دیوانی نالی/ا
Appearance
1
[edit]ڕیشەکەی پان و درێژە، بۆ ڕیا خزمەت دەکا | زاهیرە هەرکەس بە توول و عەرزی ڕیشیدا ڕیا |
گوڵ بە دەم بادی سەباوە پێکەنی، بولبول فڕی | یەعنی عاشق لازمە دوور بێ لە یاری بێوەفا |
عاشقی سونعی حەقم، قوربانی ڕەنگی قودرەتم: | چاوی ماوی، خاڵی شین، کوڵمی سپی، زوڵفی سیا |
سەرگرانە قافڵە سالاری ڕێی چین و خەتا | چونکە باری عەنبەر و میسکە لە زولفەینی دوو تا! |
حەڵقە حەڵقە زوڵفی سەر قوببەی هەیاسەی کەوتووە | مەحرەمی سیڕڕە، بەڵێ گەنجووری گەنجە ئەژدەها |
سۆفیی مەستووری ڕووت و موفلیسی خستە تەمەع | سەیری خاڵی بێحیساب و ماچی لەعلی بێ بەها |
زاهیر و باتین، لەسەر لەوحی حەقیقەت یا مەجاز | ئاشنای سیڕڕی قەڵەم بێ، غەیری نالی کەس نەما |
2
[edit]ڕوخم ڕەنگینی ڕەنگی ڕوومەتی ڕەنگینتە، بازا! | قەدی سەروم کەمانینی قەدی شیرینتە، بازا! |
غەریب و بێکەس و زار و فەقیری خانەدانی تۆ | جگەر سووتاو و ماڵوێرانی زوڵفی چینتە، بازا! |
معاذ اللّە کە ڕەحمێکت بە حاڵی زاری مندا بێ | کە ئاخر بەندەیی خاکی دەری پێشینتە، بازا! |
ئەگەر خوێنم دەڕێژی تۆ، ئەوە تێغ و ئەمیش گەردن | ئەگەر بنیادی پەیمان، دەستی من دامێنتە، بازا! |
لە چاوانم هەتاکەی قەترە قەترە خوێن دەکەی ئەی دۆست! | کوا ئەم عەهد و پەیمان و وەفا کابینتە، بازا |
بە نالی باوەڕت نایێ، خەیاڵت بێت و بیبینێ | کە چۆن مەشغووڵی نەغمەی گۆشەیی ناڵینتە، بازا! |
3
[edit]جەنانی وەک جینان کردم بە ماوا | (حەبیبە)ی ماڵیاوا ماڵی ئاوا! |
حەڵاڵی بێنیکاحی حووری عینم | بەجووتێ نازیری شەرع و فەتاوا |
زەفافەتگاهی پەردەی ئاڵی چاوم، | موبارەک حەجلە بێ بۆ بووک و زاوا |
سیداقی ڕوونما و، وەسڵی شاهید | لەگەڵ شاییکەران بێدەنگ و داوا |
ویسالی بێ کەم و کەیفی حوزووری | لە نالی گەر دەپرسی، یەعنی ئاوا |
4
[edit]یا بدرُ علوّا و ضیاءً و کمالا | فالغصنُ معَ الأَصلِ اِلی فَرعِک مالا |
تا سونبولی زوڵفت لە نیهالی قەدت ئاڵا | من دوودی هەناسەم گەیییە عالەمی باڵا |
ما عادَلَک البانُ، و لا اللینةُ لینا | اذ عَدَّلَک الباریءُ حسنا و جمالا |
من گریە، ئەتۆ خەندە بە یەکدی دەفرۆشین | من لەعلی بەدەخشان و، ئەتۆ لوئلوئی لالا |
بادِرْ، وَ أغِر کوکبةَ البدر بدارا | قد فقتَ سَنا الشارقِ، لا ذُقتَ زوالا |
توڕڕەت وەکوو تۆماری شکستەو، سەری کوڵمت | بۆ نووری سەوادم بووەتە شەمعی موتاڵا |
ئەو چاوە غەزالە فەتەراتی سەر و ماڵە | ئەو نەرگسە کاڵە نە منی هێشت و نە کاڵا |
حوققەی فەلەکولئەتلەس و ئەستوونەیی زێڕین | بێ بیکە بە تارای سەر و ترکەی خەز و واڵا |
دنیا بە فیدای قەددی بکە، دامەنی بگرە | طوبی لِمَن اختارَ عَلَی المالِ مآلا! |
نالی بە ئومێدی زەفەری تەوقی تەلیسمت | ماری سڕی زولفت لەسەر و گەردنی ئاڵا |
5
[edit]حیرەت زەدە وا دیدە وەکوو حەلقەیی دەر ما | بێمایە نییە عاشیقی بێچارە، بفرما! |
بێ، سەروی ڕەوانم! کە لەبەر ئەشکی ڕەوانم | خەرقە بووەتە غەرقە، کەوا سەوزە لە بەرما |
ئەی واعیزی بارید چییە هەروەک هەرەسی کێو | بەو وەزعە کە بایە هەموو، هاتوویی بە سەرما؟! |
بۆ هەرکەسێ مەبزوولە تەریقێکی ئەمانەت | هەر عاشقی بێچارە لە ڕێی خەوف و خەتەر ما |
دیدەم هەموو شۆراوە بە شۆراوی سوروشکم | لەم لەوحە نیگارینە نە عەین و نە ئەسەر ما |
وا زەن مەبە ڕوخسارەیی تۆ غائیبە قوربان | بنواڕە چلۆن نەقشە لەنێو دیدەیی تەڕما |
یا توربەتێ، یا غوربەتێ با ڕێ بشکێنین | هەر مونتەزیرە نالی ئەگەر مرد و ئەگەر ما |
6
[edit]پەچەیی پەرچەمی و، پرچی سیا | هەر دەڵێی مانگە شەوە کوڵمی تیا |
لادە دەسرۆکەیی هەوری لە جەبین | دەرکەوێ شەمس و قەمەر، نوور و زیا |
لێوی تۆ ئاوی بەقا، من خزرم | فەیزی تۆ ڕەحمەت و، من سەوزە گیا |
فەرشی کەففی بەری پێتە نەرگس | سەری داخستووە وەک چاوی حەیا |
مەمخەرە هاوییەیی هەولی فیراق | دەستی من دامەنی تۆ ڕۆژی قیا |
«گێل» ئەگەر تورکی، تَعال ئەر عەرەبی | «بێ» ئەگەر کوردی، ئەگەر فورسی بیا! |
سەری فەرهادم و، دەندووکی قوڵنگ | دەستی مەجنوونم و، دامێنی چیا |
خاتری زاهیدی خاڵی، خاڵی | نییە، ئەڵبەتە، لە بێنێکی ڕیا |
دوور لە تۆ ئیدی مەپرسە، قوربان | حاڵی نالی کە نە مرد و نە ژیا! |
7
[edit]ئەحوەلی تەفرەقە نەزەر تەقوییەتی سەبەب دەکا | عاریفی وەحدەت ئاشنا لەم قسەیە ئەدەب دەکا |
بەندە ئەزەل بە خەتتی خۆی قابیلی قیسمەتی بووە | ئێستە بە ئیقتیزای عەمەل جێگەیی خۆی تەڵەب دەکا |
داری ئیراک و داری هیند هەردوو کە عوودە ئیسمیان | هەمدەمی سوننەتە ئەوەم مەیلی ئەبوولەهەب دەکا |
سەهم و نەسیبی ئەسڵییە، بەحسی گیاهـ و گڵ نییە | تووتنە خەرجی سووتنە، موودنە ماچی لەب دەکا |
لەومەی زەمان دەکەی کە بۆچ خواریی ڕاستی دەوێ؟! | غافڵی دەستی ڕاستی خۆت خزمەتی دەستی چەپ دەکا |
توتیی تۆ لە حیرسی دڵ داوی تەمەع دەکاتە مل | بولبولی من لە عەشقی گوڵ تەغنیە و تەرەب دەکا |
نالی حەریفی کەس نییە، ئیلف و ئەلیفی کەس نییە | بەیتی ڕەدیفی کەس نییە، هەرزە نویسە، گەپ دەکا |
8
[edit]ئەی جیلوەدەری حوسن و جڵەوکێشی تەماشا! | سەرڕشتەیی دین بێ مەدەدی تۆ نییە، حاشا |
فەییازی ڕیازی گوڵ و میهر و مل و لەعلی | ئەی شەوقی ڕوخ و زەوقی لەبت زائیقە بەخشا |
زەڕڕاتی عوکووسی کەششی میهری جەلالن | وا دێن و دەچن سەرزەدە سوڵتان و شەهەنشا |
جان بەر لەبی بۆسەی لەبتە عاشقی زارت | فَالبائِسُ یسْتَوهِبُ مِن فیک مَعاشا |
بەو ڕەحمەتە عامەت کە دەکا سەنگی سییەهـ زەڕ | لەم قەلبە کە وەک بەردە، ڕەشە، رُشَّ رَشاشا |
لا حولَ و لا طولَ و لا قوّةَ إِلاّ | بِاللّهِ، لَه القُدرةُ، و الکائنُ ماشا |
نالی نییەتی سیحری بەیان، حیکمەتی شیعرە | ئەمما نییەتی قووەتی دڵ، قودرەتی ئینشا |
9
[edit]ئەستێرە هەموو مەحوە لەنێو نووری قەمەردا، | یا شەمسی جەمالت شەوی گێڕاوە بە فەردا؟ |
خاکی بەری پێت هەم گڵ و هەم گوڵ بە سوروشکم | وەقتی غەم و شادی ئەوە کردوومە بەسەردا |
تەلبیسی نییە ئەو کەسە دێوانەیی ڕووتە | بێچارە نەما غەیری حەیاتێکی لە بەردا! |
ڕەنگی نییە ڕوخسارەیی ڕەنگین و لەتیفی | ڕۆشن بووە ئەم نوکتە سەباتی لە بەسەردا |
هەرچەندە کە ئینسانە لە بەرچاوی من و تۆ، | مومکین نییە ئەم لوتفە لە ئینسان و بەشەردا |
ئیسباتی خەت و خاڵە، بە سەد شوشتن و گریان | ناچێتەوە ئەم نوقتە لەنێو دیدەیی تەڕدا |
شەوقی کە نەبێ باسیرە، مەئیووسە لە دیتن | هەر شەوقی ئەوە قووەتی دینی بە نەزەر دا |
ئالوودە نەبێ دا، بە زەبوون گیریی خوێنم | بۆ کوشتنی من دامەنی پاکی لە کەمەر دا |
نالی خەبەری بێ ئەسەری غائیبە، ئەمما | ناڵێکی حەزین دێ لە موناجاتی سەحەردا |
10
[edit]تا تایی سەری توڕڕەیی پڕ پێچشی با دا، | هەر تایەکی بارێکی گوڵ و نافە بە با دا |
گوڵ هاتەدەرێ، لافی لە حوسنی بوتی ما دا | لەرزیی قەدی بەرزی، لە ڕقا زوڵفی کە با دا |
شەو چەپکەنی نەیلۆفەڕی و جیلوەیی ڕەقسی | شەرمندە دەکا زوهرەیی زەهرا لە سەمادا |
خۆش سوبح دەمێکە کە بە خەندە دەنوێنێ | بەس زەڕڕەیی خۆرشید لە زەڕڕێکی سوهادا |
دەم دەم کە دەکا زاری پڕ ئازاری بە غونچە | بۆ دەعوەتی ماچی لەبە گۆیا دەمی نادا |
سَهمُ أَلْفِ الْقَدِ فَقد صادَ فؤادی | صادٌ هو مِن عینه، قَد صادَ فسادا |
بۆ ماچی دەمی ڕەنگە لە عیشوەی خەمی ئەبرۆی | جۆیایی بەقا خۆی لە دەمی تێغی فەنا دا |
نالی کە غوڵامی مەدەدی زوڵف و برۆتە | شاهێکە لە بن سایەی باڵی دوو هومادا |
11
[edit]تەبەسسوم دەردەخا حوققەی دەم و جەوهەر لەنێو ئەودا | بەڵێ مسقاڵە زەڕڕە زاهیرە جیلوەی لە پڕتەودا |
بە پارێک نامەوێ دەرمان، لە نەشئەی چاوییە عیللەت | بە پوولێک ناکڕم عەنبەر، لەگەڵ زوڵفی ئەوە سەودا |
ڕەقیبی جوفتەلی، نابێتە نەخچیرت، کە خەر کوڕڕە | ئەلیفی چایرە دائیم لە قەشقەی کەردڕ و جەودا |
سیلاحی پەرچەمی پڕ خەم ئەگەر تارە و ئەگەر مارە | برۆ و غەمزەی کەوان و تیر ئەگەر هەودا و ئەگەر مەودا |
لە ئەشکەنجەی شکەنجی زوڵفی ئەو بێ وەعدە مورغی دڵ | دەناڵێنێ وەکوو بولبول لە سوبحی کازیبی شەودا |
بە تیرێ دوو نیشانە چا نییە ئەی ڕۆحەکەم! شیرین | بە غەمزەی، تاقە یەک تیری لە فەرهاد و لە خوسرەو دا |
وەها مەستی تەماشای چاوتە نالی کە نازانێ | بە بێداری دەبینێ، یا لە نەشئەی مەستی و خەودا! |
12
[edit]جۆشش و تابە لەنێو دیدەیی گریانمدا | چ تەنوورێکە لە تەندوورەیی تۆفانمدا |
شەبەهی زۆڵفی شەبەهـ گۆنەیە، ڕووگەردانی | بەسەری ئەو کە بە سەودا سەر و سامانم دا |
شەرەر و تابش و بارش لە دەمی ڕەعدی بەهار | ئەسەری سۆزشی گریانە لە ئەفغانمدا |
تۆ کە حۆریت، وەرە نێو جەننەتی دیدەم چ دەکەی | لەم دڵەی پڕ شەرەر و سینەیی سۆزانمدا؟! |
قیمەتی ماچی دوسەد کیسەیی ساغە و، نیمە | غەیری یەک کیسەیی سەد پارە لە گیرفانمدا |
شیرەیی جانە وتم یا مەیە؟ چا بوو فەرمووی | عەکسی لەعلی لەبی مەرجانە لە فنجانمدا |
بەحسی سیڕڕی دەهەنی نوقتە بە نوقتە بگەڕێی | سەری موویێ نییە بێ نوکتە لە دیوانمدا |
نالی، ئەو نوقتە کە وا بوو بە نیشانەی چاوی | من لە سەفحەی ڕوخی ئەو دولبەرە نیشانم دا |
13
[edit]گەر بێیە دەرێ، سەروی ڕەوانی لە ئیرەمدا | وەر نەییە دەرێ، ئاهووی چینی لە حەرەمدا |
عیشقت لە دڵ و دیدەیی پڕ ئەشک و ئەلەمدا | گونجایش و تەسکینی نییە، زۆرە لە کەمدا |
لافی دەمی تۆ، غونچە لە دەمیا بوو، بە عەمدەن | با خوستی بڕی، خستی، کە مستێکی لە دەمدا |
دڵ موزمەحیلی دەردە وەکوو دیدە لە نمدا | حەیران و پەرێشانە وەکوو قەترە لە یەمدا |
نالی مەسەلی حاڵی لە ئەشکەنجەیی غەمدا | وەک ناڵە لە نەیدا، وەکوو نالە لە قەڵەمدا |
14
[edit]بولبولی تەبعم ئەوا دیسان سەناخوانی دەکا | نوکتە سەنجی و، بەزلەگۆیی و، عەنبەرئەفشانی دەکا |
هەرکەسێ ئیزهاری دانایی بکات و، مەقسەدی | خودپەسەندی بێ، یەقین ئیزهاری نادانی دەکا |
خەرقەپۆشێ کەی دەپۆشێ جەوهەری زاتی ئەمن؟ | بیتە نێو، جیلوەی، بە زوشتی خۆی بە عوریانی دەکا |
زابیتەی تەبعم سوارە، ئیددیعای شاهی هەیە | موحتەشەم دیوانە، داوای تەختی خاقانی دەکا |
شاهیدی فیکرم کە بێتە جیلوەگاهی دولبەری | شاهی خوسرەو ڕۆحی شیرینی بە قوربانی دەکا |
نووکی خامەی من کە بێتە مەعنائارایی کەمال | خەت بە خەت ئیزهاری نەقشی سوورەتی مانی دەکا |
ئیستیتاعە و قووەتی تەبعم، بە کوردی و فارسی | عارەبی، ئیزهاری چالاکی و چەسپانی دەکا |
خاترێکی شۆخ و خۆش و بێغەم و جەمعم هەبوو | ئێستە بۆ زوڵفی کەسێ مەشقی پەرێشانی دەکا! |
هودهودی دڵ حەبسی بەلقیسی سەبای دیوە، یەقین | خۆی کە دامێنگیری شاهی ئاسەفی سانی دەکا |
ئەو کەسە تەحدیسی نیعمەت بێ موراد و مەتلەبی | میسلی نالی ئیمتیسالی ئەمری یەزدانی دەکا |
15
[edit]تەبعی شەککەرباری من، کوردی ئەگەر ئینشا دەکا، | ئیمتیحانی خۆیە مەقسوودی، لە عەمدەن وا دەکا |
یا لە مەیدانی فەساحەتدا بە میسلی شەهسەوار | بێتەئەممول بەو هەموو نەوعە زوبانی ڕادەکا |
کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆ کوردییە خۆکردییە | هەرکەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەکا |
بێتە حوجرەم، پارچە پارچەی موسوەدەم بکڕێ بە ڕۆح، | هەرکەسێ کووتاڵ و پارچەی بێبەدەڵ سەودا دەکا |
شیعری خەڵقی کەی دەگاتە شیعری من بۆ نازکی | کەی لە دیققەتدا پەتک دەعوا لەگەڵ هەودا دەکا |
16
[edit]پێم دەڵێن: مەحبووبە خێل و قیچە، مەیلی شەڕ دەکا | خێل و قیچە، یا ترازووی نازی نەختی سەر دەکا؟! |
خێل و قیچە، یا بە غەمزە بۆ نیشانەی دڵ بە چاو | مەیلی ڕاست هاوێتنی موژگانی دڵ پەیکەر دەکا؟! |
چاوی هەم ڕەنگی گوڵی، مەستی شەو و ڕۆژن مەدام | یەک لە نەشگوفتەی بەنەفشە، یەک لە نەیلۆفەڕ دەکا |
عەکسی چاوی تۆ لە چاویدا بە خواری تێدەگەی | کەچ نەزەر کەی فەرقی خوار و ژوور و، خێر و شەڕ دەکا؟! |
هەر کەسێ نوقسانی ڕووی باوێتە سەر ڕووی ئاینە | شاهیدی هەرچەندە رأی العینە، کێ باوەڕ دەکا؟! |
کاتبی خێر و شەڕی عوششاقە، بۆ وەسڵ و فیراق، | لوتف و قەهری هەر بە جارێ سەیری دوو دەفتەر دەکا |
نالی ئەو وەحشی غەزالە کەس ئەبەر داوی نەکەوت | چونکە شاهێنی دوو چاوی تیژە، دائیم سەر دەکا |
17
[edit]چاوەکەت ئاگر لە سینەی عاشقی مسکین دەکا | مەستە، مەیلی چەن کەبابێکی دڵی خوێنین دەکا |
تالیبی لێوین و ئەڵقەی زوڵفمان نیشان دەدا | ڕاڕەوی میسرین و ئەو، ڕوومان لە موڵکی چین دەکا |
تا موعەییەن بێ کە زۆرن دەسگری و دەسکوژی | فەرقی سەر، پەنجەی بە خوێناوی حەنا ڕەنگین دەکا |
بێقسەی غونچەی دەمت کاتی تەبەسسوم ڕووبەڕوو | هەتکی شوعلەی بەرق و نەزمی دائیرەی پەروین دەکا |
تیری موژگانت لە سینەمدا دەچێ بۆ پیری دڵ | هێندە کەچ ئایینە قەسدی خانەدانی دین دەکا |
گوڵ بە دەم بادی سەباوە پێکەنی یەعنی وەرە | تۆ لە وەسڵم بۆ بەرە، ئەو بۆیە بولبول شین دەکا |
چاوی من بەحری موحیتی تۆیە بۆ دەفعی گەزەند | لێت موعەییەن بێ کە نالی گوڵ بە دڵ پەرژین دەکا |