دیوانی نالی/ک
Appearance
1
[edit]ئەی شۆخی بێنیاز و گران ناز و غەمزە سووک! | تیری موژەت نیشانەیی دڵ کون دەکا بە نووک |
کوشتەی نیگاهی دیدەتە، گەر مەست، ئەگەر خەراب | بەستەی کەمەندی زوڵفتە، گەر شێخ، ئەگەر سولووک |
نەقدی دڵێ کە ڕائیجی سەودایی تۆ نەبێ، | مەغشووش و کەم عەیارە و هەم قەڵب و هەم چرووک |
سۆفی! وەرە ئەسەیری زوهووراتی باغ و ڕاغ | لایێ هەموو شکۆفە و، لایی هەموو گوڵووک |
دەستی چناری ڕووت و، سەری شاخ و، لێوی گوڵ | ڕازانەوە بە خەلعەتی دیبا و بەرگ و تووک |
دەسبەندیانە دێن و دەچن سەرو و نارەوەن | ساحێب کولاهـ و سایە و بەرگن وەکوو مولووک |
کانی دەزێن بە ئاو و، درەخت ئاوسن بە با | شایی بەهارە، بولبولە داماد و غونچە بووک |
وەک چاوی وشکە سۆفییەکانی لە دار و بەرد | دەردێن بە سەد تەرەننوم و گریان و نووکە نووک |
ڕایێڵ و تار و پۆیی کولووی بەفرە، ئابشار | با بای دەدات و ماسیی پێدا دێ وەک مەکووک |
شەبنم کە نەزم و نەسرە لە ئەوراقی غونچەدا | گۆیا بووە بە زار و زوبان و ددان و پووک: |
نالی عەجەب بە قووەتی حیکمەت ئەدا دەکا | مەعنایی زۆر و گەورە بە لەفزی کەم و بچووک |