە
باوەڕ بەوەعدی ئەو نەکەی...
هەرچی ڕەنجێ لەگەڵ ئەوا
بدەی ئەچێ بەبای هەوا
ڕەزیل ئەبیت و بێ نەوا
باوەڕ بەوەعدی ئەو نەکەی...
هەزاران گیر و دەسخەڕۆ
ئەکات بەفیشاڵ و درۆ
نەتیجەش پێت ئەڵێ بڕۆ
باوەڕ بەوەعدی ئەو نەکەی...
خۆتی فیداکەی هەر کەمە
خەڵاتی ئەو دەرد و غەمە
بێکەس بەسیەتی چیت لەمە
باوەڕ بەوەعدی ئەو نەکەی...
سلێمانی
کەرەکانی شێخ سەلام
[edit]کەریم، ئەمڕۆ کورتان بۆتۆ | شەڵتەی جەزا بگرە و بڕۆ |
بار هەڵگرە تا نیوەڕۆ | سیاسی بە، زۆر لەسەرخۆ |
«برتو هزاران علبه جو» | |
*** | |
مودیرەکەی شاری «پێنجوێن» | بەتڕ نابێ بەڕوتبە و شوێن |
بەخورماڵیش بۆت ئەخۆم سوێن | تۆ لە کوێیت و، ئەوان لە کوێن! |
«برتو هزاران علبه جو» | |
*** | |
هەزاری بێ عەقڵ و کەماڵ | بۆخۆی گەیی بە حاڵ و ماڵ |
وەک مودیرەکەی «چەمچەماڵ» | |
«برتو هزاران علبه جو» | |
خۆ کەرەکەی «حاجی مامەن» | بەسەد قورئان، باوەڕ بکەن |
لەگەڵیا ئیمتحانت کەن | ناگاتە تۆ بە عیلم و فەن |
«برتو هزاران علبه جو» |
چەمچەماڵ
بەهار نامەوێ...
[edit]بەهار نامەوێ جوانیت ببینم ئەمڕۆ من بەدڵ پەست و غەمگینم | |
دوژمنی لالە و گوڵ و نەسرینم | بەهار نامەوێ جوانیت ببینم |
*** | |
بەهار بولبولت با هەر بخوێنێ گوڵیش لە دەشتا با خۆی بنوێنێ | |
ئەمانە دڵی من نابزوێنێ | بەهار نامەوێ جوانیت ببینم |
*** | |
بەهار و دەشت و ئاسمانی شینی بولبول و قومری و گوڵ و نەسرینی | |
پڕ بێ لە دیلی و دەرد و غەمگینی | بەهار نامەوێ جوانیت ببینم |
تووشی لافاوی عیلمم بووم...
[edit]تووشی لافاوی عیلم بووم و بەڵام زوو دەرپەڕیم | سواری وا پۆڕی جەهل بووم و بەناویا تێ پەڕیم |
سەد شوکر ئۆخەی نەجاتم بوو لە باسی عیلم و فەن | نامگرن جارێکی تر بۆیە لە کەیفا هەڵپەڕیم |
گەرچی تا ئێستا وتوومە! تێ بگەن زوو پێ بگەن | بەو قسانەم قەتعییەن باوەڕ مەکەن، سەگ بووم وەڕیم |
خوێندەواری شێتییە، هەر جەهلە ئینسان سەر ئەخا | گەر لەمەولا ناوی عیلمم برد بزانن سەرسەریم |
هێندە تەعقیبی هەقم کرد تاکوو نانی خۆمم بڕی | سووک و ڕیسوا بووم لەناوا گیرەوەی ئاخر شەڕیم |
من کە زانیم حاڵی زانا نەفیە. حەپسە- یا شەقە | هەر کیتابێکم هەبوو دوێنێ لە داخانا دڕیم |
پیاوی دانا عەقڵی دانا زانیی بۆی ناچێتە سەر | بەرگی نادانیی لەبەر کرد بوو بە خاوەن زێڕ و سیم |
شەرتە کەر بم بارە گوێزم لێ بنێن خڕڕەی نەبێ | با دەمێ زۆر و کەمێ وەک بێ غەمێ بۆ خۆم بژیم |
بەبۆنەی بۆمبای ئەتۆمەوە
[edit]داخەکەم بۆ ئەو زەمانەی ڕووی زەمین وەک بەهەشت بوو پڕ لە خۆشی و پێکەنین | |
مەرحەبا ئەی جەهل و وەحشەت مەرحەبا | یادی تۆ ئێستا لە دڵ خەم لائەبا |
*** | |
عیلمە ئێستا بۆتە مایەی دەردی سەر عیلمە بۆتە واسیتەی مەحوی بەشەر | |
مەرحەبا ئەی جەهل و وەحشەت مەرحەبا | یادی تۆ ئێستا لە دڵ خەم لائەبا |
گفتوگۆی بێکەس لەگەڵ زەمانە
[edit]بێکەس: | |
ئەی زەمانەی بێ وەفا تاکەی لەگەڵما خائینی | دائیمەن ناڕێک و چەوت و عەکسی ئامالی منی |
موددەتێ لای خۆت لەگەڵما وەک برا بووین ئەی زەمان | حاڵی حازر لێم بەری بووی، ناحەز و هەم دوژمنی |
وەڵامی زەمانە بۆ بێکەس: | |
فایقا تۆ بۆچ ئەناڵی، بەسیە ئیتر قیژە قیژ | من وەفام بۆ کەس بووە وا تۆ خەریکی شیوەنی؟ |
سەد هەزار پیاوی نەجیبم خستە ژێر باری جەفا | چەند هەزار پیاوی بەسەروەت مایەوە خۆی و گونی |
بێکەس: | |
ئەو کەسانەی تۆ ئەڵێی، هێشتا لە بێکەس چاترن | چونکە ژینی جەفایە زەهری مارە خواردنی |
پێم بڵێ تۆ بۆ چی دەرحەق ئەو کەسانەی عاقڵن | ئەژدیهایت و، بۆ ئەوانەی جاهیلن هەروەک ژنی |
زەمانە: | |
ڕۆڵە تۆ جارێ مناڵی، شارەزای دنیا نەبووی | سەیری تەئریخ کە ئەزانی گەر لە سیلکی خوێندنی |
شا «صلاح الدین» و «دارا» خاوەنی باخی ئیرەم | جوملە فەوتان، بوونە خۆڵ و تۆ لە حاڵی نووستنی... |
زەڕڕەیەک فەرقی ئەم و ئەو قەتعییەن لای من نییە | بەسیەتی تەحقیر کردنم، تۆ تالیبی شەڕکردنی |
بێکەس: | |
لێت موحققەت بێ زەمانە عالەمێ لێت عاجزە | بێ وەفای، بێ مروەتی، هەم سەرسەری و پیس و دەنی |
تاقەت و مەیل و بەقای تۆ بۆ کەسێ تا سەر نەبوو | هەردەمێ یاری یەکێکی... لایقی زەم کردنی |
من و ئیفلاس
[edit]من و ئیفلاس و بەدبەختی و دەردی چاخانە تا مردن | من و حوجرە و دەسێ نوێن و قوتابیخانە تا مردن |
بڕۆ یا هوو موبارەک هەر بەتۆ بێ پاکەتی «ئەرداس» | من و کیسە و سەبیل و تووتنی خۆمانە تا مردن |
سدارە و قۆندەرە و باستۆن هەموو بۆ تۆ بۆچیمە | من و تەپلە و کڵاش و داری هەورامانە تا مردن |
ئەتۆ شەمپانیا و وێسکی. من و قاپی ڕەشی عارەق | ئەتۆ نۆتی هەزار ڕوپیە و من نۆ ئانە تا مردن |
ئەتۆ دانس و سەمای تیاترۆ و کەمان و عوود و قڕناتە | من و زوڕنا و سێ پێیی و دەهۆڵ لێدانە تا مردن |
ئەتۆ ڕاحە و مورەببا و پسکیت و چوکلێتە خۆراکت | منیش باسووق و سنجووق و پەنیر و نانە تا مردن |
لەناو قەومێکی جاهیلدا ئەوی یەک زەڕڕە فیکری بێ | ژیانی زەحمەتە بێکەس کە سەرگەردانە تا مردن |
شینی پانتۆڵەکەم
[edit]نەگبەتم دائیم لە دنیا، دەوڵەت و مایەم زیان | گیرەوەی قەهر و مسیبەت عاجز و هەم دڵ فوغان |
نەگبەتی وا بۆتە جووتم تووشی سەد دەردم ئەکا | سەیری کە چیم هات بەسەردا موختەسەر ئەیکەم بەیان |
من کە پانتۆڵێکی شەعریم دەسگیر بوو داخەکەم | زەڕڕەیەک خێرم نەدی لێی بای موبارەک ڕای فڕان |
ئاهـ چ پانتۆڵێکی نایاب بوو لەبەرما بێ نەزیر | ساف و بێ چرچ و بێ عەیب قیمەتی بیست سی قڕان |
موددەتی دوو ڕۆژ لەپێم کرد و گەلێ پێوەی گەڕام | جا لەناو خەڵق و ڕەفیقان تێر و پڕ خۆمم نوان |
عاقیبەت هەر چاوی بەدبوو کاری لێ کرد و نەما | داخی دەرناچێ لە دڵ بەخوا هەتا ئاخر زەمان |
سلێمانی
شینی «حەلاو»
[edit]گیانە ڕۆیشتی، منت بەجێ هێشت | ئەزانی دوای تۆ چەندم جەفا چێشت؟ |
قەسەم بەدڵی مات و غەمگینت | بەڕەنگی زەرد و لەشی بێ تینت |
بەدەم و واتەی خۆش و شیرینت | خۆراکم بۆتە شیوەن و شینت |
*** | |
گیانە، من بێ تۆ وێرانە ماڵم | وێڵ و سەرگەردان پەشێوە حاڵم |
شیرینیم تاڵی، خۆشیم خەفەتە | دەروون زامدار و جگەر لەت لەتە |
لەو ڕۆژە باڵای تۆ کەوتە ژێر خاک | تاریکە شەوە لام ڕۆژی ڕووناک |
سلێمانی
موسابەقەی کەرسواری
[edit]خۆتان لابدەن بۆ ئەسپی تازی | با نەختێ بۆتان بکەم ڕمبازی |
بژی کەرەکۆڵ چەند نەشئە بەخشی | بەهەیبەت کەری، بەهیممەت ڕەخشی |
قوربانە، سادەی بێرە چوار ناڵە | هەرچی جۆیەکت خواردبێ حەڵاڵە |
ڕووی خۆت سپی کەی لەناو ئەم خەڵقە | دەخیلە نەم خەی لەم جێگا ڕەقە |
گوێ قوت کەرەوە و کلک ڕاوەشێنە | هەرچێکت تیایە لێرە بینوێنە |
سەر دانانەوێنم
[edit]من کە ڕازی بم بەنەختێ عەرەق | بەچۆڕێ چێشت و لەتێ نانی ڕەق |
کەڵکەڵەی پارەم لەسەردا نەبێ | حیس و تەماعم دابێتە بەر شەق |
سەر بۆ هیچ کەسێ دانانەوێنم | تەشی ناڕێسم بۆ پیاوی ئەحمەق |
بەنێری ئەژیم هەتاکوو ماوم | ئەبەد لانادەم لەسەر ڕێگەی حەق... |
بە دوو زمان
[edit]من لە وەسفی ناز و لەنجە و لاری دولبەر عاجزم | «وصفها صعب علي، حائر فيها القلم» |
خۆم لەبەر پێیدا فڕێ دا و زۆر بەمەحزوونی وتم: | «ارحمي قلباً حزيناً قد اذابته السقم» |
پێی وتم بێکەس خەیاڵت خاوە قەت ناگەیتە من | «قلت: رفقاً هل يجوز قتلنا؟ قالت: نعم» |
لەحزەیەک گەر لوتفی دەرحەق من ببێ ئەو ئەختەرە | «تعدل الفردوس عندي دونها روض الارم» |
جەژنی من
[edit]جەژنی من گریانە ئەمڕۆ، میحنەتە جەژنانەکەم | بەرگی من جەور و جەفایە، شیوەنە سەیرانەکەم |
دڵ کە ناخۆش بوو برادەر جەژنی ئەو تەعزێیە هەر | عالەمێ شایی بکا، من بەستەیە گریانەکەم |
خەڵک هەموو مەسروور و شادن دەستە دەستە دێنە خوار | من خەریکی دەردی خۆمم، تەرکی ناو یاران ئەکەم... |
تێ هەڵکێش
[edit]«قل لمن يبكي على رسم درس» | شین و گریان بەسیە، ئیتر، کاکە بەس |
وەسف و یادی یاری ڕابردوو مەکە | «مثل ليلي و لبيني و خنس» |
واز لەمانە بێنە، واڕۆی تێپەڕی | «واصطبح كرخية مثل القبس» |
سلێمانی
شیوەنی ڕابردوو
[edit]زەمانێ بوو کە باخی شێخ وەکوو باخی موعللەق بوو | کەچی ئێستاکە پەژموردە بەجێگەی حاجی لەق لەق بوو |
بەوێنەی تاقی کیسرایە، ئەویش وەک ئەم خەراباتە | زەمانەی شەوکەت و عیززی بەسەرچوو جەرگی شەق شەق بوو |
لە مەجد و ناوی ڕابردوو شەرەف تێ فکرە جا بگری | لەبۆ ئەو ڕۆژە پیرۆزەی کە چەند پڕ شەوق و ڕەونەق بوو |
ئەسیر و ماتە ئێستاکە لە ژێر چنگی غەزەبدایە | لە خنکانا بە بێ چارە لەتاوا چاوی وا زەق بوو |
سەلاحەددینی ئەیوبی کە دنیا کەوتە ژێر دەستی | سولالەی ئالی بابان بوو کە ساحێب حوکم و سنجەق بوو |
هەموو ڕۆیین. بەڵام ناویان بەجێ هێشت بۆ خەڵق چونکە | ئەوی بێ ناو و شوهرەت مرد، موحەققەق گەوج و ئەحمەق بوو |
بەڵێ دنیایە، وەک بایە، جەفایە، چەشنی خەو وایە | هەزار موڵک و میللەل فەوتا هەزاران تەختی پێ لەق بوو |
بەشارەت لە گشت مەئموورەکان ئەوا تیاترۆ هاتەوە
[edit]بەشارەت بێ لە گشت ئەفرادی مەئموور | هەموو چاو ڕوون بن و دڵ شاد و مەسروور |
لە سایەی خواوە دەرکەوت ڕۆژی پڕ نوور | بەسەرچوو شەو، نەما هەنگامی دەیجوور |
*** | |
شوکر ئەسبابی کەیف و زەوق و عوشرەت | هوجوومی کردە سەر شار بۆ دەفعی میحنەت |
کەمان و عوود و قانوون، سەیری قامەت | هوزارە و قومرییە بۆ باغی عوشرەت |
*** | |
عیلاج و مەڵهەمی بۆ قەلبی پڕ غەم | جەمال و دەنگی خۆش و زوڵف و پەرچەم |
ئەمانە هێزی گیانن نەک هەموو ژەم | قوبووڵی و تاس کەبابی و تیکە ئیزرەم |
*** | |
چ ڕۆژێ بوو کە دوێنێ ڕۆژی مەحشەر | خەلایق تێکڕژابوو جوملە یەکسەر |
لەبەر «فیکتۆریا» بوو ئەی برادەر | کە خەڵقی هاتەدەر وەک ڕیزە عەسکەر |
*** | |
هەموو مەئموور دەماغی بەزم و خۆشی | لیباسی فاخیر و نایابی پۆشی |
بەیادی ئەم قودوومە جامی نۆشی | بەهیممەت بۆ زیارەت تێ ئەکۆشی |
*** | |
..................... عاشقی «فیکتۆریا»یە | لە ڕێی ئەو دائما ڕۆحی فیدایە |
بەبێ ئەو ژینی هەر دەرد و جەفایە | موحاسیب یەک دەلیلە لەم لیوایە |
*** | |
ڕەئیسی بەلدە وردی تا درشتی | لە داخی هیجرەتا کۆماوە پشتی |
وەکوو مەجنوون فیراریان کردە دەشتی | کەوا هاتۆتەوە چاک بۆوە گشتی |
*** | |
موهەندیسمانە تا ئێستا لە شین بوو | سەراپا ئیشکەری مات و حەزین بوو |
دەروونی کون کون و زام و برین بوو | کەچی ئەمڕۆ بەخەندە و پێکەنین بوو |
*** | |
مودیری دائیرەی ڕێژی ئەمین بەگ | لە قەهرا ورگی ئاوسا بوو بەدیبەگ |
وجوودی خۆ نەمابوو غەیری دوو ڕەگ | کەچی ئەمڕۆ کە تۆی دی کەوتە ئاهەنگ |
*** | |
قودوومی ئەو لەبۆ هەر گەنج و پیرێ | خیلافی تیا نەبوو وێنەی نەزیرێ |
ئەبێ لەم ڕۆژە تەئریخێ بگیرێ | لە دەفتەردا بنووسرێ هەڵبگیرێ |
*** | |
ڕجاتان لێ دەکەم ئەی خزم و یاران | کە زۆر تێ هەڵنەچین وەک جاری جاران |
لەسەرخۆ بن لە ئیشێکا کە کردتان | هەتاکو زوو نەبن لات و پەرێشان |
قصيدة عربية الى فتاة سورية
[edit]سورية ملكت فؤادي بعينيها | ورمتني في بحر الهوى بسهام |
انستني كل مليحة كانت لها | سوقاً بقلبي وافراً و غرام |
جذبت قلوب العاشقين بعينها | جذباً كجذب الشمس للأجرام |
يا زهرة العشاق قبلة خدك | تشفي عليلاً قلبي بسقام |
رحماً بقلبي قد غدا متضرعاً | كتضرع المسجون للحكام |
هذة قصيدة عاشق قد قالها | من قلبه المملوء بالالام!! |
1930
نظمت في سنة
دەردی دەروون
[edit]ئەو کەسەی ماڵی نییە و بێ نەقد و موڵک و سەروەتە | جەرگی سووتاوی وەتەن، ڕۆحی فیدایی میللەتە |
بۆ سەعادەت بۆ وەتەن ساحێب... جۆشی ئەوە | ئەو دڵەی بۆ سەربەخۆیی پڕ لە قەهر و میحنەتە |
ئەو دەزانێ «في الحقيقة» قیمەت و قەدری نییە | ساحێبی حیسس و بڵندی و هەمدەمی میللیییەتە |
هەرچی ماڵ و خان و مان سەروەتی زۆری هەیە | دوژمنی میللیییەتە و، بێ غیرەت و بێ حورمەتە |
ئانەیەک بۆ نەفعی شەخسی سەد وەتەن دێنێ لەلای | بابەکوشتەی خۆ خوسووسەن حاڵەتی حوڕڕییەتە |
ناوی قەومی لابەری بێ شوبهە گاڵتەت پێ ئەکات | پێت ئەڵێ: ئەحمەق! ئەمە ئیشی کەرە ئەم خولقەتە |
میللەتی چی، قەومی چی، بەرزی و سەعادەت یەعنی چی؟ | بۆ ئەدەی دەورەی دەماغت بەم خەیاڵ و فیکرەتە؟ |
میللەتێ توخوا وەها بێ گەورەکانی، چۆن ئەژی | ڕۆحی مردووی پیاوی گەورە نەگبەتی ناو میللەتە |
هەرکەسێ
[edit]هەرکەسێ ماڵی سەرف کرد، لافی گەورەش لێ بدا | حاڵی ئەو بێ شک ڕەزیلە، عەیش و نۆشی حەسرەتە |
مەقسەد و غایەم لەوەشدا موختەسەر عەرزت دەکەم | پێت لە لێفەی خۆت زیاتر ڕابکێشی نەگبەتە |
ئیقتیساد کردن لە دنیا بۆ هەموو کەس لازمە | شێتە بێکەس، بگرە عاقڵ نان ئەخۆی لەم حاڵەتە |
جەژنی چی؟
[edit]جەژنێ بەشێوەی پەشێوی و بەشین | بە ئاهـ و ئۆف و بەناڵە و گرین |
بەئاوازی دڵ، دڵانی غەمگین | بەئاهی سارد و بەبرژەی برین |
ڕازابێتەوە، جەژنی من کوانێ! | کوا شادی، کوانێ، کوا کامەرانی! |
*** | |
جەژنێ بەرزانی دیل و دەربەدەر | ڕێکانیی دڵسۆز مات و قوڕبەسەر |
خوشکان لە خوێنا چەقیو تا کەمەر | بۆ هەرلا بڕۆی شین بێ سەراسەر |
ئەو جەژنە کۆڕی شین و شەپۆڕە | دڵ پڕ لە زام و ژیان سەرشۆڕە |
*** | |
جەژنی نوێ جەژنی قارەمانان بێ یادی خۆشناو و کاکە حەمەگیان بێ | |
کوا جەژنە؟ شینە ڕۆژی گریانە | کوردستان ماتەم، هەر قوڕ پێوانە |
*** | |
جەژنی خوشکانی بەرزانیی کڵۆڵ | لێ قەوماو، بێ کەس، لەشیو و لە دۆڵ |
یا لە تەل بەندا لە «دیانە»ی چۆڵ | خواردنیان بەرد و دڕک و داڵ و خۆڵ |
ئەو جەژنە ڕۆژی قاتی و قڕانە | قڕانی کۆرپە و کچی کوردانە |
*** | |
جەژنێ جێی بینین ژووری زیندان بێ | جەژنانەی لاوان کۆتی گران بێ |
میللەت هەژار و ڕووت و بێ نان بێ | شادی و بەزممان جگەرە کێشان بێ |
یاخوا ئەو جەژنە بەزەهری مار بێ | گیانم بێ بەخاک، لەڕ اگوزار بێ |
*** | |
جەژنێ جەژنمە خاکی نیشتمان | ژێر چەپۆک نەبێ و بژی کامەران |
میللەت تێر و پڕ بەرز و شادمان | دایکان بیسڕن فرمێسکی چاوان |
کاتێ جەژن ئەکەم بگەم بەمراد | میللەتم شاد بێت، نیشتمان ئازاد |
*** | |
تۆڵەی لاوانی لە دار دراوم | خوێنی گەنجانی کوردی کوژراوم |
بسێنم ئەوسا نانی بڕاوم | دەستگیرم ببێ تابی هەناوم |
ئەوسا پڕ بەدڵ ئەڵێم شادییە | ئەڵێم وا جەژنی گەل ئازادییە |
تاوێ تر ئەمرم
[edit]لە سەرەمەرگا ئینسان هەندێ شتی بەخەیاڵدا دێت کە لە هیچ کاتێکدا بەخەیاڵیدا نایەت و بەتایبەتی ئەگەر شاعیربێت لە غەریبی بێت، وا مامۆستا ا.ب هەوری پێشانمان ئەدات چۆن لە ساڵی 1935 لە دارالمعلمینی ئیبتدائی لە بەغدا بێکەس لەسەر سەرینی نەخۆشی بەتەمای خۆی نەماوە و ئەم چەند شیعرەی نووسیوە:
تا ژیام ژینم وتت زەبوون بی | گەردوون مەرگیشم هەر ئەبێ ون بی |
بێ نەخۆش کەوتن بێ وەی بێ ناڵە | «بێ دەرمان خواردنی کاغەز و پیاڵە» |
بێ دکتۆر هێنان بێ چاوەڕوانی | بێ گەرما و نرکەی دەمی بەیانی |
بێ کەس لە ژوور سەر بێ باوک بێ برا | لەم ژوورە تارە بێ مۆم بێ چرا |
بێ خوشک بێ دایک لە ژوور سەرینم | بەفرمێسک بشۆن دووتۆی برینم |
بێ دولبەر جارێ بێ خۆی بنوێنێ | بەناز پایەی جەرگ لە بنج دەربێنێ |
«بێ هەوای فێنکی گۆیژە و بەرانان» | بۆ بەرگەی ئاهـ و وەیشوومەی گیان دان |
تاوێ تر ئەمرم لەم دوور وڵاتە | دڵ پڕ لە خۆزگە و ئاخ و ئاواتە |
لاشەکەم بێ گیان هەتا بەیانی | لەسەر چەرپایە و لەژێر بەتانی |
ئەمێنێتەوە تا جەرەس لێدان | کە زانرا مردووم ئەبێتە سەیران |
دەورم لێ ئەدەن قوتابی درشت و ورد | ئاو بێنن خێرا سابوون دەست و برد |
ئەمشۆن بەئاوی سارد و سابوونی | تەڕپێچم ئەکەن بێ چەند و چوونی |
بێ ئەلحەد کردن لەم خاک و خۆڵە | ئەمنێنە چاڵێ لەم دەشتە چۆڵە |
کە جێیان هێشتم بەگریە و زاری | گیان پەرواز ئەکا بۆ خزمەت باری |
ئەڵێ نووسراوە لە قەبرم بەخوێن | من لە قەومێکم بێ ڕێگە و بێ شوێن |
دەردی دوودڵی زەبوونی کردووین | قازانجی خۆیی و زەم و شەڕە جوێن |
خوایە تۆ لەبەر پیاوچاکانی خۆت | ڕزگاریان بکە لە زنجیر و کۆت |
زنجیر و کۆتێ زۆری نەزانی | نایدۆزنەوە ڕێی زیندەگانی |
یاری من
[edit]یاری من غەددارە بۆیە ڕەحم و ویجدانی نییە | چاو مەستە زۆر بەدەستە دین و ئیمانی نییە |
حیلە بازە، زۆر بەنازە، عالەمی گیرۆدەیە | وەسلی خۆی کرد کەچی هەر وەعد و پەیمانی نییە |
بێ وەفایە، پڕ جەفایە ڕۆحی خۆیی بۆ فیدا | کەم، کەمە هێشتا لەکن ئەو تەبعی ئینسانی نییە |
موددەتێ تا ئیشی پێم بوو ئیلتفاتێکی هەبوو | سەیرەکەم ڕووی گرژە ئێستاکە مەیلی جارانی نییە |
نادروستە پوول پەرستە کەس نەویستە بۆ تەماع | عاشقان تێک بەرئەدات و باکی دۆستانی نییە |
خوێن ڕژێنە، دڵ شکێنە، سەر بەفیتنە و شۆڕشە | هەردەمەی دۆستی یەکێکە و یادی یارانی نییە |
بەسیە مردم ڕەنگی زەردم شاهیدی ئەم حاڵەیە | نۆکەری ئەم شۆخە ناکەم لوتف و ئیحسانی نییە |
وەسفی پیرەمەگرون
[edit]سەفایە بۆ دڵی غەمبار و مەحزوون | شیفایە بۆ لەشی ناساغ و کەم خوون |
ئەکا عالەم سەراپا مەست و مەفتوون | نزارەی شاخ و داخی پیرەمەگروون! |
خوڕەی ئاوی شەبیهی عود و تارە | هەواکەی سازگار و مشکبارە! |
درەخت و دار و بەردی هەر خومارە، | بەهەشتی مەوقیعی قومری و هوزارە |
عیلاج و مەڵهەمە بۆ دەردی ئینسان، | دەلیلی قودرەتە بۆ زاتی یەزدان! |
نیشانە و هەیکەلی بۆ فەخری کوردان، | فیداکاری خاکی پاکت کێوی لوبنان! |
وەسفی تانجەڕۆ
[edit]ئەی تانجەڕۆ تۆ کەوسەری هەموو خاکی کوردستانی
پڕ ئاوی تۆ سەر بەڕزق و خێرات و پڕ دەغڵ و دانی
وەسفی تۆ قەت نایەتە تەحریر و نووسین
هێندە پڕ فائیدە و جوانی
باعیسی فەخری کوردانی
خوڕەی ئاوەکەی تۆ هەموو غەمێ لە دڵ ئەبا
سۆزی دووری تۆ لە عالەمێ پڕ سروور ئەکا
مەنزەرەی ئاوی تۆ هەمتای بەهەشتی فیردەوس ئەکا!
بێزاربوون لە موعەلیمی
[edit]نەماوە شەوق و تاقەت، هیچیم نەما لە بارا | لە ژوورێکا خزاوم دەرناکەوم لە شارا |
بەیانی تاکوو مەغریب هەر دەرسی «زارا و زارا» | هۆشم نەماوە کول بووم لەگەڵ قوتابی هارا |
قوتابخانەی زانستی
[edit]مەقسەدی زانستی تەنها نەشری عیلم و خوێندنە | بۆ تەرەقی قەومی کوردان وا لە خزمەت کردنە |
جێیەکی پیرۆزە بەرزە لابەری فیتنە و شەڕە | واسیتەی بەرزیی وڵات و دوودڵی لابردنە |
جەژنە پیرۆزه
[edit]ئەوا جەژن هات بە بەزم و خۆشی | عالەم شەرابی سرووری نۆشی. |
کوردی دڵ سووتاو لەم ڕۆژە یادی | شەهیدی کرد و ماتەمی پۆشی. |
چوونە مەیخانە
[edit]چوونە مەیخانە هەمیشە کاری پیاوی عاقڵە | هەر کەسێ بێت و بڵێ ئەم ئیشە عەیبە جاهلە |
فائیدەی چی سەرچنار و باغی تەکیە و بەکرەجۆ | مەی لە مەیخانە نەبێ لای من حەرام و باتڵە |