دیوانی کوردی/ت
Appearance
1
[edit]کوێر بووە هەر وەکوو یەعقووب بە خودا دیدە لە بۆت | سا بنێرە وەکوو یۆسف بە شفای دیدە لە بۆت |
دڵ کە جێی خۆت بوو بە ئاوری غەمی هیجرت سووتاند | بۆچ بە دەست خۆت دەخەی ئەم ئاورە ناو مەنزڵی خۆت؟ |
دڵ لە دەس تورکی دوو چاوت چ دەبوو حاڵی ئەگەر | نەبوایە لە سەری تیری موژەت، تیغی برۆت؟ |
بەرگی ڕووتی بە هەزار خەرقەیی شاهی نادەم | چونکە مەحبووبە بە ناز پێم دەڵێی گاهێ (مچە ڕووت) |
من کوتم کوژتمت ئەو سەبر بە بێدەنگی کوتی | کۆنە کرمانج! ئەمە ساڵێکە بەڵەد بووم لە درۆت |
شەمعی مەیخانە فتیلەی نەبوو تا دوێنێ، شوکور | شێخی خۆمان بە شەڕاب دەڵقی گەدایی دەفرۆت |
کە ڕەقیب دی من و یار پێکەوە نیشتووین، لە ڕقان | وەک سەگێ پەت بکرۆژێ، دەم و لێوی دەکرۆت |
دڵی کوردی کە گرفتاری جبەی قرمزییە، بۆچ | دەکەن مەنعی بە خوێنی دڵ ئەگەر بەرگی دەشۆت! |
2
[edit]تاڵانی سەر و ماڵم چاوی ڕەشی فەتتانت | پابەندی دڵ و دینم کاکۆڵی پەرێشانت |
وەک خەنجەری زیجەوشەن تا ڕۆژی حەشر دەتکێ | خوێنی دڵی مەزڵوومان لەو ناوکی موژگانت |
تەسخیری دڵی کردم حەملەی سەفی موژگانت | هۆش و خیرەدی بردم لەعلی لەبی خەندانت |
سەر لافی ئەوەی لێدا گۆی عەرسەیی بازیت بێ | پۆسیدە بوو، نەیبوو تاب، بۆ زەربەتی چەوگانت |
بۆ چم دەوێ ئەم قەلبە گەر نەیکەمە خاکی ڕێت؟ | ڕۆحم بە چ مەسرەف دێ، گەر نەیکەمە قوربانت؟ |
خۆت بۆ ستەمان کەم بووی، بیستت قسەی ئەغیاریش | فیرعەونی زەمان، ئامان! گوێ مەگرە لە هامانت |
دڵ دائیمە وەک بولبول موشتاقی دەهەن وازە | تا ئاوی حەیات نۆش کا لەو خونچەیی پێکانت |
ڕۆیی دڵی مەحزوونم، داخم ئەوە نەمزانی | دوو چاوی ڕەشت بردی یا زولفی پەرێشانت؟ |
باکم نییە مورغی دڵ بیکەی بە کەباب ئەمما | بیدە بە سەگ و مەیدە دەرخوردی ڕەقیبانت |
ڕۆح مایلی بۆسێکە لەم دامەنی پاکی تۆ | مانع مەبە لەم خێرە، دەستی من و دامانت |
عەزمت ئەمە بوو ئەی دڵ! ڕیسوام بکەی و کردت | دەست هەڵگرە لێم ئیتر سا خۆت بی و ئیمانت |
بۆ تیری قەزا سینەم بۆت بوو بە سپەر قوربان! | بۆ تەجروبە سا تیرێ باوێژەرە قەڵخانت |
چاو قاتڵی عاشق بوو جادوو بەچە بوو عەییار | بۆ شوێنەونی دەسڕێ ئەم خوێنە بە دامانت |
ئەزبەسکی فیراقی دی، وەک دۆزەخیان کوردی | یەکسانە لە لای ئێستا نەزدیکی و هیجرانت |
3
[edit]وەک دوڕڕ و عەقیق نەخشە دەندان و لەبی ئاڵت | میسلی بەڕەزا پەخشە ئەگریجە و خڕخاڵت |
پەنجەت لە حەنا مەگرە سوورێکی تەڵخ ڕەنگە | خوێنی دڵی من ئاڵە بەو پەنجەیی شمشاڵت |
نەخلی قەدی چون سەروت چەند دڵبەر و مەوزوونە | سەیری کە چ شیرینە پاوانە و خڕخاڵت! |
4
[edit]خۆشم، قوربان، بە بەندیخانە و زنجیر و سێدارەت | به شرط آن كه ناری بر سر من طعن اغیارت |
دڵم مەحبووسە جەرگم لەت لەتە عەقڵم لەدەس دەرچوو | به تیغ حاجب و زلف کمند و چشم سحارت |
نەوەک هەر من بناڵێنم وەکوو بولبول لە هیجرانت | رقیبان سگ صفت گردند اندر باغ و گلزارت |
ئەمن بووم باخەوانی باغەکەی تۆ ئێستە بێ مروەت | دگر چیند گُلت، من دیده دارم بر خس و خارت |
هەناسەم ساردە بۆ دووریت وەکوو مەیلت لە دووری من | دلم سوزد ز تاب نیم تن چون برگ گلنارت |
تەبیب ناکا عیلاجی دەردی دووری دڵ، وەها چاکە | برَم این خسته پیش عارفی چون چشم خمارت |
دەماغم ئەمڕۆ عەترئالوود و موشک ئەفشان و گوڵ بێزە | مگر بویی صبا آرد ز سوی زلف تاتارت |
گەلێ تاریکە دیدەم دوور لە دیدەی مەست و مەخموورت | دهانم تلخ گشته بی لب لعل شکر بارت |
عەزیزا ئەهلی میسرێ بوون بە کڕیارت بە گیان و دڵ | کنون کُردی تنِ چون ریسمان آرد به بازارت |
5
[edit]شکاندی قیمەتی شەککەر، نەباتی لێوی شیرینت | گەیاندی مەرسیەی مریەم خەیاڵی ڕووی نیگارینت |
لە بەردا چین بە چین هاتو بچین چینی لەسەر چین دا | چین بچین چین تا بە پا گێسویی چین چینت؟ |
حەنا بێ ڕەنگ و ڕەنگ تەڵخە بە ڕەنگی ساری گوڵ نادا | وەرە ڕەنگ کە بە ڕەنگی خوێنی دڵ ئەنگوشتی ڕەنگینت |
قەمیسی یۆسفە بۆ چاوی تاریکم وەکوو یەعقووب | سەبا جارێک بەلاما بێنێ گەر بۆنی عەرەق چینت |
گەر ئەهلی دڵ بە چاوی من نەزەر لەم شێوەیە ببڕن | دەزانن هەرکە قیمەی دڵ دەکا ڕیشوویی پۆشینت |
هەتا کەی بێ وەفایی، بەسیە شیرین وەقتی شیوەنتە | سەراپا غەرقە دەر تیشەی جەفا، فەرهادی مسکینت |
بە بەزمی لێوی شیرینت زەمانێ خوسرەو ئاسا بووم | درێغا تێکی دا سەیر و سەفا، بەدکاری بێ دینت |
بە ڕیسوایی و ڕووتی من، ڕەقیب! تۆ کامەران نابی | هەتا تەسلیم نەبێ کوردی مەزەننە نایە تەسکینت |
6
[edit]بە داوی زولف و دانەی خاڵی سەر ڕووت | گرفتارە دڵی سەد عاشقی ڕووت |
نیگاهی چاوی مەستی نیمە خابت | هەزاری وەک منی خستۆتە تابووت |
سەبا گەر لابدا زولفت لە کوڵمەت | دەڵێم یا ماهە یا خورشیدە ئەنگووت |
شکاندت لەشکری عەقڵ و شەکیبم | بە تابووری موژە و شمشێری ئەبرووت |
لە چاهی ژێری لێوت وا ئەسیرن | هەزارانی وەکوو هاڕووت و ماڕووت |
مەهە یا ڕۆژە یا ڕووی تۆیە دەرکەوت؟ | شەوە یا زولفە یا خۆ موویی دڵجووت؟ |
ئەمە یا نوقڵە یاخۆ خونچەیی کام؟ | ئەوە دەندانە یا دوڕ، یانە یاقووت؟ |
فیدای دەست و کەمانت بێت کوردی | دەپێکێ سێ و دوو هەم تاق و هەم جووت |
7
[edit]چێژتم ئەمڕۆ ژەهری مار و ڕۆحی شیرینم نەهات | زامی کۆنەم هاتە ژان و مەرهەمی برینم نەهات |
من خەمم خوارد و خەمیش خوێنی جگەرمی خواردەوە | بۆیە گریام چەند بەچەند، فرمێسکی خوێنینم نەهات |
غەم سەری لێدام و یاریش قەت سەرێکی لێ نەدام | سەبر و هۆشم ڕۆییوە، غارەتگەری دینم نەهات |
دڵ دەسووتێ چین بە چین دەشکێتە سەر یەک وەک فەنەر | خاوەنی ڕووی ئاتەشین و زولفی چین چینم نەهات |
دیدە وەک هەوری بەهاران خوێن دەبارێنێ و سەدای | پێکەنینی غونچەیی نەو سەبزە پەرژینم نەهات |
گۆی سەرم چەوگانی میحنەت دایە بەر خۆی ڕای فڕاند | وای عەجەب، بۆ شاسواری خانەیی زینم نەهات؟ |
کەوتمە وەختی مردن و غەم خستمیە حاڵی غەڕغەڕە | کوردی بێ کەس خۆم لە هیچ لایێ سەدای شینم نەهات |