دیوانی فایق بێکەس/شیعری منداڵان
Appearance
تۆ چیت؟ من کوردم!
[edit]تۆ چیت؟ من کوردم نەتەوەی گوردم | خۆ ترسنۆک نیت؟ حاشا نەبەردم |
چی تۆی لەناو برد؟ دوو دڵی و نیفاق | چۆن ڕزگار ئەبی؟ هەر بەئیتتفاق |
بڵێ چیت ئەوێ؟ بەرزیی وەتەنم | بەخۆڕایی نا، بەگیان و تەنم |
چیت لە بارایە؟ خۆ فیداکردن | بۆچی؟ لە ڕێگای میللەتا مردن |
کوا، چەکت چییە؟ سەودای وڵاتم | ئەی پشتیوانت؟ عەزم و سەباتم |
ڕاستت پێ بڵێم؟ فەرموو گوێم لێتە | بەقسەم ئەکەی؟ سەرم لە ڕێتە |
بەڕاستی و پاکیی هەوڵ و تێکۆشین | لە کورسی و کینە و درۆ چاو پۆشین |
ئەمانەت نەبێ کارت زۆر لەقە | بەشت هەمیشە نەگبەتی و شەقە |
1935
هەڵەبجە
شوان و مەڕەکانی
[edit]شوان: مەڕەکانم چەند جوانن |
چەند بەکەڵک و بەسەزمانن |
بڕۆن... بڕۆن... بۆ ئەو لایە | زۆر لەوەڕی چاکی تیایە |
مەڕەکان: لوورەی گورگێ دێتە گوێمان |
نزیک کەوتۆتەوە لێمان |
ئەگەر تۆ زوو نەگەی پێمان | ئەو بەدخووە دێتە ڕێمان |
شوان: لە لوورەی ئەو هیچ مەترسن |
ئەگەر لەو گورگە ئەپرسن |
وا ڕای کرد ملی شکان | «بازە»ی دی، ڕۆیی، تێی تەقان |
مەڕەکان: بەهارمان هەر بۆ بمێنێ |
خودا تۆمان لێ نەسێنێ |
لە چاکەی تۆ هەر دەرناچین | هەتا مردن گەردن کەچین |
شوان: تاریکی داهات و شەوە |
جا نۆرەی دۆشین و خەوە |
ئەوا ئەمڕۆشمان تێ پەڕان | بچینەوە بۆ دێکەمان |
1935/05/11
مۆرتکە
گۆرانیی سپۆر
[edit]یاری کە، ڕاکە پێکەنە
جلی بێکاری داکەنە
دەماری سستی هەڵکەنە
یاری کە، ڕاکە، پێکەنە
***
تۆپێن و کەوشەک و شەقێن
یارییێکی زۆر جوان و بەجێن
تەوژم و تین ئەدەن بەخوێن
یاری کە، ڕاکە، پێکەنە
***
داوێنی ڕاستی بەرمەدە
لە یارمەتیی خۆت لامەدە
خاو و خلیچک خۆت بامەدە
یاری کە، ڕاکە، پێکەنە
***
جوانیی ڕەوشت و کردەوە
بۆ ناو و بەرزی پێشڕەوە
بەگورج و گۆڵی سەرکەوە
یاری کە، ڕاکە، پێکەنە
***
ئەگەر پێویستی خۆتت کرد
گەلت هەموو درشت و ورد
ئەڵێن بژی لاوچاکی کورد
یاری کە، ڕاکە، پێکەنە
1935
سلێمانی
دایک
[edit]مناڵێکی ساوا بووم | کەی وەک ئێستاکە وابووم |
دایکم بەخێوی کردم | ئەو نەبوایە ئەمردم |
*** | |
بەلای لایە و گۆرانی | ڕای ژەندووم تا بەیانی |
بە شیری مەمکەکانی | منی بەبەرهەم هانی |
*** | |
ڕەنجی لەگەڵ کێشاوم | لە باوەشیا دایناوم |
بەرگ و جلی بۆ شتووم | خزمەتی زۆری کردووم |
*** | |
چاکەی وا لەبەر چاوم | هەتا لە دنیا ماوم |
ئەبێ دڵی نەشکێنم | ئارەزووی بەجێ بێنم |
1935/01/29
مۆرتکە
بەیانی
[edit]بەیانییە، وا ڕۆژ هەڵات | شەو پشتی هەڵ کرد و هەڵات |
چیا و دۆڵ و دەشت و دەر | بەرگی ڕووناکیی کردە بەر |
زەمین دەمی بەپێکەنین | وەک دولبەرێکی نازەنین |
پڕ گوڵ و پڕ لە یاسەمین | پڕ ئەرخەوان و نەستەرین |
پەڕندە وا بەدارەوە | بەسەر لقی چنارەوە |
بەبولبول و هوزارەوە | بەدەشت و کۆهسارەوە |
مەستە خەریکی خوێندنە | ئەڵێ: چ وەختی نووستنە |
خەریکی یاری کردنە | هەستە دەم و چاوت بشۆ |
کتێبت هەڵگرە و بڕۆ | بۆ مەکتەبت خێرا بچۆ |
لە ئێستەوە هەوڵ بدەن | چاوی لە ئێوەیە وەتەن |
1937
چەمچەماڵ
تەماعکاری
[edit]دوو پشیلەی جووت و ڕێک | هەستان چوونە جێیێک |
بۆ دزیی سەلکێ پەنیر | کەوتنە پیلان و تەدبیر |
وەختێ تەدبیر ڕێک خرا | شوێن و ڕێگا دانرا |
چوونە سەری دوو بە دوو | پەنیریان دەسگیر بوو |
بۆ تەماع و بەشی زۆر | لێیان بوو بە شەڕ و شۆڕ |
تێر و پڕیان لەیەک دا | تاکو هێزیان لێ بڕا |
کاتێ تەواو ماندوو بوون | شەرعیان بردە لای مەیموون |
وتیان ئەتکەینە قازی | هەردووکمان بکە ڕازی |
مەیموون هەستا زوو بەزوو | هێنایە پێش ترازوو |
پەنیری لەت کرد بەدەم | بەشێ زۆر و بەشێ کەم |
خستیە ئەم سەر و ئەوسەری | ترازووەکەی هەڵبڕی |
دەستی کرد بەکێشانی | لایەک گرانی هانی |
مەیموون قەپاڵی لێ گرت | تا بەجارێ کەلی کرد |
ئەمجا بچوک بوو سەرکەوت | ئەوی تریشیان داکەوت |
لەم پاروویەک لەو پاروو | تا پەنیری خوارد هەموو |
پشیلەکان بەبێ بەش | مانەوە مات و ڕووڕەش |
خولاسەی ئەم قسانە | تەماعکار پەشیمانە |
ئەوی بەد و ناڕێکە | بەدڵ نەفرەتی لێ کە |
سلێمانی
یەکیەتی
[edit]پیاوێ کە خاوەنی حەوت | کوڕ بوو، جارێ نەخۆش کەوت |
وتی: ئاخری عومرم | هاتووە ڕەنگە بمرم |
واچاکە هەتاکو هەم | کوڕەکانم تەمێ کەم |
ڕێیەکیان نیشان بدەم | نەکەونە میحنەتە و غەم |
ئەمجا ڕۆژێ لە ڕۆژان | بانگی کردە هەموویان |
لەلای خۆیەوە داینان | کەوتە وەعز و تەمێیان |
باقەیەک داری دانێ | وتی کامتان ئەتوانێ |
ئەم دارانە بشکێنێ | هونەری خۆی بنوێنێ |
ئەوانیش لێیان وەرگرت | قسەی باوکیان لە گوێ گرت |
هەوڵیان دا بۆ شکانی | بەڵام هەر نەیان توانی |
باوک لێی وەرگرتنەوە | باقەکەی بۆ کۆکردنەوە |
هەریەکە دارێکی برد | زوو شکاندی دەست و برد |
ئەمجا باوک ڕووی تێ کردن | وتی ڕۆڵە گوێ بگرن |
ئێوەش گەر لەم ژیانە | جیابن وەک ئەم دارانە |
شکاندنتان زۆر ئاسانە | پاشەڕۆژتان پەرێشانە |
بەڵام ئەگەر لەسەریەک بن | دەرەقەتتان نایە دوژمن |
هەمیشە بەرز و ڕوو سوورن | سەربەست و شاد و مەسروورن |
سلێمانی
جوتێک کۆتر و بۆقێک
[edit]جوتێک کۆتری نێر و مێ | ئەگەڕان لە گوێ چەمێ |
بۆقێکی جوانی سەر سەوز | ئەیقیڕان بە دەنگی بەرز |
کۆترەکان حەزیان لێ کرد | تێر و پڕ گوێیان شل کرد |
سەری خۆیان بۆ لەقان | بە باڵ چەپڵەیان تەقان |
بۆقەکە ئەوەی زانی | بوون بەهاودەمی گیانی |
زۆر خۆشیان ئەبردە سەر | خۆشی بۆ کێیە تا سەر؟! |
ڕاوکەر شوێنی هەڵگرتن | جێگایان پێ تاڵ کردن |
ئەفڕین، دوور ئەکەوتنەوە | ناچار بوون بگوێزنەوە |
بۆق کە بیستی، بەگریان | وتی هەریەم لەگەڵتان |
دارێ یەکی سەرێکیان | بۆق خۆی هەڵواسی بەدان |
بەشەقەی باڵیان فڕین | بەسەر شارا تێ پەڕین |
بوو بەهەڵڵا لە شارا | وتیان چۆن بۆق باڵدارە |
بۆق هات دەم بکاتەوە | خەریک بوو جواب باتەوە |
دەمی بەربۆوە لە دار | سەرنگرێ بوو کەوتە خوار |
هەپروون بەهەپروون بوو مرد | تێر سەیری دنیای نەکرد |
ئەمە حیکایەتێکە | بۆ پەند و عیبرەتێکە |
یەعنی ئەبێ هەر کەسێ | لەگەڵ وەک خۆیا هەڵسێ |
شێرۆ و مار
[edit]شێرۆ کوڕێکی چاکە | زۆر بەڕەحم و دڵ پاکە |
ڕۆژێ لە چلەی زستان | مارێکی دی لە کۆڵان |
وا لە سەرما سڕ بووە | بەعەینی وەک مردووە |
زۆری بەزەیی پیا هات | وتی من ئەیدەم نەجات |
دەسبەجێ مارەی هەڵگرت | خێرا بۆ ماڵەوەی برد |
ئاگرێکی بۆ کردەوە | مارەی گەرم کردەوە |
ئەمجا کە مارەی بەدخوو | سەرمای لە بەدەن دەرچوو |
چاکەی لەبەر چاو نەما | پەلاماری شێرۆی دا |
کوڕ دەستی کرد بەهاوار | باوکەکەی کرد خەبەردار |
کەوتە فریای دەست و برد | مارەکەی لەت و پەت کرد |
ئەمجا ڕووی کردە شێرۆ | وتی: ڕۆڵە ئەگەر تۆ |
قسەی من لە گوێ بگری | تووش نابی تاکو ئەمری |
«چاکە دەرحەق کەسانێ | بکە کە پێی بزانێ» |
سلێمانی
هەرەوەز
[edit]کوڕێ بوو ناوی دارا بوو | وریا و زیرەک و دانا بوو |
هەرچی ئەکەوتە بەرچاوانی | ئەچووە بنج و بناوانی |
ڕۆژێک ئەوا دیققەتی کرد | تەنیا مێروولەیەکی ورد |
لە دەنکە گەنمێ ئاڵاوە | زۆر بەدەستییەوە داماوە |
چەندی ئەکرد بۆی نەئەبرا | هێز و قووەتی لێ بڕا |
ئەمجا ماندوو بوو لێی دا ڕۆیی | هیی تری هێنا لەگەڵ خۆی |
چوونە سەری و کاتێ زانی | گەنمیان برد بەئاسانی |
دارا لەمە عیبرەتی گرت | پەندێکی باشی لێ وەرگرت |
وتی هەر کارێ گرانە | بەهەرەوەزی ئاسانە... |
سلێمانی
لە قوتابخانە
[edit]وەختی دەرس لە مەکتەب | دائەنیشم بەئەدەب |
لە دەرسا تێ ئەکۆشم | چاو لە یاری ئەپۆشم |
گوێ لە مامۆستا ئەگرم | فائیدەی لێ وەرئەگرم |
دەرسەکەم ڕەوان ئەکەم | ڕەنجێکی تەواو ئەدەم |
تا دەربچم لە مەیدان | سبەی ڕۆژی ئیمتحان |
ئەوی زیرەک و چاکە | لە ئیمتحان بێ باکە |
بەڵام ئەوی بێ کارە | هەمیشە شەرمەزارە |
سلێمانی
گۆرانیی کەششافە
[edit]ئێمە کەشافەی کوردین | هەموو بەدەست و بردین |
بۆ بەجێ هێنانی خزمەت | چوست و چالاک و گورجین |
*** | |
ئەمڕۆ ڕۆژی غیرەتە | ڕۆژی هەوڵ و هیممەتە |
با هەموومان تێ بکۆشین | دەربچین لەم وەحشەتە |
*** | |
ئێمە کە نەوجەوانین | هەر بۆ خزمەت خوڵقاوین |
بۆ هەموومان لازمە | قەدری وەتەن بزانین |
سلێمانی
فڕۆک
[edit]شتێکی بێ خوێن و گیان | ئەفڕێ ئەچێتە ئاسمان |
هەڵ دەگرێ گەلێ ئینسان | دوو باڵی پێوەیە جوان |
ناویان ناوە تەیارە | زۆر مەحکەم و بەکارە |
لە شەڕا مسیبەتە | لە ئاشتییا نیعمەتە |
لە سایەی حیرفەت و فەن | شتی وا دروست ئەکەن |
سلێمانی
ژماردن
[edit]یەک و دوو چەند ئاسانە | ڕۆڵە گوێ بگرە و بیزانە |
سێ و چوار خۆش و سووکە | کوڕی زیرەک ئێسک سووکە |
پێنج و شەش و حەوت بژمێرە | ئازاییی خۆت دەرخە لێرە |
هەشت و نۆ و دە ڕەوان کە | ئەوسا هەر یاری و سەیران کە... |
سلێمانی
مەتەڵ
[edit]بۆ کەسێکی ورد و وریا و زیرەک و ساحێب عەقڵ | هەڵبهێنێ ئەم سوئالەم، هەم بدا جوابی بەدڵ |
ئەسپی بێ ئێسقان و ڕۆحم لا هەیە، هەم بێ زوبان | سووک و خێرایە لە ڕۆیین، مەحکەم و گورج و ڕەوان |
ئەسپی من دائیم لە غارە، باکی هیلاکی نییە | بێ خەو و خواردن، وە بێ دەنگ، کاو و ئالیکی نییە |
مەیتەر و زین و تەویلە، ئەی برا لازم نییە | ئاخوڕ و ڕەشمە و لغاوی هەروەها پێویست نییە |
فڕکە فڕک و ڕەوتی تیژی هەر وەکوو بەرقی بەهار | نرخی هەرزان و بەتاڵان، قایم و دایم بەکار |
من مەتەڵ زوو هەڵدەهێنم، هەم ئەدەم جوابت بەدڵ | «ئەسپە ئاسنینە»ی بەکوردی پێی ئەڵێن، یا «پاسکیل» |
ئێمە مناڵین
[edit]ئێمە مناڵین، وەتەن دایکمانە | مامۆستا باوکە، مەکتەب ماڵمانە |
قوتابی هەموو وەک برامانە | کوردی خۆشەویست نووری چاومانە |
ئەبێ تێکۆشین ئەمڕۆ مەردانە | چونکە کوردستان چاوی لێمانە |
سلێمانی
کەڵەشێر
[edit]کەڵەشێر ئەڵێ عوو عوو عوو | نوستن بەسە هەڵسن زوو، |
نوێژی بەیانیتان چوو. | تف لە تەمەڵ و بەدخوو. |
سەگ
[edit]سەگان ئەڵێن حەو حەو حەو | نانمان بەنێ بژین بەو، |
ئێمە پاستان ئەکەین شەو | وەختێ چاوتان چووە خەو |
کەر
[edit]کەریش ئەڵێ زەڕ زەڕ زەڕ | حەیوانێکم لاڵ و کەڕ، |
ئیشی زۆرتان بۆ ئەکەم، | بەسەزمانم وەکوو مەڕ!! |
پشیلە
[edit]پشیلە ئەڵێ میاو میاو | نە نانم هەیە نە ئاو، |
تیکەیەک نانم بەرێ | با لێت نەکەم بە زووخاو! |