دیوانی نالی/ی
Appearance
1
[edit]ئەی خەستەیی چاوت هەموو ئاهوویی تەتاری! | وەی بەستەیی زوڵفت هەموو شێرانی شکاری! |
خەندەت بووەتە باعیسی گریانی دەمادەم | بەرقە سەبەبی بارشی بارانی بەهاری |
سەهمی نیگەهت خستمی، هەستامەوە ڕاکەم | ئەگریجە و زوڵفت بە جەفا هاتنە یاری |
وای فەرموو کە ماچت نەدەمێ ڕووڕەشی تۆ بم | ئەم ساڵە بەجێدێ ئەسەری وەعدەیی پاری |
مەغشووشی زەڕە، عاجزی زیو، دەرهەمی دیرهەم | بۆچ تێکچووە سۆفی کەرەبۆز بۆ غەمی باری؟! |
هەر یارێ کە ماڵان گەڕ و بێگانەیە نالی | کەندوومە ددانی تەمەعی بۆس و کەناری |
2
[edit]ساقی! وەرە، مەیخانەیی دڵ کۆنە ڕەحیقی | گەر مایلی تەوفی حەرەم و بەیتی عەتیقی! |
یەک ڕەنگم و بێڕەنگم و ڕەنگین بە هەموو ڕەنگ | بەم ڕەنگە دەبێ ڕەنگ ڕژیی عیشقی حەقیقی |
مرواریی ئەشکم وەکوو یاقووتی، ڕەوانە | ساقی! بدە لەو لەعلە شەرابێکی عەقیقی... |
دائیم لە حەزەردا سەفەری بە، لە وەتەندا | غوربەت کەش و عاجز بە، ئەگەر ئەهلی تەریقی |
خەڵقی کە هەموو کۆدەکن و بەستە زوبانن، | با بێن و لە نالی ببیەن شیعری سەلیقی |
3
[edit]ئەی قەلعەیی ماهم کە دەڵێی ئەوجی بورووجی! | وەی قوللەیی دووری کە دەڵێی قامەتی عووجی! |
وەک قافی زەمین قابیلی ئیکمال و تەرەققی... | وەک بورجی سەما لایقی ئیقبال و عورووجی! |
ئەی ئاهووی نادیدە بە تەئسیری مەهیبی | یا گەوهەری ئەسدافی و یاقووتی دورووجی |
بۆ مەجلیس و یاریی سەبەبی شەوق و سیراجی | بۆ ڕاو و سواریی عەلەمی زین و سورووجی |
سەد حەیفی لە بۆ کەعبەیی حوسنت کە بەسەریا | نەججاشیی خەت هاتووە نێزیکە خورووجی |
هەرچەندە دەکەن قەتعی سەرت، دێیەوە ئەی خەت | وەک (هیندووی سەححاری مەجووسی) چ لەجووجی! |
تەلوینی ڕەقیبت چ بەیان کەم بە (مەقامات)؟! | مەشهوورە حیکایاتی (ئەبوو زەیدی سورووجی)! |
مەعلوومە لەوێ ڕاز و خوتووری دڵی نالی | إِذْ حَلَّ بقَلْبي، وَ بِاَسْرَارِهِ نوجِی |
4
[edit]بنواڕە نەوبەهار و فوتووحاتی گوڵشەنی | گوڵ زاری کردەوە، لە دەمی، غونچە پێکەنی |
لەم پارچەڵۆکە هەورە بە قەد ڕووی هەموو زەمین | بەم ڕایەڵە قەدیفەیی سەوزی عەجەب تەنی |
بورجی درەختی سەوز و بولەندی وەک ئاسمان | پێوە شگۆفە هەروەکوو نەجمن بە ڕۆشنی |
بەزمی هوزارە، قەل فڕی ئەغیارە، دەوری گوڵ | سۆفی! بڕۆ، مەبە بە دڕک، تۆ لە ئێمە نی... |
هەر دارە بەرگ و، هەر گوڵە ڕەنگێ خەڵاتیە | هەر جوودی نەوبەهارە کە عالەم دەکا غەنی |
دیسان لە بگرە بەردەیی گوڵچین و باغەبان | بولبول کەناری گرت و دڵی غونچە ڕاچنی |
خارایی سەوز و شینی لەبەر کردووە جەبەل | دامێنی وەردی سوورە کە دەستم بە دامەنی! |
وادی بووە بە وادیی پڕ نووری تووری نار | نەعلەین لە پێ فڕێ بدە نالی بە ئەیمەنی |
5
[edit]قەدری من چەندە لەلای دەوڵەتی دنیایی دەنی، | قەدری ئەو کەمتر و، هەردوو لە غەمی یەکدی غەنی |
تاغی و باغی و، باغی گوڵ و نەیرەنگ و فەنی | شاد و شادابە بە گوڵ ئاتەشی و نارەوەنی |
هێندە دڵخۆشە لەبەر سەبزی و دار و دەوەنی، | کە دەڕەقسێ وەکوو شاخ و فەنەن و نەستەرەنی |
لە خەزان بێخەبەرە بەرگی بەهار و چەمەنی | بێبەقایی گوڵ و سەرو و سەمەن و یاسەمەنی |
فەلەکی میهر مەهی، وەقتە تەواو بێ زەمەنی | کەوکەبەی ئەنجومی و دائیرەیی ئەنجومەنی |
خوانی ئەلوانی زەمین و سەفی سینی و سەحەنی | تەشت و تاس و تەبەق و لەنگەر و شەمع و لەگەنی |
من وەکوو ڕەعدم و تۆ وەک گوڵ و سەبزەی دیمەنی | من دەگریێم و دەناڵێنم و تۆ پێدەکەنی |
ئەی دەراتوو لە دوو مەجرایی دوو میزابی مەبال | مەبە بادی وەکوو خەرزیهـ بەهەوای کیبر و مەنی |
تەنی ڕازی بە خەشین پۆشیی وەک شێر و شوتور | بێنیازە لە برێشم تەنی و پیلەتەنی |
گوتم ئەی قیبلە قوزە! بۆ چی بە تەحریری حەریر | ڕاغیبی لیبسی عەجەم، تاریکی بەرگی یەمەنی؟ |
گوتی تاجی عەرەب و، ئالی عەبا فەرموویان: | عەیبە تەن پەروەری و نەرمی و نازک بەدەنی |
ئێمە مەردین و هەموو شێری خەشینپۆشی مەساف | کرمی قەز هەرچی تەنی، بۆ تەنی نیسوانی تەنی |
قەز، برێشم، کە حەرامە لە ڕەجول، نەک نیسوان | سوننەتی شەرعە، ئەگەر تابیعی ئەهلی سونەنی |
تەرکی ئارایشی تەن نەقدی ڕەواجی عەرەبە | تۆ عەجەم، مەردی موزەخرەف تەنی و قەڵبەزەنی |
میللەتی کورد و عەرەب هەردویەکە تەفرەقە بوون | لە جەفا و میحەنی موڵکی سەبا و یەمەنی |
وەکوو ئەو کرمە لەنێو قوببەیی ئەبریشمدا | عاقیبەت موردەیی یەئسی عەمەل و بێکەفەنی |
چونکە نالی! لەسەر ئەم ئەرزە غەریبی وەتەنی | هەستە باری مەدەنی بە، مەدەنی بە، مە دەنی |
6
[edit]بێ جوێ بوونەوەیێ، زەخم و برین و ئەسەرێ، | تیری و موژگانی درێژت لە جگەر تێدەپەڕێ... |
سۆفیی خەڵوە نشین بۆ نەزەرێکی گوڵی ڕووت | ڕەنگە وەک نەرگسی تەڕ چاوی سپی بێت و دەرێ |
زوڵفی دوو تایی ترازوو مەسەلی دڵکێشت، | ڕۆح دەکێشن بە دوو سەر، ئەم بە سەرێ، ئەو بە سەرێ! |
من لە ئیحرامی ئەدەبدام و، ئەتۆش سەیدی حەرەم | موددەعی، هەروەکوو سەگ، بۆ چی بە ئێمە دەوەڕێ؟! |
یادی چاوی بە فوتوورت لە دەرووندا مەرەزە | غەمی زوڵفی بە خەمت بوو لە دڵمدا بە گرێ |
وەکوو پەروانە بە شەو هێندە بە موشتاقی دێم، | بە چرای کوڵمتەوە، ڕەنگە عەسەس لێم بگەڕێ |
لە جگەرگۆشەیی شیعرم مەدە مەعنایی خراپ | بێخەتا کەس نییە ڕازی کە لە ئەولادی درێ... |
ڕاستی جەوهەرییە تیغی زوبانی نالی | نەرم و توند، ئاوی گەلووگیرە، قسەی پێ دەبڕێ... |
7
[edit]گەر بازی نەزەر بازی، لەم دەست و نیگارەت چی! | بۆ یاری و دەسبازی، لەم ڕاو و دیارەت چی! |
گەردن کەچی زوڵفی بووی، سا دڵ مەدە بەر موژگان | وا خۆت لە تەناف داوە، ئیتر لە قەنارەت چی! |
ئەو چاوە کە هەڵدێنی، سەد عەربەدە دەنوێنی | هەر ڕۆحە کە بستێنی، لەم غەمزە دوبارەت چی! |
گەنجینەیی نێو سینە، ڕەنگینە بە سەد کینە | ئەی لەککەیی ئایینە، یا ڕەببی بە غارەت چی! |
موژدەی قەدەمی سەر بوو، دڵ هات و لە ڕێدا چوو | جان ماوە لە بۆ وەسڵی، بدرێ بە بەشارەت چی؟! |
وا خوانی کەناری من بۆ نوقڵی دەم و ماچە | ئەی لووتەخۆری تەکیە، سا تۆ لە کەنارەت چی! |
بۆچ مایلی تەنهایی؟ سەودایێکە خۆڕایی... | ئەی مەردومی بینایی، لەم کولبەیی تارەت چی! |
نالی خۆشە نەومیدی، دڵ بەستە مەبە ئیدی | گەر عاشقی تەجریدی، لەم یار و دیارەت چی! |
8
[edit]بَرِقَ الْبَصَر لەبەر بەرق تەلەئلوئی لەئالی | خَسَفَ الْقَمَر لە ئیشراق قیامەتی جەمالی |
نییە دیدەیی چ مەردوم، نییە مەردومی چ دیدە | لە فرووغی خەددی فاریغ، لە خەیاڵی خاڵی خاڵی |
سەری هەردوو کوڵمی داخۆ گوڵی نەوبەهارە، یا خۆ | تەرەفی نەهارە، زوڵفی زُلَفٌ مِنَ اللَّيالي؟! |
یەمی دیدە پڕ لە مەرجان، وەکوو یەشمی ئابدارە | شەبەیە شەبیهی زوڵفی سیاهی وەک زوخاڵی |
بە مەلاحەتی تەکەللوم هەموو زەمزەم و مەلیحی | بە فەساحەت و تەبەسسوم هەموو کەوسەر و زولالی |
نەزەرم پڕە لە نووری شەو و ڕۆژی تەلعەتی تۆ | کە بە ڕوو شوعاعی شەمسی، بە برۆ خەمی هیلالی |
ڕوخی تۆ گوڵێکە سەد وەک هوزاری عاشق، ئەمما | لە هەموو چەمەن دیارە بە ئوسوولی ناڵە نالی |
9
[edit]موساوی وەک یەک و لوولن لە هەردوو لاوە زولفەینی | نموونەی عەکسی حەرفی «میم» و «نوون» و «واو»ە زولفەینی |
بە داوە، کرژ و خاوە، یەعنی ئاڵۆزاوە زولفەینی | دوو تاوە، دوو سیان و شێوەکەی شێواوە زولفەینی |
پەرێشان و شکستە و سەرنیگوون داماوە زولفەینی | تومەز بادی سەبای چین و خەتای لێ داوە زولفەینی |
لە جێی پاوانە و گەردنلغی داناوە زولفەینی | کە وەک ئەژدەر لە پێ و گەردنی ئاڵاوە زولفەینی |
دو جادوو ماری مەغزی ئادەمی خواری قەرار داوە | لەسەر شانی، وەکوو زەححاک و، ناوی ناوە زولفەینی |
بە توڕڕە وەک پەڕی تاوس، بە گەردەن ئاهووە، یەعنی | لەسەر ئاهوویی گەردەن هەردوو حەڵقەی داوە زولفەینی |
بە زاهیر زوڵمەت و دوودە، بە باتین نوور و، نارێکی | لە عوود و عەنبەر و میشکی خەتای بەرداوە زولفەینی |
شکەنجی تاری پڕ میشکی تەتار و تارە، ئەمما ئەو | دوتا و، هەر تایە بارێکی لە عەنبەر ناوە زولفەینی |
وەکوو دوودی سیاهە ئاهی نالی و، ئەم، ڕەقیبانە | لەسەر تا پێ لە بەرگی مەرگ و ماتەم ناوە زولفەینی |
10
[edit]نەفەس بگرە لە هاتوچوویی خۆڕایی هەتا ماوی | کە ئەم بایە هەتا ئێستا کە هەر عومری بە با داوی |
حەیاتت نەقدی تەحسیلی بەقا و ڕیبحی ڕیزوانە | ئەتۆ دەیکەی بە مایەی دەخڵ و خەرج و کەسبی بەدناوی |
عەجەب ماوم لە جەرگت، ئەی دڵەی غافڵ، کە موددێکە | لەسەر ئەم ئاگرەم داناوی، هێشتا هەر نەبرژاوی |
مەسەل دنیا ژن و، چەرخیش خەڕەک، دەم دەم بە دووخی غەم | ڕەگی تاری وجوودت با دەدا، هێشتاکو هەر خاوی |
زەمانە چەرخ و، چەرخی ئاسمانیشی، فەلەک فیلکە | سەری ڕشتەی وجوودی چەندە باداوی و هەر ماوی |
مەگەر مەیخانەیە دنیا کە وا کاسی لەبەر کەئسی! | بە نەغمەی عوودی سووتاوی، بە نەشئەی تاسی تاساوی! |
ئەمێستەیش، گەرچی عەیش و عوشرەتت هەر تاڵ و تاڵاوە | بە مەرگی تۆ، لە پاشانیش دەخۆی تاڵاوی تاڵاوی |
هەوای سەیری بەڕ و بەحر ئاگری بەرداوەتە عومرت | کە تۆزێ مونعەقید خاکی، دڵۆپێ مونجەمید ئاوی! |
کە خاکی، خاکی دامەن بە، وەگەر نە، تۆزی بەربادی | کە ئاوی، ئاوی گەوهەر بە، وەگەر نە، بڵقی سەرئاوی |
هەتا شەققەی فەلەک نەبووە بە کافووری کفن، هەستە | کە ئەمشەو فرسەتە، هێشتا فەلەک ماوی، ئەتۆش ماوی |
نەواڵەی تۆبە دەربێنە، هەتا تەن نەبووەتە سفرە | پیاڵەی شیشە بشکێنە، هەتا وەک کووپە نەشکاوی |
بە میعراجی سولووکی سالیکاندا تا نەچی ڕۆژێ، | لەناو جەهلی مورەککەبدا دەمێنی هەر وەکوو ماوی |
گەدا ئینسان و دنیا غوربەتە مِنْ حَیثُ لا تَشْعُرْ | بە هیممەت تالیبی چشتێکی نازانی بڵێی ناوی |
شتێکە بی شەبیهـ و جینس و فەسڵ و کەشف و تەقریرە | موبەڕڕایە لە تەقریر و حەدیسی حادیس و ڕاوی |
نەزانینت لەبەر عیجزە، نەوەک جەهلە، کە ئەم چشتە | قەدیمە نایەتە تەقریری قەولی حاکی و ڕاوی |
لە قورئاندا بە ما أُخْفی لَهُمْ مەکتووم و مەختوومە | بەیان نابێ بە تەفسیری دوسەد (کەششاف) و (بەیزاوی) |
موبەییەن بوو لە قورئاندا بە نووری قُرَّةُ الأَعْینْ | نە وازیح بوو بە (کەششاف) و، نە ڕۆشن بوو بە (بەیزاوی) |
کە جێگەت بۆ عیبادەت بێ، چ فەوقانی، چ تەحتانی | کە حوببت بۆ سیادەت بێ، چ بەرزنجی، چ باراوی |
مەکە دەعوایی پاکیی نەسەب بۆ جیفەیی دونیا | کە سەیید بی، چ بەرزنجی، چ پیریایی، چ باراوی |
وەرە ئەم نیکتەیە من پێت بڵێم نالی ئەگەر فەرزن | هەموو دنیات ببێ، هێشتاکو هەر حەیران و داماوی |
11
[edit]وەرە ساقی! بە شین و نەدب و واوەی | ئەوا فەرشی حەیاتی خۆم دەکەم تەی |
دەزانی خۆ دەچینە جێی غەریبان | بە مەرگی خۆت ئەگەر چاوان سیا کەی! |
گلە ناکەم ئەوەندەی دەنکە جۆیێ | ئەگەر کەللەی سەریشم پڕ لە کا کەی |
هەموو وەقتم دوعایە: داخۆ کەی بێ | بە تیرێکم شەهیدی کەربەلا کەی؟! |
چ خۆشە من وەکوو تازی بنووڕم | ئەتۆش هەر وەک غەزالەی بەڕ هەڕا کەی! |
بە حەسرەت عومری من یەکبارە فەوتا | مەگەر عومرێ دوبارەم پێ عەتا کەی |
گوتت: نالی! ئەتۆ بمرە ئەمن دێم | خودا کەی بێ، خودا کەی بێ، خودا کەی! |
12
[edit]گوڵ کە یاغی و دەم دڕاو بوو، کەوتە لاف و ڕەنگ و بۆی | باغەبان گوێی گرت و، وا هێنای بە دەستی بەستە بۆی |
ڕەنگی زەرد و سووری خەوف و خەجڵەتی، ئاوی حەیای | وا تکاو، ئەرجوو دەکەن عەفوی بکا وەک عەبدی خۆی |
چونکە بێنی بێوەفایی و ناز و شۆخی لێ دەهات، | ناردییە بازاڕی ڕیسوایی کە بیدا شوست و شۆی |
دەست بە دەست چوو تا گەیشتە دەستی عەتتاری سەفیهـ | نایە سەر نار و عەزابی ڕۆحی دا و سفت و سۆی |
چونکە مەنشووری گوڵەندامی بە ناوی خۆی دەوێ | یار، ئەگەر لەو باغییانە کەس بمێنێ، عارە بۆی |
مەهـ بە شەو هەڵدێ، پەنا دەگرێت و دەنوێتن بە ڕۆژ | دا بگاتە سیڕڕی پەچچەی پەرچەم و وەسفی برۆی |
گەر بڵێم: شەمسی، دەڵێ: ئەو خۆش ڕووە بێپەردەیە | وەر بڵێم: سەروی، دەڵێ: ئەو ئەحمەقە کوا گفتوگۆی! |
دیدە و دڵ هەردوو وا جۆبار و جۆیای قەددی تۆن | سەروی دڵجۆی عەرعەر و، دڵجۆی نەمامی دیدەجۆی |
چونکە باوکی ڕۆمی و دایکی حەبەش بوو، ما بە بەین | ڕۆژ و شەو، کافوور و میسکی، ڕوو گەنم، خاڵ دەنکە جۆی |
من گوتم: سەروی قەدت مەوزوونە، ئەو تەبعەم هەیە | ئەو گوتی: نالی بە میزابی کینایەتمان دەشۆی |