Jump to content

دیوانی مەحوی/ع

From Wikisource
310844دیوانی مەحوی — پیتی ع1896مەحوی

-1-

[edit]
شەتێ ئاوی کە زاهید بۆ وزوویەک کردووە زایع فەقیرە، هەر بە بایەک ئەو هەموو ڕەنجەی چووە زایع
میسالی وایە بەحرێ گەوهەری دابێ بە خەرموهرێک لە بۆ دنیا ئەوی عومری ئەزیزی کردووە زایع
هەتا تۆ چوویە گوڵشەن، گوڵ بە بێنی میسکی زوڵفت کەوت کە وا ئەو ڕەنگە خۆشەی سیس و هەم بێنی بووە زایع
نەکەوتە دام و، ڕامی کەس نەبوو وەحشی نیگاری من جیهانێ سەعی و کۆشش چوو لە ڕێی ئەم ئاهووە زایع
خەتی دا ڕوومەتی تۆ، موو لە چاوی عاشقانت هات نەماوە، چاوەکەم، چاوێ نەبووبێ بەم مووە زایع
مُؤذن بەزمی شەو وەک مورغی بێوادە دەشێوێنێ هەموو وەختی لە ئێمە کردووە بەم قوو قووە زایع
لە بۆ ئەربابی دنیا قەت مەدە بەست و بەیانی عیشق کە مەحوی شەرحی نوکتەی جانفزا بۆ مردووە زایع

-2-

[edit]
کەلامێکە لە حیکمەت کەیل و جامیع: عەتاکەر هەر یەکە، هەر ئەوشە مانیع
ئەمەت زانی، لە کەس باکت نەما تۆ زەرەردەر هەر ئەوە، هەر ئەوشە دافیع
گەدا شەهـ، چونکە لا یفنىیە کەنزی شەهەنشاهی هەموو دنیایە قانیع
شوکر ڕووزەردی عیشقم، نووسراوە لە سەر ڕووم ئایەتی صفراءُ فاقع
لە قاپی عیشقەدا وەک شاهە بەندە لە سەر خوانە چ مەتبووع و چ تابیع
ئوسوولی دینی عیشقە سووتن و بەس پەڕی پەروانەمە جمعُ الجوامع
لوغاتی ئێمە ناڵە و ئاهە، قەتعەن لوغەی وا ناگرێ «بورهانی قاتیع»
کە تۆ دەرکەوتی ناڵە و گریە جۆشا نیە ئەم جیلوە غەیری بەرقی لامیع
زەلیلی حەسرەتم، مەحزوونی خەجڵەت کە بۆ عومری عەزیزم دا بە زایع!
بەیانی واقیعم کەم، کێیە ببیێ کە سامیع زوو دەکا سەددی مەسامیع
دەزانم چی م و مەحوی چم لە پێشە مەگەر ئەو هەزرەتەم بۆ بێ بە سامیع
کە ئیشی ئوممەتی بێ حەشر و نەشری لە حەشرا هەر بەوە، بەو ڕەف و ڕاجیع
لە سەر ئەو بێ، لە سەر ئال و سەحابەی سەلاواتی پەیاپەیی، بێ مەوانیع