دیوانی نالی/م
Appearance
1
[edit]دەورانییە، وەک هێڵەکی سەودا، سەری گێژم | بۆیە بە دەقیقی مەسەلە هەرچی دەبێژم |
هەر پەرچەم و پێشانییە فیکری شەو و ڕۆژم | هەر گەردەن و زوڵفە ئەمەلی دوور و درێژم |
بێ دیدە و دیداری، هەموو خوێنە دەگریێم | یەعنی گوڵ و نەرگس کە نەبێ، لالە دەنێژم |
ڕەنگ و ئەسەری شۆڕشی لەعلی نمەکینە | ئەم ئەشکە کە بەم سووریی و سوێرییە دەڕێژم |
بێنییەتی تەقبیلی دەمت عاتیلە ڕۆژووم | بێ حەزرەتی میحرابی برۆت باتیلە نوێژم |
نالی وەکوو لالە کە شەهیدی غەم و داغە | لەم باغە بفەرموو کە ئەویش لێرە دەنێژم |
2
[edit]عومرێکە بە میزانی ئەدەب توحفە فرۆشم | زۆرم وت و کەس تێی نەگەیی، ئێستە خەمۆشم |
لەو گەردەن و عیقدە کە پڕە گەردەن و گۆشت | بەو پێیە کەنارم کە پڕە دامەن و کۆشم |
وەک توڕڕەیی پێچیدەیی تۆ ساغ و شکستەم | وەک نەرگسی نادیدەیی تۆ خۆش و نەخۆشم |
سەرخۆشی شەرابی دەمی تۆ بووم و، ئەمێستاش | قوربان، سەری تۆ خۆش، کە نەماوە سەری خۆشم! |
شێخی و سەراپا دەڵەک و ڕێوی دەپۆشی | نالیم و بە ڕووتی لە هەموو دیدە دەپۆشم |
3
[edit]شەو هات و ئەمن مەستی خەیاڵاتی کەسێکم | مەشغووڵی نەفەس گرتنی موشکین نەفەسێکم |
لەم حوجرە، لەبەر پەنجەرە کەوتووم و دەخوێنم | بیعەینی دەڵێی بولبولی گۆشەی قەفەسێکم |
هەم واریسی فەرهادم و هەم نائیبی مەجنوون | وا تێمەگە، قوربان، کە گەدا، بولهەوەسێکم |
گەردەن کەچی تۆم بێکەشش و ڕست و قەلادە | وا زەن مەبە ناعارف و هەرزە مەرەسێکم |
وەڵڵاهی کڵاوی سەری من چەرخی دەماڵی | ببوایە بە دامانت ئەگەر دەستڕەسێکم |
باوەڕ مەکە ڕۆح سەختی غەمی فیرقەتی تۆ بم | بۆ هاتنی تۆ باقییە نیوە نەفەسێکم |
هەر لەحزە دەڵێم من سەگی دەرگام و، ڕەقیبیش | دێتە سەر و چاوم کە منیش سەگ مەگەسێکم! |
گرتوویە سەگت چاکم و لای تۆمەوە دێنێ | یەعنی وەرە نالی کە منیش دادڕەسێکم! |
4
[edit]ماچی دەمەکەی دامێ کە دامێ سەر و ماڵم | بنواڕە چ سەییادە، چ جەللادە بە حاڵم! |
عاشق دەڵێ نابێ کە بدا خۆی لە داوم | زوڵفم کە هەموو داوە، هەموو دانەیە خاڵم |
بۆ تۆزی ڕەهت دیدە سەقا و موژە جاڕووب | ترسام کە لە پێت چێت دەمێ جێت بماڵم |
باری غەمی جان ئەبرووەتی تیر و کەمان کرد | یەعنی قەدەکەی ئەلفی منە ئێستە کە دالم |
دەستم مەخە سەر، تا قەدەمم سووتووە، چاوم! | یاخۆ بە شیفا هاتووی؟ چەندێکە ئەناڵم |
ڕەنگینە بە خوێناوی دەروونی، دڵی نالی | بنواڕە دەڵێ خۆ خەنەیە پەنجەیی ئاڵم |
5
[edit]دڵ دەڵێ سەیری چەمەن خۆشە، جەوابی نادەم | موددەتێکە لە قەفەسدایە، عەزابی نادەم |
مەجلیسێکی چەمەن و بولبول و بەزمی گول و مول | بە دوسەد مەدرەسە و دەرس و کیتابی نادەم |
گوتم: ئەی ماهـ، دڵی من بە دڵی خۆت بکڕە! | گوتی: من بەردی بەقیمەت بە کەبابی نادەم |
گۆشەگیرم لە برۆت و، موتەوەححیش لە موژەت | ڕۆحی شیرینم ئەبەر شیر و قولابی نادەم |
تەڵەبی سینەیی چاکم مەکە بەو چاوانە | سینەکەم چاکە بە ئینسانی خەرابی نادەم |
نالیا ئەم غەزەلەت تازە بە تازە وتووە | بە دووسەد «مەسنەوی» و «لوببی لوباب»ی نادەم |
6
[edit]گەر دەپرسی من لەبەر چی کەم دەخۆم | من بە برسی قەت مەزانە، غەم دەخۆم |
ئاوی سوێری چاو و باری تاڵی لێو | سوێر و تاڵی دەم دەم و ژەم ژەم دەخۆم |
تا سەری زوڵفت لەسەر ڕوو حەڵقە دا | من وەکوو ماری سەر ئاگر خەم دەخۆم |
ئاوی کەوسەر نۆشی سۆفی بێ کە من | ئاوی ئینسان، یەعنی ماچی دەم دەخۆم |
شەربەتی خەوف و ڕەجای ئەغیار و یار | ترش و شیرین هەم دەچێژم، هەم دەخۆم |
من لە تەوری عالەم و دەوری فەلەک | زەربی لازیب، زەخمی بێمەرهەم دەخۆم |
تاڵی بێیار و دیار و تار و مار | عەلقەمی چی؟ ئەرقەمی چی؟ سەم دەخۆم! |
نەوعە ئینسانێ هەیە غەم قووتیە | من غەمی خۆم و غەمی عالەم دەخۆم |
غەم دەڵێ: نالی کە غەمخواریم نەکا | ناعیلاجم من بەنی ئادەم دەخۆم |
7
[edit]لایقی مەخزەنی تەبعە هەموو کەنزی غەزەلم | قابیلی زەربی ڕەواجە زەڕ و زیوی مەسەلم |
سایەیی پایە وەکوو باڵی هوما و بازی سپیم | نە وەکوو بوومی قەدەم شووم و، نە هەمڕەنگی قەلم |
کەوکەبەی تەلعەتی شاهانەیی تۆم بورهانە: | کە لەسەر موددەعی، سوڵتانی موبینە جەدەلم |
ڕۆژ سەری کوڵمتە ڕووناکیی نووری بەسەرم | شەو خەمی زوڵفتە تاریکیی توولی ئەمەلم |
حەرەکاتم سەکەنات و، سەکەناتم حەرەکات | چوستە سستی، قەوییە زیعف و، سەریعە کەسەلم |
بێش و کەم بێ شکەم و حیرس، وەکوو تیفلی ڕەزیع | زاوییە بێشکەم و، بێ شکم و بێ حییەلەم |
خوانی زی شانی جیهان هەنگی خۆشاهەنگە، وەلێ | مێشی دەم نۆشم و، دوم نێشم و، عەکسی عەسەلم |
عاجیزی شوکری تەمامی نیعەمم سەر تا پا | کە نە ڕیش بەڵم و، نە کۆسە و، نە کەل و گۆج و شەلم |
نالی و سینەیی بێکینەیی چاکم، ئەمما | چاکی دامەن تەڕم و، وشکە سەرابی عەمەلم |
8
[edit]بە هاوین جەستە خەستەی دەردی گەرمام | بە زستان دڵ شکستەی بەردی سەرمام |
لە هێلانەی زەمیندا وەک شتور مورغ | منی قودس ئاشیان بێباڵ و پەڕ مام |
لە قوربی قاب قوسینی دوو ئەبرۆت | منی أدنی چ دوور و دەربەدەر مام! |
بەڵاگەردانی باڵات بم ئەگەر چووم | فیدای هیندوویی خاڵت بم ئەگەر مام |
نەفەس هەروا لە ڕێدا دێت و نایێ | لە سەیر و مەیری ئەسبابی سەفەرمام |
دەمێکە وا لەسەر پێیەک دەسووتێم | لە شەوقی تۆ بە میسلی مۆم و هەر مام |
وەرە قوربان! بە جان هەردوو برا بین | کە تۆ بێمادەر و من بێپودەر مام |
لە دارالعلمی تەحسیلی مەعاریف | وەکوو نالی جەهوول و بێخەبەر مام |
9
[edit]عەزیزم، ڕۆحی شیرینم، دوو چاوم! | دەوای زامی دڵ و جەرگی بڕاوم! |
ئەتۆ شا، من گەدا، دادم بپرسە | لە زوڵمی چاوی بیمارت کوژاوم |
ئەگەر نەیدەیتە دەس خۆم قاتیلی خۆم | لە ڕۆژی ئاخیرەتدا بی پێناوم |
دەسا لادە سەری زوڵفت لەسەر ڕووت | کە ڕووتی ڕووتم و مایل بە تاوم |
لەباتی خوێنی خۆم ڕازیم بە ماچێ | دەسا بیدە هەتا زیندووم و ماوم |
ئەوا نیشانەیی مەرگم عەیانە | کە من غەرقی خەم و خوێن و زوخاوم |
مەکەن مەنعم لە شیوەن ئەی ڕەفیقان! | کە مەحزوون و غەمین و دڵشکاوم |
لە ژینی خۆم ئومێدم قەتعە نالی! | کە سووتاوە هەموو جەرگ و هەناوم |
10
[edit]لەبت میم و، قەدت ئەلف و، زوڵف چیم | دەزانی بەم سیانە تالیبی چیم! |
وەفای عەهدە لە من ڕۆح و، لە تۆ ماچ | چییە چارەی ئەمانەت غەیری تەسلیم |
کە هاتی تێغی بێزاریت لە سەر دام | سەری خۆم خود بە خود هەڵگرت و ڕۆییم |
11
[edit]ئەی تازە جەوان! پیرم و ئوفتادە و کەوتووم | تا ماوە حەیاتم |
دەستێ بدەرە دەستی شکستەم، کە بەسەر چووم | قوربانی وەفاتم |
تۆ یووسفی نەو حوسنی لەسەر میسری جینانی | من پیرم و فانی |
لەم کولبەیی ئەحزانە نە زیندووم و نە مردووم | هەروا بە تەماتم |
فەرقێکی نەکرد نەفسی نەفیسم بە عینایەت | وەحشی لە ویلایەت |
لەم گۆشەیی وێرانەیە هەر مامەوە وەک بووم | وەیشوومی وڵاتم |
ئەی قوببەیی تەیبە کە دەڵێی حوققەیی تیبی! | مەئوایی حەبیبی! |
مسکێنم و بۆ خاکی عەترناکە کە هاتووم | بەو بۆنەوە هاتم |
هەرچەندە کە من عەبدم و ڕووزەردم و عاسیم | مەئموولە خەلاسیم |
قوربانی بیلالم کە هیلالانە هەڵاتووم | هەر عەفوە خەڵاتم |
موددێکە کە هەم گەردشی دەورانی سوپیهرم | موغبەڕ بووە میهرم |
ئاوێنەیی دڵ شاهیدە هەرچەندە سییەهـ ڕووم | میرئاتی جەلاتم |
ئەی مەسجید و میحرابگەهت قیبلەیی حاجات | بۆ ئەهلی موناجات! |
مەحجووبی هەوام و، ئەمەتە مەشهەدی مەعلووم | بۆ ڕاهی نەجاتم |
ئەی مەتڵەعی ئەنواری هەموو قاسی و دانی | شەمسی سەمەدانی |
وەک زەڕڕەیی بێجیلوە نە مەوجوود و نە مەعدووم | جۆیایی بەراتم |
لەم خاکی دەری ڕەحمەتی بێزەحمەتە، نالی | فیردەوسە مەئالی |
حاشا کە لەمێدا ببمە سائیلی مەحرووم | هەرچەند لە عوساتم |
12
[edit]حەنایی کردووە پەنجەی بە خوێناوی دڵی زارم | ئەمە ڕەنگە شەهادەت بێ کە کوشتەی دەستی دڵدارم |
گوتم: ئایا بە زاری خۆت دەپرسی حاڵی زاری من؟ | برۆی هێنایە یەک، وەک شکڵی «لا» یەعنی کە بێزارم |
عەجەب ئەستێرە شەو هەڵدێ لە تاوی خوسرەوی خاوەر | بە ڕووی تۆم دیدە هەڵنایێ شەو و ڕۆژ، ئەرچی بێدارم |
تەبیبی من دەبێ دەخڵی هەبێ، ساحیب ئیشارەت بێ | مەگەر چاوت بزانێ من لەبەر چی مەست و بیمارم! |
بە سەروم وت کە ڕاستە سەرکەش و بەرزی، کەچی لەرزی: | کە فەرقیشم بگاتە ئاسمان بەندەی قەدی یارم! |
لە شیرینی ئەتۆ، ئەی خوسرەوی تەختی زەمین، ڕەنگە | بگاتە ئاسمانی بێستوون فەرهادی هاوارم |
برۆت باڵی هوما سایەی سەری سوڵتانی حوسنت بوو | خەتت هات و وتی: من ناسیخی توغرایی خونکارم |
سەراپا هەروەکوو حەڵقەی زرێ پەروێزەیی خوێنم | بە یەک یەک تیری موژگانی زرێ دۆزت بریندارم |
حەمایێڵ کە دەمی تێغت لە حەڵقەی گەردنی نالی | مەگەر تێراو ببم بەو ڕەنگە، تینووی ساعیدی یارم |
13
[edit]فاتیحە! تەسخیرە شاری دڵ بە تابووری ئەلەم | موددەتێکی زۆرە پاتەختە لەبۆ خاقانی غەم |
حوکمی قانوونی سەفا ڕۆیی لە ڕەومی ڕوومەدا | تا هووەیدا بوو لە ڕۆما گەردی ئاشووبی عەجەم |
لەززەتی دنیا کە هیچ و پووچە لای ئەهلی ئەدەب | ئەووەڵ و ئاغازی جەور و دەردە، ئەنجامی ستەم |
تۆزی ئایینەی سکەندەر وا بەدەم باوە، وەلێ | گەردی دامانی غەریبانە بلووری جامی جەم |
بۆ دەکەی تەکلیفی ڕەسمی ئولفەت و یاری لە من؟ | کەی بە سوحبەت ئاشنایە سالیکی ڕێگەی عەدەم! |
من مەتاعم جاوە، چاوم! باخەبەر بێ موشتەری | تا غەزەل سەودا نەکا لای تاجری چیتی بەقەم |
کەی دەکا شەرح و بەیاناتی ڕومووزی دەردی دڵ | ڕووڕەشی هەروەک دەوات و دوو زوبانی وەک قەڵەم! |
نالیا بێ هیممەتی تا کەی بە دەست میحنەتتەوە | فاتیحی و ڕۆستەماسا، ساحیبی تێغ و عەلەم |
14
[edit]وەی کە ڕووزەردی مەدینە و ڕووسیاهی مەککە خۆم! | دەرکراو و دەربەدەر، یا ڕەب دەخیلی عەفوی تۆم |
دەفتەری ئەعمالی من، بێقەترەیێکی ڕەحمەتت، | کەی بە سەد زەمزەم سیاهی نوقتەیێکی لێ دەشۆم؟! |
کەعبە ئیشراقی وەکوو خورشیدە، من چاوم زەعیف | لێم بووە ڕۆشن کە بوعدی قوربە، قوربی بوعدە بۆم! |
بۆ جیواری حەق لە هەر جێ سیدقی نییەت کافییە | من لە بەیتوڵڵا ئینشەڵڵا «بأذن اللّە» دەڕۆم |
لێم حەرامە دانە و ئاوی حەماماتی حەرەم | من کە بازی دیدە بازم نەک شەوارەی دەستەمۆم |
تا بەکەی وەک ڕاوییە و، وەک سانییەی سێ پەل شکاو | بێتەواف و سەعی و عەمرە هەر بخەوم و، هەر بخۆم! |
من لەوانەم چی کە وا ئەهلی وەسیلە و مەسئەلەن | عامیل و ناچار و مەعزوور ئەر بڵێن هەر بێنە بۆم! |
خەوفی من لێرە لەبەر زۆری گوناهە یەک بە سەد | گەرچی عاسیی و موزنیبم ئەمما موقیڕڕ و بێدرۆم |
شادمانی بێوەفایە، یاری تێری و مەستییە | یاری تەنگانەم غەمە با هەر غەمی خۆم خۆم بخۆم |
لامەدە نالی لە ئەنباری جیرایەی ساڵحان | گەرچی ببیە خۆشەچینی دانەیی خەرمانی ڕۆم |